ھەیەجانی دیکتاتۆری

هەموو بێدەنگییەک نەشتەرگەری جوانکارییە بۆ دەسەڵاتی ستەمکار

ھەیەجانی دیکتاتۆری

392 خوێندراوەتەوە

١. دەسەڵاتی کوردی لەھەموو ئاستەکاندا شکستی ھێناوە، تاکو ئەم چرکەساتەش نەیتوانیوە کولتووری ڕژێمی بەعس تێپەڕێنێت، موئەسەسات دروست بکات، ئازادی فەراھەم بکات و مافەکانی ھاوڵاتیان بپارێزێت.

گەندەڵی نەھێڵێت و یاسا سەروەربێت. یەکێتی و پارتی و نوخبە سیاسیەکانی ناو ئەم دوو حیزبە نەک ھەر ئەم بەھایانەی لەکۆمەڵگەدا جێگیر نەکرد، بەڵکو لە نائاگایی و نا-ھۆشیارییەکی تەواودان بەرامبەر بە وەزیفەکانی زانست و فیکری سیاسی مۆدێرن، کۆمەڵگەی ئێمەیان ئیفلیج کرد و ئەم مۆدێلە ناشیرینەی ڕژێمی ستەمکاری و دیکتاتۆریان بەرھەمھێنا. لەجیاتی چەسپاندنی بنەما مەدەنی و دیموکراسیەکان ھاتن و بنەما خێڵکیەکانیان چەسپاند و حوکمی چەتەیی و بنەماڵەیان دامەزراند.

,,

ھەموو دەسەڵاتێکی ستەمکار و دیکتاتۆر لە حەقیقەت دەترسێت

٢. گەندەڵی و نادادپەروەری و کوشتن و تیرۆری سیاسی، یەکێکە لە سیما دیارەکانی ھەر سیستەمێکی سیاسی دیکتاتۆر، ھەموو دەسەڵاتێکی وەحشیگەر بۆ مانەوە و درێژەدان بە تەمەنی خۆی بەم فۆڕمە لە زەبروزەنگ و توندوتیژی ئیش دەکات. دەسەڵاتی کوردی زۆربەی سرروشت و تایبەتمەندیەکانی کولتووری تۆتالیتاریزمی تێدایە.

٣. ھەموو دەسەڵاتێکی تۆتالیتار لەسەر کوشتنی ڕەخنەو کپکردنی دەنگی ئازاد ئیش دەکات، لەسەر دروستکردنی مۆدێلی کۆمەڵگەی بێدەنگ «کردنی کۆمەڵگە بە بێدەنگخانە»ئیش دەکەن. بەڵام ئێمە ناوەستین و پێمانوایە سەردەمی ئێمە سەردەمی ڕەخنەگرتنە، ھەموو بێدەنگییەک نەشتەرگەری جوانکارییە بۆ ناعەدالەتی و نائینسانیەت و کولتووری مەرگدۆستی زیاتر دەکات. لەھەمانکاتدا کاتێک ڕەخنە دەمرێت ھەیەجانی دیکتاتۆری بەھێزتر دەبێت.

٤. ھەموو دەسەڵاتێکی ستەمکار و دیکتاتۆر لە حەقیقەت دەترسێت، بۆیە ھەمیشە بە سەدان ماسکی ساختە بەچەندەھا ڕێگای نائەخلاقی حەقیقەت سەرکوت دەکات و ناشیرینیەکانی خۆی پێ دادەپۆشێ. لەڕێگەی کوشتن و تۆقاندن و ھەڕەشەکردن ھەموو دەنگە ناڕازی و ڕەخنەکان بێدەنگ دەکات، ھەموو ڕێگەیەکی نامۆڕاڵی دەگرێتەبەر، دژ بەھەموو ئەو ھەوڵانە دەوەستێتەوە کە ئیش لەسەر کەشفکردنی حەقیقەتەکان دەکەن. بۆئەو مەبەستەش ڕۆژنامەنوسانی سەربەخۆ و ڕەخنەگرانی بواری سیاسەت گەورەترین قوربانین، چونکە ڕۆژنامەنووسە سەربەخۆ و ڕەخنەگرە ئازاکانی کۆمەڵگەی ئێمە بوونەتە مانفێستی کەشفکردنی دیوە بەد و ناشیرنەکەی دەسەڵات، بونەتە ھەوێنی حەقیقەت و لابردنی ماسک و ماکیاژی دەسەڵاتی سیاسی یەکێتی و پارتی.

٥. ھەموو تاکێکی کۆمەڵگەی کوردی وەکو ئەرکێکی ئەخلاقی و بەرپرسیارانە پێوویستە ببێتە بەرگریکارێکی ڕاستەقینەی دادپەروەری و دژە گەندەڵی، دژی ئەو مۆدێلە سیاسیەی (یەکێتی و پارتی) خەبات و بەرەنگاری بکات لەپێناو: چاکەی گشتی، ھێنانەدی گۆڕانکاری سیاسی، نەھێشتنی گەندەڵی و پێشێلکاری بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ. پێویستە ئینسانی کورد دژی ئەو سیستەمە نامۆڕاڵی و ناشارستانیە بوەستنەوە کە ئەم دوو ھێزە بەرھەمیانھێناوە. دژ بە سیستەمێک کە بەردەوام کاردەکات بۆ وێرانبوونی سایکۆلۆژیای مرۆڤی کورد و بێبەھاکردنی ئینسان.

