چیرۆكی پادشاكه‌ و لابردنى پاشه‌كه‌وتى موچه‌

چیرۆكی پادشاكه‌ و لابردنى پاشه‌كه‌وتى موچه‌

595 خوێندراوەتەوە


جارێكیان پاشایه‌ك ده‌یه‌وێ نرخی شه‌كه‌ر له‌ 2 درهه‌مه‌وه‌ به‌رز بكاته‌وه‌ بۆ 20 ده‌رهه‌م، به‌ڕاوێژكاره‌كه‌ى ده‌ڵێ پوخته‌ى بڕیارێكم بۆ دابڕێژه‌ تاوه‌كو نرخی شه‌كر به‌رز بكه‌مه‌وه‌ بۆ 20 ده‌رهه‌م، خه‌ڵكه‌كه‌ش به‌جۆرێك ئاماده‌ و خۆشه‌ بكه‌ن له‌بری ناڕه‌زایی، پێشوازی بكه‌ن له‌ بڕیاره‌كه‌، ڕاوێژكاره‌كه‌ش له‌گه‌ڵ پیاوانى كۆشكدا كۆده‌بێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پڕوپاگه‌نده‌ى به‌رزكردنه‌وه‌ى نرخی كیلۆیه‌ك شه‌كر بۆ 100ده‌رهه‌م به‌ وڵاتدا بڵاوبكه‌نه‌وه‌.


پڕوپاگه‌نده‌ وه‌ك بارانى ساڵی هات بڵاوده‌بێته‌وه‌، بازاڕ ئاڵۆز ده‌بێت، شه‌كر كه‌مده‌بێته‌وه‌، خه‌ڵكی ترسیان لێده‌نیشێت و نیگه‌رانی گه‌وره‌ دایانده‌گرێت، ناڕه‌زایی په‌ره‌ده‌سێنێت و پاش چه‌ند ڕۆژێك به‌كۆمه‌ڵ ده‌چنه‌ به‌ردیوانى پاشاو كۆشكه‌كه‌ى، كاتێك پاشا دێته‌ ده‌م خه‌ڵكه‌ ناڕازیه‌كه‌ى وڵاته‌وه‌، پێیانى ڕاده‌گه‌یه‌نێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قبوڵی نییه‌ نرخی كیلۆیه‌ك شه‌كر ببێته‌ 100 ده‌رهه‌م و خه‌ڵكه‌كه‌ هه‌موو ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ خۆشی و چه‌پڵه‌ ڕێزان و هوتافی سوپاسگوزاری بۆ پاشا، هه‌رله‌وێشدا پاشا ده‌قی بڕیاره‌كه‌ى ده‌خوێنێته‌وه‌ و پێیان ڕاده‌گه‌یه‌نێت نرخی كیلۆیه‌ك شه‌كری كردووته‌ 20 ده‌رهه‌م، به‌و جۆره‌ پاشاو ڕاوێژكاره‌كانى سه‌ركه‌توو ده‌بن له‌ چه‌واشه‌و گه‌وجاندنى خه‌ڵكه‌كه‌یان.


حكومه‌تى هه‌رێمیش له‌سه‌رهه‌مان مێتۆدی ئه‌و پاشایه‌و سته‌مكاره‌كان ده‌یه‌وێ خه‌ڵكی وڵاته‌كه‌مان چه‌واشه‌ بكات، ئه‌و به‌ده‌ر له‌یاسا و ڕێساكان به‌ شێوه‌ى ئیجباری زیاد له‌ سێ ساڵ به‌بێ بڕیاری په‌رله‌مان ده‌ستكاری موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كردووه‌ و پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵیتوپه‌ڵیتى دانا به‌نێوی "پاشه‌كه‌وتى موچه‌"، له‌م یه‌ك، دوو ڕۆژه‌ى ڕابردووداشدا، له‌ناكاو له‌ ڕۆژی هه‌ینیدا، بڕیاری لابردنى پاشكه‌وتى موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، هه‌ر له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌كه‌دا به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ى ماشینه‌ گه‌وره‌كانى میدیاكانیان بكه‌وێته‌ كار و هه‌ر لایه‌و بیكاته‌ ده‌ستكه‌وتى خۆی، له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ ده‌ستكه‌وت نه‌بوو، به‌ڵكو پێدانى موچه‌ وه‌ك ده‌ستكه‌وت خۆی یه‌كێكه‌ له‌ شه‌رمه‌زارییه‌كانى نوخبه‌ى ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌م هه‌رێمه‌.

,,

له‌سێ ساڵی ڕابردوودا و له‌گه‌ڵ پاشه‌كه‌وتكردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌راندا، نوخبه‌ى ده‌سه‌ڵاتدار به‌زیادكردنى ڕێژه‌ى باج و ڕسومات ئه‌وه‌نده‌ى تر ئه‌ركی هاووڵاتیان قورستر كرد، به‌جۆرێك نرخی گۆڕینى سه‌نه‌وی ئۆتۆمبێل و تازه‌كردنه‌وه‌ی و گومگری شمه‌ك و پێداویستیه‌كانى خانووبه‌ره‌ و ناوماڵ و خوارده‌مه‌نى و تاپۆركردنى خانووبه‌ره‌و زه‌وی نیشته‌جێبوون ..هتد


موچه‌ مافه‌، پێدانى له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ئه‌ركه‌، حكومه‌تێك نه‌یتوانى ئه‌و ئه‌ركه‌ ساده‌یه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرێت، شایانى حكومڕانى نییه‌، ئه‌م نوخبه‌یه‌ ئه‌گه‌ر لانی كه‌می مه‌سئولێتیان هه‌ست پێبكردایه‌ ئه‌وا زوو ئه‌و جێگایه‌یان بۆ كه‌سانێكی به‌ئیراده‌ و كارامه‌ چۆڵ ده‌كرد.

له‌سێ ساڵی ڕابردوودا و له‌گه‌ڵ پاشه‌كه‌وتكردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌راندا، نوخبه‌ى ده‌سه‌ڵاتدار به‌زیادكردنى ڕێژه‌ى باج و ڕسومات ئه‌وه‌نده‌ى تر ئه‌ركی هاووڵاتیان قورستر كرد، به‌جۆرێك نرخی گۆڕینى سه‌نه‌وی ئۆتۆمبێل و تازه‌كردنه‌وه‌ی و گومگری شمه‌ك و پێداویستیه‌كانى خانووبه‌ره‌ و ناوماڵ و خوارده‌مه‌نى و تاپۆركردنى خانووبه‌ره‌و زه‌وی نیشته‌جێبوون ..هتد له‌ 200% - 700% زیادكرد به‌بێ ئه‌وه‌ى ئه‌م زیادكردنه‌ی باج و ڕسومات له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ده‌رچووبێت، له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌ت نییه‌ باج و ڕسومات زیاد بكات. باج ده‌بێ به‌ یاسا ڕێكبخرێت، نه‌وه‌ك به‌ڕێنمایی حكومه‌ت. بۆیه‌ لابردنى پاشكه‌وتى موچه‌ ناتوانێت ژیانی خه‌ڵكی بگوڕێت به‌ئاراسته‌یه‌كی چاكتر، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵیدا ته‌واوی ئه‌و زیادكردنه‌ى باج و ڕسوماته‌ هه‌ڵنه‌وه‌شێته‌وه‌ و بازاڕ به‌كۆمه‌ڵێك ڕێوشوێنى دروست ڕێكنه‌خرێت، كه‌ تێیدا یاریكردن به‌نرخ و هه‌ڵئاوسان مه‌حاڵ و پڕ زه‌حمه‌ت كرابێ.


ئه‌وه‌ى گرینگ و بایه‌خداره‌ هه‌نوكه‌ سه‌رده‌م گۆڕاوه‌، ئامرازه‌كانى زانین و هۆشیاری زۆر بوون، درۆ مه‌یدانى كورتتر بووه‌، گوریسه‌كه‌ى زووتر ده‌پچرێت، مێتۆدی سته‌مكاری پاشا كۆنه‌كان بۆ ئه‌مڕۆ ده‌ست نادات، بۆیه‌ هه‌ر له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى پاشه‌كه‌وتى موچه‌، زنجیره‌یه‌ك داخوازیی ڕه‌وا له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵانى خه‌ڵك و بزووتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان و ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نى و هێزه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات هاته‌ گۆڕێ.


ئه‌م ڕێڕه‌وی گه‌نده‌ڵی و نادادییه‌ ناتوانێت درێژه‌ به‌گوزه‌ری خۆی بدات، زوو یا دره‌نگ هه‌ره‌س دێنێت، ڕه‌وشه‌كه‌ گه‌شتووه‌ته‌ ئاستێك چیدی به‌ ماكیاژ یا پینه‌وپه‌ڕۆ چاره‌ نابێت، پێویستى به‌هه‌ڵكۆڵینه‌ له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌، نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی ئه‌وێ دڵی قه‌یرانه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، به‌ نه‌كردنى ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ ئه‌و نوخبه‌یه‌ هه‌ستێته‌ سه‌رپێ و ته‌ماشاى ده‌وربه‌ر بكات، تا بزانێ له‌ ئاینده‌ چی چاوه‌ڕوانیان ده‌بێ.

 

author photo

ڕۆژنامه‌نووس