ده‌رئه‌نجامه‌ نێگه‌تیڤه‌كانى چالاكییه‌ ئابورییه‌ ناشه‌رعییه‌كان

ده‌رئه‌نجامه‌ نێگه‌تیڤه‌كانى چالاكییه‌ ئابورییه‌ ناشه‌رعییه‌كان

1018 خوێندراوەتەوە

پرۆفیسۆر د.محه‌مه‌د ره‌ئوف سه‌عید

" ئەم لێکدانەوە ئابورییە دەربارەی لێکەوتە خراپەکانی چالاکییە ئابورییە ناشەرعی و نا فەرمییەکان، دوا وتارو لێکدانەوەی دکتۆر محەمەد ڕەئووفە کە ۱۷ ڕۆژ بەر لە کۆچیی دوایی نووسیبووی"

" ئەم لێکدانەوە ئابورییە دەربارەی لێکەوتە خراپەکانی چالاکییە ئابورییە ناشەرعی و نا فەرمییەکان، دوا وتارو لێکدانەوەی دکتۆر محەمەد ڕەئووفە کە ۱۷ ڕۆژ بەر لە کۆچیی دوایی نووسیبووی" له‌به‌ر ئه‌وه‌ى چالاكییه‌ فه‌رمیه‌كان، به‌ته‌نها ئه‌و چالاكیه‌ ئابورییانه‌ن كه‌ گوزراشت له‌خۆیان ده‌كه‌ن‌و داتا‌و زانیاریه‌كانیان ده‌خه‌نه‌ ڕو‌و پێشكه‌شى ده‌كه‌ن، له‌به‌ر ئه‌مه‌ به‌ته‌نها چالاكییه‌كانى به‌رهه‌مهێنان له‌كه‌رتى ئابوورى‌و شه‌رعیدا ئه‌و كه‌رته‌ ئابورییه‌ كه‌ چالاكیه‌كانى تۆمار ده‌كرێت له‌به‌رهه‌مهێنانى نه‌ته‌وه‌یى وڵاتدا، به‌ڵام چالاكیه‌ ئابوریه‌ نافه‌رمیه‌كان ژێر به‌ژێر ئه‌نجام ده‌درێن‌و داتا‌و زانیاریه‌كانى تۆمار ناكرێت یاخود ده‌شاردرێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ گه‌وره‌ بون‌و قه‌به‌بونى ئه‌م جۆره‌ چالاكیانه‌ ده‌بێته‌ هۆكارى خۆ كه‌م نواندنى به‌رهه‌مهێنانى نه‌ته‌وه‌یى له‌وڵاتدا‌و بچوك خۆیپشاندانى له‌سه‌ر ئاستى جیهانى.

له‌هه‌مان كاتدا گه‌وره‌بونى كه‌رتى ئابوورى ناشه‌رعى‌و نافه‌رمى واده‌كات داتا‌و زانیارى نه‌بێت بۆ به‌كارهێنانى ریَِژه‌یه‌كى گه‌وره‌ى كه‌ره‌سته‌ سه‌ره‌تاییه‌كان‌و سه‌رچاوه‌‌و سامانه‌ ئابوریه‌كان‌و زۆربه‌ى زۆرى پێداویستیه‌كان‌و واده‌كات زۆرێك له‌سامان‌و سه‌رچاوه‌ ئابوریه‌كان دور بخرێته‌وه‌ له‌چاودێریى‌و سه‌رپه‌رشتى ده‌زگا تایبه‌ت‌و خه‌مخۆره‌كان كه‌ خوازیارن ئه‌م جۆره‌ سامان‌و سه‌رچاوه‌ نه‌ته‌وه‌ییانه‌ به‌باشى به‌كاربهێنرێن‌و شوێنى خۆیان بگرن‌و له‌به‌كارهێنانه‌كانیدا ده‌رهاویشته‌ى نیگه‌تیڤى خراپى لێ ئه‌وه‌شێته‌وه‌ بۆ نمونه‌ به‌فیرودان‌و هێنانه‌ كایه‌وه‌ى حاڵه‌تى پیسكردنى ژینگه‌.

له‌چالاكیه‌ ئابورییه‌ ڕه‌واكاندا كۆمه‌ڵه‌ یاسا‌و ته‌شریعاتێك هه‌یه‌ تایبه‌ت به‌شێوازه‌كانى كاركردن‌و بیمه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى‌و پاراستنى مافه‌كانى كریكاران‌و ڕێكخستنى په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان كرێكار‌و خاوه‌نكاره‌كان،به‌ڵام له‌چالاكیه‌ ناڕه‌وا‌و ڕێگا پێنه‌دراوه‌كان كه‌هه‌موو كۆ ده‌بنه‌وه‌ له‌ژێر چه‌ترى چالاكیه‌ ئابوریه‌ ژێر به‌ژێره‌كان، ئه‌م جۆره‌ مافانه‌ نه‌پارێزراون به‌یاسا‌و ئه‌و جۆره‌ ڕێكخستن و په‌یوه‌ندیانه‌ به‌یاساى پێویست دیارى نه‌كراون

،،

كه‌واته‌ هه‌ڵاوسانى چالاكیه‌ ئابوریه‌ ژێر به‌ژێره‌كان ناچێته‌ چوارچێوه‌ى به‌رژه‌وه‌ندیه‌ گشتیه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌وه‌.

 

له‌ژیانى سه‌رده‌م و هاوچه‌رخدا به‌تایبه‌تى له‌وڵاته‌ پێشكه‌وتوه‌كاندا جۆره‌ یاسایه‌ك دانراوه‌ له‌پێناو پاراستنى ژینگه‌ى ئه‌و وڵاتانه‌دا‌و زۆر جار ئه‌م یاسایانه‌ گوزارشت له‌خۆیان ده‌كه‌ن له‌ریَِگه‌ى سه‌پاندنى جۆره‌ باجێك كه‌پێى ده‌گوترێت باجى ژێنگه‌ پیسكردن،كه‌واته‌ بۆ هه‌ر چالاكیه‌كى ئابوورى به‌تایبه‌تى له‌چالاكیه‌ پیشه‌سازیه‌كاندا ئاستێك داده‌نرێت بۆ ژینگه‌ پیسكردن‌و ئه‌گه‌ر ئه‌و چالاكیانه‌ له‌و ئاسته‌ى بۆیان دانراوه‌ زیاتر بوو ‌و بونه‌ هۆكارى زیاتر پیسكردنى ژینگه‌،ئه‌وا ئه‌و ده‌مه‌ باجێكیان ده‌خرێته‌ سه‌ر له‌برى ئه‌و تێچونه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌‌و ئه‌و تێچونه‌ سه‌رخراوانه‌ى ده‌بنه‌ هۆكارى په‌یدابونى له‌بوارى تێچونه‌كانى نۆژنكردنه‌وه‌،بۆ نمونه‌ له‌ئه‌نجامى زیاتر پیسبونى ژینگه‌ چه‌ندها نه‌خۆشى جه‌سته‌ی‌و ده‌رونى دێته‌ ئه‌نجام كه‌ده‌بێته‌ هۆكارى زیادبونى تێچونه‌ ته‌ندروستیه‌كان،له‌هه‌مان كاتدا كاتێك ژینگه‌ى هه‌وا‌و زه‌وى هه‌ر وڵاتێك زیاد ده‌بێت ژێرخانى ئابوورى‌و بینا‌و خانوبه‌ره‌كان ته‌مه‌نیان داده‌به‌زێ‌و ریَِژه‌ى داخورانى ساڵانه‌یان زیاد ده‌كات‌و پێویست ده‌كات تێچونى زیاتر ته‌رخانبكرێت بۆ نۆژنكردنه‌وه‌یان،كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر هاتو زۆربه‌ى زۆرى چالاكیان چالاكى فه‌رمى‌و ڕه‌وابون،ئه‌وا ئه‌وده‌م ده‌توانرێ به‌ئاسانى ئه‌و جۆره‌ باجانه‌ى تایبه‌تن به‌ژینگه‌ پیسبون به‌باشى بسه‌پێنرێ‌و له‌م ڕێگه‌وه‌ ده‌توانرێت باشتر كۆنترۆڵى حاڵه‌تى ژینگه‌ پیسى بكرێت‌و باشتر بتوانرێت وڵات ڕووبه‌ڕووى ئه‌م كێشه‌یه‌ بێته‌وه‌،به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتو زۆربه‌ى هه‌ره‌ زۆرى چالاكیه‌كان چالاكى ژێر به‌ژێر بون،ئه‌وا ئه‌و ده‌م ناتوانرێت به‌باشى كۆنترۆڵى ئه‌م كێشه‌یه‌ بكرێت‌و وابكات ژینگه‌ى پیسى ده‌رهاویشته‌ى نێگه‌تیڤى گه‌وره‌ى هه‌بێت بۆ سه‌ر زیادبونى تێچونه‌ كۆمه‌ڵایه‌تى‌و تێچونه‌كانى نۆژنكردنه‌وه‌.

به‌شێك له‌سیاسه‌ته‌ داراییه‌كانى هه‌ر وڵاتێك بریتیه‌ له‌سیاسه‌تى سه‌پاندنى باج‌و ئه‌م سیاسه‌ته‌ ده‌كرێت په‌ناى بۆ ببرێت بۆ هێنانه‌وه‌ى چه‌ندین ئامانجى ئابوورى‌و كۆمه‌ڵایه‌تى،له‌وانه‌ پشت به‌ستن به‌سه‌پاندنى باج بۆ ئه‌وه‌ى بكرێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ كۆكردنه‌وه‌ى داهاتى گشتى بۆ وڵات،له‌هه‌مان كاتدا ده‌شێت هه‌ندێ چالاكى ئابوورى كه‌ ئه‌نجام ده‌درێن چه‌ند ئه‌نجامێكى نێگه‌تیڤى لێ بوه‌شێته‌وه‌ له‌ڕوى كۆمه‌ڵایه‌تى‌و ته‌ندروستیه‌وه‌،كه‌واته‌ به‌م پێیه‌ هه‌ندێ جار سه‌باره‌ت به‌و چالاكیه‌ ئابوریانه‌ كه‌ مامه‌ڵه‌ له‌ته‌ك هه‌ندێ كاڵادا ده‌كات كه‌ نه‌رمیه‌كى نزمى هه‌یه‌‌و به‌كاربه‌ر ناتوانێت به‌ئاسانى ده‌ست به‌ردارى بێت،ده‌كرێت له‌ڕێگه‌ى سه‌پاندنى باجه‌وه‌ حكومه‌ت داهاتێكى باشى ده‌ستكه‌وێت،به‌و پێیه‌ى ئه‌گه‌ر هاتو حكومه‌ت باجى زیاترى سه‌پاند به‌سه‌ر ئه‌و جۆره‌ كاڵایانه‌‌و ئه‌و باجانه‌ ڕه‌نگى دایه‌وه‌ له‌سه‌ر به‌رزبونه‌وه‌ى نرخه‌كان،له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به‌كاربه‌ر زۆر وابه‌سته‌یه‌ به‌و كاڵایانه‌وه‌ ناتوانرێت ده‌ستبه‌رداریان بێت‌و خواست له‌سه‌ریان دانا به‌زێت‌و سه‌ر ئه‌نجام حكومه‌ت له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ ده‌توانێت داهاتێكى زیاتر به‌ده‌ست بهێنى.

،،

هه‌ندێ جار سه‌پاندنى باج ده‌كرێته‌ ئامرازێك بۆ ناچاركردنى به‌كاربه‌ر كه‌ به‌كاربردنى خۆى بۆ هه‌ندێ كاڵا كه‌م بكاته‌وه‌

به‌و پێیه‌ى سه‌پاندنى باجى زیاتر ده‌بێته‌ هۆكارى به‌رزبونه‌وه‌ى نرخه‌كان‌و به‌رزبونه‌وه‌ى نرخ واده‌كات به‌كاربه‌ر ناچار بكات به‌كاربردنى خۆى بۆ ئه‌و كاڵایانه‌ كه‌متر بكاته‌وه‌،كه‌واته‌ حكومه‌ت ده‌توانێت به‌سه‌پاندنى باج له سه‌ر هه‌ندێ كاڵا كه‌ له‌ڕوى كۆمه‌ڵایه‌تى‌و ته‌ندروستیه‌وه‌ زیان به‌خشه‌، بۆ نمونه‌ كه‌ره‌سته‌ كحولیه‌كان‌و جگه‌ره‌...هتد، بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى به‌كاربردنى.

ئه‌گه‌رچى سه‌پاندنى باج ده‌شێت بكرێته‌ ئامرازیكى باش بۆ به‌ده‌ستهێنانى ئامانجه‌ ئابوورى‌و كۆمه‌ڵایه‌تى‌و ته‌ندروستیه‌كان،به‌ڵام هه‌ر چونێك بێت سیاسه‌تى سه‌پاندنى باج به‌ته‌نها له‌به‌رامبه‌ر چالاكیه‌ ئابوریه‌ شه‌رعیه‌كاندا بڕ ده‌كات‌و ده‌سته‌وسان ده‌بێت له‌به‌رامبه‌ر چالاكیه‌ ناشه‌رعى‌و ژێر به‌ژێره‌كان‌و حكومه‌ته‌كان ناتوانن له‌ریَِگه‌ى سه‌پاندنى باجه‌وه‌ ئه‌م چالاكیانه‌ بكه‌نه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ كۆكردنه‌وه‌ى داهاتى زیاتر یاخود بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى به‌كاربردنى ئه‌و كاڵایانه‌ى كه‌ زیان به‌خشه‌ له‌ڕوى كۆمه‌ڵایه‌تى‌و ته‌ندروسته‌وه‌‌و به‌م پێیه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ فراوانبونى چالاكیه‌ ناشه‌رعیه‌كان سیاسه‌ته‌ ئابوریه‌كان ناكارا‌و كورتهێن بن‌و نه‌توانرێت بكرێته‌ ئامرازیك بۆ به‌ده‌ستهێنانى ئامانجه‌ ئابوورى‌و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان.