شکستی گۆڕان پۆزەتیڤە، ئەگەر وەک شکستی عەقڵی شاخ سەیر بکرێت

لێرەوە بەرەو کوێ؟

شکستی گۆڕان پۆزەتیڤە، ئەگەر وەک شکستی عەقڵی شاخ سەیر بکرێت

491 خوێندراوەتەوە

د. ڕێبوار فەتاح

کە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵاتێك (یان هەرێمێك) دەکەوێتە قەیرانێکی قوڵەوە، خەڵکی بە تایبەتیش ڕۆشنبیران و کەسانی چالاك دەکەونە پرسی 'چی بکرێ باشە؟' ئەمە پرسیارێکی جدیە لەمرۆی کوردستاندا، چونکە ئەو سیستمە گەندەڵە- بۆگەنە سیاسییە نەهامەتی گەورە بەدوای خۆیدا بۆ کوردستان دێنێ.

 

،،

ئەستەمە گۆڕانکاری لەم سیستمە سیاسیەی کوردستاندا بکرێ

 

ئێستا لەکوێداین؟

دەسەڵاتی سیاسی لە بژاردەیەکی کەمدا، لە ساڵی 1991ەوە، قەتیس بووە و گۆڕانکاری تێدا نابێ و ئەستەمە. هەڵبەت 'گۆڕان'یش بەشێکە لەم بژاردە سیاسییە، هەرچەندە لە دەوری دوو حزبە تەقلیدیەکەدا خۆی ڕێکخستووە، بەڵام سەرکردایەتییەکەی و زۆربەی کەسانی چالاکی بەشێك بوون لە بزووتنەوەی شاخ. پارتی، یەکێتی و حزبەکانی دیکەش، ڕێکخراوی سەردەم نین و لەسەر بناغەی ڕێکخستن و ئەقڵی عەشایەر دامەزراون. یەکێتیش و هەموو ئەوانی دیکەش لەمە بەدەر نین.

گۆڕان وەك پڕۆژەیەکی ڕیفۆڕمخواز هاتە گۆڕی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، بەڵام شکستێکی گەورەی خوارد و لەگەڵ خۆیدا پیشانی دا کە سەرکردە سیاسییەکانی بزووتنەوەی چەکداری شاخ – نەك شۆڕش – ناتوانن ڕیفۆرم بکەن و ڕیفۆڕمخواز بن. ڕاستییەکەی شکستی گۆڕان پۆزەتیڤە گەر وەك شکستی ئەقڵی شاخ سەیر بکرێ.

 

ئەم سیستمە سیاسییە وا چەقی بەستووە، سکرتێری یەکێتی چەندین ساڵە بە ڕەحمەت چووە، کەچی تا ئەمڕۆ دوو سکرتێری هەیە. کەسێك دیویەتی ڕەحمەتیەك، جێگری هەبێ!

مەسعود بەرزانی ناوی دەگۆڕێ، لە سەرۆکی پارتییەوە بۆ سەرۆکی هەرێم، و بۆ مەرجەع، بەڵام هەرخۆی سەرۆکی فیعلی دەسەڵاتەو، گەر یەکێتی و گۆڕان، لەگەڵ ئەم بۆچوونە تەبا نین، خۆیان دەخڵەتێنن. پنتەکەی من ئەوەیە، کە ئەستەمە گۆڕانکاری لەم سیستمە سیاسیەی کوردستاندا بکرێ.

 

،،

گەر دۆستانی جیابووەوە لە گۆڕان بە تەمان حزبێکی دیکە دابمەزرێنن، من هەر لە ئێستاوە پێیان دەڵێم، لەباردەچن، نەك لەدایكدەبن

 

بەرەو کوێ بچین؟

هەموو بزووتنەوەو ڕێکخراوێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئەقڵەوە دەست پێ دەکات. پارتی، یەکێتی و گۆڕان-یش لەسەر ئەقڵی سەردەمی خۆیان دامەزراون، کە دیارە ئەقڵی کۆمەڵێك کەس بووە. هەر قۆناغێکیش ئەقڵێك تێیدا زاڵە.

بۆ نمونە کە پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا، ئەقڵیان هێندە بڕی کرد مەلا مستەفای ڕەحمەتی، لە گوندی بەرزان دەربهێن و بیکەن بە سەرکردە، و هەموو دەسەڵاتێکی پێ بدەن.

تا ئێستاش لەم بابەتە نەکۆڵراوەتەوە: بۆچی ئەو کەڵە- ڕۆشنبیرانەی مەکتەبی سیاسی، ڕەحمەتی دەکەن بە سەرکردە و ئەویش بەودەردەی بردن، کە ئێستا مێژوویەکی بۆگەنی تاڵە. (لەم بابەتە دەرباز دەبم، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە باسەکەمەوە نیە.)

گۆڕان لەسەر بەرهەمی ئەو دیبەیتە سیاسی و کۆمەڵایەتیە بنیاتنرا، کە سەدان کەسی وەك من کاریان لەسەر کردبوو. ئەو ئەقڵەی گۆڕان قواستیەوە، ئەقڵی کوردیش میدیا، هاوڵاتی، ئاوێنە و هەموو ئەوانی دیکە بوو.

 

لای من، ئەمڕۆ، گۆڕانکاری لە سیستمی سیاسی- کۆمەڵایەتی کوردستاندا، نە بە حیزبی سیاسی دەکرێ، نە لە دەسەڵاتی سیاسیدا دەکرێ. دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری گەندەڵ بە هیچ جۆرێك ئامادە نییە، بەبێ ئەوەی کوردستان بکات بە خەڵتانی خوێن، ڕیفۆڕم بکرێ. ئایا ڕەوایە ئەو لافاوی خوێنە هەڵبستێ؟ من بەڕاستی نازانم.

جا گەر دۆستانی جیابووەوە لە گۆڕان بە تەمان حزبێکی دیکە دابمەزرێنن، من هەر لە ئێستاوە پێیان دەڵێم، لەباردەچن، نەك لەدایكدەبن.

گەر دەرفەتی گۆڕانکاری مابێ، لە سەری سیستمی سیاسیدا نیە - سەری بۆگەنە، لە ڕەگوڕیشەوەیە.

دەکرێ ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی دابمەزرێ کە ئامانجی دامەزراندنی دیبەتێکی بەربڵاو بێ بۆ گەڕانەوەی ئەو بەها کۆمەڵایەتی و سیاسییانەی، کە حیزبەکانی ئەمڕۆ، پێشێلیان کردوون. جا ئەمە چۆن دەکرێ، ئەوە دیبەیتێکی دیکەیە و پێویستی بە بەشداریەکی بەربڵاوی خەمخۆرانە. هەڵبەت بەبێ گەڕاندنەوەی بەهای کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەو ئەقڵە لەنێو ناچی کە پارتی، یەکێتی، گۆڕان و ئیسلامییەکان دایان کوتاوە لەمڕۆی کوردستاندا.

لەندەن - 14 سێپتەمبەری 2019