حیزب و لایەنی سیاسی کە دادەمەزرێ لە ماوەی کارو خەبات و چالاکیە سیاسیەکانیدا ، ڕووبەڕووی چەندەھا کۆسپ و تەگەر و کێشە و سەرکەوتن و شکست دەبێتەوە. لەماوەی تەمەنیدا لە ئاکامی گۆڕانکاریەکانی ڕۆژانە لە کۆمەڵگای ناخۆیی ، گۆڕانکاریە دەرەکیەکان دەبێتەوە کە زۆر جار کاریگەری گەورە لەسەر پارتە سیاسیەکان دەبێت ، بۆیە ھەندێ کات لایەنە سیاسیە کان لەماوەی کارکردنیاندا ، توشی چەندەھا گرفتی ناخۆیی و ململانێ حیزبی دەبنەوە. بۆ چارەسەرکردنی کێشەو نەھێشتی ململانیەکان ، پارتە سیاسیەکان کۆنگرەی حیزبی دەبەستن. وەک فریاد ڕەسێک بۆ دەرکردنی حیزبەکە لە کێشەکان و ڕزگارکردنی و کردنەوەی خوێنێکی تازە بەبەر حیزەکەدا ، پێدانی گڕوتینێکی نوێ بە حیزبەکە.
،،
ململانێكان چەندە رەواش بن لەنێوان هەڤاڵانی حیزبدا دەبنە هۆی سەرهەڵدانی ناكۆكی و جیاوازی لە بیر و بۆچووندا
لەمڕۆدا زۆربەی حزبەكانی جیهان ، پەیڕەوی لێدەكەنو بەشێوەی جیاواز كۆنگرە دەبەستن. چونكە خەبات لە پێناو ئازادی ، دیموكراسی ، مافی چارەی خۆنوسین ، گەیشتن بە قۆناغی ڕزگاری و سەربەخۆیی كاروانی هەستانەوە و بەبێ شكست . سەركەوتنەكان تێپەڕ نابێت وڕێگا و ڕێباز و ڕچەی كاركردن و خەباتیش بەبێ گرێ و گۆڵ نابێت ، بۆیە لەگەڵ كەڵەكەبوون و گەورەبوونی كێشە و گرفتەكاندا ، كار و چالاكی حیزبیش هێواش هێواش و لەسەرخۆ بەرەو لاوازی و سستی و بنكۆڵ بوون دەچێت .
ململانێكان چەندە رەواش بن (كە بەداخەوە زۆرجاران فۆڕمێکی ناڕەوا دەكەنە بەریان) . لەنێوان هەڤاڵانی حیزبدا دەبنە هۆی سەرهەڵدانی ناكۆكی و جیاوازی لە بیر و بۆچوون و هەڵوێستوەرگرتنەكاندا و ئەمەش دەبێتە سەرەتایەك بۆناکۆکی و دووركەوتنەوەی زیاتر و تێكدان و لاوازكردنی ڕیزەكانی حیزب .
كاردەكاتە سەر پتەوی و بەهێزی بیروباوەڕ ، دەبێتە هۆی ساردكردنەوە و خاوبونەوەی هەڤاڵانیش لە كار و خەباتدا . كە هەموو ئەمانەش بە زیان بە كۆی مێژووی خەباتی حیزب و سەركردەكان دەشكێتەوە ، دواتریش كاریگەری خراپ دادەنێت لەسەر تەواوی ڕەوت و ئاڕاستەی فكری و شۆڕشگێڕیەكانی كۆمەڵگا و دواتریش خەبات و قوربانیدانەكانیش بەرەو خاوبونەوە دەبات.
بەڵام ئەوەی حزبە سەركەوتو دیموكراسیخوازەکان گۆڕانكارەكان جیادەكاتەوە لەوانی كە ئەوەیە ، كە كۆنگرەكانیان پڕمانا و ناوەرۆكە و زۆرترین گۆڕانكاری دەكەن چ لە گۆڕینی كەسەكانو چ لەبیرو بۆچون وستراتیژ و هۆكارەكانی گەشتن بە ئامانجو پەیكەری حزب، بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشە و گرفتانە و ڕێگەنەدان بەگەورەبون و كەڵەكەبونی زیاتریان و ڕێگەكرتن لەوەی كە ببنە هۆكاری داڕزان و ھەرەسھێنانی پەیكەر و ئۆرگانەكانی حیزب و دووركەوتنەوەی جەماوەر و توڕەبونیان ، و بەهیوای ئەوەی كە بتوانرێت چارەسەر بكرێن و ڕێبازی حیزب بپارێزرێت و كاربكرێت بۆ بەزیندوو هێشتنەوەی حیزب و یەك و یەكگرتوویی ڕیزەكانیش.بشبێتە هۆكارێك بۆ خۆنوێكردنەوە .
،،
پێویستە بە نیەتی گرێدانەوە و جۆشدانەوەی كار و خەبات و وەلانانی هەموو ناكۆكی و جیاوازیەكان و گەڕانەوە بۆ بنەما و بوژاندنەوەی گیانی هەڤاڵانەوە هەموان لە چوارچێوەی كۆنگرەیەكی گشتیدا كۆببنەوە
گەڕانەوە بۆ شاڕێگەی كاركردن و بەسەرداچوونەوەیەكی زانستیانە ، و واقعیانە بەسەر كارو چالاکیەکانی هەڤاڵان و ئاڕاستە و بیركردنەوە و بنەمافكری و كاركردنەكان و بۆچون و تێڕوانینەكان بۆ ناوخۆ و دەرەوەی حیزبیش .
هەموو ئەم كارانە پێویستیان بە بەستنی كۆنگرەیەكی ئاسایی گشتی هەیە .كە هەڤاڵان پێكەوە و بە گیانێكی برایانە و لەخۆبووردویانە و بەنەفەس و نیەتی گرێدانەوە و جۆشدانەوەی كار و خەبات و وەلانانی هەموو ناكۆكی و جیاوازیەكان و گەڕانەوە بۆ بنەما و بوژاندنەوەی گیانی هەڤاڵانەوە و پێكەوە كاركردنی دەستەجەمعی و وازهێنان و دووركەوتنەوە لە گیانی خۆسەپاندن وپاوەنکاری و تاكڕەوی و پەرستن و پیرۆزكردنی بەتەنھا کەسێک و وەستانەوە دژی دیاردە دزێوەكان و بەرژەوەندخوازی و بەمەبەستی دانانی بەرنامە و پلانی نوێش ،پێویست دەكات هەموان لە چوارچێوەی كۆنگرەیەكی گشتیدا كۆببنەوە و ئاڵوگۆڕی بیرڕاو و تێڕوانینە جیاوازەکان بكەن وگیانی ڕەخنە لەخۆگرتنیش ببوژێننەوە. تەنهاش بەم هەنگاوە دەتوانرێت حیزب و ژیانی حیزبایەتی ڕاستەقینە ببوژێنرێتەوە و گڕو تینێكی نوێ بدەنەوە بەجەستە و فكر و خوێنی حیزب و بتوانن خۆ دەربازبكەن لە قۆناغێكی كۆنی ڕابووردووی قەتیس و پڕ كێشە و ململانێی ناڕەوا.