هەڵگەڕانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان

پاڵنەر و هۆکارەکان، کاریگەریی و دەرفەتەکان

هەڵگەڕانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان

502 خوێندراوەتەوە


ئاراس مەسیفی

بەشداریی بزوتنەوەی گۆڕان لە پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان شتێکی تازە و نوێ نییە، بەڵکو درێژەپێدەری هەمان رێچکەی قۆناغی یەکەمی بەشداریی بزوتنەوەکەیە لە پێکهێنانی کابینەی هەشتەم. ئەوەی تازە ونوێیە، شێواز و هەلومەرج و مەرجەکانی بەشداریی کردنەکەیە، کە وای کردوە زۆربەی چاودێرانی بارودۆخەکە ئەم هەنگاوەی گۆڕان بە پشت تێکردن و دەست هەڵگرتن یاخود هەڵگەڕانەوی تەواوەتی بزوتنەوەکە لە هەمو ئەم پرەنسیپ و بەها و ئامانجانەی کە بزوتنەوەکە لە پێناوی دروست بوبو لە قەڵەم بدەن.

بۆ ئەم بۆچونەش چەند هۆکار و پاساوێکی بەهێز هەن کە سەرەکیترینیان کۆچی دوایی رێکخەری گشتیی پێشوی بزوتنەوەی گۆرانە چونکە نەوشیروان مستەفا نەک تەنها بۆ زۆربەی ئەندام و هەوادارانی بزوتنەوەکە، بەڵکو بۆ خەڵکێکی زۆری دەرەوەی گۆڕانیش هەمیشە لەنگەری دڵنیایی و گەرەنتیی لانەدانی سەرانی گۆڕان و کارەکتەر و نوێنەرەکانی ناو حکومەت و پارلەمان بو. شێواز و مەرجەکانی بەشداریکردنی گۆڕان لە کابینەی نۆیەم پاساوێکی تری بەهێزی ئەم بۆچونەن.

بە پێچەوانەی بەشداریکردنی گۆڕان لە کابینەی هەشتەم کە لە ئەنجامی سەرکەوتنێکی گەورەی گۆڕان لە هەڵبژاردنەوە هات، ئەم بەشداریکردنەی ئێستای گۆڕان ئەنجامی شکستێکی گەورەیە. هەر ئەوەش وایکردوە کە گۆران جگە لە پۆستی زۆر، نەتوانێ تەنها یەک بڕگەش لە کارنامەی کابینەی داهاتو جێگیر بکات کە یەکانگیر نەبێت لەگەڵ بەرژەوندیەکانی پارتیی دیموکراتیی کوردستان. ئەمەش هۆ و هۆکار و پاڵنەری خۆی هەیە کە لە دەستپێکی ئەم باسەدا تیشکی دەخەمە سەر.

،،

 کاتی بەشداریکردنی گۆڕان لە کابینەی هەشتەم، گۆڕان دەستی لە زۆربەی داواکارییەکانی هەڵگرت، بەڵام لە بەرامبەردا دەستی گرت بە هەندێکی تریانەوە و کاری بۆ کردن. ئەمە لە چوارچێوەی ڕرۆسەی سیاسیی، سازان و سەودای سیاسیی پێ دەڵێن

بەشێکی تری ئەم نوسینە پەیوەستە بە کاریگەرییەکانی شکست و هەڵگەڕانەوەی گۆڕان وەک هێزێکی سەنگین و گرنگی خاوەن پەیامێکی ئۆپۆزیسیۆنانەی رادیکا. چونکە کاریگەرییەکان تەنها لە سەر ئێستا و داهاتوی بزوتنەوەکە خۆی قەتیس نامێنن، بەڵکو تەواوی کۆمەلگە و ژیانی گشتیی و سیستەمی سیاسیی دەگوێزێتەوە بۆ قۆناغێکی تر، کە دەکرێت بە قۆناغی شکستخواردنی یەکەم پرۆژەی ئۆپۆزیسۆن پێناسە بکرێت. لە کۆتایی نوسینەکەش باسی ئەگەری دروستبونی ئەو دەرفەتانە دەکەم کە دەکرێت لە ئەنجامی ئەم شکستە دروستببن.

بێگومان درکی ئەمە بەتەواوی دەکەم، کە دەستەواژەکانی شکستخواردن و هەڵگەڕانەوە، دەستەواژەی گشتیین و بەڕەهایی بەکاربردنیان لە نوسینێک، کە خواستی بابەتیبونی هەبێت، بێ کێشە نییە. بەتایبەتیش کە تێروانین و بڕیاری تاک بۆ پرس و کردە گشتییەکان، خودین و زیاتر پەیوەستن بە کاریگەریی بەرژەوندی و دونیابینیی و هەروەها و زانیاری و هۆشیاریی کەسەکە. بەم هۆیەوە نوسینەکە بە پێناسەیەکی کورتی هەردو دەستەواژەی شکستخواردن و هەڵگەڕانەوە، دەستپێدەکم.

