لە پیرۆزکردنی دەق‌و کەس بۆ پیرۆزکردنی ژیان

لە پیرۆزکردنی دەق‌و کەس بۆ پیرۆزکردنی ژیان

600 خوێندراوەتەوە

 

قسەکردن لەسەر دەق‌و کەسایەتییە دینییەکان‌ لە دنیای ئێمە قەدەغەکراون. ساڵانێکیشە وا خەریکە قسەکردن لەسەر دەق‌و کەسایەتییە سیاسیی‌و نەتەوەییەکانیش تەحریمدەکرێن. لێرە دەمەوێ قسە لەسەر چیەتیی پیرۆزکردن‌و دەرکەوت‌و دەرئەنجامەکانی بکەم‌و هەڵوەستەیەکیش لەسەر بۆیەتیی تێپەڕاندنی پیرۆزکردنی دەق‌و کەس بەرەو پیرۆزکردنی ژیان بکەم. مەبەستەکە قسەکردنە لەسەر شتە نەبیستراوەکان‌و هەڵدانەوەی چەند لاپەڕەیەکی نوێیە لە ڕەخنەکردن لە دنیای ئێمە.

پیرۆزکردن شتێک نییە تایبەت بێت بە موسڵمانان یان کورد. پیرۆزکردنی دینیی‌و دنیایی لەنێو زۆربەی کۆمەڵگەکانی دنیا بوونی هەبووەو هەیە. پیرۆزکردنی دینی بەزۆر شێواز دەکرێت لەوانە‌ بەخواییکردنی دەقێک یان کەسایەتییەک. وەک ئەوەی دەگوترێت ئەم کتێبە لەلای "خوا"وە هاتوە یان ئەم کەسە نێردراوی "خوا"یە، واتە پێغەمبەرە. پیرۆزکردن بە خستنەدەرەوەی دەقەکان یان کەسایەتییەکان لە هەڵەش دەکرێت، بۆنمونە مەعسومکردنی ئیمامەکان لەلایەن شیعەکانەوە. بەهەمانشێوە، کاتێک کرستیانەکان بە ئینجیل دەڵێن کتابی پیرۆز (کتاب المقدس)، یان ئەوەی بەهاییەکان بە کتێبەکەیان دەڵێن کتێبی هەرەپیرۆز (کتاب الاقدس)، یان موسڵمانان بە کتێبەکەیان یێژن قورئانی کەریم، ئەمانە هەمووی نمونەی پیرۆزکردنن.

پیرۆزکردنی دنیاییش لە دنیای ئێمە ئامادەیی هەیە وەک پیرۆزکردنی ئۆجالان‌، بارزانی، مارکس، لینین‌و ماو سی تۆنگ. هەروەها، پیرۆزکردنی بیرۆکەگەلێکی وەک ناسیونالیزم‌‌، کۆمۆنیزم‌و ئیسلامیزم.

کێشەی سەرەکی لە پشت پیرۆزکردن ئەوەیە کە دەبێت بە هۆکارێک‌، پاڵنەرێک یان پاساوێک بۆ کوشتنی هەر کەسێک کە ڕەخنەیەک لە دەقێک یان کەسایەتییەکی پیرۆزکراو بگرێت، چونکە ڕەخنە لە پیرۆزکراو وەک سوکایەتیکردن‌و کوفری دینی یان دنیایی تەماشادەکرێت.

دەرکەوتێکی دیکەی پیرۆزکردن ئەوەیە کە پیرۆزکەر پیرۆزکراو دەکات بە پاساو بۆ ڕێگریکردن‌و قەدەغەکردنی ڕەخنە یان دروستکردنی دیوار لەپێش ڕەخنە، واتە کەس‌و دەقە پیرۆزکراوەکان دەخرێنە سەروی‌و یان دەرەوەی ڕەخنەوە. ئەمەش هەوڵێکە بۆ ڕێگریکردن لەبەردەم هەموارکردنی دەقەکان یان گۆڕینی کەسەکان.

کوشتنی عەبدولخالق مەعروف‌ دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی پیرۆزکردنی دەقە قورئانییەکان‌و کەسایەتی 'محەمەد' بوو، وەک پێغەمبەری موسڵمانان. تاپۆکردنی کورسی سەرۆکایەتی هەرێم لەلایەن خەڵکانێک‌و ڕەوانەبینینی پۆستەکە بە هیچ کەسێکی دیکە لە کوردستان پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە پیرۆزکردنی 'مەسعود بارزانی'یەوە هەیە.

مێژووی کوردو مرۆڤایەتی پڕن لەنمونەی پیرۆزکردنی کارەساتئامێز. لەوانە:

ماو تسی تۆنگ پیرۆزکرابوو، بۆیە کوشتنی ملیۆنان کەس لە چین وەک شۆڕشی کەلتوری لەقەڵەمدەدرا؛

مارکس‌و مارکسیزم پیرۆزکرابوون، بۆیە کوشتنی ملیۆنان کەس لەسەر دەستی لینین‌و ستالین‌و لەشکری سوور لە یەکێتی سۆڤیەت وەک هەوڵەکانی چینی کرێکار بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی بێچین‌و سۆشیالیزم‌و کۆمۆنیزم ناوزەددەکران؛

بارزانی باوک پیرۆزکراوە بۆیە ئاشبەتاڵی ١٩٧٥ وەک نسکۆو موئامەرەیەکی نێودەوڵەتی ناسێنراوەو دەناسێنرێت؛

بارزانی کوڕ پیرۆزکراوە بۆیە شکستەکانی شەنگال‌و جینۆسایدی ئێزیدییەکان وەک تاکتیکی سەربازی‌ لەقەڵەمدران؛

پێغەمبەری موسڵمانان پیرۆزکراوە بۆیە بەردبارانکردنی ژنی "زیناکەر" کراوە بە سوننەت‌و بە ناقیسولعەقڵ دانانی ژنیش پاساوی جەسەدی‌و فسیۆلۆجی بۆ دەهێنرێتەوە؛

قورئان پیرۆزکراوە بۆیە لێدانی ژن کراوە بە هەوڵەکانی پیاو بۆ تەمبێکردنی ژن؛

کەلتور کوردی پیرۆزکراوە بۆیە ژنکوژی وەک کوشتن لەسەر شەرەف پاساوی بۆ دەهێنرێتەوە.

پیرۆزکردنی کەسایەتییەکان وادەکات کە ڕۆژانە چەندین پێغەمبەرو سەرکردەی نایاب‌و بێڕکابەری دینی‌و دنیایی دروستبکرێن.

لێرە دەبێت ئەوە بڵێین کە ڕێزلێنان‌و خۆشەویستی بۆ دەقێک یان کەسێک نابێت تێکەڵبکرێن لەگەڵ پیرۆزکردن. کەسایەتییەکان‌و دەقەکان دەکرێت پێگەی تایبەتییان لە کۆمەڵگەدا هەبێت. ئەم پێگەو ڕێزلێنانە نابن بە کێشە چونکە ترسەکە لە پیرۆزکردنەوە دەستپێدەکات.

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە داخۆ دەکرێت پیرۆزکراوەکان لەپیرۆزیی بخەین. بەڵێ دەکرێت چونکە پیرۆزکراوەکان، لەپرۆسەیەکی کۆمەڵایەتی پیرۆزکراون‌و لە پرۆسەیەکی کۆمەڵایەتیش دەکرێت لە پیرۆزیی بخرێن.

لەپیرۆزیی خستن مانای سوکایەتیپێکردن‌و بێڕێزیی نییە بە هیچ دەقێک یان کەسێک بەڵکو ڕوخاندنی ئەو دیوارانەیە کە لە دەوریان هەڵنجراوە. بەگشتی، بەس نەک بە ڕەهایی، لەپیرۆزیی خستنی دەق‌و ئایدیۆلۆجیاو کەسایەتییە غەیرە دینییەکان ئاسانترو ساناترە لە لەپیرۆزیی خستنی دەق‌و کەسایەتییە دینییەکان.

لە پەیوەند بەو گفتوگۆیانەی لەناو کۆمەڵگەی ئێمەشدا دەگوزەرێن دەکرێت بڵیین ئەو گوتارەی کە دەڵێت پیرۆزکردن زامنێكە بۆ پاراستنی ئازادی بیروڕاو بیروباوه‌ڕو پاراستنی پیرۆزییه‌ دینییه‌كان، ئەوە لە چەواشەکردنی ڕاستییەکان‌و ئەستورترکردنی دیوارەکانی بەردەم ڕەخنە هیچی دیکە نییە. هاوکات، هەندێک ڕەخنەکردن وەک بێڕێزیکردن به‌ پیرۆزییه‌ دینییەکان‌ دادەنێن‌و ڕەخنەکان وەک هەڕەشە لەسەر ئاسایشی وڵات‌و سەرچاوەیەکی توندوتیژیی دەناسێنن. ڕاست بە پێچەوانە، پیرۆزکردن‌و ڕێگریکردن لە ڕەخنە هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتیمانیی‌و کۆمەڵایەتیی دەکەن‌و بەرهەمهێنی سەرەکی توندوتیژیی‌و تیرۆرن. کوژرانی ڕۆژنامەنوس‌و کارتونیستەکانی فەرەنسا ئەو راستییە دەسەلمێنن.

کێشەکە لەپیرۆزکردنە نەک ڕەخنەگرتن لە پیرۆزکراوەکان. گرفتەکە لە نەبوونی یاسایەکە کە ئازادی بیروباوەڕ بپارێزێت نەک لە نەبوونی یاسایەک بۆ پارێزگاریکردن لە پیرۆزییەکان. دەبێت دەقەکان‌و کەسەکان وەک بیرۆکە یان سەرچاوەی بیرۆکە تەماشابکرێن‌. واچاکە بیرۆکەکان‌و ئەو "راستیی"ـانەی لەخۆیاندەگرن وەک هەر ڕاستییەکی دیکەی نێو کۆمەڵگە ڕێژەییانە ببینرێن.

پرسیاری گرنگ ئەوەیە، ئەگەر دەق‌و کەسەکان پیرۆزنەکرێن داخۆ هیچ شتێک هەیە لە دنیای ئێمەدا کە پیرۆزبکرێت بۆ ئەوەی ببێتە بنەما بۆ ڕێزلێگرتن‌و پێکەوژیانی ئینسانەکان؟ من پێموایە ئەوەی دەبێت پیرۆزبکرێت ئەوە "ژیان"ـە. پیرۆزکردنی هەر شتێک بێجگە لە ژیان ئەگەری ئەوە دروستدەکات کە لەپێناو پیرۆزکراو پیرۆزکەر ڕەخنەگر بکوژێت.

گرنگی پیرۆزکردنی ژیان لەوەدایە کە ژیان ڕاستییەکی کۆمەڵایەتییە نەک وەک زۆربەی "ڕاستییەکانی" نێو دەقەکان کە دروستکراوی کۆمەڵایەتین (socially constructed)‌. کاتێک کە ژیان پیرۆز دەکرێت ئەوە ژیانی ئەو کەسانەش پیرۆزدەکرێت کە پیرۆزکراون بەڵام نەک بیرۆکەو دەق‌‌و بەرهەمەکانیان بەڵکو ژیان‌و گیانیان. ژیان یەکێکە لە بەها هاوبەشە هەرە سەرەکییەکانی نێوان ئینسانەکان، ئەوە ئەگەر نەڵێین ژیان ڕاستییەکی ڕەهای بێڕاکەبەرە.

گیان‌و ژیان پیرۆزن نەک کەس جا ئەو کەسە دایک‌ بێت خوشک بێت یان سەرۆک. کاتێک ژیان پیرۆزدەکرێت ئەوە ئینسانەکان خوشک‌و ژنەکانیان ناکوژن لەبەرخاتری کەلتورێکی پیرۆزکراو.

هەنگاوی یەکەم بۆ پیرۆزکردنی ژیان لە دنیای ئێمە بەڕای من بە هەڵوەشاندنەوەی یاساکانی لەسێدارەدانی (ئیعدامکردنی) مرۆڤ دەستپێدەکات، چونکە لەسێدارەدان ڕێزنەگرتنە لە پیرۆزیی ژیان‌. هاوکات، یاساغکردنی لەسێداردان گێڕانەوەی کەرامەتە بۆ ئینسان.

دەوڵەت‌و کۆمەڵگە دەبێت بە چاوێک تەماشای ئینسان بکەن کە زۆر لەوە گەورەترە لەسەر تاوانێک، جا تاوانەکە هەر چییەک بێت، کۆتایی بە ژیانی بهێنرێت. ئیعدامکردن لەلایەن دەوڵەت شەرعییەتدانە بە کوشتن‌و تیرۆری دەوڵەتە. ئیعدامنەکردن پایەو پلەی ژیان هێندە بەرزدەکاتەوە تا دەگاتە پیرۆزیی، ئەمەش مەبەستی ئێمەیە.

 

 

author photo

 

توێژەر و مامامۆستای زانكۆ