داهێنان لە سەردەمی پۆست - تەکنەلۆژیادا

داهێنان لە سەردەمی پۆست - تەکنەلۆژیادا

484 خوێندراوەتەوە

 ناجى ئه‌فراسیاو

بەهرە و داهێنان دوو وزە و توانای مرۆیین، کە یەکەمیان بەخۆڕسکی، و دووەمیان بە وەگەڕخستن و ڕاهێنانی ماتەوزەکان دەردەکەون. لە سەردەمی پێش-تەکنەلۆژیادا زۆربەی یارییەکانی مناڵان ئامراز و کەرەستەی یاریدەدەربوون بۆ وەبەرهێنان لە پۆتێنشیاڵ و توانا شاراوەکانی ئینساندا، چونکە مرۆڤ وەکچۆن دەتوانێت ماسولکە و بازووی بەهێز و پتەو بکات، وەهاش دەتوانێت گەشە بە فاکەڵتی و توانا فیکرییەکانی بدات.

،،

لە دە ساڵی داهاتوودا لەڕێگەی وێنەوە گوزارشت لە شیعر دەکرێت و چیتر شاعیرەکان هۆنراوەکانیان نانووسنەوە

پێش ئەوەی پیشەسازی و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو هەموو کەرەستە و ئامرازەکان بەرهەمبهێنێت، مناڵان هەوڵیاندەدا وێنەی ئەو سرووشت و ئاژەڵ و مرۆڤانە بکێشن کە دەیانبینن و هەستیان پێدەکەن، بەڵام ئێستا هیچ مناڵێک ڕێگەی ئەوەی پێنادرێت گوزارشت لە ئەندێشە و خەیاڵدانی خۆی بکات، بەڵکو قاڵبی حازر و ئامادەکراو دەخرێتە بەردەستی تاکو ئەو وێنانە بکێشێت و ڕەنگڕێژ بکات کە بۆی کڕدراون.

 

کاتێکیش گەورەکان دەیانەوێت بیربکەنەوە و بنووسن، چیتر پێویستیان بەوە نەماوە بگەڕێنەوە بۆ کتێبخانەکان و جارجارە بە پێنووسەکانیان مێشکیان چالاک بکەنەوە. بەڵکو ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا دەبنە سەرچاوەی تێهزرین.

ڕەخنەگرێکی ئەدەب پێیوایە لە دە ساڵی داهاتوودا لەڕێگەی وێنەوە گوزارشت لە شیعر دەکرێت و چیتر شاعیرەکان هۆنراوەکانیان نانووسنەوە، گرفتی "مەعریفەی ئەلیکترۆنی" کە سەرچاوەکەی گەنجینەی گووگڵە، تەنانەت توێژینەوە ئەکادیمی و زانستییەکانیشی گرتۆتەوە، بەجۆرێک کەم کەس هەیە داهێنان لە بەشی تیۆریی توێژینەوە یان لێکۆڵینەوەکەی بکات، بەڵکو ڕێژەیەکی زۆری لە گووگڵ وەردەگرێت و لە چوارچێوەی توێژینەوەکانی پێشخۆی نایەتە دەرەوە.

،،

هیچ داهێنراوێک نییە کە سەرمایەدارێک سەرمایەی فیکری (Intellectual Capital)ی کەسی داهێنەر قۆرخ نەکات

دوو ساڵ لەمەوبەر وتارێکم بەناونیشانی "لەقاڵبدانی مەعریفە" بڵاو کردەوە، لەوێدا ئەو خاڵەم وروژاندووە کە سوبێكتى ئه‌مڕۆ بوونه‌وه‌رێكى پرسیارنه‌كه‌ره‌، واتا تووشى حاڵه‌تى "نیگه‌رانى/Angoisse"ى بوونگه‌رایى نابێت به‌ومانایه‌ى "ناعه‌قڵانییه‌تى دۆخى خۆى و نامه‌عقوڵییه‌تى بوونى خۆى" كه‌شفبكات.

به‌ڵكو ئه‌وه‌ى له‌ ئارادایه‌ بریتییه‌ له‌ غیابى مرۆڤ وه‌ك؛ "پرۆژه‌"، "پابه‌ند"، "لێپرسراو"، ئه‌و مرۆڤه‌ى كه‌ سارته‌ر ده‌یه‌وێت خاوه‌نى خۆى بێت، و لێپرسراوێتیى ته‌واو به‌رامبه‌ر به‌ بوونى خۆى هه‌ڵگرێت.

 

تائێرە ئەگەر داهێنان لە بوارێکی ئەدەبی یان زانستی یاخود پرۆژەیەکی تاکەکەسیدا سوودێکی ئابووری بە خاوەن بیرۆکە گەیاندبێت، ئەوا لە ئێستادا بیرۆکەکان دەدزرێن و پرۆژەکانیشیان لە دەستی کۆمپانیای ئۆلیگارشییەکاندا مۆنۆپۆل دەکرێن، واتا هیچ داهێنراوێک نییە کە سەرمایەدارێک سەرمایەی فیکری (Intellectual Capital)ی کەسی داهێنەر قۆرخ نەکات، شانبەشانی ئەم دۆخە سیاسییە کە جۆرێک لە نائومێدیی لەلای بەهرەمەند و داهێنەرەکان دروستکردووە، هاوکات بەربەستە تەکنەلۆژییەکانی سەرەوە ڕێگرن لەوەی ئینسان تێڕامان بکات و جارێکی تر دژ بە پۆزەتیڤیزم لێکدانەوە بۆ ماهییەتی بوونی مرۆیی و سرووشت بکاتەوە.

هەرچی سەبارەت بە داهێنانی سیاسییە، ئەوا وەک لەو وتارەی سەرەوەدا ئاماژەم پێکردووە؛ هه‌موو شته‌كان له‌لایه‌ن خودى ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ چوارچێوه‌یان پێ به‌خشراوه‌ و ڕه‌نگڕێژ كراون. ده‌ریشكه‌وت داهێنانی ئۆپۆزسیون له‌ سیسته‌مى په‌رله‌مانى/دیموكراسیدا له‌ هه‌ناوى ده‌سه‌ڵات خۆیه‌وه‌ هه‌ڵده‌تۆقێ و وه‌ك توێژۆڵكه‌ و به‌رگى مار، دووباره‌ پارێزبه‌ندى بۆ سیسته‌م به‌رهه‌مده‌هێنێت و کەلێنەکانی پڕدەکاتەوە، نەک ڕیشه‌كێشى بكات.