فێمێنیزمی کوردی

هاتنە دەنگی پیاوسالاری بە زمان و خەیاڵی ژن

فێمێنیزمی کوردی

295 خوێندراوەتەوە

مەعروف حەسەن

یەکێک لە دەرکەوتە سەیرو سەمەرەکانی دونیای کۆمەڵایەتی ئێمە، لە پاڵ کۆمەڵێک دیاردە و دەرکەوتەیتر، فێمێنیزمە وەک دەنگێکی پەرشوبڵاو و ناڕێکخراو و بێ تیۆریا.

،،

ئەوەی ئەم بزاوتەی لە چەندەها لاوە تووشی نەخۆشی کوشندە کردووە ئەوەیە کە بکەران و هەڵسوڕاوانی لە گۆشەیەکی تەسک و ناڕێک و لە هەزارلاوە دەورەدراو بە تەلیسم و سێبەری کەلتووری پیاوسالاری، لە هەوڵی خوێندنەوەی دونیای کۆمەڵایەتی ئێمەدان

ئەم بزاوتە لە ڕەوتی ئیشەکانی خۆیدا بە ڕستێک تێگەیشتنی پیاوانەو بە کۆمەڵێک ئایدیای دوور لە کاری فیکری و تیۆری دەیەوێت بەرگری لە کایەیەکی گرنگ و هەستیاری کۆمەڵگای ئێمە بکات، کە کایەی ئازادییە بەگشتی و لەو نێوانەشدا ئیشی سەرەکی بەرگریکردنە لە ژن وەک بوونەوەر و وەک هاووڵاتی.

ئەوەی ئەم بزاوتەی لە چەندەها لاوە تووشی نەخۆشی کوشندە کردووە ئەوەیە کە بکەران و هەڵسوڕاوانی لە گۆشەیەکی تەسک و ناڕێک و لە هەزارلاوە دەورەدراو بە تەلیسم و سێبەری کەلتووری پیاوسالاری، لە هەوڵی خوێندنەوەی دونیای کۆمەڵایەتی ئێمەدان و دەیانەوێت جێگایەک و پێگەیەک بۆ ژن بکەنەوە لە کۆمەڵگای کوردیدا.

بەداخەوە کە هەندێک ڕووداوی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو ئەوەیان سەلماند کە کایەی بەرگریکردن لە ژن لە دوو ئاستدا تووشی قەیرانی گەورە بووە:

یەکێکیان ئەوەیە کە ئەم ڕەوتە دوور و نزیک، نە خۆیان و نە هەوڵەکانیان، خۆیان بە خوێندنەوە و ئاشنابوون بە دونیای فیکری ئێمەوە خەریک نەکردووە و نەپەرژاونەتە سەر ڕستێک لە هۆکار و فاکتەری سەرەکی پەیوەست بە دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری و کەلتووری ژنی کوردەوە، لەبڕی ئەوە، لە ژوورەکانی خۆیاندا و لەناو تۆڕەکۆمەڵایەتتیەکان و هەوادارە پیاوەکانیاندا، خۆیان لێبووەتە تیوریزەکەر و فەیلەسوفی خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە لە دیاردە و پرسە کۆمەڵایەتییەکانی ئێمە.

ئەوانەشی کە هاندەر و یارمەتیدەری سەر ڕێخستنی ئەم ڕەوتە نەخوێندەوارەن بۆ بەرگریکردن لە ژن و لە ئازادی، هەموو ئەو کەسانەن کە لەدیدێکی سێکسی ڕووتەوە و بە خەیاڵاتی (داڵغەی سێکسییەوە وەک شێرزاد حەسەن ووتەنی) دیوە نا لۆجیکی و ناهۆشیارەکەی ئەم ڕەوتە و بکەرەکانی نابینن و بە هاندان و بە بەشداری ئەرێنییان دەیانەوێت ئەم گووتارە ناڕێک و توندوتیژە بکەنە جێگرەوەی گووتارێکی ئەقلانی و هۆشیار کە موتوربەیە بە دونیای فراوانی فیکر و خوێندنەوە و زانستی کۆمەڵناسی کە خۆشبەختانە کۆمەڵێکی بچووک لە ژن و پیاو هەن لەم ئاستەدا.

،،

فێمێنیزمی کوردی بەم فۆڕمەی کە باڵادەستە، بریتییە لە سێبەری پیاوسالاری و بە وزەی توندوتیژی ژنانە و بە ماتەووزەی چەوساندنەوە کە لەچاوەڕوانی دەرفەتی گرتنە دەستی دەسەڵاتدایە لە کۆمەڵگادا.

هۆکارەکەیتریان، بە بڕوای من، کە وایکردووە کایەی بەرگریکردن لە ژن تووشی قەیران ببێت:

قەیرانی دونیای سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێمەیە بەگشتی. ئەوەی کە لەپاڵ دەنگی ئەقڵ و فیکر و بیرکردنەوە و تێڕامانی قووڵدا، هەندێک دەنگی نەشاز و پڕ لە هەڵپەی خۆنیشاندان دەربکەون، دیاردەیەکە لەزۆربەی کۆمەڵگاکانی ئێستادا هەیە. زۆرن ئەوانەی کە دوور و نزیک پەیوەندییان بە سەروکاری تیوریی و فیکرییەوە نییە و بە دەرئەنجام و ماندووبوونەکانی فیکر و مەعریفەوە نەزانانە دێنە قسە و دێنە مەیدان.

بەڵام ئەوەی وایکردووە کە ڕەوتێکی نەخوێندەوار و ناهۆشیار ببنە بابەتی گفتوگۆ کۆمەڵایەتییەکانی ئێمە و ببنە بابەتی هەواڵەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەم خەیاڵاتێکی سێکسی چەپێندراوی ئێمەیە و هەمیش نەبوونی دەنگێکی بەرفراوانی گشتی و جددی کۆمەڵگای ئێمە لەو بوارەدا، نمونەش بۆ ئەمە: هەندێک ڕۆشنبیر و نووسەر و لێکۆڵیار هەن لە کۆمەڵگای ئێمەدا، لە ژن و لە پیاو، کە کاری تیۆری باشیان هەیە پەیوەست بە دونیای کۆمەڵایەتی و کەلتووری ژنی کوردەوە، کاری فیکری باشیان کردووە لەپێناو هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگای ئێمە لەو مەترسییانەی ڕووبەڕووی ئێمە دەبنەوە ئەگەر بێتوو ژن هەم وەک بوونەوەر و هەمیش وەک تاک لەژێر ئەو جەبرە کوشندە و ستەمکارانەیەدا بمێنێتەوە کە دونیای دین و پیاوسالاری و کەلتووری باوکایەتی بەگشتی بەرهەمی هێناوە، کەچی دەنگی ئەمانە نابیسترێت و دەنگی نەخوێندەوار و فیکر شڕێک، کە هەموو کەرەستە فیکرییەکەی بریتییە لە (شەرواڵ)، سەدا دەداتەوە لە کۆمەڵگادا.

بۆیە فێمێنیزمی کوردی بەم فۆڕمەی کە باڵادەستە، بریتییە لە سێبەری پیاوسالاری و بە وزەی توندوتیژی ژنانە و بە ماتەووزەی چەوساندنەوە کە لەچاوەڕوانی دەرفەتی گرتنە دەستی دەسەڵاتدایە لە کۆمەڵگادا.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك