عه‌بادى، پیاوى ڕێكه‌وتنه‌ پیسه‌كان

  نهێنییەکانی ڕێكه‌وتنى شه‌یتانیی نێوان هه‌رێم و به‌غداد چییە ؟

عه‌بادى، پیاوى ڕێكه‌وتنه‌ پیسه‌كان

4547 خوێندراوەتەوە

 

واده‌رده‌كه‌وێت حه‌یده‌ر عه‌بادى زۆر له‌وه‌ شه‌یتانتر بێت كه‌ خه‌ڵكى بیرى لێده‌كرده‌وه‌، ماوه‌ى چوار مانگه‌ خه‌ڵكى كوردستانى خستووەته‌ سه‌ر ئاگر، په‌یتا په‌یتا لێدوان ئه‌دات "موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان ده‌نێرین" دوو مانگه‌ خه‌ڵكى سه‌رقاڵ كردووه‌ به‌ ناردنى فه‌رمانبه‌ره‌ پله‌ حه‌وته‌كانیه‌وه‌ بۆ هه‌رێم گوایه‌ وردبینى له‌ لیستى موچه‌خۆراندا ده‌كات.

به‌م كاره‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى خسته‌ ژێر فشارێكى گه‌وره‌وه‌ و وایلێكرد هه‌موو مه‌له‌فه‌كانى ته‌سلیم بكات و زۆرترین ته‌نازولى پێكرد تا هێنایه‌ سه‌ر چۆك. تا ئه‌و راده‌ه‌یه‌ى ئه‌گه‌ر حكومه‌تى هه‌رێم دڵنیا بوایه‌ موچه‌ى ته‌واوى موچه‌ خۆران ده‌دا ئه‌وا بێ سێ و دوو مه‌له‌فى نه‌وتیشى ته‌سلیم ده‌كرد.

هێشتا دیار نییه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موو مه‌له‌فى نه‌وتیشى ته‌سلیم بكرێت ئاماده‌بێت موچه‌ى ته‌واوى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم بدات، چونكه‌ تائێستا به‌لاى عه‌بادییه‌وه‌ فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم 680 هه‌زار كه‌سه‌ نه‌ك 1 ملیۆن و 250 هه‌زار.

،،

"هێشتا دیار نییه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موو مه‌له‌فى نه‌وتیش ته‌سلیمی عەبادی بكرێت ئاماده‌بێت موچه‌ى ته‌واوى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم بدات، چونكه‌ تائێستا به‌لاى عه‌بادییه‌وه‌ فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم 680 هه‌زار كه‌سه‌ نه‌ك 1 ملیۆن و 250 هه‌زار".

 

df
عەبادیی، نێچیرقان بارزانی، قوباد تاڵەبانی، فواد حسێن ـ بەغداد ـ ٢٠١٨.١.٢٠ 

 

راسته‌ ئه‌وه‌ى ئێستا ده‌یبینین بریتییه‌ له‌ شكستى حوكمڕانى كوردى و داڕمانى یه‌كجاره‌كى ئه‌زمونى هه‌رێمى كوردستان كه‌ به‌ قورسى له‌سه‌ر ژیانى هه‌ریه‌كه‌مان كه‌وتووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى به‌رپرسه‌ له‌م بارودۆخه‌ شكستى 27 ساڵى خراپى به‌ڕێوه‌بردن و كه‌ڵه‌كه‌بونى فه‌سادى ڕێكخراوه‌ كه‌ به‌ پله‌ى یه‌كه‌م یه‌كێتى و پارتى لێى به‌رپرسن ئینجا ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ى كه‌ ته‌نها شتێك بیزانێت بریتییه‌ له‌ گاڵه‌ و قیڕه‌قیڕ.

 

حكومه‌تى عه‌بادى و نێچیره‌ڤان بارزانى نه‌گه‌یشتنه‌ ڕێكه‌وتنى ته‌واوه‌تى له‌سه‌ر ژماره‌ى موچه‌خۆرانى هه‌رێم و ژماره‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ و مه‌له‌فى قه‌رزه‌كان هه‌ربۆیه‌ په‌نایان بۆ ڕیكه‌وتنێكى دیكه‌ برد كه‌ بریتى بوو له‌ ته‌سلیمكردنى بۆرى نه‌وتى كه‌ركوك به‌ عێراق، كه‌ چه‌ند ملیار دۆلارێك له‌سه‌ر هه‌رێم كه‌وتووه‌، له‌گه‌ڵ فرۆشتنى نزیكه‌ى 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى هه‌رێم له‌ڕێگه‌ى سۆمۆ و گیڕانه‌وه‌ى پاره‌كه‌ى بۆ حكومه‌تى هه‌رێم. له‌ به‌رامبه‌ر راده‌سكردنى ئه‌منیه‌تى فڕۆكه‌خانه‌كان. له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ش حكومه‌تى عێراق مانگانه‌ سولفه‌یه‌ك ده‌داته‌ هه‌رێم بۆ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران كه‌ بریتییه‌ له‌ 1/3 ى ته‌واوى موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و پێویسته‌ حكومه‌تى هه‌رێم به‌و داهاته‌ى هه‌یه‌تى خۆى پڕى بكاته‌وه‌.

،،

"ئه‌وه‌ى كه‌ مه‌ترسى گه‌وره‌یه‌ به‌غدا موچه‌ى هه‌موو فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم به‌ و 317 ملیاره‌ ده‌زانێت كه‌ ناردوویه‌تى و بریتییه‌ له‌ 1/12 ى ئه‌و بودجه‌یه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستانى داناوه‌، كه‌ له‌ بنه‌ره‌تدا موچه‌ى 680 هه‌زار فه‌رمانبه‌رە، ئه‌مه‌ش ئه‌و ژماره‌یه‌ى فه‌رمانبه‌رانه‌ تا 2008  له‌ به‌غدا موچه‌یان وه‌رگرتووه‌".

 

ئه‌وه‌ى كه‌ مه‌ترسى گه‌وره‌یه‌ به‌غدا موچه‌ى هه‌موو فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم به‌ و 317 ملیاره‌ ده‌زانێت كه‌ ناردویه‌تى و بریتییه‌ له‌ 1/12 ى ئه‌و بودجه‌یه‌ى بۆ هه‌رێمى كوردستانى داناوه‌. كه‌ له‌ بنه‌ره‌تدا موچه‌ى 680 هه‌زار فه‌رمانبه‌رە،. ئه‌مه‌ش ئه‌و ژماره‌یه‌ى فه‌رمانبه‌رانه‌ كه‌ تا ساڵى 2008 له‌به‌غدا موچه‌یان وه‌رگرتووه‌.

واته‌ حكومه‌تى عێراق له‌دواى 2008 وه‌ دان به‌هیچ فه‌رمانبه‌رێكى هه‌رێمدا نانێت، ئه‌مه‌ش مه‌ترسیه‌ گه‌وره‌كه‌یه‌ و نیشانى ده‌دات كه‌ له‌ ئاینده‌دا هه‌ر كه‌س له‌ حكومه‌تدا بێت ڕوبه‌ڕوى ئه‌م گرفته‌ ده‌بێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ حکومەتی ناوەندیی.

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا عه‌بادى زۆر به‌ وردى كارى له‌سه‌ر سایكۆلۆژیاى خه‌ڵكى كوردستان ئه‌كرد و ئه‌یویست خۆى بكاته‌ فریاد ره‌سى راسته‌قینه‌یان و به‌ دژى حكومه‌تى هرێم ئاراسته‌یان بكات، به‌ڵام ده‌ركه‌وت عه‌بادى هه‌موو ئه‌مانه‌ى له‌پێناوى ئه‌وه‌كرد كه‌ ته‌نازولى زیاتر به‌ حكومه‌ته‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى بكات و نیازى نییه‌ موچه‌ى خه‌ڵكى بدات. كاتێكێش نێچیرڤان بارزانى ته‌سلیمى ئه‌جێنداكانى عه‌بادى بوو، ئیتر ئاراسته‌ى كاركردنى گۆڕى بۆ هه‌ماهه‌نگى و یارمه‌تیدانى حكومه‌ته‌كه‌ى.

به‌لاى عه‌بادییه‌وه‌ ئه‌وه‌ گرنگ نییه‌ فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم چه‌ند وه‌رده‌گرن و به‌ چ سیستمێك موچه‌یان پێده‌درێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ گرنگه‌ چۆن ته‌نازول به‌هه‌رێمى كوردستان ده‌كات و ده‌سه‌ڵاته‌كانى حكومه‌تى عێراق ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ هه‌رێم و ده‌یكات به‌ پاشكۆى خۆى، به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ ئیلتیزامێكى دارایى له‌سه‌ر دروست ببێت.

،،

"عه‌بادى زۆر به‌ وردیی كارى له‌سه‌ر سایكۆلۆژیاى خه‌ڵكى كوردستان ئه‌كرد و ئه‌یویست خۆى بكاته‌ فریاد ره‌سى راسته‌قینه‌یان و به‌ دژى حكومه‌تى هرێم ئاراسته‌یان بكات، به‌ڵام ده‌ركه‌وت عه‌بادى هه‌موو ئه‌مانه‌ى له‌پێناوى ئه‌وه‌كرد كه‌ ته‌نازولى زیاتر به‌ حكومه‌ته‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى بكات و نیازى نییه‌ موچه‌ى خه‌ڵكى بدات".

 

ده‌ركه‌وت عه‌بادى سه‌رۆكێكى تایه‌فى و ده‌ستنوقاو و ته‌نانه‌ت درۆزنیشه‌، ناتوانرێت له‌ هیچ شتێكدا متمانه‌ى پێ بكرێت، پیاوێكى زۆر بڵێى ناراستگۆیه‌ كه‌ ته‌نها ده‌زانێت به‌ڵێنى درۆ بدات و هیچ كارێكى له‌ده‌ه‌ست نایه‌ت. له‌كاتێكدا له‌ به‌غدا سه‌رۆكێكى لاوازه‌ و تواناى به‌سه‌ر حه‌شدى شه‌عبى و ته‌نانه‌ت فڕۆكه‌خانه‌ى نه‌جه‌فدا ناشكێت، خه‌ریكه‌ له‌ كورد ده‌بێته‌ شێره‌ و به‌هۆى زاڵبون به‌سه‌ر كورددا خۆى ده‌كاته‌ پاڵه‌وانى شه‌قامى عه‌ره‌بى و شیعه‌.

