عەلی باپیر لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا

ئەو سەلاموعەلەیکەی هەرگیز ناگات

عەلی باپیر لە چاوەڕوانیی گۆدۆدا

331 خوێندراوەتەوە

كەمال چۆمانی
لە (چاوەڕوانیی گۆدۆ )ی ساموێل بێکێت یەکێکە لە جیهانییترین شانۆکانی دونیا. دو کاراکتەری ناو شانۆکە بەدرێژایی شانۆکە چاوەڕوانیی کەسی سێیەم دەکەن کە هەرگیز ناگات. ئەوان چاوەڕوانن گۆدۆ بێت و رزگاریان بکات، بەڵام گۆدۆ هەرگیز نایەت. چاوەڕوانییەکە زۆر کۆمیدییە، نەهاتنەکە زۆر تراژیدییە.


عەلی باپیری ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامیی لە ٣٠ی ئەیلولی ٢٠١٨ەوە لە چاوەڕوانیی "سەلاموعەلەیک"ێکی پارتیی دیموکراتیی کوردستانن تا دەرگای چونە ناو حکومەتیان لێ بکاتەوە و لەو ئازارە رزگاریان بکات کە ئەگەری هەیە بەناچاری ببنە ئۆپۆزسیۆن. ئەو چاوەڕوانییەی عەلی باپیر و کۆمەڵی ئیسلامیی لە پارتیی دیموکراتیی کوردستان بە ڕاستیی زۆر کۆمیدییە، بەڵام کۆتایییەکەی زۆر تراژیدیی دەبێت. ئەوان باش دەزانن ئەو چەند کورسییەی کۆمەڵ لە پارلەمان زیادیکردوە هی ئەوە نییە کۆمەڵی ئیسلامیی خۆی نوێ کردبێتەوە و ئایدیۆلۆژیا ئیسلامییەکەی خۆی گونجاندبێت لەگەڵ واقیعی کۆمەڵایەتیی.

،،

 کۆمەڵی ئیسلامیی و عەلی باپیر لە چەند ساڵی رابردودا بەدەستیانهێنا و توانیان پێشی یەکگرتوی ئیسلامیی بکەون، بەر لەوەی حکومەت دروستبکرێت دۆڕاندیان

سیاسیی و ئابوریی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە. هی ئەوەش نییە کۆمەڵ توانیبێتی دوای داعش خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ ئیسلام لە کایەی سیاسییدا بکات. هی ئەوەش نییە کۆمەڵ و عەلی باپیر رەخنەیەکی ئازایانەی فیکری سونە و سەلەفیی خۆیان کردبێت. هی ئەوەش نییە کۆمەڵ و عەلی باپیر توانیبێتیان لەگەڵ پێشکەوتنە دونیاییەکاندا هەنگاو بنێن. هی ئەوەش نییە کۆمەڵی ئیسلامیی و عەلی باپیر لەمەودوا بڕوایان بەوە هەبێت ژن لەناو حیزبەکەیاندا کاری سیاسیی بکەن بێئەوەی حیجاب بپۆشن. بەڵکو هی ئەوەیە خەڵکی موسڵمان بەراوردی کۆمەڵی ئیسلامیی و یەکگرتوی ئیسلامییان کرد لە چەند ساڵی رابردودا، بەتایبەت پەیوەست بە ریفراندۆم و مەسەلەی سەرۆکایەتیی هەرێم کە هەڵوێستەکانی کۆمەڵ تا رادەیەک لەوانیدی باشتر بو، وەنەبێت هەڵوێستی کۆمەڵ و عەلی باپیر هەڵوێستێک بوبێت وەک پێویست.


کەچی ئەوەی کۆمەڵی ئیسلامیی و عەلی باپیر لە چەند ساڵی رابردودا بەدەستیانهێنا و توانیان پێشی یەکگرتوی ئیسلامیی بکەون، بەر لەوەی حکومەت دروستبکرێت دۆڕاندیان. یەکگرتوی ئیسلامیی زۆر ئازایانەتر، زۆر سیاسییانەتر، زۆر وردبینانەتر، سەرەڕای ئەوەی پارتیی "سەلاموعەلەیک"ێکی لێ کردن و مەسعود بارزانییش لەگەڵ سەلاحەدین بەهائەدین کۆبوەوە، بەڵام بڕیاریان دا ئۆپۆزسیۆن بن. یەکگرتو دەزانێت چەند هەڵەی گەورەی سیاسیی کردون.

،،

 پێویستە کۆمەڵی ئیسلامیی  لەڕوی فیکریی و ئایدیۆلۆژیی و سیاسییەوە خۆی نوێ بکاتەوە

بۆیە دەیەوێت کەمێک خۆی راستبکاتەوە. کۆمەڵی ئیسلامیی دەیتوانی هەڵوێستەکانی و ئەو پێشکەوتنەی لە هەڵبژاردنی رابردودا بقۆزێتەوە و پێشبکەوێت، بەڵام لە چاوەڕوانیی "سەلاموعەلەیک"ی پارتییدا خۆی کوشت. کۆمەڵی ئیسلامیی تازە بشبێتە ئۆپزسیۆن پولێک ناکات. عەلی باپیر و کۆمەڵی ئیسلامیی لەپێناو دو دەستکەوتی مادییدا، پێشکەوتنی حیزبەکەیان کردە قوربانیی و هەڵوێستەکانی رابردویان بە ئاودا چون.


کۆمەڵی ئیسلامیی پێویستە لەڕوی فیکریی و ئایدیۆلۆژیی و سیاسییەوە خۆی نوێ بکاتەوە. فیکری کۆمەڵی ئیسلامیی بە کەڵکی ئەمڕۆی کوردستان نایەت، سونیزم و سەلەفیزم ئەو حیزبەی وێران کردوە و ناتوانێت ببێتە حیزبی هەموان. لەڕوی سیاسییشەوە، هێشتا ناتوانن نە ببنە حیزبێکی بەشدار لە حوکمڕانیی و هەڵگری چەند پڕۆژە و بانگەشەیەکی جدیی کە کۆمەڵانی خەڵک بەجدیی لەوانی تریان جیابکاتەوە، نە دەشتوانن ببنە هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی جدیی کە ئەلتەرناتیڤی سیاسیی پێشبخەن.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك