بۆ ویژدان زیندوەکان

بۆ ویژدان زیندوەکان

512 خوێندراوەتەوە

 عەبدوڵا مەلانوری

ئەی ئەوانەی خۆتان بە دڵسۆزی رێبازی نەوشیروان مستەفا دەزانن..

ئەی ئەوانەی خەمی بنیاتنانی سیستمێکی حکومڕانی دیموکراستان هەیە..

سەرنج بدەن، ئێستا بە دیار دانیشتنەکەی پەرلەمانەوە دانیشتبوم. لە سەر دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم دو پێشنیاز خرایە دەنگدانەوە:

یەکەم: داوا دەکات دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم هاوشێوەی بەغدا پرۆتۆکۆلی و تەشریفاتی بێت.

دووەم: داوا دەکات وەک جاران سەرۆکی هەرێم دەسەڵاتە فراوانەکەی بمێنێتەوە.

پێشنیازی یەکەم تەنها ۲٠ پەرلەمانتار پشتگیری کرد.

پێشنیازی دوەم ۸۸ پەرلەمانتار پشتیوانی کرد.

سەرنج بدەن؛ گۆڕانەکان لە گەڵ پارتیەکان و یەکێتیەکان پێکەوە دەنگیان دا. دەنگیان بەوە دا سەرۆک بە هەمو دەسەلاتەکانیەوە سەرۆک بێت!!!

من دەزانم رێکەوتن کراوە، بەڵام ئێوەش بزانن ئەوەی بە ناوی نەوشیروان مستەفاوە دەکرێت درۆیەکی گەورەیەو پەیوەندی بەو زاتەوە نیە، بەڵکو هاوشێوەی یەکێتی تەسلیمبونە بە پارتی، ئەوەی دەکرێت ۳٠ حوزیرانە، ئەوەی دەکرێت ناپاکیە...

چ کارەساتێکە دەنگ بدەی بەوە سەرۆکی هەرێم و کەسی یەکەمی حکومڕانی شەهادەی نەوێت!!

ئای چ کارەساتێکە پێشتر گۆران هەبو دژی هەر هەوڵێکی دەسەڵات بۆ سەپاندنی حوکمی دیتاتۆری و بنەماڵییە دەوەستایەوە، ئێستا دەنگێکی جدی لە ساحەکەدا نەماوە.

ئەوە بزانن لە داهاتوی نزیک و دوردا هەمومان باجی ئەم بێ دەنگی و تەسلیمبونە بە ئەجێندای پارتی دەدەین..

 

author photo

تایبه‌ت به‌ دیپلۆماتیك