,,

دەسەڵاتی سیاسی یەکێتی و پارتی لەجیاتی بونیادنانی کولتووری ژیاندۆستی، بەھەزارەھا ڕێگا دەمانبەنەوە سەر مەرگدۆستی

٦. ھەڕەشەکردن، ڕفاندناندن و تیرۆری نھێنی، لێدان و سوکایەتی پێکردن، تەقەکردن....ھتر بەرامبەر بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ و ڕەخنەگران، سوتاندن و داخستی دەزگای میدیایی. ھەموو ئەمانەو زیاتریش ھەیەجانی دیکتاتۆری و کەشوھەوایەکی پۆلیسی لە کۆمەڵگەی ئێمە دروستکردووە.

٧. دەسەڵاتی سیاسی یەکێتی و پارتی لەجیاتی بونیادنانی کولتووری ژیاندۆستی، بەھەزارەھا ڕێگا دەمانبەنەوە سەر مەرگدۆستی. تیرۆری فیکری و کەسایەتی ئینسانی کورد دەکەن، دەمانکوژن، جا کوشتنی جەستەیی بێت یان مەعنەوی. ئەم دوو ھێزە ھەمیشە دەیانەوێ بەسەر لاشەی ھەزارەھا دەنگی ئازاد و ڕۆژنامەنوس و نوسەر و ڕەخنەگردا بپەڕێتەوە بۆ ئامانجە چەپەڵەکانی خۆیان. بۆیە ڕۆژنامەنوسانی سەربەخۆ و ڕەخنەگرانی بواری سیاسی و بەرگریکارانی مافەکانی مرۆڤ قوربانی یەکەمن لە کۆمەڵگەی ئێمەدا. چونکە ڕۆژنامەنوس ڕەخنەگرانی سەربەخۆ کەشفکەری زۆنە تاریکەکانی سیستەمێکی گەندەڵ و مانفێستی شکست و داڕزانی ئەخلاقی سیاسی یەکێتی و پارتین. ئەم فۆڕمە لە ڕۆژنامەنوس و ڕەخنەگران بێ ھیچ بەرژەوەندیەکی سیاسی و ئابووری و ئایدۆلۆژی دەنوسن، تەنھالەپێناو ھەستکردن بە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی بەرامبەر بە ھاونیشتیمانیانی کۆمەڵگەو گێڕانەوەی شکۆو بەھاو ئیعتیبار بۆ مرۆڤ و ھێنانەدی ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یاسایی لە کۆمەڵگەدا.

,,

مرۆڤی کورد دەبێ لەو حەقیقەتە تێبگات کە ئازادی لەھەموو شتێک گرنگترە

٨. یەکێتی و پارتی لەڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی «ئابووری، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ھێزە چەکدارەکان»و ھەموو کایەکانی تری کۆمەڵگە، درێژە بەمانەوەی دەسەڵاتی خۆی دەدات. ئەم مۆدێلە دیکتاتۆریە ھەتادێت پایەکانی دەسەڵات خۆی بەھێزتر دەکات، لەڕێگەی: گەندەڵی ئابووری و سەربازی و یاسایی ، ترساندن و تۆقاندن و تیرۆرکردن، ھەروەھا لەڕێگەی وەگەرخستنی دەزگا کولتووری وپەروەردەیی و میدیایی و...ھتر بۆ بەرژەوەندیە حیزبیەکان.

٩. مرۆڤی کورد دەبێ لەو حەقیقەتە تێبگات کە ئازادی لەھەموو شتێک گرنگترە، تەنھا ئازادی دەتوانێ مرۆڤ و کۆمەڵگەی ئێمە ڕزگاربکات. دەبێ ھەموومان بۆ ئازادی خۆمان و ئەوانی تریش خەبات بکەین و بەرەنگاریەکی عەقڵانی دژ بە کولتووری سیاسی یەکێتی و پارتی سەڕێگابخەین. ھیچ گروپ و ڕێکخراوێکی سیاسی بۆی نییە بەناوی ھیچ موقەدەسێکی سیاسیەوە خودی ئازادی بخاتە ژێر پرسیارەوە.

١٠. بۆئەوەی لەم سیستەم و کولتورە سیاسیە نا-عەقڵانی و نا-مۆڕاڵیە نەجاتمان بێت کە یەکێتی و پارتی بەرھەمیانھێناوە، پێویستیمان بە گوتاری عەقڵانی و سەرڕێگاخستنی جوڵانەوەی کۆمەڵایەتی و خوڵقاندنی کردەیەکی شۆڕشگێڕانەی مەدەنیە.

 

author photo

توێژەری سایکۆلۆژیا