تێگەیشتنی من بۆ دەستەواژەی هەڵگەڕانەوە ئەوەیە؛ کاتێک کەسێک یان گروپێک نەک تەنها لە هەمو دروشم و داواکارییەکانی پێشوی پاشگەز دەبێتەوە، بەڵکو بە شێوەی پەیام و کرداریش دژیان دەوستێتەوە. بۆ نمونە لە کاتی بەشداریکردنی گۆڕان لە کابینەی هەشتەم، گۆڕان دەستی لە زۆربەی داواکارییەکانی هەڵگرت، بەڵام لە بەرامبەردا دەستی گرت بە هەندێکی تریانەوە و کاری بۆ کردن. ئەمە لە چوارچێوەی ڕرۆسەی سیاسیی، سازان و سەودای سیاسیی پێ دەڵێن و هیچ نەنگیی و شورەییەکی تێدا نییە. بەڵام ئێستا گۆڕان نەک تەنها دەستی لە تەواوی داواکارییەکانی پێشوی هەڵگرتوە، بەڵکو بەو هاوبەشیەیان لەگەڵ پارتی و یەکێتی، بەکردار دەبنە ئامرازی جێبەجێکردنی سیاسەتە پاوانخوازەکانی ئەوان و هیچی تر.

ئەوەی پەیوەستە بە دەستەواژەی شکستخواردن، ئەوا سود لە پێناسە گشتییەکەی وەردەگرم. ئەویش بەراوردی ئامانجی راگەیەندراوە لەگەڵ ئەنجامی بەدەستهاتو. تا جیاوازییەکەی نێوانیان گەورەتر بێت، شکستەکەش گەورەتر دەبێت. ئەم پێوەرە چۆن لە رابردو بۆ هەڵسەنگاندنی دەستەڵاتی سیاسیی هەرێم بەکاردەهێنرا، ئاواش دەتوانین بۆ هەڵسەنگاندنی ئۆپۆزیسیۆنیش سودی لێوەرگرین. نمونە و پاساوەکانی سەلماندنی ئەمەش زۆرن و رۆژانە زۆری لەسەر گوتراوە و دەگوترێت.

بێگومان بابەتی شکستخواردنی یەکەمین پڕۆژەی ئۆپۆزیسیۆن بەم شێوە دراماتیکییە، هەڵوەستە لەسەر کردنێکی درێژ ترو فروانتری پێویستە. ئەم تەنها دەستپێکێکی بچوکە.

پاڵنەرەکانی گۆڕان بۆ بەشداریکردن لە پێکهێنانی کابینەی نۆیەم

سەرەڕای مەترسی دوبارە بێئومیدکردنەوە و و لەدەستدانی پشتگیریی و متمانەی زۆر لە هەواداران و ئەندامانی، گۆڕان لە کۆتاییدا بژاردەی بەشداریکردن لە کابینەی حکومەتی داهاتوی پەسەندکرد. پاڵنەرە سەرەکییەکانی گۆڕان هەمان پاڵنەرەکانی بازنەیەکی بچوکی کارەکتەرە سەرەکیی و بڕیار و دەستەڵات بەدەستەکانی ناو بزوتنەوەی گۆڕانن، کە لە دوای کۆچی دوایی رێکخەری گشتی پێشو بڕیار و دەستەڵاتی گۆڕانیان کەوتە دەست.

،،

بڕیاربەدەستانی ئێستای گۆڕان مەحکومن بە بەشداریکردن لە حکومەت و رازیبون بە هەمو مەرجەکانی پارتیی چونکە ئەوان بە شێوەیەکی ئاشکرا و راستەخۆ بە هۆکاری شکستی گۆڕان و گەیاندنی بەم بنبەستە سیاسییە تۆمەتبار دەکرێن

ئەم بازنە بڕیاربەدەستەی ئێستای گۆڕان مەحکومن بە بەشداریکردن لە حکومەت و رازیبون بە هەمو مەرجەکانی پارتیی چونکە ئەوان بە شێوەیەکی ئاشکرا و راستەخۆ بە هۆکاری شکستی گۆڕان و گەیاندنی بەم بنبەستە سیاسییە تۆمەتبار دەکرێن. ئەوان دەزانن کە بژاردەی ئۆپۆزیسیۆن بون گۆڕان دەگەڕێنێتەوە بازنەیەک کە بەخۆداچونەوە و چاکسازی ناوخۆیی بە دوای خۆیدا دەهێنێت. ئەمەش دەبێتە هۆی لێپێچینەوە لە بەشێکیان و کۆتایی کاری سیاسیی بەشێکی تر. بە تایبەتیش ئەو دەنگانەی ناو گۆڕان کەم نین کە رەخنە و تێبیینی جددی و رەوایان لە سەر بەرنامە و سیاسەتی گۆڕان هەیە.

ئەو بازنەیە باش دەزانێت کە هەستانەوەی گۆران پەیوەستە بە چاکسازی ناوخۆیی و دورکەوتنەوە لە دەستەڵات، بەڵام ئەوان هیچ هەستانەوەیەکی گۆڕانیان ناوێت کە خۆیان تێیدا دەستەڵات و بڕیاربەدەست نەبن. لە جیاتی ئەمە، ئەوان دەیانەوێت لەڕێی بەشداریکردن لە حکومەت لەلایەک دەستەڵاتی خۆیان لە ناو گۆڕان بچەسپێنن، لەلایەکی تردا کار بۆ هەڵسانەوەی گۆڕان لە ژێر هەژمون و دەستەڵاتی خۆیان بکەن.

ئەم بازنەیە پێکهاتوە لە هەردو کوڕەکەی رێکخەری پێشو، رێکخەری ئێستا و دەوروبەرەکانیان. كوڕەکانی رێکخەری پێشو دەیانەوێت بە هەر نرخێک بێت هەژمون و دەسەەڵاتی خۆیان لە ناو گۆڕان بچەسپێنن و دەنگە ناڕاازییەکان کپبکەن و بێ کاریگەرییان بکەن. بۆ ئەمەش پێویستیان بە دەستەڵات و پۆست و پارەیە. ئەوان لەڕێ بەخشینەوەی پۆست و پلەی حزبیی و حکومەتییەوە، دەوروبەرەکەیان رازیدەکەن و بە خۆیان پەیوەست دەکەن. بە پشتگیری و هاوکاریی ئەوانیش، هەمو ئەو گروپ و کەسانە وەل دەنێن، کە یاخی بون و دەبن.

ئەوان باش ئەو راستییە دەزانن کە بە هۆی بەشداریکردنیان لە حکومەت، نەک تەنها خڵلک، بەڵکو زۆربەی هەوادار و هەڵسورێنەرەکانیش پشتیان تێدەکەن و گۆڕان دەکەوێتە ژێر هەڕەشە و هەژمونی یەکێتی لە زۆنی سەوز. بە تایبەتیش کە یەکێتی لە ئێستاوە دەیەوێت لاوازیی هەڵوێستەکانی گۆڕان بە سودی خۆی بقۆزێتەوە. گۆڕان لەمەشدا پێویستی بە پشتگیریی و هاوکاریی پارتییە تا لە کاتی ناکۆکی و بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتیی بیانپارێزێت. ئەمەش پاڵنەرێکی تری رازیبونی گۆڕانە بە هەمو مەرجەکانی پارتیی. بێگومان ئەو بەخشندەیییەی پارتییش بەبێ هۆ و حیسابی سیاسیی نییە.


ئەو هەڵانەی گۆڕانی گەیاندە بنبەستی سیاسیی

پرسیارە جەوهەرییەکە لێرەدا ئەوەیە بۆچی گۆڕان گەیشتە ئەم وێستگەیەی ئێستا کە تیایدا هەڵگەڕانەوەی تەواوەتیی لە هەمو پرینسیپ و بەهاکای پێشو و باوەش و پشتیوانیی پارتی، بەتەنها گەرەنتیی و بەردەوامیی و مانەوەی خۆی بزانێت؟ لە راستیدا هۆکارەکانی گەییشتنی گۆڕان بەم بنبەستە سیاسییە زۆر و فرەرەهەندین، بەتایبەتی هۆکارە ناوخۆییەکانی هەرێم و عێراق و ناوچەکە ناکرێت نادیدە بکرێن. هۆکارە سەرەکییەکان بەڵام هۆکارە خودییەکانی گۆڕان خۆیەتی، بەوەی نەک تەنها نەیتوانی خۆی لە گەڵ روداوە خێراکان و هەلومەرجە ناوخۆیی و ناوچەیییەکان قۆناغ بە قۆناغ بگونجێنێت، دەرفەتەکان بقۆزێنەوە و وەبەرهێنانی سیاسیی تێدا بکات، بەڵکو توشی چەندین هەڵەی گەورە و کوشەندە بو لە سەر ئاستی حزبیی و حکومەتیی. لە خوارەوە تەنها تیشک دەخەمە سەر چەند هەڵەیەکی زەقی بزوتنەوەی گۆڕان لە روانگەی زانستی سیاسیی چونکە بێگومان بۆ هەمو ئەو هەڵانەش هۆکارگەلێکی زۆر هەن کە رەگ و رەهەندی قوڵی مێژویی، کولتوریی، ئایدۆلۆژیی، کۆمەڵایەتیی، سیاسیی و ئابورییان هەیە. لێکۆڵینەوە لە هەر بوارێکیاندا لە سەرو توانا کەسییەکان دایە و زیاتر کاری دەزگا پسپۆڕەکانە.

ئەوەی ئاشکرایە دوای ئەنجامی شکستخواردوی بەهاری عەڕەبیی، ئاڵۆزبونی ناوچەکە و سەرهەڵدانی داعش لە عێراق و سوریا و هێرشەکانی داعش بۆ سەر بەشێکی هەرێمی کوردستان و بڕێنی بەشە پارەی هاتو لە بەغداد، هەرێمی کوردستان پێی نایە قۆناغێکی تەواو جیاواز لە قۆناغی دروستبون و گەشەسەندنی بزوتنەوەی گۆڕان کە قۆناغی بەرەنگاربونەوەی قورخکاریی سیاسیی و ئابوریی دەستەڵاتی سیاسیی بو. گۆڕان درکی ئەوەی نەکرد کە لەم قۆناغەدا ئیتر روبەروبونەوەی گەندەڵیی وبانگی چاکسازیی و گۆرانکاریی، داواکاریی لەپێشینەی زۆرینەی وڵاتییان نین. لەو قوناغەدا کێشەی لەپێشینەی وڵاتییان دارایی و ئەمنیی بون چونکە بڕینی موچە و نەمانی پارە لە بانکەکان، جوڵە ئابورییەکان و باری دارایی وڵاتییانی هەرێمی بەتەواوی شەکەت کردبو. لەلایەکی تریشەوە شەڕی داعش و دەرکەوتەکانی وڵاتییانی خستبوە ترس و دڵەراوکێیی دەرونییەوە.

گۆڕان بەرپرسیار و هۆکاری ئەم دۆخە تازەیە نەبو. هەر لەبەر ئەمەش بۆ گۆڕان زۆر ئاسان بو ئەم دۆخە تازەیە بقۆزێتەوە و سیاسەت و گۆتاری خۆیی نەک تەنها بە قسە، بەڵکو بە کردار لەگەڵ دۆخەکەدا بگونجێنی. لەو کاتەدا گۆڕان هەردو وەزارەتی دارایی و پێشمەرگەی لەبەردەستدا بو، پشتگیری جەماوەریی باشی هەبو، و رێکخەری گشتییش لە ژیاندا مابو. ئەگەر ئیرادە و تێڕوانین و پێشبینی دروستیان هەبوایە، دەیانتوانی هەوڵی پەیڕەوکردن و جێگیرکردنی سیاسەتێکی جیاواز لە سیاسەتی پارتیی و یەکێتیی بدەن. بێگومان پارتی و یەکێتیی دەستەوەستان نەدەبون و بەربەستیان دروستدەکرد، بەڵام بۆ نەدۆڕاندنی متمانە و هیوای وڵاتییان، کە تاکە سەرمایەی گۆڕان بو، پێویست بو لە کاتی بەربەست دروستکردن و رێگریکردن لێیاندا، بگەڕێنەوە لای خەڵک و خۆیان لەم حکومەتە بێبەری بکەن کە زۆربەی زۆری وڵاتییان تا ئەوپەڕی لێی بێزار و ناڕازای بون. بە پێچەوانەی ئەمە، گۆڕان پشتی کردە چاوەروانیی و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و بە کردار بو بە بەشێک لە تێپەڕاندنی سیاسەتی ئابوریی و ئەمنیی پارتی و یەکێتی. بۆ نمونە گۆڕان هەر زو کەوتە تەڵەی پارتی و یەکێتی و بوە پردی تێپەڕاندنی یاسای سەربەخۆیی ئابوریی کە لەلایەک دەرگای چارەسەری بە ڕوی بەغداددا داخست. لەلایەکی ترەوە، زەمینە و بنچینەی گەندەڵی و قورخکاری لە هەرێم، بەتایبەتی لە بواری نەوت، بۆ پارتی و یەکێتیی خۆشتر و فروانتر کرد. هاوکاتیش بارودۆخی زۆربەی وڵاتییانی موچەوەرگر، لە خراپەوە بەرەو خراپتر برد.

بەهۆی لێکەوتەکانی دەستبردن بۆ هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، هەرێمی کوردستان پێی نایە قۆناغێکی تری تازەوە. بێگومان گۆڕان وەک هەر هێزێکی سیاسی تر نەک تەنها مافی ئەوەی هەیە، بەڵکو ئەرکە لەسەری مانۆر و ریسکی سیاسیش بکات. ئامانجی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتیی و سنوردارکردنی دەستەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم لە روانگەی حزبیی، دروستیی و رەوایی خۆیی هەیە. بەڵام گۆڕان لە هەڵبژاردنی کات و شوێن و شێواز و چۆنیەتی جێبەجێکردنەکە سەرکەوتو نەبو. خۆی ئاساییە، لە هەوڵ و مانۆری سیاسیش شکستبێنی، بە تایبەتیش کە پەیوەست بەم بابەتە، لێکەوتەکانی داخستنی پەرلەمان و دەرکردنی وەزیرەکانی گۆڕان، پێش ئەوەی شکستی گۆڕان بێت، شکستی پارتیی بو.

هەڵەی گۆڕان لەمەدا ئەوە بو، کە نەیانتوانی دەرفەتەکانی ئەم بارودۆخەش بقۆزنەوە، لە کاتێکدا گۆڕان بە هۆی ئەم ستەمەی لە بەرامبەری کرا، کێرفی جەماوەریی بە رادەیەکی باش بەرزبوبوەوە و بوار و مەودایەکی باشی بۆ مانۆری جەماوەریی و سیاسیی و دیبلۆماسی لە سەر هەرسێ ئاستی ناوخۆیی و عێراقیی و نێودەوڵەتیی بۆ رەخسا بو. لە جیاتی ئەمە گۆڕان رێککەوتنی نوێی لەگەڵ یەکێتی کرد و دەستی بە دامانی حکومەتەکەی پارتییەوە گرت و گەڕایەوە ناو هەمان یاری، کە پارتی و یەکێتی بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان رێساکانیان دەگۆڕی. ئەم هەڵە گەورانەی گۆڕان لە کاتێکدا رویاندا کە رێکخەری گشتیی پێشوی گۆڕان نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا مابو و خودی خۆی داڕێژەری زۆربەی سیاسەتەکانی گۆڕان بو.

دەنگدەر و هەوادار و هەڵسوڕێنەرانی گۆڕان بڕوا و متمانەی کوێرانەیان بە بیر و بەرنامە و سیاسەتی نەوشێروان هەبو، لەبەرئەوە بو کاریگەرییەکانی هەڵەکانی گۆڕان وا بەزەقی دەرنەدەکەوتن. نەوشیروان مستەفا بۆ دەنگدەرانی گۆڕان و متمانە و هیوا بو. دوای کۆچی دوایییشی گۆڕان پێی نایە قۆناغێکی تازە کە دەیتوانی بیکاتە دەستپێکی دەرفەتێکی زۆرباش بۆ دوبارە خۆڕێکخستنەوە و سنوردارکردنی زیان و کاریگەرییەکانی هەڵەکانی پێشویان. دەبوایە دەرکی ئەمەیان بکردایە کە بە نەمانی نەوشیروان مستەفا لەمەودوا نەک هەر هەڵەیەک بایی دو هەڵە لەسەریان دەکەوێت، بەڵکو کاریگەریی هەڵە کۆنەکانیش لە هەر کاتێکدا بەرۆکیان دەگرنەوە. گۆڕان نەیتوانی لەوە تێبگات کە زۆربەی زۆری دەنگدەری ئەوان لەسەر بنەمای متمانە و هیوا دەنگیان پێی داون، بە پێچەوانەی دەنگدەرانی یەکێتی و پارتی کە زۆربەیان بە هۆکاری بەرژەوندیی و سودمەندی کەسیی دەنگ بۆ حزبەکەی خۆیان دەدەن.

بە لەبەرچاونەگرتنی ئەم راستییانەی سەرەوە، بازنەیەکی بچوکی دەوروبەری کوڕەکانی رێکخەری پێشو لە پڕۆسەیەکی ناشەفافدا دەستیان بەسەر سەرمایە و بریاری گۆڕاندا گرت. بەمەش گۆڕان گەورەترین هەڵەی ستراتیژی ژیانی حزبی خۆی کرد. لەوساتەوە، گۆڕان نەک تەنها هەڵە بە هەڵە دەسپێرێت، بەڵکو نەیتوانی سود لە هەڵە و فاولە زۆرەکانی پارتی و یەکێتییش وەربگرێت و بیگۆڕێت بۆ دەستکەوتی سیاسیی و جەماوەریی. بە تایبەتی لە قۆناغی پێش ریفراندۆم گۆڕان دەیتوانی بە دروستکردنی بەرەیەکی دژە-ریفراندۆم یاخود هێڵی سیێەم لەنێوان بەرەی بەڵێ و نەخێر، جیاوازییەکانی خۆی لەگەڵ یەکێتی و پارتی و هێزەکانی تردا تۆخ بکاتەوە. پەیوەندیی خۆی لەگەڵ بەغدا توندوتۆڵ بکات و جەماوەری ناڕازیی بۆ هەر ئەگەرێک بجوڵێنێت. لەکاتی دوای شکستی ریفراندۆمیش، دەکرا پیشڕەویی بەرەی بەرامبەر پارتیی و یەکێتیی بکات و بەکردار پاکێچی گونجاوی بۆ بارودۆخەکە هەبێت، بەتایبەتی کە یەکێتی و پارتی لێکترازابون. وەک بینرا، لە قۆناغەکانی پێش و پاش ریفراندۆم، بون و نەبونی گۆڕان وەکو یەک وابو.

سەرەڕای ئەمانەش، گۆران بەبێ راستکردنەوەی تەنها یەک هەڵەی رابردوی و بێ بچوکترین بەخۆداچونەوە بەشداریی هەلبژاردنی پارلەمانی عێراقی کرد. لیرەشدا گۆڕان دەیتوانی هاوپەیمانیی لەگەڵ هێزە عەرەبیەکانی بەغداد ببەستێت و جێ پێیی خۆی لە ناوەندی بریاری بەغداد بکاتەوە. بەڵام لەمەشدا گۆڕان بێ دونیابینی و بێ کردار بو. دۆڕانە گەورە و چاوەڕوانکراوەکەی هەڵبژاردن، گۆڕانی ناچاری تێگەیشتن لە پەیامی دەنگدەرانی نەکرد. چونکە گۆڕان نەیدەویست دان بە هیچ هەڵە و کەموکورییەکی خۆیدا بنێت. لە جیاتی ئەوە گۆڕان هۆکاری دۆڕاندنەکەی بۆ تەزویر و دزینی دەنگەکانیان لەلایەن یەکێتی گەڕاندەوە و بابەتی تەزویری کردە چەقی بانگەشەی سیاسی و میدیایی چڕ و بێتام. وەک دەرکەوت ئەمە هیچ سودێکی بە گۆڕان نەگەیاند، بەڵکو بەپێچەوانەوە، قوڕەکەی لە گۆڕان خەستتر کردەوە. گۆڕان پارتی و یەکێتیی وەکو دو هێزی فێڵبازی بەهێز وێنە کرد کە هەڵبژاردن چاریان ناکات. بەمەش گۆڕان نەک تەنها دەنگدەرە ناڕازیە بەشدارنەبوەکانی هڵلبژاردنی لە بەرپرسیاریەتیی ئازاد کرد، بەڵکو هەمو ئەوانەی دەنگیشیان پێدا بون بەتەواوی لە بەشداریکردن لە هڵلبژاردنەکانی داهاتو، بە تایبەتی هەڵبژاردنەکانی پارلەمانیی کوردستان بێ ئومێدتر کرد. ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پارلەمانیی هەرێمی کوردستان ئەم راستییەیان سەلماند.