 

nm
کۆبوونەوەی وەفدی هەرێم لەگەڵ حەیدەر عەبادیی ــ بەغداد ــ ٢٠١٦.٦.٣١

 

عه‌بادى پیاوى ڕێكه‌وتنه‌ پیسه‌كانه‌، له‌هه‌موو چركه‌یه‌كدا ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ له‌سه‌ر سفره‌ى پیسى ڕێكه‌وتنێك دابنیشێت و كۆتایى به‌هه‌مووشتێك بهێنێت.ئه‌و جینتڵمه‌نێك نییه‌ كه‌ خه‌مى ده‌وڵه‌تى به‌هێز و ده‌وڵتى هاوڵاتى بێت، پیاویكى ده‌سه‌ڵاتخوازى تایه‌فییه‌ كه‌ چاوى تا كورسیه‌كه‌ى ژێرى بڕ ده‌كات.

عەبادی سه‌ره‌تا موجامه‌له‌ى شه‌قامى كوردى ده‌كرد و توندبوو له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات، تا مه‌به‌سته‌كه‌ى هێنایه‌ دى كه‌ هێنانه‌ ژێربارى حكومه‌تى هه‌رێم بوو، كاتێكیش حكومه‌ته‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى و قوباد تاڵه‌بانى ته‌سلیمى بون، ئه‌وجا پشتى كرده‌ خه‌ڵكى و له‌تازه‌ترین لێدوانیدا ده‌ڵێت" مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ داموده‌زگا شه‌رعیه‌كانى هه‌رێم ده‌كه‌ین".

،،

"عه‌بادى پیاوى ڕێكه‌وتنه‌ پیسه‌كانه‌، له‌هه‌موو چركه‌یه‌كدا ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ له‌سه‌ر سفره‌ى پیسى ڕێكه‌وتنێك دابنیشێت و كۆتایى به‌هه‌مووشتێك بهێنێت.ئه‌و جینتڵمه‌نێك نییه‌ كه‌ خه‌مى ده‌وڵه‌تى به‌هێز و ده‌وڵتى هاوڵاتى بێت، پیاویكى ده‌سه‌ڵاتخوازى تایه‌فییه‌ كه‌ چاوى تا كورسیه‌كه‌ى ژێرى بڕ ده‌كات".

 

ئه‌وه‌ى كه‌ له‌سه‌ر موچه‌ له‌ نیوان به‌غدا و هه‌ولێر و عه‌بادى و نێچیرڤان بارزانیدا ڕوویدا ڕێكه‌وتنه‌ له‌سه‌ر سفره‌یه‌كى پیس كه‌ هه‌ولێر سازشی زیاتر بۆ به‌غدا بكات و به‌غداش رازی ێت به‌ سیستمى چاره‌كه‌ موچه‌ و مانگانه‌ برێك پاره‌ بكاته‌ توره‌كه‌كه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌.

به‌م كاره‌ش حكومه‌ته‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى و قوباد تاڵه‌بانى ده‌ورى هه‌موو سیناریۆكانى ئۆپۆزسیۆنیان دایه‌وه‌ كه‌ ده‌یانویست وه‌ك به‌دیلى حكومه‌ت دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا بكه‌ن.

،،

"ئه‌وه‌ى كه‌ له‌سه‌ر موچه‌ له‌ نیوان به‌غدا و هه‌ولێر و عه‌بادى و نێچیرڤان بارزانیدا ڕوویدا ڕێكه‌وتنه‌ له‌سه‌ر سفره‌یه‌كى پیس كه‌ هه‌ولێر سازشی زیاتر بۆ به‌غدا بكات و به‌غداش رازی ێت به‌ سیستمى چاره‌كه‌ موچه‌ و مانگانه‌ برێك پاره‌ بكاته‌ توره‌كه‌كه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌".

 

حكومه‌تى هه‌رێمی کوردستان خۆى سازشەکەی كرد و خۆشى له‌گه‌ڵیدا ڕێككه‌وت، به‌مه‌ش هیواى هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ى بڕى كه‌ ده‌یانویست به‌ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ عه‌بادى پشتى حكومه‌تى هه‌رێم خاڵى بكه‌ن و بیخه‌ن.

له‌وانه‌شه‌ ڕێكه‌وتنه‌كه‌ دورودرێژتربێت و ئامانجى پاره‌دانه‌كه‌ى عه‌بادى به‌ یه‌كێتى و پارتى مسۆگه‌ركردنى پشتیوانى بێت بۆ خولێكى دیكه‌ى سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌تى عێراق بێت.

 

 

author photo

ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانكۆ

سەرنوسەری دیپلۆماتیك مەگەزین

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە ڕۆژنامەوانی بنكۆڵكاری