سیستمى حوكمڕانى و خاڵیبونه‌وه‌ى  پڕۆژه‌كه‌ى نه‌وشیروان مسته‌فا

سیستمى حوكمڕانى و خاڵیبونه‌وه‌ى پڕۆژه‌كه‌ى نه‌وشیروان مسته‌فا

315 خوێندراوەتەوە


فاروق غەفور

هەمو ئەوانەی کەمێک ئاگاداری سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان بوبن لەسەروبەندی قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێمدا کە دەرکردنی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی بزوتنەوەکەی لە حکومەت لێکەوتەوە، ئەو حەقیقەتە باش دەزانن کە سوروبون و پێداگریی بزوتنەوەی گۆڕان و خودی خوالێخۆش بو کاک نەوشیروان لەسەر گۆڕینی سیستم لەسەرۆکایەتیەوە بۆ پارلەمانی و هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لەنێو پارڵەمانەوە ئامانجە سەرەکی و شاراوەکەی گۆڕینی شێوازی حوکمڕانی نەبو لە سیستمێکەوە بۆ سیستمێکی دی کە هەردو سیستمەکە لە وڵاتانی پێسکەوتودا نمونەی سەرکەوتویان هەیە و کاریان پێدەکرێت.

چونکە کاک نەوشیروان بەر لەهەر کەس و لایەک و زۆر بەر لەو وادەیەش دەرکی بەو راستی و حەقیقه‌تە تاڵەکرد بو کە حوکمڕانیی کوردی گیرۆدەی دەستی سیستم نیە، بەڵکو گیرۆدەی ئەو عەقڵیەتە خێڵەکیە حوکمڕانەیە کە ئەوەی گوێی پێنادات و ئەرزشی بۆ دانانێت سیستمە.

ئەگەر پارلەمانی یاخود سەرۆکاێەتی یا هەر ناوێکی دی لێبنرێت، بەڵکو ئەو عەقڵیەتە ئەوەی کاری بۆ دەکات و دەیەوێت بیسەپێنێت بەبنەماڵەیی کردنی دەسەڵات و سەپاندنی هەژمونی بنەماڵەیە بەسەر تەواوی جومگە هەستیارەکاندا. هەر بۆیە کاک نەوشیروان زۆر بە وریایی و زیرەکانەو بێ ئەوەی به‌ئاشكرا دژایه‌تی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی پێوە دیار بێت گۆڕینی سیستمی بۆ پارلەمانی هێنایە ئاراوە، چونکە پێی وابو لەو کاتەدا ئەگەر بەبیانوی شەڕی داعشەوە مەسعود بارزانی وەک سەرۆک ویلایەتەکەی دریژ بکرێتەوە، ئەوا ڵەهەڵبژاردنی داهاتودا گەر سیستمەکە پارلەمانی بێت ئەوا هەنگاولکی باش دەنرێت بۆ رێگریی کردن لە بەبارزانی کردنی دەسەڵاتی کوردیی.

,,

كاك نه‌وشیروان پێی وابو، ئەگەر سەرۆک راستەخۆ هەڵبژێردرێت، ئەوا لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتدا دەبێتە دو پاکێجی جیاوازو بارزانی بەئیستیحقاقی هەڵبژاردن سەرۆکایەتی مسۆگەر دەکات، بۆ پێکهێنانی حکومەتیش کەزۆرینەی دەبێت سەرۆکایەتی حکومەت وەردەگڕێت.


ئەوە بەچ شێوەیەک؟

كاك نه‌وشیروان پێی وابو، ئەگەر سەرۆک راستەخۆ هەڵبژێردرێت، ئەوا لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتدا دەبێتە دو پاکێجی جیاوازو بارزانی بەئیستیحقاقی هەڵبژاردن سەرۆکایەتی مسۆگەر دەکات، بۆ پێکهێنانی حکومەتیش کەزۆرینەی دەبێت سەرۆکایەتی حکومەت وەردەگڕێت.
بەڵام ئەگەر سەرۆک لەنێو پارلەماندا متمانه‌ی پێبدرێت هاوشێوەی بەغدا، ئەوا هەردو سەرۆکایەتیەکە دەبنە یەک پاکێج و پۆستەکان بەخاڵ دیاریدەکرێن و سەرۆکایەتی هەرێم کە خاڵێکی زۆری دەبرد و بەپێی ئەو خاڵانە خاڵی براوه‌ی یه‌كه‌م لە پێکهاتەی حکومەتدا کەمده‌بێته‌وه‌، واتە هێزی براوە کە پارتی دەبو گەر سەرۆکایەتی هەرێمی بویستایە ئەستەم بو بەپێی خاڵەکان و ڵەدانوستانەکاندا سەرۆکایەتی حکومەت و وەزارەتە گرنگ و سیادیەکانیش وەدەست بێنێت.

ئێستا چی رویداوە ؟

ئەوەی پارتی لێی دەترساو پێی وابو ئەگەر لەڕێی هەڵبژاردنی راستەوخۆی سەرۆکی هەرێمەوە نەبێت وەدەستی ناهێنێت، لەڕێی هەڵبژاردنی نێو پارلەمانەوە زور زیاتریشی وەدەستهێناو لەبری دو سەرۆکایەتی هەر سێ سەرۆکایەتیەکەی بردو وەزارەت و دەزگا هەستیارەکانیشی کردە هێڵی سور بۆ لایەنەکان.

,,

لەمێژوی حوکمڕانیی کوردیدا هیچ کاتێک هێندەی ئێستا دەسەڵاتی بنەماڵەیی بەتایبەت بنەماڵەی بارزانی جومگەکانی دەسەڵاتی لە بندەست نەبوە ،هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان و قەزایی و تەنفیزی بەتەواوی وەزارەت و دەزگا هەستیارەکانی تایبەت بەئاسایش و سەرچاوەکانی داهات و پەیوەندیەکانی دەرەوە له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتیدا ده‌بێت

بزوتنەوەی گۆڕان رۆڵی چیە ؟

بزوتنەوەی گۆڕان لەم گەمەیەداو هەر لەدوای ناردنە ماڵەوەی مەسعود بارانی ڕۆڵی گۆچانێکی بەهێزو سیحراوی دەبینێت بۆ دەربازبونی پارتی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی لەقۆناغە سەختەکان بەزۆرترین دەسکەوتەوە، گەر کۆمەکی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پارتی بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت تا تێپەڕاندنی یاسای سەرۆکایەتی و متمانە بەخشین بەسەرۆکی هەرێم، ئەگەر ناڕەزاییەکان نەبنە هۆی تێکچونی بارودۆخەکە، ئەوا رێگەکە هێندە بۆ پارتی و بنەماڵەی بارزانی تەخت و ئاسان دەبێت، تائەو کاتەی دەستور بەخواستی بارتی پەسەند دەکرێت، بزوتنەوی گۆڕانیش نەبێت پارتی تەواوی یاساکان لەپارلەمان بەشێوەیەک تێدەپەڕێنێت كه‌ رۆژ لەدوای رۆژ دەسەڵاتەکان بەبنه‌ماڵه‌یی تربکات.

دەرەنجام چیە ؟

لەمێژوی حوکمڕانیی کوردیدا هیچ کاتێک هێندەی ئێستا دەسەڵاتی بنەماڵەیی بەتایبەت بنەماڵەی بارزانی جومگەکانی دەسەڵاتی لە بندەست نەبوە ،هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان و قەزایی و تەنفیزی بەتەواوی وەزارەت و دەزگا هەستیارەکانی تایبەت بەئاسایش و سەرچاوەکانی داهات و پەیوەندیەکانی دەرەوە له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتیدا ده‌بێت، گەر کەناڵی (ئێن ئاڕ ئی)ش نەبوایە ئەوا ئێستا دەسەڵاتی چوارەمیش کە ئیعلامە کۆنترۆڵی لەدەستی خۆیان دەبو. ئەم دەرەنجامەش کە ئێستا پێی گەیشتوین هیچ نیە جگە لە خاڵیبونه‌وه‌ی پرۆژەکەی کاک نەوشیروان بۆ رێگریی لەبه‌بنەماڵەیی كرنی ده‌سه‌ڵات، بەڵام لەسەر دەستی کێ ؟ لەسەر دەست و بەموبارەکەی میراتگرەکانی

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك