ڕاپه‌ڕین، گۆڕینی سته‌مكارو جۆری سته‌م

ڕاپه‌ڕین و چیرۆكی دادگه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی سویسرا

ڕاپه‌ڕین، گۆڕینی سته‌مكارو جۆری سته‌م

183 خوێندراوەتەوە

محه‌مه‌د ئیبراهیم وه‌لی


كاتێك كه‌ به‌ دونیابینییه‌كی سیاسییه‌وه‌ له‌ ڕاپه‌ڕینی ئازاری 1991 و ڕوداوه‌كانی دوای ڕاپه‌ڕین‌و ژیان‌و گوزه‌رانی هاوڵاتیان ده‌ڕوانیت، تێده‌گه‌یت كه‌ ئه‌م ڕووداوه‌ گرنگه‌ی مێژووی كوردیمان چه‌نده‌ بێ ئاماده‌سازیی پێشوه‌خته‌ ڕویداوه‌، خۆ ئه‌گه‌ریش سه‌لمێنرا كه‌ بڕیاری ڕاپه‌ڕین دیراسه‌كراو بووه‌، ئه‌وكات ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێت چه‌ند ناشاره‌زا (نه‌ك كه‌م ئه‌زمون)ین له‌ڕوی به‌ڕێوه‌بردن و ئیداره‌دانه‌وه‌.

له‌ڕوانگه‌ی شه‌نوكه‌وكردنی بڕیاره‌وه‌ ده‌توانین وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بده‌ینه‌وه‌ كه‌ بۆچی شۆڕشه‌كانی ڕۆژئاواو ئه‌وروپا سه‌ركه‌وتنی به‌رچاو و خوازراو به‌خۆیانه‌وه‌ ده‌بینن، له‌به‌رامبه‌ردا شۆڕشه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات یان دروستتر وڵاتانی جیهانی سێ ناگه‌نه‌ ئه‌نجامی خوازراو و ته‌نها سته‌مكاره‌كه‌و جۆری سته‌مه‌كه‌ ده‌گۆڕدرێت؟

،،

كاتێك چیرۆكی به‌دیهاتنی دادگه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی (العداله‌ الاجتماعیه‌) سویسرا ده‌خوێنیته‌وه‌ كه‌ به‌رزترین ئاستی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی وڵاتان، تێده‌گه‌یت كه‌ ئێمه‌ بۆچی هێنده‌ به‌د به‌ختین، ئه‌وه‌ش تێده‌گه‌ین ئه‌وه‌ ته‌نها خۆمانین نه‌مان توانیوه‌ دادپه‌روه‌ری په‌ره‌پێبده‌ین تا بیچه‌سپێنین

ده‌توانرێت وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ بدرێته‌وه‌ كه‌ شۆڕشه‌كانی خۆرئاوا چه‌ندین ساڵ دیراسه‌ ده‌كرێن و له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ ئاماده‌كاری ته‌واویان بۆ ده‌كرێت، تێزو تیۆریای تایبه‌ت بۆ دوای شۆڕش‌و شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردن كه‌ له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگ و كولتوری خۆیاندا بگونجێت داده‌ڕێژن و له‌ زه‌مان و زه‌مینه‌ی ڕه‌خساو و هه‌مواردا شۆڕش ده‌كه‌ن (بۆ ڕاپه‌ڕین و كوده‌تاش هه‌ر ڕاسته‌) و ئه‌نجامی خوازراوی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

به‌ڵام شۆڕشه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات یان دروستتر بڵێین جیهانی سێ، به‌هۆی نه‌بوونی تیۆریا و به‌رنامه‌ی دوای شۆڕش (دوای ڕاپه‌ڕین) ئاماده‌نه‌كردنی كۆمه‌ڵگا، هیچ كات نه‌یانتوانییوه‌ خواسته‌كانی خودی شۆڕشه‌كه‌ بهێنێته‌ دی ( خواهه‌ڵناگرێت له‌ژێر دروشمی به‌رهه‌می شۆڕش بۆ شۆڕشگێڕانه‌، ته‌نها خواستی شۆڕشگێڕه‌كانی تێركردووه‌).

یه‌كێك له‌و ڕه‌هه‌ندانه‌ی كه‌ ده‌توانین هه‌ر شۆڕش و ڕاپه‌ڕینێكی پێهه‌ڵبسه‌نگێنین، هاتنه‌دی دادگه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی یان ئاستی ئه‌و دادگه‌رییه‌یه‌، چوون هه‌موو ده‌زانین دواجار شۆرشه‌كانیش وه‌ك هه‌رشتێكی دی ده‌بێت له‌خزمه‌ت مرۆڤه‌كاندا بێت.

