كێشه‌ی هه‌رێم به‌غدا له‌ كوێ دایە؟

كێشه‌ی هه‌رێم به‌غدا له‌ كوێ دایە؟

440 خوێندراوەتەوە

د. كامه‌ران مه‌نتك

ساویلكه‌ییه‌ وا تێبگه‌ین كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێرو به‌غدا په‌یوه‌ندی به‌ مه‌سه‌له‌ی ته‌سلیمكردن و ته‌سلیمنه‌كردنی نه‌وته‌وه‌ هه‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا كێشه‌یه‌كی قووڵه‌و ته‌مه‌نی له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌، هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی نه‌وت و به‌ستنه‌وه‌ی به‌ مه‌سه‌له‌ی بودجه‌، ته‌نیا هه‌وڵێكه‌ بۆ فریودانی رایگشتی خه‌ڵكی كوردستان و نادیده‌گرتنی كێشه‌ قووڵه‌كانه‌، كه‌ ره‌هه‌ندێكی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌و به‌غدا ناتوانێت به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و مه‌نزوومه‌ هه‌رێمییه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كورد بكات.

 

،،

گۆڕان و پارته‌كانی تری ئۆپۆزسیۆن، خه‌ڵكیان خسته‌ بێ ئومێدیه‌كی گه‌وره‌وه‌

 

 

چه‌نده‌ی دۆخه‌كه‌ له‌سه‌رئاستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی ئاڵۆزه‌، هێنده‌ش زیاتر له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ، هێزه‌كانی كوردستان متمانه‌ی خه‌ڵكیان له‌ ده‌ستداوه‌، له‌ ناوخۆش متمانه‌یان به‌ یه‌كتر نه‌ماوه‌. ئه‌مه‌ش شتێكی ئاساییه‌ دوای ئه‌و مێژووه‌ ناشیرینه‌ی له‌ نێوانیان هه‌یه‌. پارتی ده‌یه‌وێت كێشه‌كان به‌ له‌سه‌ر سك راكێشانی خه‌ڵكی كوردستان چاره‌سه‌ر بكات و دادو فیگانی برسیه‌تی و نانبڕاوكردنی خه‌ڵكی كوردستان وه‌ك ئامڕازێكی سیاسی به‌كاربێنێت، یه‌كێتی پێیوایه‌ پڕۆسه‌ی 16 ئۆكتۆبه‌ری هێشتا ته‌واو نه‌كردووه‌و هه‌میشه‌ به‌غدای وه‌ك هێڵی سه‌ره‌كی هێشتۆته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی شه‌ڕی پارتی پێبكات.

گۆڕان و پارته‌كانی تری ئۆپۆزسیۆن، رۆڵێكی زۆر خراپیان بینی له‌ تێكشكاندنی ئیراده‌ی ئۆپۆزسیۆن بوون و خه‌ڵكیان خسته‌ بێ ئومێدیه‌كی گه‌وره‌وه‌.

به‌رامبه‌ر ئه‌م لاوازییه‌ی ناوخۆی كوردستان، گۆڕانكاری هه‌رێمی مه‌ترسیدار ڕووده‌دات، كه‌ ناكرێت بۆ خوێندنه‌وه‌ی دۆخی هه‌رێمی كوردستان و مه‌سه‌له‌ی كورد به‌ گشتی به‌ هه‌ندی وه‌رنه‌گرین.

 

،،

دۆخی كوردستان زۆر له‌وه‌ مه‌ترسیدارتره‌ وه‌ك میدیاو رۆشنبیرو خوێنده‌واره‌كانی كورد باسی ده‌كه‌ن

عێراق به‌هێزبۆته‌وه‌و له‌سه‌ر هێڵه‌ هه‌رێمیه‌كان و به‌سه‌نته‌ركردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات كارده‌كات. سوریا خه‌ریكه‌ ده‌سه‌ڵاتی بۆ سه‌ر ناوچه‌یه‌كی زۆری وڵاته‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئیدلب ته‌واو بێت سوپای سوریا راسته‌وخۆ رووبه‌رووی رۆژئاوای كوردستان ده‌بێته‌وه‌. له‌مه‌شدا روسیا پاڵپشتی ده‌كات و وه‌ك لێدانی پێگه‌یه‌كی ئه‌مریكا له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ته‌ماشای ده‌كات، یاخود ده‌یه‌وێت وای ببینێت بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌روه‌ری سوریاو ده‌وڵه‌ته‌ هه‌رێمیه‌كانی تر، كه‌ له‌دوای روخانی سۆڤیه‌ته‌وه‌ كاڵ ببووه‌وه‌.

ڕووسیا پێیوایه لێدانی ئه‌زموونی رۆژئاوای كوردستان‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و ته‌واو ده‌بێت. توركیا ناوچه‌یه‌كی زۆری له‌ پشتێنه‌ی سنووری هه‌رێمی كوردستانی داگیركردووه‌، خه‌ریكه‌ هێزه‌ كوردییه‌كان دەئاخنێته‌ نێو بازنه‌ی خۆی و حكومه‌تی عێراقه‌وه‌، به‌ پله‌ی یه‌كه‌م پارتی دیموكراتی كوردستان خه‌ریكه‌ به‌ ته‌واوی ئابڵووقه‌ ده‌درێت و تۆڵه‌‌ی ریفراندۆمی لێده‌كرێته‌وه‌.

له‌و دۆخه‌ ئاڵۆزه‌دا هه‌ولێر نه‌ك 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت بگره‌ هه‌موو نه‌وتی كوردستانیش ته‌سلیمی به‌غدا بكات كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر نابێت و به‌غداد مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی تێكدانی دۆخی هه‌رێمی كوردستانه‌، كه‌ له‌مه‌دا توركیاو ئێران و سوریاش له‌رووی سیاسییه‌وه‌ یارمه‌تی ده‌ده‌ن و ئه‌م ستراتیژیه‌ته‌ش ته‌نانه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی به‌غدایه‌!. بۆیه‌ دۆخی كوردستان زۆر له‌وه‌ مه‌ترسیدارتره‌ وه‌ك میدیاو رۆشنبیرو خوێنده‌واره‌كانی كورد باسی ده‌كه‌ن و بچووكیان كردۆته‌وه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی نه‌وت و بۆجه‌و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران.