دەربارەکانی مەجلیسی کاك نەوشیروان

دەربارەکانی مەجلیسی کاك نەوشیروان

502 خوێندراوەتەوە


ڕۆژ ڕۆژی ئەوەیە کە وێنەیەك، بەسەرهاتێك، نوکتە و قۆشمەبازییەكت لەگەڵ کاك نەوشیروان هەبووبێت و ئێستا بەکۆمەڵێك خرتکە و پرتکەوە بیانڵێیتەوە و خۆت بە گۆڕانی عەییارە ۲٤ پیشان بدەیت و ئەوانیترت پێ تابوری پێنج و خەت مائیل(خط مائِل) بێت.


بۆ نا! ماڵی سپی بۆ ڕۆژی ڕەشە، تۆ ڕۆژی لەمە تەنگانەترت نابێت، لەم ڕۆژی حەشر و حیسابەی کە لە گردەکەی چیا ئەگوزەرێت، تەنیا گەردێك سیڤییەکەت سەنگینتر بکات، وابزانە هەنگاوێك لەئامانجەکەت نزیکتر بوویتەوە!


ڕاوار(چەنەباز) و زۆربڵێ توتیئاساکانی مەجلیسی ئەو پیاوە، دێڕ بە دێڕ بازرگانیی بە قسەکانییەوە ئەکەن، دۆستێك پێی وتم: بۆچی بەشێکی زۆر لە پۆست و وتارەکانت وتە و وتەزای کاك نەوشیروانی تێدایە؟

،،

دەردی دەربارەكان تەنها پەیوەندیان بە نەوشیروان مستەفاوە نیە بەڵكو كارەساتێكی مێژوویە و تەنانەت لەنێو ڕاوییەكانی ئیسلامیشدا هەبوە


وتم: ڕوونە ئەو زاتە یاریزانی سەرەکی گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان بووە لەنیو سەدەی ڕابردوودا، پاشان زۆر دانایانە ژیان و یاداوەریی خۆی نووسیوەتەوە و بەسەرهات و بەڵگەکانی بەردەست و بەرجەستەن.


وتی: ئەوە ڕوونە، بۆ تۆیەك ئاساییە کە لەژیانیشدا بوو، چەندین وتاری ڕەخنەییت بۆ نووسیوە، بەڵام بڕوا بکە حاشیە و دەرباری کوڕەکانی ئەوەندە دەستکراوەن، تۆ ناوی کتێب و ژمارەی لاپەڕە و تەنانەت دێڕەکەشی دیاری بکە، بتەوێت پەیامێك بگەیەنیت، دوای تۆ یەکێك لەو دەربارانە دێت وێنەیەکی خۆی و کاك نەوشیروانیش بۆ بەهێزکردنی بۆچوونەکەی ئەهێنێت، پاشان ئەڵێت بەو ناونیشانەی کە بەیانیی زوو بوو من و کاك فڵان(یەکێکیتر لە دەربارەکان ئەکات بە شاهید) چووینە ژوورەوە بۆلای کاك نەوشیروان، نان و ماستی هەولێری ئەخوارد وای وت و وای نەوت!


دەردی دەربار دەردێکی بێ ئامانە، پەیوەست نیە بە تەنیا کاك نەوشیروانیشەوە، مامۆستایەکی شارەزای فەرموودە(حديث النبوي) ئەیووت تەنانەت دەربار لەناو گێڕەرەوەکان(مُحَدِثین)یشدا هەبووە، بۆ وێنە هەستی کردووە خەلیفەیەك ئارەزووی لە کۆتربازیی هەیە، ئەم موحەدیسە دەربارەش هاتووە، حەدیسی بۆ گونجاندووە و وتوویەتی: لەپێغەمبەر(د.خ)ـم بیستووە کە سێ شت لای خوای گەورە پەسەندن; نوێژکردن و زەکاتدان و کۆتربازیی!!
ئەویش دەستی بردووە دوو دیرهەمی بۆ فڕێداوە!


مەنسوری حەللاج لەسەر دەستی ئەمانە بە دارخورمادا هەڵواسرا، عومەری خەییام لە دژی ئەم مرۆڤانە بەو جۆرە جاڕی یاخی بوونیدا، لەمەڕ ئێمەش شیعرەکانی نالی سیخناخە بەناوی واعیز و جاسوسانی دەربار!
چاوەکـــەم ! مەنــواڕە ڕەنـگــی زاهــیـری
خۆ دەزانی ( ڕووسپی ) چەند ڕوو سیان !
ناوی مەخموران نەبـەی" نالی" ! لە نێو
حەڵقـەیـی واعـیـز لەوێن جاسووسیان !


ئەوانەی کە سەدان ملیۆن دینار پارەی ڕیکلامی (کەی ئێن ئێن)یان حەپەلوش کرد، ئێستا بەنووسینی چەند دێڕێکی کرچ و کاڵ و دانانی وێنەیەکی خۆیان لەگەڵ ئەو زاتەدا (کە بۆ تەحەددا دەستیشی خستووەتە سەرشانی کاك نەوشیروان) غوسڵی خۆی لای گۆڕانخوازان دەرئەکات و فیعلەن کێ ئەتوانێت پێشبڕکێ لەگەڵ ئەمەدا بکات؟!
ئەوانەی کە چەکی ۵٠٠ ملیۆن دینارییان بە تۆپزیی بە ڕێباز حەملان خەرج ئەکرد و کردبوویان بە کاسپی بەردەوامی خۆیان، بە چوار گێڕانەوەی سەیر و سەمەرەی مەجلیسەوە جۆرێکیتر لەوێنەی ساختەی خۆیان ئەخەنە بەرچاو!

،،

 جۆرێكی تر لە دەربارەكان ئەوانەن لە یەك ژەمی کەڵەشێر خواردنەکەی ماڵی چیا غافڵ نابێت و بەزمانی پاراو و ڕاشکاو ئەڵێت: خوا نیعمەتی نەوشیروان مستەفای لێ سەندینەوە، بەڵام دوو نیعمەتیتری بۆ بەجێهێشتین کە نما و چیایە


جۆرێکیتر لە دەربارەکان ئەوانەن کە خۆشبەختانە خەریکە لە چێشتی هەردوو جەژنەکە ئەبن، لەلای کەسانی ڕەخنەگر و ناڕازیی لەم دۆخەی گۆڕان، لەوان توڕە و نیگەرانتر خۆیان بەیان ئەکەن و کەچی یەك ژەمیش لەمەجلیسی کەڵەشێر خواردنەکەی ماڵی چیا غافڵ نابێت و بەزمانی پاراو و ڕاشکاو ئەڵێت: خوا نیعمەتی نەوشیروان مستەفای لێ سەندینەوە، بەڵام دوو نیعمەتیتری بۆ بەجێهێشتین کە نما و چیایە!

ئێستا نە ناڕازیی و ڕەخنەگرەکان بە نزاکانی ئەڵێن ئامیین، دیسان لەولاش دەستی کەشف بووە و خستوویانەتە بلاك لیستەوە!