هەڵسوڕاوە گەنجەكانی گۆڕان بۆچی بێدەنگن لە هێرشكردنە سەر سەباحی قارەمان ؟

شەقهەڵدان لە جیاوازیی لە پاڵ گۆڕەكەی نەوشیروان مستەفادا

هەڵسوڕاوە گەنجەكانی گۆڕان بۆچی بێدەنگن لە هێرشكردنە سەر سەباحی قارەمان ؟

9646 خوێندراوەتەوە

ئەم بەیانییە سەباحم بینی لەدڵەوە كزە لە جەرگم هات، كاتێك پێی وتم ئیتر شوێنی من لەم شارەدا نەماوە، ماڵەكەم باردەكەم و دەچمەوە گەرمیان.

ڕوداوی شەقهەڵدان لە مامۆستا سەرسپیەكەی هەولێر لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی هەولێرەوە كە بێگومان لەسەر پارتی حسابن، ڕوداوی هێرشكردن و پەلاماردانی سەباحی عەلی قارەمانمان بیرناباتەوە لەلایەن شەقوەشێنەكانی ناو گۆڕانەوە.

چەند مانگ بەر لەئێستا، كاتێك بەدوای شوێنێكدا دەگەڕاین بۆ ئۆفیسی دەزگا میدیایەكەمان زۆر دڵخۆشبووم بەوەی كە لەنزیك بارەگای سەرەكی گۆڕان ئۆفیسێكمان بەكرێ گرت، چونكە لەو شوێنە هەستمان بە ئەمانێكی زیاتر دەكرد، پێمان وابوو كە ئەگەر بێت و ڕۆژێك بەڵتەجیەك بیەوێت زیانمان پێ‌ بگەیەنێت ئەوا ئەو برادەرانە لەبەر هیچ نا، بەڵكو لەبەر باوەڕبوونیان بە ئازادیی بیروڕا، دەمانپارێزن.

راستیتان بوێت ئێستا هەستێكی پێچەوانەم بۆ دروستبووە، لە دوێنێوە لەو جێگایەدا هەست بە ئەمان ناكەم.

خەڵكانێك پەلاماری هاوڕێ و ئەندامی خۆیان بدەن كە 10 ساڵە لەگەڵیاندایە و لەبەر مەترسی لەسەر ژیانی، زێدی خۆی بەجێهێشتوە و ڕویكردووەتە غەریبی و لەناویان دەژی، دەبێت باكیان بە خەڵكانی دیكە چی بێت و بۆچی بیپارێزن ؟

،،

ڕوداوی شەقهەڵدان لە مامۆستا سەرسپیەكەی هەولێر لەلایەن هێزە ئەمنیەكانی هەولێرەوە كە بێگومان لەسەر پارتی حسابن، ڕوداوی هێرشكردن و پەلاماردانی سەباحی عەلی قارەمانمان بیرناباتەوە لەلایەن شەقوەشێنەكانی ناو گۆڕانەوە.

 

ڕووداوی پەلاماردانی سەباحی عەلی قارەمان بەتەنها ڕووداوێكی شەڕكردنی سادە نییە، بەڵكو دەكرێت وەك ڕووداوێكی مەترسیدار لە مێژووی بزوتنەوەی گۆڕاندا سەیری بكرێت، كە بریتیە لە پەلاماردانی جیاوازیی و ئازادیی بیروڕا و وەڵامدانەوەی نوسین بە زللە و شەق و بۆكز.

ئەمە یەكێكە لە مەترسیدارترین وێستگەكان كە ئەگەری هەیە بزوتنەوەی گۆڕان بەرەو هەڵدێری گەورە ببات و سەرەتای قۆناغێكی تاریك بێت لەناو ئەو بزوتنەوەیەدا.

لە ڕوداوەكەش مەترسیدارتر، ئەو بێدەنگیەیە كە لە ناو بزوتنەوەكەدا سەبارەت بەم بابەتە دەگوزەرێت.

لە دوێنێوە چاوەڕێم هەڵسوڕاوەكانی گۆڕان ئیدانەی ئەو ڕووداوە بكەن، كەچی وادیارە كەس ئامادە نییە لای شەقوەشێنەكان و شەق بۆ وەشینراوەكان خۆی ئیحراج بكات.

لەدوێنێوە چاوەڕێم بزوتنەوەی گۆڕان هەڵوێستێك لەسەر ئەو ڕووداوە رابگەیەنێت، كەچی وەك ئەوەی هیچ ڕووینەدابێت بێدەنگیان لێكردووە.

من دەپرسم بزوتنەوەی گۆڕان كاتێك لەبەرامبەر شەقهەڵدان لە سەباحی عەلی قارەمان بێدەنگ بێت كە لەناو گردەكەی گۆڕاندا لێی دراوە، سبەینێ‌ بە چی ڕویەكەوە لەسەر سوكایەتی و لێدان بە ڕۆژنامەنوسێكی دیكە دێنە دەنگ كە لەلایەن دەسەڵاتەوە لێی دەدرێت؟.

هەروەها ئەوەی جێگەی پرسیارە ئەوەیە بۆچی تا ئێستا كوڕەكانی كاك نەوشیروان لەو ڕووداوە بێدەنگن، لەكاتێكدا پەلاماردەرەكان ناوی ئەوانیان هێناوە و بەحسابی خۆیان لەبەر خاتری ئەوان كارەكەیان كردووە.

 

،،

ڕوداوی پەلاماردانی سەباحی عەلی قارەمان بەتەنها ڕوداوێكی شەڕكردنی سادە نییە، بەڵكوو ئەكرێت وەك ڕوداوێكی مەترسیدار لە مێژوی بزوتنەوەی گۆڕاندا سەیری بكرێت.كە بریتییە لە پەلاماردانی جیاوازی و ئازادی بیرو ڕا و وەڵامدانەوەی نوسین بە زللە و شەق و بۆكز.

 

بێدەنگی كوڕەكانی كاك نەوشیروان لە پەلاماردانی سەباحی قارەمان، ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە ئەگەر دەستیشیان تێدا نەبووبێت ئەوا پێشیان ناخۆش نەبووە.

ئەوەی لەم ڕووداوەدا زیاتر لەهەمووان بۆ من جێگای ئازارە، بێدەنگی هەڵسوڕاوە گەنجەكانی دۆست و هاوڕێمانە، بەتایبەتی ئەوانەی كە وەك ویژدانی زیندوی بزوتنەوەكە سەیرمان كردوون.

من دەپرسم د.هەڤاڵ ئەبوبەکر بۆچی لە شكاندنی شكۆی ئەو كوڕە بێدەنگ بوو؟، لەكاتێكدا وەك باس دەكرێت ڕووداوەكە لەبەردەمیدا ڕوویداوە و ئامادەبوە لەو شوێنەدا، ئایا پەلاماردانی سەباحی قارەمان، كە تەنها نیوە زەلامێكە و بە نیو جەستەوە ئەژی، ئەوەندە سۆزی ئەو مامۆستا و هەڤاڵەمانی رانەكێشا كە هەڵوێستێك بنوێنێت؟، كاتێك چووە ژێر باڵی كاك كۆسرەت لە ساتەوەختی گەڕانەوەی لە ئەڵمانیا باسی لەوەكرد كە ئەو هەستیاری و سۆزداریی هەیە بۆ كەسانی نەخۆش.

من گلەیم هەیە لە د. یوسف محەمەد سادق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، كە وەك داكۆکیكاری ئازادیی بیروڕا و سەروەری یاسا ناسیوومە، دەبوایە بزوتنەوەكەی ناچار بكردایە لەو بابەتەدا ئیعتیبار بۆ شكاندنی شكۆی ئازادیی و سەباحیش لەناو بزوتنەوەكە بگێڕێتەوە.

داخی گرانی دۆستی ئازیزم ئارامی شێخ محەمەد لەسەر دڵمە، كە لەكایەی بەرگری لە مەدەنیەت و مافەكانی مرۆڤەوە هاتە ناو بزوتنەوەی گۆڕان، چۆن دەكرێت بەرامبەر ڕەفتاری نا مەدەنی و پێشێلكردنی زەقی مافەكانی مرۆڤ لەناو بزوتنەوەی گۆڕان بێدەنگ بێت؟.

لە عەدنان عوسمانی هاوڕێ‌ و دۆستم زیاتر چاوەڕێ‌ دەكرد، كە وەك دەنگی ئازای ناو بزوتنەوەی گۆڕان ناسیومە، دەبوو ئەو قەزیەی بەهەند وەربگرتایە و ئەزعەفولئیمان ئیدانەی بكردایە.

نیگەرانم لە برای ئازیزم بابەكر دڕەیی، یەكەم سەرۆكی كۆمپانیای ووشە و بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری شار، لەناو گۆڕاندا لە وەڵامی ووشەدا، زللە و بۆكز و شەق بەكاردەهێنرێت و دەنگ هەڵنابڕێت.

،،

ئێستا دوای هەموو ئەمانە جێگای خۆیەتی بپرسین، ئەمە چییە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا ڕودەدات؟ ئایا هەر بەڕاست بزوتنەوەی گۆڕان خەریكە ڕوبەڕوی كەوتنی ئەخلاقی دەبێتەوە؟

 

دڵتەنگم بەرامبەر عەلی حەمەساڵح، كە ئەو ڕۆژەی لە سەباح درا، شەوەكەی لایڤی لەسەر بودجە و موچە دەكرد لەبری بەرگری لە شكاندنی كەرامەتی سەباح.

كەس نەڵێت بودجە و موچە گرنگترە لە ڕووداوی لێدانی سەباح، چونكە هەزاران شەوی تر هەبون بۆ ئەو باسە، من بە كاك عەلی دۆستم دەڵێم، هاوڕێ‌ مەگەر تۆ نەتووت" گۆڕان لەدەستێكی ئەمیندایە؟" ئەی ئەمە چییە ئەمانی خەڵكی لەناو گردەكەدا دەكەوێتە بەر هەڕەشە؟.

نیگەرانی قوڵم هەیە لە عەبدوڵای مەلا نوری، شێری پەرلەمان و كوڕی یاخی لە ناعەدالەتی، چۆن بەرامبەر ئەم ناعەدالەتییە گەورەیە بێدەنگیت هەڵبژارد؟

گلەیم هەیە لە هاوڕێم هۆشیار عەبدوڵا، زمانی پاراوی رەخنەی گۆڕان، زمانی پاراوی ڕەخنەت بۆ بەرگری لە شكاندنی كەرامەتی كەمئەندامێك نەبێت بەكەڵكی چی دێت؟

بەڵێ‌، گلەیم هەیە لە د. ئاكۆ حەمە کەریم و برۆز مەجیدی پەرلەمانتار، پارێزەرانی ڕێبازی نەوشیروان مستەفا، چۆن ڕێگە دەدەن لەپاڵ گۆڕەكەیدا پرەنسیپەكانی كاكە نەوە بەرشەق بدرێت؟

گلەیم هەیە لە د.محەمەد عەلی و د. ئیسماعیل نامیق، ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی، بۆچی بەدوای ئەو كەیسەدا نەچوون و بێدەنگیان لێكرد؟

بەداخم بۆ د.غالب، گەنجی هەق بێژی دەنگ زوڵاڵ، هەق بێژی بۆ ڕۆژێكی وا نەبێت بەكەڵكی چی دێت؟


تكایە كەس نەڵێت بە تەلەفۆن هەواڵپرسیم كردوە كە دڵنیام زۆربەتان ئەوەشتان نەكردووە، ئەوە كارێكە بۆ منی دەرەوەی گۆڕان دەبێت، بەڵام ئەركی ئێوە ئیدانەكردنیەتی بە ئاشكرا و دروستكردنی فشارە بۆ ئیجرائات لەگەڵ تاوانبارانی ڕوداوەكەدا.

ئێستا دوای هەموو ئەمانە جێگای خۆیەتی بپرسین، ئەمە چییە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا ڕودەدات؟ ئایا هەر بەڕاست بزوتنەوەی گۆڕان خەریكە ڕوبەڕوی كەوتنی ئەخلاقی دەبێتەوە؟

بیربكەنەوە، ئایا ئەگەر نەوشیروان مستەفا بمایە شتی وا ڕویدەدا؟ یان قبوڵی دەكرد شتی وا ڕوبدات؟.

بیستم هەر لەم ڕۆژانەدا هەڕەشە لە دارا محێدینی ڕۆژنامەفرۆشیش كراوە، لەكاتێكدا ئەوەتەی گۆڕان هەیە دارا ناسراوە بە شیوازە یاخی و رادیكاڵانەكەی خۆی لە قسەكردن و رەخنەگرتندا، هەندێ‌ جار لەبەردەم ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفاشدا سنوری دەبەزاند، كەچی هەموو بەیانیەك یەكەم كەس دارای دەبینی، هاوڕێیەك بۆی گیڕامەوە بەیانیەك زوو كە سەردانی ژوری كاك نەوشیروانیان كردووە، بینیویانە دارا قاچی راكێشاوە و كاك نەوشیروان بەدەستەكانی خۆی قاچی دارا دەشێلێت.

ئەخلاقی نەوشیروان مستەفا لە كوێی و ئەم بەڵتەجیەتە نوێیە لەكوێ‌ كە خەریكە لەناو ئەم بزوتنەوەیەدا سەرهەڵدەدات؟.

،،

ئەی بڕیارنەبوو، كەناڵی كەی ئێن ئێن كەناڵی هەموو ئەوانەبێت كە دەنگیان نابیسترێت و زوڵمیان لێدەكرێت؟ ئەی دەنگی زللەی پەناگۆێی سەبحی قارەمان كوا لەكەناڵەكەتان و بۆچی بێدەنگ بوون؟.

 

بۆ هەموو ڕۆژنامەنوسەكانی هاوڕێم لەناو بزوتنەوەی گۆڕان، بیربكەنەوە و هەڵوێستان هەبێت، ئەمە تەنها ڕوداوێكی شەڕكردنی سادە نییە ڕویداوە، ئەمە تاقیكردنەوەی گەورەی ئەخلاق و ویژدانی ئێوەیە، بەڵێ‌ زیاترتان لێ‌ چاوەڕوان دەكەم لەم قەزیەدا، چونكە ئەو شەقانەی لە نزیك گۆڕەكەی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفادا لە سەباحی عەلی قارەمان دراوە زۆر بەئازار ترە لەو شەقانەی ئاسایشەكەی هەولێر لە مامۆستاكەی دا، مەگەر ئەوەی بڕیارتان دابێت ببن بە یەكێتی و پارتی لەڕووی ڕەفتار و بیركردنەوەوە.


ئەی بڕیارنەبوو، كەناڵی كەی ئێن ئێن كەناڵی هەموو ئەوانەبێت كە دەنگیان نابیسترێت و زوڵمیان لێدەكرێت؟ ئەی دەنگی زللەی پەناگوێی سەباحی قارەمان كوا لەكەناڵەكەتان و بۆچی بێدەنگ بوون؟.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس و مامۆستای زانكۆ

سەرنوسەری دیپلۆماتیك مەگەزین

ڕۆژنامەنوسی تایبەتمەند لە ڕۆژنامەوانی بنكۆڵكاری