بەڵێنی كاندیدكردن و سەرەتایەكی مەترسیدار!

بەڵێنی كاندیدكردن و سەرەتایەكی مەترسیدار!

1380 خوێندراوەتەوە


هاوشان لەگەڵ گۆڕانكارییە سیاسی و جیۆپۆلۆتییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان، چەندین هێزی سیاسی نوێ لەهەرێمی كوردستان سەریان هەڵدا، ئارگیومنتی سەرەکی ئەم هێزە سیاسییانە پێشکەشکردنی شێوازی نوێی كاری سیاسی و مۆدێلی نوێی حزبایەتییە بۆ تێپەڕاندنی مۆدێلەكانی دیكەی حزبایەتی كە دواینیان بزوتنەوەی گۆڕانە، بەڵام سەرەتای كاركردنی ئەم هێزانە سەرنجێكی دیكەمان لادروستدەكات.


یەكێك لەخاڵە ئەرێنییەكانی دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان راكێشانی سەدان و هەزاران كەسی پلەدار و خاوەن بەرژەوەندی بو دەرەوەی بازنەی بەرژەوەندییە تایبەتییەكانی خۆیان، ئەمە جێگای تێڕامانی شیكەرەوە سیاسییەكان بوو، شۆكێكی گەورەش بوو بۆ دەسەڵاتدارانی پارتی و یەكێتی كە لەوكاتەدا دەیان ملیۆن دۆلاریان كردە بەرتیلی مانەوەی كادیرەكانیان هێشتا نەیاندەتوانی بەر بەو شەپۆلی وازهێنانە بگرن. نهێنی سەركەوتنی نەوشیروان مستەفا لەم رەوە بەڕادەیەكی زۆر پەیوەندی بەوەوە هەبوو كە پێشتر لەڕێگای كۆمپانیای وشەوە پرۆژەكەی و هەنگاوەكانی ئایندەی خۆی بۆ خەڵك بەیانكردبوو.

ئێستا لەسەروبەندی دروستبوون و سەرهەڵدانی هێزە نوێیەكاندا دوو هەنگاوی پێچەوانە دەبینین كە سەرەتایەكی مەترسیدارە بۆ كاری حزبایەتی و سیاسەت لەكوردستاندا، ئەویش راكێشانی سەرنجی خەڵك و رازیكردنیانە بە بەڵێنی كاندیدكردن و پێدانی پلەو پۆستی حزبی.


لەماوەی یەك دوو هەفتەی رابردوودا، لای خۆمەوە دەستمكرد بەكۆكردنەوەی زانیاری لەسەر ژمارەیەك لەو كەسانەی كە سەنگەریان گواستبوەوە لەهێزێكەوە بۆ هێزێكی دیكە یان بانگێشت كرابوون بۆ كاركردن لەناو هێزێكی دیكەدا، لەو ژمارەیە نزیكەی لەسەدا نەوەد و هەشتیان ئەو راستییەیان دركاند كە بەڵێنی كاندیدكردن بۆ هەلبژاردنەكان و وەرگرتنی پلەوپۆستی حزبییان پێدراوە.


کێشەی بنەڕتی ئەم هێزە نوێیانە لەوەدایە پێش خۆناساندن داوای پشتگیریکردن دەکەن، شەڕی بردنەوەی ھەڵبژاردن دەکەن پێش بردنەوەی پرۆژە سیاسییەکەیان لەمەیدانی رکابەری پرۆژە سیاسیەکانی دیکەدا.


ئەمەش وادەکات گەرچی ناوەرۆکی بەرنامەو پرۆژە سیاسییە نوێیەکە بەئەندازەی تێپەڕاندنی مۆدێلی نوێی حزبایەتی دەوڵەمەندبێت، بەڵام توانای ھەزمکردنی لەلایەن سەرمایە مرۆییەكانیانەوە یەکانگیرنابێت، چونکە لەبنەڕەتدا زەمینەسازی بۆ نەکراوە. و بنەمای پشتگیریکردنەکەشی بنەمایەکی لاوزدەبێت بەوپێیەی تاك بەخۆراکێک بانگێشتدەكەن و شتێکی دیکەی دەرخوارد دەدەدەن.

دەرئەنجام، لەبری دەرفەتێك بۆ بیركردنەوە، ئەم هێزانە كادیر و كاراكتەرە سیاسییەكانی داهاتووی خۆیان فێری هەلپەی پاراستنی بەرژەوەندی تایبەتی دەكەن و ئاوازی مەترسیدارترین مۆدێلی حزبایەتی دەدەن بەگوێیاندا كە لەسەر بنەمای بەها باڵاكانی كاری حزبایەتی مۆدێرن و ئامانج و پرنسیپەكانی زانستی سیاسی بۆ پاراستنی بەرژەوەندی گشتی دانەمەزراوە.


ئەم سەرەتایە پێویستە هەڵوێستەی لەسەر بكرێت، چونکە بەشێک لەھۆکارەکانی ئەم قەیرانە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەی بەرۆکی ئەم کۆمەڵگایەی گرتووە پەیوەندیدارە بە پەروەردەی سیاسی حزبەکان بەو پێیەی حزبی سیاسی لەكۆمەڵگای كوردیدا كاریگەری زۆری بەسەر ژیان و هەڵسوكەوت و شێوازی بیركردنەوەی تاكەكانەوە هەیە.


گەر ئامانجی راگەیاندنی ھێزی سیاسی نوێ گۆڕانكاری ریشەیی بێت لەئاستی كۆمەڵایەتی، سیاسی، و ئیداری ئەوا بە پێچەوانەی ئەم هەنگاوە سەرەتاییەوە پێویستە لەسەر بنەمای پاراستنی بەها باڵاكانی كۆمەڵگا و بەرژەوەندی گشتی كادیرو كاراكتەرە سیاسییەکان پەروەردەبكرێن، پێویستە پرۆژە هەبێت بۆ چۆنیەتی تێپەڕاندنی مۆدێلی هەنوكەیی حزبایەتی، دەبێت تاك لەو مەهزەلەی هەڵپەكردنە دابماڵرێت، ستراتیژ و پلان بۆ ئایندەی دوور و نزیک دابنرێت بەجۆرێک لەگەڵ ھەیکەلی رێکخراوەیی و دیسپلینی حزبیدا بگونجێت، لەبەرئەوەی نەوەكانی ئایندە لێمان ناپرسن لە چ پارتێكی سیاسی بوین، بەڵكو دەپرسن چیمان بۆكردون !

 

author photo

ماستەر لە كارگێری كار

بەكالۆریۆس لە زمانی ئینگلیزی

ئەندامی ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان