ڕوانین له‌چه‌ند ڕه‌هه‌ندێكى جیاوازه‌وه ‌ بۆ كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌كه‌ى نیوزله‌ندا

ڕوانین له‌چه‌ند ڕه‌هه‌ندێكى جیاوازه‌وه ‌ بۆ كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌كه‌ى نیوزله‌ندا

618 خوێندراوەتەوە


د. عەلی موحمەد زەڵمی

هەمیشە وا وگونجاوترە کە پاش هەر رووداوگەلێکی وەک ئەوەی رۆژی ١٥ی ئازاری شاری کریسچێرچ روویدا لە نیوزلاند، کە پەنجا موسڵمانی نوێژخوینی بێتاوان بوونە قوربانی، کەمێ پەلە نەکرێ لەلایەک بۆ ئەوەی هەژموونی میدیایی و سۆشیال میدیا کەمێ دامرکێتەوەو لەلایەکیتریش بۆ ئەوەی دروست بخوێنرێتەوە کەسی تێخوێنەر سەرنجی نەک هەر ڕووداوەکە بەڵکو پاش رووداوەکەش بدات و گەر بشکرێ پێش رووداوەکەش.

بێگومان هەمیشە خوێندنەوەی سیاسی و رۆژنامەوانی کەمتر ئەمەیان بەلاوە گرنگە بەڵکو رووی دەمان لە توێژەر و شیکارکاری سۆسیۆلۆژیە بۆتێگەیشتن لەمجۆرە رووداوانە چونکە بە سادەیی ئەمانە بەتەنها رووداوی سیاسی و هەواڵنامە نین بگرە کردەی فرەڕەهەندن و دەبێ بە فرە رەهەندیش بخوێنرێنەوە.

لە وتاریکی ترماندا لەسەر هاوشێوەی ئەم رووداوە، قسەمان لەسەر ئەنگێزە و مۆتێڤی پشتی رووداوەکەی سیانزەی مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠١٥ی شاری پاریس کردوە کە تیایدا کۆمەڵێک تیرۆرست لە زنجیرەیەک کاری تیرۆرستیدا زیاتر لە ١٣٠ کەسی بێتاوانیان کردە قوربانی، لەوێدا پێداگیریمان لەسەر ئەوە کردوە کە بەتەنها توندڕەوی ئاینی و ئایدیۆلۆژی هۆکار نین لەپشت ئەو رووداوەی شارێکی کەلتوری وەک پاریس بەتایبەتیش کاتێ ئامانج لێوەی شوینەکانی وەک قاوەخانە و یانەی شەوانە و سینەما و کۆنسێرتی گۆرانی و شوێنە گەشتیاریەکانە.


بەڵکو باسی ئەوەمان کردوە کە خودی هەڵبژاردنی ئەو شوێنانە ماناو مەدلوولی خۆی هەیە و ئەو مۆتیڤەی لەپشت ئەو روداوەوە بوو زۆر جیاواز بوو لە رووداوەکەی یانزەی سپێتمەبری ساڵی ٢٠٠١ کە ئامانج تیایدا لێدانی دوو تاوەری گەورەی بازرگانی بوو کە سیمبۆلی کەپیتالیزمن. بەڵکو ئەوەی پاریسی ساڵی ٢٠١٥ وەک سمبولی شاری کەلتوری مۆتیڤەکە دیارە چاو هەڵنەهاتنە بەو خۆشی و رابواردنەی کەسێکی موسڵمان لێوەی مەحرومە ئیتر بەهە رهۆکارێک بێت ئایا لەبەرخۆ گرتنەوە لە خۆشیەکانی دونیا و خۆ هەڵگرتن بۆ خۆشیەکانی قیامەتە یاخود بەهۆی پەراوێز کەوتنی جالیەی ئیسلامی و مناڵەکانیان و بێ بەش بوون لەو جۆرە ژیانەی کە کەسێکی سپی پێستی ئەوروپی هەیەتی یا هەر هۆکارێکی دیکە.

,,

شارەزایانی سایكۆسیۆلۆژی پێداگیری لەسەر ئەوە دەکەن بەداخەوە هەمیشە بۆ ئەو پڕ کردنەوەیە کەسەکان پەلاماری توندوتیژی و پەڕگیری دەدەن. هەر بۆیە ئەگەر کەسێکی ئاینی (لەم کۆنتێکستەدا ئیسلامی) بەهۆی مەحروومبونی لە خۆشیەکانی ژیان پەلاماری شێوە ژیانی ئەوروپیەکان بەرێ و بیەوێ لێان تێک بدات

لێرەدا بە پشت بەستن بە خوێندنەوەو شیکارکاری دەروونی - کۆمەڵایەتی( سایکۆ-سۆشیال )، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە ئیرەیی وا دەکات لە مرۆڤەکان ئەوانەی هەست بە جۆرێک لە نەقس و کەمیی دەکەن بەرامبەر ئەوانیتر، بەجۆرێ لە جۆرەکان بە شتیتر ئەو نەقسە پڕ بکەنەوە.
شارەزایانی ئەم بوارە پێداگیری لەسەر ئەوە دەکەن بەداخەوە هەمیشە بۆ ئەو پڕ کردنەوەیە کەسەکان پەلاماری توندوتیژی و پەڕگیری دەدەن. هەر بۆیە ئەگەر کەسێکی ئاینی (لەم کۆنتێکستەدا ئیسلامی) بەهۆی مەحروومبونی لە خۆشیەکانی ژیان پەلاماری شێوە ژیانی ئەوروپیەکان بەرێ و بیەوێ لێان تێک بدات؛ ئەوا کەسێکی دەمارگیری سپی پێستی راستڕەوە بەهەمان شێوە کاتێ شکستی خۆی لە سەرکەوتنی کەسێکی پەنابەردا دەبینێ و چاوی هەڵنایەت بە بڕوانامە و کاری باش و خۆگونجانی پەنابەرەکە لە نێو کۆمەڵگە نوێکەدا، ئیدی پەلاماری توندوتیژی دەدات.

هەمیشە ئەو مرۆڤانەی رەگەزپەرستن و رقیان لە بێگانەیە (لەم کۆنتێکستەدا خەڵکانی پەنابەر لە جالیە ئیسلامیەکاندا کە لە ئەوروپا و ئەمەریکا شوێنانی تر دەژین)، پاساوی ئەم رقەیان بەوە دەهێننەوە کە ئەمانە هاتون کاریان کەمکردوەتەوە بۆ خەڵکی ئەسڵی و کلتورێکی تریان چەسپاندوە، ئافرەتەکانمان دەبەن و هتد.. واتە داتاشینی دوژمن، چونکە بەبێ ئەو دوژمنە ناتوانێ لە شکستەکانی خۆی تێبگات، بگرە لەبەر ئەوەی ئەمانە نێچیرێکی ئاسانن بۆ گلەیی لێکردن هەمیشە میدیای باو و بازاڕیی هەمان گوتار بەرهەمدەهێنن. لەم چەند ساڵەی رابوردویشدا چ لە ئەوروپا و چ لە ئەمەریکا شەپۆلی پارتە باڵە راستڕەوەکان لەهەڵکشاندایە و ئەوانیش بە هەمان نەست و سایکۆلۆژیا کار دەکەن.

بیرمە نایجڵ فەرەج سەرۆکی ئەوکاتەی پارتی نەتەوەیی بەریتانی جارێک لە تویتێکدا نوسی بووی" ئەمڕۆ بە هۆی پەنابەرانەوە لە کارەکەم دواکەوتم چونکە شەمەندەفەرەکەم دوا کەوت و خەتای ئەوانە" . لەم سەرو بەندی رووداوی مزگەوتەکانی نیوزلاند تەلەڤزیونێک چاوپێکەوتن لەگەڵ سیناتۆرێکی ئوسترالی دەکا و دەڵێ " هۆکاری ئەم تەقەکردنە دەگڕێتەوە بۆ پەنابەران".

,,

ئەمانە رووداوی ئاڵۆزن پێویستیان بە توێژینەوەی هەمەلایەنە هەیە نەک بڕیاری پێشوەختە و سۆزباوی وەک ئەوەی میدیا و سۆشیال میدیا دەیکات.


لە کۆتایدا، لەمیانی ئەم وتارە کورتە دا ویستمان ئەوە یادی خوێنەرانی خۆشەویست بهێنینەوە کە چ ئەم رووداوەو چ هەر رووداوێکی هاوشێوەی ناکرێ داببڕدرێت لە هەلومەرجی پێشخۆی و دوای خۆی و هەروەهاش ناکرێ لەتەنها پەنجەرەیەکەوە بیبنرێت و لە تاکە رەهه‌دنێکەوە بخوێنرێتەوە، ئەمانە رووداوی ئاڵۆزن پێویستیان بە توێژینەوەی هەمەلایەنە هەیە نەک بڕیاری پێشوەختە و سۆزباوی وەک ئەوەی میدیا و سۆشیال میدیا دەیکات.

کەواتە ئەم ڕووداوە نە شەڕی ئیسلام و کوفرە و نە رایسستێک نوێنەرایەتی تەواوی رۆژئاوا دەکات ( وەک هەندێ هەرزە ئیسلامی وای بۆ دەچن ) و نە ئیسلامێکی توندڕەو نوێنەرایەتی هەمووی رۆژهەڵات دەکات ( وەک هەندێ هەرزە راستڕەوی مەسیحی و ئەوروپی وا دەزانن). ئەم دووجۆرە لە بیرکردنەوە سەر بەیەکن بیانەوێ و نەیانەوێ ئەوان یەکتر دەژێنن و درێژەپێدەری یەکترن هەرچەندە لە ڕەواڵەتدا دژی یەکترن.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك