نهێنیه‌کانی ململانێی خێرای نێوان روسیا و تورکیا له‌سه‌ر ڕۆژئاڤا

نهێنیه‌کانی ململانێی خێرای نێوان روسیا و تورکیا له‌سه‌ر ڕۆژئاڤا

1462 خوێندراوەتەوە

ڕۆژی ١٤/١٠/٢٠١٩، ئیداره‌ی حوکمی زاتی ڕۆژئاوا، ڕاگه‌یاندراوێکی بڵاوکرده‌وه، که‌ گوایه‌، ڕێکه‌وتن له‌گه‌ڵ حکومه‌تی سوریا ته‌نها ڕێکه‌وتنێکی سه‌ربازییه‌ و ڕێکه‌وتنێکێ سیاسی نیه‌، به‌ڵکو ڕێکه‌وتنی سیاسی بۆ قۆناغه‌کانی داهاتووه‌.

ئه‌مه‌ قسه‌یه‌کی نا مه‌نتقیه‌، چونکه‌ چ لایه‌نێک هێزی هه‌بێت، ئه‌و بڕیاری سیاسی ئه‌دات، چ ئێستابێت یان داهاتوو، به‌پێی ڕێکه‌وتنه‌که‌ش سوپای سوریا به‌ گڕۆپی سه‌وزی روسیا، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ناوچه‌کانی ڕۆژئاوا.

له‌ئێستادا، سوپای سوریا گه‌یشتۆته‌ (ته‌ل نه‌مر) که‌ ٣٠ کم له‌ سه‌رێ کانێ دووره‌، له‌گه‌ڵ ناوچه‌کانی عێن عیسا_ڕه‌قه‌_ته‌به‌قه‌_مونبه‌ج، پلانی داهاتووی سوپای سوریا گه‌یشتنه‌ به‌ کۆبانێ له‌ زووترین کاتدا.

له‌ ئێستادا تورکیا ته‌نها شریتی سنووری نێوان گرێ سپی و سه‌رێ کانێی داگیرکردووه‌، که‌ درێژیه‌که‌ی ١٢٠ کم، به‌مه‌ش تورکیا شکستی هێنا له‌ پێشڕه‌ویکردن له‌ داگیرکاریه‌کانی، چونکه‌ ده‌زانێ زیاتر بێته‌ پێش، ڕووبه‌ڕووی سوپای سوریا ئه‌بێته‌وه‌، که‌ ئه‌مه‌ش واتای ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌وی روسیایه‌، بۆیه‌ تورکیا هه‌ڵه‌یه‌کی واناکات، چونکه‌ پێش هه‌مووشتێک له‌گه‌ڵ روسیا هاوپه‌یمانه‌، دووهه‌م، نایه‌وێت له‌گه‌ڵ روسیا بکه‌وێته‌ پێکدادانی سه‌ربازی.

ئه‌مریکا له‌ کوێی هاوکێشه‌که‌یه‌؟

له‌کۆتایی ساڵی ٢٠١٨، ترامپ ڕایگه‌یاند که‌ له‌ سوریا ده‌کشێنه‌وه‌، له‌ ئێستادا ترامپ فه‌رمانی به‌ وه‌زیری به‌رگری کردووه‌، که‌ تاکۆتایی ئه‌م مانگه‌ هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سوریا بکشێنێته‌وه‌، که‌ ژماره‌یان هه‌زار سه‌ربازه‌ و زۆرینه‌یان به‌ره‌و عێراق ده‌کشێنه‌وه‌، جگه‌ له‌ ١٢٥ سه‌رباز که‌ له‌ بنکه‌ی سه‌ربازی ته‌نه‌ف جێگیر ده‌کرێن له‌ سوریا، هێزه‌ تایبه‌ته‌کانی فه‌ره‌نساش شانبه‌شانی هێزه‌کانی ئه‌مریکا ده‌کشێنه‌وه‌.

به‌مه‌ش کابوسه‌که‌ی روسیا که‌ هه‌بوونی هێزی ئه‌مریکی بوو له‌ ڕۆژئاوا نه‌ما، بۆیه‌ مه‌یدانه‌که‌ بۆ روسیا چۆڵبووه‌ که‌ ده‌یه‌وێت به‌ زووترین کات له‌ ڕێگه‌ی سوپای سوریاوه‌ کۆنتڕۆڵی ڕۆژئاوابکات.

وه‌ له‌ ئێستادا زۆرینه‌ی کارته‌ به‌هێزه‌کانی سوریا به‌ده‌ست روسیایه‌، و تورکیاش شکستیهێنا له‌ پلانه‌که‌ی.

له‌هه‌ر دانوستانێکی داهاتووی نێوان کورد و حکومه‌تی سوریادا، پێشنیار و قسه‌کانی حکومه‌ت زیاتر باڵانسیان ده‌بێت، چونکه‌ وجوودی سه‌ربازی له‌ ناوچه‌ کوردییه‌کان هه‌یه‌.