كاتێك چیرۆكی به‌دیهاتنی دادگه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی (العداله‌ الاجتماعیه‌) سویسرا ده‌خوێنیته‌وه‌ كه‌ به‌رزترین ئاستی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی وڵاتان، تێده‌گه‌یت كه‌ ئێمه‌ بۆچی هێنده‌ به‌د به‌ختین، ئه‌وه‌ش تێده‌گه‌ین ئه‌وه‌ ته‌نها خۆمانین نه‌مان توانیوه‌ دادپه‌روه‌ری په‌ره‌پێبده‌ین تا بیچه‌سپێنین و هیچ كه‌س و لایه‌نێكی ده‌ره‌كی له‌م ڕوه‌وه‌ ڕۆڵگێر نه‌بووه‌.

،،

له‌ڕوی مه‌عریفییه‌وه‌ ئه‌خلاق و له‌ڕوانگه‌ی كارگێڕی و یاساییه‌وه‌ ده‌ستور(یاسای بنه‌ڕه‌تی) باوكه‌. له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ به‌داخه‌وه‌ چونكه‌ هیچ ئاماده‌كاری نه‌كرابوو ئه‌م باوكه‌ نه‌هاته‌ بوون

ڕێسای بنه‌ڕه‌تی چیرۆكه‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌ {ئه‌گه‌ر تۆ مافی دابه‌شكردنت هه‌بێت، من مافی هه‌ڵبژاردنی دابه‌شكراوه‌كانم هه‌بێت، وه‌ به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌} .

ساڵی 1958 كاتێك چاكسازی له‌ ده‌ستوری سویسرا ده‌كرا، له‌و كاته‌ی كه‌ گه‌یشتنه‌ بابه‌تی دادگه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی چاكسازی نیوه‌ڕۆی ئه‌وڕۆژه‌ چووه‌ چێشتخانه‌یه‌كه‌وه‌ شتێك بخوات، له‌ مێزه‌كه‌ی ته‌نیشتییه‌وه‌ پیاوێكی بینی له‌فه‌یه‌كی بۆ دوو منداڵه‌كه‌ی كڕی و خستییه‌ سه‌ر مێزه‌كه‌، به‌ منداڵی یه‌كه‌می گوت: تۆ بیكه‌ به‌دوو به‌شه‌وه‌ بۆ هه‌ردوكتان، به‌ منداڵی دووه‌می گوت: تۆش یه‌كێك له‌و دوو به‌شه‌ هه‌ڵبژێره‌.

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ده‌ستوری ئه‌وكاته‌ی سویسرا ده‌ڵێت: حه‌یرانی په‌روه‌رده‌و دادگه‌ری ئه‌و پیاوه‌ بووم، زانیم كه‌ ئه‌گه‌ر منداڵی یه‌كه‌م وا ڕێككه‌وت به‌ نایه‌كسانی به‌شه‌كانی دابه‌شكرد، منداڵی دووه‌م مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێت كه‌ هه‌ر به‌شێك پێبباشه‌ بۆ خۆی هه‌ڵیبژێرێت، له‌وه‌شه‌وه‌ تێگه‌یشتم یاسا باوكه‌، ده‌وڵه‌ت (حكومه‌ت) منداڵی یه‌كه‌مه‌ و گه‌ل منداڵی دووه‌م.

زۆر وتراوه‌و به‌هه‌ڵه‌ دوباره‌ كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌وڵه‌ت، وه‌لێ ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ له‌ڕوی مه‌عریفییه‌وه‌ ئه‌خلاق و له‌ڕوانگه‌ی كارگێڕی و یاساییه‌وه‌ ده‌ستور(یاسای بنه‌ڕه‌تی) باوكه‌. له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ به‌داخه‌وه‌ چونكه‌ هیچ ئاماده‌كاری نه‌كرابوو ئه‌م باوكه‌ نه‌هاته‌ بوون، به‌ڵكو ته‌نها هه‌ندێك جار داهۆڵێك (یاسا) جللوبه‌رگێكی پیاوانه‌ی له‌به‌ر ده‌كراو له‌كاتی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیدا ده‌ریان ده‌خست.

منداڵی یه‌كه‌م كه‌ ده‌وڵه‌ته‌ (حكومه‌ت) هه‌موو شتێكی كۆده‌كرده‌وه‌ و نه‌ك هه‌ر مافی هه‌ڵبژاردنی پشكه‌كانی به‌ گه‌ل نه‌به‌خشی، به‌ڵكو له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ هیچی دابه‌ش نه‌كرد، ئه‌گه‌ر چی گه‌ل به‌ به‌شه‌ خراپه‌كه‌ش ڕازی بوو، خوا هه‌ڵناگرێت منداڵی دووه‌میش (گه‌ل) به‌ ئه‌ندازه‌ی سته‌مكاری منداڵی یه‌كه‌م بێ ئاگا به‌ مافه‌كانی خۆی یان بێده‌نگ بوو له‌ ئاست مافه‌ خوراوه‌كانیدا.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك