یه‌كگرتوو له‌ نێوان دوو دید وئاراسته‌ی جیاوازدا

یه‌كگرتوو له‌ نێوان دوو دید وئاراسته‌ی جیاوازدا

602 خوێندراوەتەوە

ئه‌حمه‌د محمود

له‌ساڵانی ڕابردوو به‌ تایبه‌ت له‌ ساڵی (2000 )ه‌وه‌ ئاماژه‌كانی پاشه‌كشه‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی ده‌ركه‌وتن ، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ ساڵی 2013 و هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له‌ ناوه‌ڕاست و كۆتایی ساڵی 2018 ، به‌ ته‌واوه‌تی ئه‌م پاشه‌كشه‌یان سه‌لماند .

ئه‌م حیزبه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌شی هه‌ره‌زۆری توانای دارایی و مرۆیی و ڕاگه‌یاندنی خسته‌ خزمه‌ت هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌ له‌ 30 ئه‌یلولی 2018 بۆ په‌رله‌مانی كوردستان و له‌ چوارچێوه‌ی به‌ره‌یه‌كیشدا به‌ناوی به‌ره‌ی ئیسڵاح به‌شداری كرد له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا توشی نه‌كسه‌یه‌كی گه‌وره‌ هات و نیوه‌ی زیاتری ده‌نگی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی و كورسیه‌ په‌رله‌مانیه‌كانی له‌ده‌ست دا .

ئه‌وه‌ی كه‌ جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ وه‌ختێ كه‌ لێره‌و له‌وێ و له‌ لایه‌ن هه‌ندێ له‌ ڕێكخستنه‌كانی ئه‌و حیزبه‌وه‌ و به‌تایبه‌ت له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی مانگی ئه‌یلوی 2013 باس له‌ پاشه‌كشه‌ی ئه‌م حیزبه‌ و ئاماژه‌ كانی ده‌كرا ، له‌ جێی ئه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌یان بیر له‌ ڕێگه‌چاره‌یه‌كی گرنگ و حه‌تمی و زانستی بكه‌نه‌وه‌و خۆیان له‌و ده‌رده‌ ڕزگار بكه‌ن ، پاساوی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌یان ده‌هێنایه‌وه‌و به‌ڵگه‌یان بۆ ڕێكخستنه‌كانیان ده‌هێنایه‌وه‌ به‌وه‌ی كه‌ ئه‌مه‌ شكست و پاشه‌كشه‌ نییه‌ و حاڵه‌تێكی نۆرماڵه‌ چونكه‌ قیاده‌ی یه‌كگرتوو حه‌كیمه‌ ....هتد .

،،

شكستەكانی یەكگرتوو لە دوای هەڵبژاردنەكانی 2018 چەند لێكەوتەیەكی ترسناكی لێكەوتەوە

تاوه‌كو به‌ ته‌واوه‌تی له‌ ساڵی 2018 و دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی په‌رله‌مانی عێراق و په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌م شكسته‌ ده‌ركه‌وت ، ئیدی لێره‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌م حیزبه‌ بۆی ڕوون بۆیه‌وه‌ كه‌ له‌ ڕووی سیاسی و جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ له‌ قه‌یرانێكی قوڵدایه‌ ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌ناوخۆی خۆیشدا به‌ ده‌ست ده‌یان قه‌یرانی گه‌وره‌وه‌ ده‌ناڵێنت ، كه‌ ترسناكترینیان لاوازی و له‌ده‌ست دانی متمانه‌یه‌ هه‌م به‌ قیاده‌ی ئه‌م حیزبه‌ و هه‌م به‌ پرۆژه‌ ئیسڵاحیه‌كه‌ی كه‌ پێیانوایه‌ له‌ حیزب گه‌وره‌تره‌و ده‌یان ساڵه‌ بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌مه‌ش سێ لێكه‌وته‌ی ترسناكی به‌دوای خۆیدا هێنا: 


1 - هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ لاوازبوون و نه‌مانی متمانه‌ به‌قیاده‌ و پرۆژه‌ و به‌رنامه‌ی ئه‌م حیزبه‌ و هه‌ر له‌ ساڵی (2000) ه‌و هه‌ڵوه‌رینی ئه‌ندامانی ده‌ستی پێكرد كه‌ وورده‌ وورده‌ و ڕۆژ به‌ ڕۆژ ئه‌م هه‌ڵوه‌رینه‌ له‌ زیاد بووندابوو تاكو له‌ حاڵه‌ته‌وه‌ به‌ره‌و دیارده‌ هه‌نگاوی نا و خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ مۆدێل، ابوبكر علی ئه‌ندامی باڵای ئه‌م حیزبه‌ و كاندیدی ئه‌مینداریه‌تی گشتی له‌ كۆنگره‌ی پێشوو له‌ كتێبی (یه‌كگرتوو هێزێك بۆ ئاینده‌) ده‌ڵێت:

 به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كانی مه‌كته‌بی ڕێكخستن له‌ ساڵانی ڕابردوودا %40 یه‌كگرتووه‌كان له‌ ڕێكخستنه‌كانی ئه‌م حیزبه‌ دووركه‌وتونه‌ته‌وه‌و وازیان هێناوه‌ كه‌ زۆرینه‌یان كادیری پێگه‌یشتوو پێشكه‌وتوون و خه‌ڵكانی خاوه‌ن بڕوانامه‌ی باڵان .


2. له‌ ده‌ستدانی به‌شێكی زۆری جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی كه‌ مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت به‌ (%65)ی هه‌وادارانی و ده‌نگده‌رانی وه‌ك أبوبكر علی له‌هه‌مان كتێبی كه‌له‌ خاڵی یه‌كمدا ئاماژه‌مان پێداوه‌ ئه‌مه‌ پشت ڕستده‌كاته‌وه‌ ، فاكته‌ری سه‌ره‌كی ئه‌م حاڵه‌ته‌ش بۆ ناڕۆشنی دیدی سیاسی و گوتاری سیاسی و هه‌ڵوێسته‌ سیاسیه‌ لاوازه‌كانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ زۆربه‌ی جاران به‌ چه‌شنێك سیاسه‌تی كردووه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی نه‌یاره‌كانی ته‌واو بووه‌ نه‌ك له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و پرۆژه‌كه‌ی ..


3. هه‌نگاونان به‌ره‌و به‌ شه‌خسه‌نه‌كردنی ئه‌م حیزبه‌ ، هه‌ندێك له‌ سیاسیه‌كانی به‌ پێودانگی به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی سیاسه‌ت ده‌كه‌ن ، به‌ چه‌شنێ هێنده‌ی له‌خه‌می كاركردنن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی و تاكی هێنده‌ له‌ خه‌می سه‌رخستنی پرۆژه‌كه‌دا نین ، هێنده‌ی ده‌یانه‌وێت له‌ناو ڕێكخستنه‌كانی ئه‌م حیزبه‌ یاخود له‌ناو جه‌ماوه‌ر ده‌ركه‌ون به‌مه‌به‌ستی مسۆگه‌ر كردنی پۆستێكی حكومی یاخود حیزبی نیو هێنده‌ كارناكه‌ن بۆ به‌ره‌و پێش چوون و سه‌رخستنی حیزبه‌كه‌ی و پرۆژه‌ ئیسلاحیه‌كه‌ی.
ئیدی لێره‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌م حیزبه‌ هه‌م له‌ ڕووكاری ده‌ره‌وه‌و هه‌میش له‌ناوخۆی خۆیدا له‌چ قه‌یرانێكی قوڵدایه‌!!!

 

 

،،

لە دوای دەركەوتنی وێنەی ڕاستەقینەی حزب،سەركردایەتی یەكگرتوو چەند بڕیارێكی دەركرد


وه‌ختێ سه‌ركردایه‌تی ئه‌م حیزبه‌ له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق و پاشان كوردستان له‌ساڵی 2018 وێنه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌یان له‌به‌رده‌م واڵابوو شكسته‌كه‌یان به‌ چاوی خۆیان بینی ده‌ست به‌جێ بڕیاری ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌یان دا :

  1. داننان به‌شكسته‌كه‌ له‌سه‌ر ئاستی باڵاًو سه‌ركردایه‌تی حیزب.
    2. له‌ ژێر فشاری جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی و به‌بێ دیراسه‌یه‌كی وورد سه‌ركردایه‌تی ئه‌م حیزبه‌ بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆی له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم ڕاگه‌یاند ،
    3. شه‌ش مانگ كۆنگره‌یان هێنایه‌وه‌ پێشه‌وه‌ ،
    4. سه‌ركردایه‌تی حیزب بڕیاری به‌خۆداچوونه‌وه‌و هه‌ڵسانه‌وه‌یان به‌ ڕێكخستنه‌كانی خۆیاندا ، كه‌ تاكو ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ش كه‌ نزیكی ساڵێك به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان تێده‌په‌ڕێت ئاماژه‌یه‌كی ئه‌وتۆ به‌دی ناكرێت به‌ ئاڕاسته‌ی هه‌ڵسانه‌وه‌.   

،،

سەركردایەتی یەكگرتوو دابەش بووە بۆ دوو بەرە

 


له‌ ئێسته‌داو له‌ ده‌رئه‌نجامی ئه‌و شكسته‌ گه‌وره‌یه‌و پاشه‌كشه‌ی ئه‌م حیزبه‌ و بوونی ده‌یان قه‌یران له‌نێو ڕێكخستنه‌كانی و نزیك بوونه‌وه‌ له‌ واده‌ی به‌ستنی كۆنگره‌یان كه‌ وا بڕیاره‌ له‌ كۆتایی مانگی یانزه‌ی ئه‌م ساڵدا ببه‌سترێت ، سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی دابه‌ش بووه‌ بۆ دوو دید و ئاراسته‌ و دووبه‌ره‌ی جیاواز:


ئاراسته‌ی یه‌كه‌م: بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م شكسته‌و هه‌ڵسانه‌وه‌و نوێ بوونه‌وه‌ پێی وایه‌ یه‌كگرتوو هێنده‌ی به‌ره‌و بوعده‌ سیاسیه‌كه‌ هه‌نگاوی ناوه‌و ووزه‌و توانا سه‌رف ده‌كات نیو هێنده‌ گرنگی به‌ ده‌عوه‌و بانگه‌واز و ئیرشاد نادات ، بۆیه‌ به‌ پێویستی ده‌زانێت یه‌كگرتوو بچێته‌وه‌ سه‌ر پلێته‌ ئه‌سڵه‌كه‌ی خۆی و بۆ دۆخی ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان و سه‌ره‌تاكانی خۆڕاگه‌یاندنی بگه‌ڕێته‌وه‌و به‌هه‌مان شێواز و میكانیزمه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ كار بكات .


ئاراسته‌ی دووه‌م: پێی وایه‌ كه‌ ده‌بێت یه‌كگرتوو كایه‌ی سیاسی له‌ كایه‌ی بانگه‌واز و ده‌عوه‌و ئیرشاد جودا بكاته‌وه‌ ، هه‌ریه‌كه‌ و جۆرێك له‌ پسپۆری و تایبه‌تمه‌ندی وه‌ربگرێت ، له‌ جیگه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌ندام له‌ ژێر فشاری كاروچالاكیه‌كانی هه‌ردوو بواره‌كه‌دا بپروكێت ، پسپۆری وه‌رگرێت و له‌ یه‌كێك له‌و بوارانه‌دا و به‌پێی ئاره‌زوو لێهاتوویی ئه‌سپی خۆی تاو بدات ، ئه‌م ئاڕاسته‌یه‌ پێی وایه‌ ئه‌مه‌ تاكه‌ ڕێگه‌ چاره‌یه‌ و تاكه‌ فریادڕه‌سه‌ بۆ ڕزگاركردنی یه‌كگرتوو له‌و قه‌یرانه‌ی كه‌ تێی كه‌وتووه‌ و هه‌ردوو بوعده‌كه‌ جارێكی دی به‌ره‌و گه‌شه‌كردن هه‌نگاو ده‌نێنن هه‌ڵبه‌ته‌ له‌ژێر یه‌ك سه‌ركردایه‌تی.


به‌ده‌ر له‌م دوو ئاراسته‌یه‌ ده‌كرێت بڵێن ئاراسته‌یه‌كی سێیه‌میش هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ویش دیدو ئاراسته‌ی ڕێكخستنه‌كانی بادینانه‌ كه‌ پێیان وایه‌ پێویسته‌ له‌ دوای كۆنگره‌ سیاسه‌تی حیزب به‌ چه‌شنێك سیاغه‌ بكرێت به‌ریه‌ك كه‌وتن له‌گه‌ڵ حیزبی ده‌سه‌ڵات له‌و ده‌ڤه‌ره‌ ڕوونه‌دات ، ناكرێت به‌و نه‌فه‌سه‌ی له‌ سلێمانی كارده‌كرێت به‌ هه‌مان نه‌فه‌س له‌ بادینانیش ئه‌نجام بدرێت چونكه‌ دوو ده‌ڤه‌رو دوو ده‌سه‌ڵات و دوو ژینگه‌ی سیاسی جیاوازن .

وه‌ك ده‌زانین له‌ماوه‌ی ڕابردوو له‌م ده‌ڤه‌ره‌ له‌لایه‌ن حیزبی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ فشاری زۆریان له‌سه‌ربووه‌ و باجی قورسیشیان داوه‌ ، ئه‌مه‌ جگه‌ی له‌وه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌م حیزبه‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوو دونیایه‌ك پۆستیان له‌ حكومه‌تی خۆجێی له‌ پارتی وه‌رگرتووه‌و ئاماده‌ نین جارێكی دی پارتی له‌ خۆیان بڕه‌نجێنن.

 

،،

بەدوو دیدی جیاوەزەوە یەكگرتوو لە مانگی 11 كۆنگرە دەبەستێت

 

صەلاحەدین محەمەد بەهائەدین


هه‌ریه‌ك له‌و دیدو ئاراستانه‌ لایه‌نی نه‌رێنی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌ ، سه‌باره‌ت به‌ ئاراسته‌ی یه‌كه‌م ئه‌و ئاماژه‌یه‌ به‌دی ده‌كرێت كه‌ جارێكی دی و له‌ دوای به‌ستنی كۆنگره‌ی هه‌شته‌م مامۆستا سلاح الدین محمد بهاالدین ببێته‌وه‌ به‌ ئه‌میندار و كاری جددیشی بۆ ده‌كرێت ، چونكه‌ پێیان وایه‌ كه‌سێكی دی لێزانترو باشتر به‌دی ناكرێت بۆ ئه‌و پۆسته‌ ، كه‌ ئه‌مه‌ به‌بڕوای ئێمه‌ جارێكی دی شكستێكی گه‌وره‌تر بۆ یه‌كگرتوو ده‌خوازێت به‌تایبه‌ت له‌ نێو قواعیدی ئه‌م حیزبه‌ ، چونكه‌ له‌ماوه‌ی ڕابردوو كه‌شه‌كه‌ به‌چه‌شنێك بوو له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و نه‌كه‌وته‌وه‌ .

به‌ڵكو له‌م خوله‌یاندا كه‌ ناوبراو بۆ پۆستی ئه‌میندار هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌ یه‌كگرتوو له‌ پاشه‌كشێیه‌كی به‌رده‌وام دابووه‌ ، له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆی كه‌ پێم وایه‌ كه‌سایه‌تیه‌كی سیاسی گه‌وره‌یه‌، ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك ، له‌لایه‌كی دیه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ساڵی نه‌وه‌ده‌كان و كاركردن به‌ هه‌مان ئه‌و شێواز و میكانیزمه‌ دادیان نادات و له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ته‌واو جیاوازو نه‌یاره‌ .

 

ئەبوبەكر كاروانی


هه‌رچی ئاراسته‌ی دووه‌میشه‌ ، سه‌ركه‌وتنی ئه‌م ئاراسته‌یه‌ به‌ستراوه‌ به‌ دوو خاڵی گرنگه‌وه‌ :
یه‌كه‌میان: ئه‌وانه‌ی له‌ناو یه‌كگرتوو سه‌ركردایه‌تی ئه‌م ئاراسته‌یه‌ ده‌كه‌ن كه‌ به‌ڕێز (أبوبكر علی) خاوه‌نی بیرۆكه‌كه‌یه‌ له‌كۆنگردا خۆی كاندید بكات بۆ ئه‌مینداریه‌تی حیزب و ده‌نگی پێویست به‌ده‌ست بێنێت و ببێته‌ ئه‌میندارو ئه‌جێندای خۆی و پرۆژه‌كه‌ی جێبه‌جێ بكات ، كه‌ له‌ ئێسته‌دا زه‌حمه‌ته‌ ، چونكه‌ گومانی ئه‌وه‌ ده‌كرێت ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌میا دروست بكرێت و به‌سروشتی خۆشی ناوبراو زیاتر كه‌سایه‌تیه‌كی سیاسیه‌ تاكو كه‌سایه‌تیه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌یتوانیوه‌ ته‌فاعول و تێكه‌ڵاوی له‌گه‌ڵ ڕێكخستن به‌ ئه‌ندازه‌یه‌كی ئه‌وتۆ دروست بكات ده‌نگه‌كانیان بۆ خۆی مسۆگه‌ر بكات .


دووه‌میان : بوونی پاڵپشتێكی گه‌وره‌ بۆ ئه‌م ئاراسته‌یه‌ و پرۆژه‌كه‌ی له‌ ناو ڕێكخستنه‌كانی یه‌كگرتوو له‌ ته‌واوی ده‌ڤه‌ره‌كان و شاره‌كانی كوردستان كه‌ پێم وایه‌ یه‌كێك له‌ كێشه‌كانی ناوچه‌یی بونیه‌تی واته‌ ته‌نها له‌ ده‌ڤه‌ری سلێمانیه‌و له‌ناو سلێمانیش له‌چوارچێوه‌ی مه‌ڵبه‌ندی یه‌ك قه‌تیس ماوه‌ نه‌توانراوه‌ له‌ناو ڕێكخستنه‌كانی یه‌كگرتوو پاڵپشت و پشتگیری به‌هێزی بۆ ده‌سته‌به‌ر بكرێت ، نه‌ك ته‌نها ئه‌وه‌ به‌ڵكو زۆرینه‌ی سه‌ركردایه‌تی حیزب له‌گه‌ڵیدا انییه‌ و گومانی ئه‌وه‌ ده‌كرێت له‌ناو سه‌ركردایه‌تی كاربۆ شكست پێ بهێنانی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ بكرێت به‌بیانووی ئه‌وه‌ی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر میسالی یه‌و له‌ ئه‌رزی واقیع دا جێبه‌جێكردنی دژواره‌ و خزمه‌تی دۆخه‌كه‌ ناكات .


له‌ئێسته‌دا له‌سه‌روبه‌ندی ئه‌وه‌داین كه‌ یه‌كگرتوو به‌ره‌وكۆنگره‌ هه‌نگاو ده‌نێت كه‌ وابریاره‌ له‌ كۆتایی مانگی یانزه‌ی ئه‌مساڵ ببه‌سترێت ، سه‌ركردایه‌تی ئه‌م حیزبه‌ به‌ دوو ئاراسته‌ و دیدی جیاواز كۆنگره‌ ده‌بستن ، پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت كام له‌و دوو ئاراسته‌یه‌ یه‌كگرتوو له‌و كێژاوه‌ ڕزگار بكات و به‌ره‌و كه‌ناری ئارامی به‌رێت؟.

 

author photo

ماستەر لە پەروەردەی ئیسلامی