هاوکات لەسەر ئاستی ناوخۆییش گۆڕان لە بوارە گرنگەکانی رێکخستن و ئابوری و دروستکردنی بڕیار رۆژ-بە-رۆژ بەرەو ناشەفافی و پلانگێری هەنگاوی نا و پرەنسیپ و میکانیزمە دیموکراسییەکانی پشتگوێ و پەک خست. ئەمەش بوە هۆیی ئەوەی کە رەخنە و تێبینی و پێشنیارەکانی ئەندام و هەوادار و هەڵسوڕێنەرانی گۆڕان گوێیان لێ نەگیرێت و پەراوێز بخرێن. بەمەش چەندین کەسایەتی و کارەکتەری رێزلێگیراو پشتیان لە گۆڕان کرد. بەهەنوەرگرتنی رەخنە و تێبینی ئەوان دەبوە هۆی ئەوەی گۆڕان زۆربەی هەڵەکانی راستبکاتەوە و زیانەکانی سنورداربکەن.

کاریگەرییەکان

بزوتنەوەی گۆڕان نەک تەنها گەورەترین هێزی ئوپۆزیسۆن بو، بەڵکو لە چەند قۆناغێکی گرنگیشدا، کۆکەرەو و پێشڕەوی حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان و بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی مەدەنیی و چینیی ناڕازییش بو کە لەناو بزوتنەوەی گۆڕان رێکنەخرابون. جێگەی ئومێدی خەلکێکی زۆر لە ناو هەمو چینەکانی کۆمەڵگە بو. دروست بونی گۆڕان لە یەک کاتدا زادە و دروستکەری قۆناغێکی تازە و جیاوازی کاری سیاسیی بو لە هەرێم. قۆناغێک کە بزوتنەوەیەکی جەماوەری بەهێز بەرەوڕوی پارتی و یەکێتی وەستا و سنورێکی بۆ دەستەڵات و پاوانخوازییەکانی ئەوان دانا. گۆڕان نەک تەنها یەکێتی و پارتی خستە ژێر پاڵەپەستۆ و ناچاری کردن لە زۆر شت خۆیان چاک بکەن و حیساب بۆ وڵاتییان بکەن، بەڵکو بوە هۆی ئەوەی خەڵکیش دەربارەی مافە رەواکانیان هۆشیار ببنەوە و چاونەترسانە داوایان بکەن.

سەرهەڵدانی بزوتنەوەی گۆڕان کاریگەریی راستەوخۆی خستە سەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان، هەربۆیە شکست و هەڵگەڕانەوەکەشی کاریگەریی تەنها لەسەر داهاتوی بزوتنەوەکە نابێت، بەڵکو کاریگەریی راستەوخۆش دەخاتە سەر کۆی پرۆسەی سیاسیی و هزر و روانینی وڵاتییان بۆ کایەی سیاسی و سیاسەتی ئۆپۆزیسیۆن بون. دوای بەشداریکردنی گۆڕان لە کابینەی نۆیەمی حکومەت و دەستهەڵگرتنی تەواوەتی لە هەمو پرەنسیپ و بەرنامەی پێشویان، گۆڕان هەمو دەرگاکانی دەرچون لەم بنبەستە سیاسییە بە روی خۆیی داخست و کلیلەکەی دایە دەست پارتی و یەکێتی.
ئیتر گۆڕان و هەڵگر و نوێنەری پەیام و دەنگی نارازیی نییە، بەڵکو وەکو یەکێتی و پارتیی دەبێتە نوێنەری بازنەیەکی بەرژەوەندیخواز. زیاد و کەم کردنی چەند پۆستێک یان کورسییەک بۆ گۆڕان لە داهاتوی دور و نزیکدا هیچ لە بارودۆخەکە ناگۆرێت چونکە گۆڕان بەم هەنگاوەی بوە کۆپییەکی ناشرینی پارتی و یەکێتیی. لێکچونەکانیان زۆر زیاترە لە جیاوازییەکانیان. گۆڕان هەردو خاڵی بەهێزی کە متمانە و هیوای وڵاتییان بو، دۆراند. ئەمەش چەند کاریگەریی لەسەر ئایندەی گۆڕان هەیە وەک ئەوەی لەسەرەوە باسکرا، دو ئەوەندەش کاریگەریی دەخاتە سەر هزر و دەرونی وڵاتییانی هەرێم. ئەستەمە بتوانرێت زیانە دەرونیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی شۆکی ئەم هەڵگەڕانەوەیە وا بەئاسانی بپێورێن و دەستنیشان بکرێن.

ئەوەی تا ئێستا دیارە و بە ئاشکرا هەستی پێدەکرێت، زۆربەی وڵاتییان نەک تەنها بێئومید و بێهیوا بون لە گۆڕانکاری و بەدیهێنانی ژیانێکی باشتر، بەڵکو بەتەواوی توشی بەدگومانیی، ترس و دڵەراوکێ بون، ناتوانن بەئاسانی متمانە بەو کەس و لایەنانە بکەن کە دەیانەوێت رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن بون بگێڕن. وڵاتییانی ناڕازی حەقی خۆیانە ترسیان لەوە هەبێت کە بەرهەم و ئەنجامی هەر هەوڵ و ماندوبونێکی تریان دوبارە بچێتەوە سەر خەرمانی پارتی و یەکێتیی. هەرلەبەر ئەوەش مەحاڵە ئێستا بتوانرێت لەم قۆناغ و لەم هەلومەرجە چاوەڕێی ئەوە لە خەڵکی ناڕازی بکرێت دوبارە خۆیان رێکبخەنەوە یاخود بە شێوەیەکی بەرفراوان پشتگیری هێزێکی تازە بکەن.

بەڵام چارە چییە؟ گۆڕان لە بەرەی ئۆپۆزیسۆن یان لەبەری دەسەڵات بێت، ژیان هەر بەردەوام دەبێت. بەردەوامی ژیانیش لە هەمو کاتێک و شوێنێک مانای بەردەوام بونی هیوا و ئومێد و ئارەزوی ژیانێکی باشترە، هەرچەندە هەلومەرجەکانیش نالەبار و سەخت بن. بە بۆچونی من، باشترین کارێک لە کاتی شکست و بێهیوابون، پێداچونەوەیە بە کەموکورتی و هەڵەکان و گەڕان بەدوای دۆزینەوەی دەرفەتەکانە کە لە ئەنجامی شکستەکان دروستدەبن. بێگومان لەم شکستەش دەتوانرێت بە دوای دەرفەتی تازە بەدوای خۆیدا بێنیێ.

دەرفەتەکان

دەرفەت مانای دروستبونی زەمینەیەکی نوێیە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو. دەکرێت ئەمە دوبارە دوای شکستهێنانی چەند هەوڵێک یاخود یەکەم هەوڵیش بێت. پێشمەرجەکانی سودوەرگرتن لە هەر دەرفەتێکیش نەک تەنها دانپێدانانی بابەتییانەی کێشەکەیە، بەڵکو لێکۆڵینەوە و تێگەیشتن لە هۆکارەکانی دروستبونیشیەتی. لێرە مەبەست لە دۆخی دەستەڵاتداری هەرێمی کوردستانە.

راستە گۆڕان تا رادەیەک سەرکەوتو بو لە ناساندنی دۆخی راستەقینەی دەستەڵاتی سیاسیی هەرێم و پەردەی لەسەر زۆر لە دیوە نادیار و ناشیرینەکانی هەڵماڵی، بەڵام گۆران سەرکەوتو نەبو لە تێگەیشتن و درککردنی هۆکارەکانی بەرهەمهێنانی ئەم دۆخە خۆی و نەیکردە چەقی گوتارەکە. ئەمەش بوە هۆکاری سەرەکیی ئەوەی کە گۆڕان خۆی ببێتەوە بە بەشێک لەو دۆخە، کە خۆی لە دژی دروستبوبو. ئەمە بۆ لایەنەکانی تری ئوپۆسیزیۆنیش راستە. ئەوانیش بە هەمان شێوەی گۆڕان، لە جیاتی لێکۆلینەوە و تێگەیشتن لە هۆکارەکانی دروستبونی دۆخەکە، خەریکی دەرهاویشتەکانی دۆخەکەن و دەیانەوێت تەنها لەسەر هەڵەکانی هێزەکانی ناو دەستەڵات بژین. بەوەش درەنگ یان زو وەکو گۆڕان دەبنەوە درێژکراوەی دۆخەکە، نەک هۆی گۆڕینی یان باشترکردنی.

بنەماو سەرچاوەیەکی هەر کردەیەک، کە پەیوەست بێت بە ژیانی سیاسیی و گشتی، گوتارەکەیەتی. لێرەدا هۆی و پاساوی باش بۆ ئەوە هەن کە ئەم شکستە بکرێتە دەرفەتێک بۆ تێپەڕاندنی گوتارەکانی دەستەڵات و ئوپۆزیسیۆن بەیەکەوە. داهێنان و دروستکردنی گوتارێکی جیاوازیش پێویستی بە پێداچونەوەی کەموکورتی و هەڵەکانی گوتارەکانی پێشوە. دەمەوێت بە نمونە و پاساوی شیاو و بابەتی ئەوە بسەلمنێنم کە ئوپۆزیسیۆن و ئەوانەی لە بەرەی ئەو بون نەک سەرکەوتو نەبون لە دروستکردنی گوتارێکی جیاواز لە گوتاری دەستەڵات، بەڵکو لەڕوی ناوەڕۆک و لۆژیک و ریتۆرێک هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆیان نەبو لەگەڵ گوتاری دەستەڵات. وەستان لەسەر هەڵەکانی گوتاری ئوپۆزیسیۆن پێشمەرجێکی سەرەکییە بۆ سودوەرگرتن لە هەڵەکان و داهێنانی گوتارێکی جیاوازتر چونکە بە ئێستاشەوە گۆتاری ئوپۆزیسیۆن و زۆربەی ئەوانەی خۆیان بە رۆشنبیر و رۆناکبیر دەزانن، خولانەوەیە لەناو هەمان ئەم بازنەیەیی دەستەڵات بۆی دروستکردون و نەیانتوانیوە گوتاری دەستەڵات تێبپەڕێنن.

،،

لە جیاتی ئەوەی واقیعەکە وەکو خۆی بۆ وڵاتییان رونبکەنەوە و شیکردنەوەی بابەتییانەی بۆ بکەن، واقیعەکەیان زیاتر شێواند. دەستەڵاتیان وەکو دێوەزمەیەکی دابڕاو لە کۆمەڵگە وێنە کرد. ‌بەرگی قوربانییان کردە بەر وڵاتی و خۆیان کردە قسەکەر و دەمڕاستیان

ئەوان تەنها دەستەواژەکانیان گۆڕی، بۆ نمونە لە جیاتی دەستەواژەی گێرەشێوین، کە دەسەڵات بۆ کەسانی ناڕازی بەکاریدەهێنا، دەستەواژەی کۆیلەیان بۆ لایەنگرانی حزبەکانی دەستەڵات داهێنا. وەکو دەستەڵات کۆمەلگایان دابەشکرد بۆ دو پێکهاتەی باش و خراپ. دەستەڵاتیان وەکو پێکهاتەیەکی تەواو دابڕاو لە کۆمەلگ وێنە کرد و هەمو پەیوەندی و پێکداچون و کارلێکردنە مێژویی، کەلتوریی، ئایدۆلۆژیی، کۆمەڵایەتییەکانیان لەگەڵ و لە سەر یەکتردا نابینا کرد. بەمەش بونە تەواوکەری گوتاری دەستەڵات بۆ شێواندنی وێنە راستەقینەکەی بارودۆخەکە.
لە جیاتی ئەوەی واقیعەکە وەکو خۆی بۆ وڵاتییان رونبکەنەوە و شیکردنەوەی بابەتییانەی بۆ بکەن، واقیعەکەیان زیاتر شێواند. دەستەڵاتیان وەکو دێوەزمەیەکی دابڕاو لە کۆمەڵگە وێنە کرد. ‌بەرگی قوربانییان کردە بەر وڵاتی و خۆیان کردە قسەکەر و دەمڕاستیان. خزانە سەنگەری ئایدۆلۆژی لەگەڵ دەستەڵات. بە هەمان شێوەی دەستەڵاتیش کێشە و ویست و پێداویستییەکانی وڵاتییانیان کردە بارمتە و کەرەستە و ئامرازی شەڕی ئایدۆلۆژییان.

ئەزمونی رابردو سەلماندی کە هەر کارێک و کردەیەکی جێگیرەوە بەبێ هاتنەکایەوەی گوتارێکی تەواو جیاواز، خولانەوەیە لە ناو هەمان بازنە و تەنها بەفیڕۆدانی کات و وزەیە. گوتارێک کە لە ناوەڕۆکدا گشتگیر و بابەتیی بێت، لۆژیکێکی عەقڵانیی دروست و تەندروست و دەربڕینی رێتۆریکێکی هێمن و نەرم پەیڕەو بکات. گوتارێک کە چەق و ئاراستە و ئامانجەکەی وڵاتیی بێت. وڵاتی لە رۆڵی "گێرەشێوین" و "قوربانی" و "کویلە" بون رزگار بکات، بیگەڕێنێتەوە بۆ رۆڵە راستەقینەکەی خۆی وەکو بکەرێک کە نەک تەنها مافی هەیە، بەڵکو ئەرک و بەرپرسیارێتیشی لەسەرە. گوتارێک کە بابەتییانە رونیبکاتەوە کە شێوە و جۆری ژیان و کایەی سیاسیی و گشتیی هەمو کۆمەڵگایەک، ئەنجام و رەنگدانەوەی دونیابینیی و کردەکانی تاکەکانیەتی.

گۆتارێک، کە خۆی نەکاتە دەم راستی هاوڵاتیان و ماف و ئەرکی دەربرینیان بە پاساوی نوێنەرایەتیکردنیان لێ زەوت بکات، بەلکو ببێتە سەرچاوەی زانیاری دروست بۆیان، کە بەو هۆیەوە خۆیان بتوانن بریار لەسەر روداوەکان بدەن. گوتارێک، کە ببێتە چوارچێوە و مینبەرێکی ئازا، کە تیایدا وڵاتییان خۆیان کێشە و ویست و پێداویستییەکانیان بخەنەڕو بێئەوەی ترسی ئەوەیان هەبێت بە "گێرەشێوێن" یان "کویلە" لە قەڵەم بدرێن. ببێتە هاندەرێک کە تێیدا وڵاتییان خۆیان بەدوای چارەسەریی کێشەکانیان و وەڵامی پرسیارەکانیاندا بگەرێن، لە جیاتی ئەوەی وێل و سەرگەردانی فریادڕەس و سەرکردەی بەهێز بکرێن. گوتارێک کە تەنهااوڵاتیی وەکو تاک، وەکو کۆمەڵ چەق و ئامانجەکەی بێت. گوتارێکی عەقلانیی کە فراوانترین پانتایی بۆ دواندنی عەقل تەرخان بکات و کەمترین پانتایی بۆ وروژاندن و فریودانی درۆزنانەی هەستەکان بهێڵێتەوە.

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك