كێ دۆستى كورده‌...؟

كورد په‌ندى له‌دوباره‌ بونه‌وه‌ى مێژوو وه‌رنه‌گرتووه‌

كێ دۆستى كورده‌...؟

273 خوێندراوەتەوە


سالح ره‌حمان
دواى بڕیارى كشاندنه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌سوریا ‌و خۆرئاواى كوردستان، جارێكى تر باس ‌و خواسى خیانه‌تكردن له‌كورد‌و پشتكردنه‌ كورده‌كان بوه‌ته‌ رۆژه‌ڤى نوسه‌ر ‌و سیاسی ‌و ئه‌كادیمییه‌كان ‌و ته‌نانه‌ت زۆربه‌ى تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى كورده‌وارى.


من له‌م وتاره‌دا ته‌نها ئاماژه‌ به‌سێ ده‌سته‌واژه‌ ده‌ده‌م بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر هۆكاره‌كانى ئه‌وه‌ى بۆچى كورد هه‌تا ئێستا له‌ سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تى‌و جیهانیدا نه‌بوه‌ته‌ ژماره‌، چونكه‌ ده‌زانم سه‌دان‌و هه‌زاران شتى دیكه‌ هه‌ن قسه‌یان له‌باره‌وه‌ بكرێت‌و له‌دووتوێى نوسینێكدا جێیان نابێته‌وه‌.

هه‌ندێك ده‌ڵێن: مێژوو سه‌لماندوویه‌تى كه‌ ته‌نها شاخه‌كان پشت ‌و په‌نا ‌و دۆستى كورده‌كانن، هه‌ندێكى دیكه‌ش بۆچوونیان وایه‌، كه‌ نابێت پشت به‌بێگانه‌ ببه‌سترێت، تا كار ئه‌گاته‌ ئه‌وه‌ى، هه‌ندێك ده‌ڵێن: مێژوو خۆى دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌، ئیتر به‌هه‌ر چوارلادا قسه‌وباس ئه‌كه‌ین، به‌ڵام ته‌نها شت كه‌ سه‌رنجى ئێمه‌ى كورد راناكێشێت، وردكردنه‌وه‌ى قسه‌ ‌و باسه‌كانى خۆمانه‌.

،،

 مێژوو ئەوەی سەلماندووە كە تەنها كەژ و كێو و شاخەكان پشتو پەنای كوردەكانن 

باشه‌ با له‌یه‌كه‌م ده‌سته‌واژه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ین، كه‌ ئێمه‌ ده‌ڵێین ته‌نها شاخه‌كان دۆستمانن، هیچ كاتێك به‌وردى سه‌رنجى ئه‌و وته‌یه‌مان داوه‌؟! وابزانم ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ مێژوویه‌كى دێرینى هه‌یه‌‌و له‌سه‌رده‌مانێكى كۆنه‌وه‌ كورد به‌كارى ده‌هێنێت‌و بوه‌ به‌یه‌كێك له‌په‌نده‌ كورده‌وارییه‌كان، با وردى بكه‌ینه‌وه‌، (ته‌نها شاخه‌كان دۆستمانن) واته‌ نابێ چاوه‌ڕوانى ده‌ستى كه‌س بكه‌ین‌و پێویسته‌ خۆمان هه‌وڵ بده‌ین‌و مافه‌كانمان ده‌ست بخه‌ین، به‌ڵام ئایا به‌درێژایى مێژوو ئێمه‌ كارى جدیمان كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى خۆمان به‌هێز بكه‌ین‌و بوونمان بسه‌لمێنین وه‌كو گه‌ل‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌ناوچه‌كه‌دا‌و شاخه‌كان بكه‌ین به‌بنه‌ما بۆ بنیاتنان؟ ئایا ئێمه‌ هه‌رگیز كارمان كردوه‌ كه‌ شارستانیه‌تێك له‌شاخه‌كاندا دروست بكه‌ین‌و بیكه‌ین به‌خاڵى به‌هێزیى خۆمان له‌به‌رامبه‌ر نه‌یار‌و دوژمنه‌كانمان؟ یاخود ته‌نها كارمان بۆ په‌رته‌وازه‌بوون‌و دابه‌شكاریى كردوه‌؟

ده‌سته‌واژه‌ى دوه‌م (نابێ پشت به‌ بێگانه‌ ببه‌سترێت)!، ئاى له‌م ده‌سته‌واژه‌ پڕ له‌ مانا ‌و جوانه‌، جاخۆ گه‌لانى دنیا هه‌موویان له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ كاریان كردوه‌، پشتیان به‌خۆیان به‌ستوه‌‌و بوونى خۆیان سه‌لماندوه‌‌و هه‌ر به‌ده‌ستى خۆیشیان مێژوویان دروست كردوه‌، ئه‌ى ئێمه‌ بۆچى هه‌تا ئێستا ئاماده‌ین ببینه‌ دارده‌ستى بێگانه‌ بۆ دژایه‌تیكردنى یه‌كترى، به‌ڵام ئاماده‌ نین پشتى یه‌كترى بگرین‌و پێكه‌وه‌ هه‌نگاو بۆ داهاتوومان بنێین؟ ئه‌وه‌ى له‌مێژووى كورد بڕوانێت بۆى ده‌رده‌كه‌وێت، سه‌ركرده‌كان‌و پارت‌و هێزه‌ سیاسییه‌كان ئاماده‌ بوون‌و به‌رده‌وامیش ئه‌و كاره‌ دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ له‌پێناو پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خۆیان، ده‌ست له‌گه‌ڵ بێگانه‌ تێكه‌ڵ بكه‌ن.

،،

كورد زۆرجار دەڵێت مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە، باشە كە دەزانێت مێژوو خۆی دوبارە دەكاتەوە بۆچی پەندی لێوەرناگرێ 

گه‌لانى ترى دنیا هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كیان هه‌بووبێت له‌گه‌ڵ بێگانه‌ ته‌نها له‌به‌ر پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خۆیان بوه‌‌و به‌وردى تێڕاماون تاچه‌نده‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندییاندایه‌، یاخود بێگانه‌یه‌كیان بۆ دژایه‌تیكردنى بێگانه‌یه‌كى تر به‌كارهێناوه‌، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ى كه‌ دوژمنى دوژمنه‌كه‌م دۆستمه‌، به‌ڵام هیچ كاتێك نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ى ببنه‌ ده‌ستكه‌لاى بێگانه‌‌و له‌هه‌ر شوێن‌و كاتێكدا بێگانه‌كان بووبنه‌ هه‌ڕه‌شه‌‌و مه‌ترسى له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان، په‌یوه‌ندییان پچڕیوه‌ له‌گه‌ڵیاندا، به‌ڵام ئه‌وه‌ى به‌مێژووى كورددا رۆبچێت‌و ورد ببێته‌وه‌، هه‌میشه‌ كورد بوه‌ته‌ دارده‌ستى بێگانه‌‌و به‌كارهێنراوه‌، نه‌شیتوانیوه‌ دۆست‌و دوژمن له‌یه‌كتر جیا بكاته‌وه‌ (كه‌ بوونى دۆستى گه‌لى كورد زۆر كه‌مه‌).


ده‌سته‌واژه‌ى سێهه‌م (مێژوو خۆى دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌)!، باشه‌ كه‌ كورد ده‌زانێت مێژوو خۆى دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌، هۆكار چییه‌ په‌ند له‌مێژوو وه‌رناگرین‌و ئاماده‌ین به‌هه‌مان رێگاكانى پێشووتردا بڕۆینه‌وه‌‌و پێمان به‌هه‌مان پشكۆدا بچزێت، هه‌رگیز له‌خۆمانمان پرسیوه‌، بۆچى هه‌میشه‌ ده‌بینه‌وه‌ به‌قوربانى‌و هه‌زار ساڵه‌ ده‌گلێین كه‌چى نابینه‌ سوار؟! به‌دبه‌ختیى كورد له‌زیره‌كیى دوژمنه‌كانیدایه‌ یاخود كورد خۆى گێلانه‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌ ناو هه‌مان قه‌فه‌ز‌و داوى پێشووتر‌و ئاماده‌یه‌ به‌رده‌وام ببێت به‌بابه‌تى دووباره‌بونه‌وه‌ى كاره‌سات‌و نه‌هامه‌تییه‌كان.

به‌بۆچوونى من هه‌تا كورد خۆى نه‌بێت به‌دۆستى خۆى‌و پشت به‌خۆى نه‌به‌ستێت‌و په‌ند له‌مێژوو وه‌رنه‌گرێت، ئه‌وا هه‌رگیز ناتوانێت له‌فۆبیاى قوربانیبوون ده‌ربازى ببێت، وه‌ نابێ چاوه‌ڕوانى خه‌ڵكى تر‌و گه‌لانى تر بكات هه‌تا ببێته‌ دۆستى كورد، جوله‌كه‌كان دۆستیان نه‌بوو ته‌نهاو ته‌نها به‌ئیراده‌ى خۆیان توانییان ببنه‌ دیفاكتۆ‌و وڵاتانى زلهێزى دنیا ناچار بكه‌ن پشتیوانیان بێت، خۆ ئه‌وان شاخه‌كانیش دۆستیان نه‌بوون، به‌ڵام خۆیان بوون به‌شاخ‌و به‌گژ هه‌موو ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌كاندا چوونه‌وه‌.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك