خۆپیشاندانەکانی عێراق و هۆنگ کۆنگ لەچیدا لەیەک دەچن؟

خۆپیشاندانەکانی عێراق و هۆنگ کۆنگ لەچیدا لەیەک دەچن؟

555 خوێندراوەتەوە

نزیکەی هەشت ملیون گەنجی شیعە هەیە. زۆرینەی ئەمانە تەنها حوکمی ئیسلامی شیعەیان دیوە، خاوەنی هیچ یادەوەرییەکی تر نین. هەمان شێوەی زۆرینەی خەڵکی کوردستان کە خاوەن یادەوەری تر نین جگە لە حوکمی کوردی.

زۆرینەی ئەمانە لە دۆخێکی تایبەتدا دەژین، لە بەر باڵایی کولتوری بەرخۆری، دەیانەوێت بەشیان هەبێت لە سامانی عێراقدا، لە کاتێکدا ئەم سامانە بە ئاشکرا کۆنترۆڵکراوە. دەرئەنجامی ئەمە، ئاگایی و توڕەبون بەرهەم دەهێنێت. یەکێک لە خەسڵەتەکانی سیاسەتی بەرخۆری، کۆنسیومەریزم، ئەوەیە کە ئیرەیی و توڕەیی بەرهەم دەهێنێت کاتێک کە هەموان دەستیان پێڕاناگات.

ئابوری عێراق ناتوانێت بە خێرایی کێشەی ئەمانە چارەسەر بکات. ئەمە لای گەنجەکان ئاشکرایە، بۆیە هیچ باوەڕێکیان نەماوە بە وەعد و پەیمانەکان. لە هەمانکاتدا هەمو نوخبەی سیاسی وەک یەکی لێهاتوە.

لە ماوەی ڕابوردودا هەندێک، وەک سەدر و شیوعیەکان توانای جوڵانی شەقامیان هەبو، بە تایبەتی لە بەغدا، کە لە هەمو شارێکی تر گرنگترە. سەدر توانایەکی باشی هەبوو بۆ گەوجاندنی خەڵك، چونکە لە کاتێکدا هەمیشە لە هەمو حکومەتێکدا هەبوە، بەڵام خۆی بە ئۆپۆزسیون لە قەڵەم ئەدا. ئێستا ئەم ڕوپۆشە لادراوە و سەدر لە هەوڵی ئەوەدایە کە چۆن کەمترین لە دەست بدات.

 

هاوشێوەییەک هەیە لە نێوان خۆپێشاندانەکانی عێراق و خۆپێشاندانەکانی هۆنگ کۆنگ، لاوانی هۆنگ کۆنگ، خۆیان وەک ئاو دەبینن، ئەمە لە بروسلیەوە وەرگیراوە، وەک ئاو بە مانای ئەوەی سەرکردەی نیە، شلە، گۆراوە، خۆ گونجێنە.

لە لایەکی ترەوە، عێراق و هۆنگ کۆنگ لە یەک دەچین، لاوە هۆنگ کۆنگییەکان نایانەوێت وڵاتەکەیان بە تەواوی لە لایەن چینەوە کۆنترۆڵ بکرێت، لاوە عێراقیەکانیش دژ بە دەسەڵاتی زاڵی ئێران خۆپێشاندان دەکەن.

حەوزەی شیعە کە حکومەتێکە لە هەناو حکومەتی عێراقدا، ئێستا وەک بەشێک لە سیستەمی سیاسی و گەندەڵی دەبینرێت.

ئەمە رەنگە ببێتە مایەی لاوازبونی دین، هاوشێوەی کۆمەڵگای ئێرانی.

ئەگەر گەنجە عێراقییەکان سیستەمەکەیان هەژاندوە، مەرج نیە، دەرئەنجام، بەدیهێنانی خەونەکانیان بێت. هێزە تەقلیدیەکان هەمو لە هەوڵی ئەوەدان چۆن لەلایەک خۆیان بگونجێنن و لە لایەکی تر چۆن سودمەندبن.

دەرئەنجامەکان (ئەگەرەکان)

ئابوری عێراق ناتوانێت کێشەی ئەو هەموە گەنجە چارەسەر بکات. چونکە ئابوری نەوت پێویستی بە دەستی کار نیە. ئەمە هەتا بێت کەمتر دەبێت چونکە لەلایەک تەکنەلۆجیا و لە لایەکی تر کۆمپانیاکان کرێکاری بیانیان پێباشترە لە عێراقی، چونکە عێراقی کەلتوری ئیشکردنی نیە.

نائومیدی و دابرانی زیاتر دروست دەبێت. داهاتوی عێراق وەک وڵاتانی ئەفریقای لیدێت، نایجیریا بۆ نمونە.

ئێران بە هێزتر دەبێت 

ئەمریکا ئەگەر لە بەغدا دەرنەپەڕێنرێت، بچوک و لاواز و بێکاریگەرتر دەبێت. ئەگەر دەرپەڕێنرێت ئەوا زۆر شتی تر دەگۆرێت.

ناسیونالیزمی عێراقی کە سەدر دەیخرۆشاند، ئاراستەیەکی تر وەردەگرێت.