مەگەر تاعون کۆمانکاتەوە

مەگەر تاعون کۆمانکاتەوە

716 خوێندراوەتەوە

هێشتا ئەو نەخۆشییەى کە دووچارى سەرتاپاى ئەزمونى حوکمڕانى بۆتەوە لە باشورى کوردستان نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەى کە مەترسیی لەسەر تەواوى کۆمەڵگا دروست بکات تا یەک هەڵوێست بن لەئاست چارەسەر کردنیدا. هێشتا گوشارەکانى سەر هاوڵاتى لە باشورى کوردستان نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەى کە هەنگاو بۆ گۆڕینی ڕیشەیی دەسەڵات بنرێت.

 

خۆپیشان دان و گردبوونەوەکانیش جگە لە پێدانەوەى دەرفەتێکى نوێ بە دەسەڵات و دەرفەتێک بۆ هاوڵاتیان تا هەستە پەنگ خواردووەکانى ناخیان بەتاڵ بکەنەوە شتێکى دیکە نییە، دەسەڵاتیش باش ئەزانێت کە ئەم جۆرە گردبوونەوانە هیچی لێ سەوز نابێت و لەوەش زیاتر چاوەڕوانى لێ ناکرێت لەبەر ئەوەى تەواوى هەوڵەکان (ئەگەریش سەر بگرێت) تەنها جۆرێکە لە چارەسەر کردنێکى کاتى تا ئەو دەسەڵاتە شکست خوادرووە بتوانێت لە ڕێگەى چاکسازییەوە درێژە بە ژیانى خۆی بدات.

ئاستى بەشدارى کردن لە خۆپیشاندانەکاندا پێمان ئەڵێت هێشتا زۆرینەى کۆمەڵگا لەگەڵ مانەوەى ئەم دەسەڵاتەدایە بە تەواوى کەم و کوڕییەکانیەوە. هێشا زۆرێک هەن کە بە نەمانى ئەم دەسەڵاتە بەرژەوەندییەکانیان دەکەوێتە مەترسییەوە هەر لەبەر ئەوەشە کە زۆر شێلگیر نیین لە گۆڕینی دا.

ناکرێت لە یەک کاتدا ڕەخنە لە دەسەڵات بگیرێت ولە هەمان کاتدا داواى گۆڕینیشی بکەیت. هەر جۆرە ڕەخنەگرتنێک بریتیە لە پێدانەوەى دەرفەتێکى نوێ بە دەسەڵات بۆ درێژەدان بە مانەوەى خۆى. گۆڕانکاریی ڕاستەقینە ئەبێت بە ئاڕاستەى بڕین و دەرهێنانى بەشە نەخۆشەکەى جەستە بێت نەوەک چارەسەر کردنى تا دووبارە سەر هەڵنەداتەوە.

بەڵام دیارە ئەو نەخۆشییە هێشتا ئەوەندە بڵاو نەبۆتەوە کەمەترسی لەسەر تەواوى کۆمەڵگا دروست بکات و جۆرێک لە یەک ڕیزی بهێنێتە ئاراوە. چەندین و چەند ساڵە ئەو بەشە نەخۆشە چارەسەرى کاتیی بۆ دەدۆزرێتەوە و دواى تێپەڕ بوونى ماوەیەک سەرلەنوێ سەر هەڵدەداتەوە، هەر بۆیە تا ئێستاش ئەناڵێنین بەدەست ئەو کیشانەوەى کە بەر لە 20 ساڵ بە دەستیەوە ناڵاندومانە.

 نەبوونى توانا بۆ لێکردنەوەى ئەوە بەشە نەخۆشە و بەشدارى نەکردنى تەواوى کۆمەڵگا لە گۆڕینی دەسەڵات چەندین هۆکارى هەیە کە یەکێک لە گرنگترینیان دروست بوونى ئەم جۆرە لە خۆپیشاندانانەیە کە هەستى توڕەبوون لەدەسەڵات و خواستى ڕاستەقینە بۆ گۆڕینی ناهێڵێت و هاوڵاتى دەستەمۆتر ئەکات.

،،

ئەلبێرت کامۆ لە ڕۆمانى تاعون ئەڵێت:"گەر بتەوێت تەواو خەڵک لەدەورى یەک کۆبکەیتەوە، تاعونیان ڕەوانە بکە". بەو مانایەى کە تا هەڕەشەى بوون لەسەر گیانی تاک بەتاکى کۆمەڵگا دروست نەبێت هەوڵى ڕاستەقینەى دستە جەمعى بۆ ڕوو بەڕوو بوونەوەى نایەتە ئاراوە.

کۆمەڵگەیەک بە بێ کەرتى تەندروستى و پەروەردە بتوانێت درێژەى بە ژیانى ڕۆژانەى خۆیی بدات، بەو مانایە دێت کە ئەم دوو کەرتە هیشتا بوون و نەبوونیان وەک یەکە. بەو مانایە دێت کە هێشتا ئەم دوو کەرتە هێندە ڕۆڵیان نییە لە ژیانی هاوڵاتی دا هەر بۆیە بە پەک کەوتنیشی هاوڵاتی ئەتوانێت ژیانى خۆى بەڕێوە ببات. لە ئێستادا شەقام بۆتە درێژ کراوەى دەسەڵات و دەسەڵاتیش بۆتە درێژ کراوەى شەقام. تا ئەم جۆرە لە گرد بوونەوە و دەربڕینی ناڕەزایەتى بوونى هەبێت، هیچ هیوایەک نامێنێت بۆ دروست بوونى گۆڕانکارى ڕاستەقینە لە دەسەڵات دا. گەمەى سیاسیش لە باشور شتێک نییە جگە لە گواستنەوەى بوارى کارى سیماکانى ناو دەسەڵات بۆ ناو ئۆپۆزسیۆن و دواتر گەڕانەوەیان بۆ ناو دەسەڵات بە سیمایەکى نوێوە.

کێ ئەتوانێت ڕێبەرایەتى گۆڕانکارییەکان بێت؟ هەرکەسێک بە شێوەیەک لە شێوەکان سوودمەند بووبێـت و بەشێک بووبێت لەم دەسەڵاتە، ناتوانێت ببێتە پیشەنگى گۆڕانکارییەکان. هێزێک ئەتوانێت گۆڕانکارى بکات کە هیچی نەبێت لە دەستى بدات.

ئەلبێرت کامۆ لە ڕۆمانى تاعون ئەڵێت:"گەر بتەوێت تەواو خەڵک لەدەورى یەک کۆبکەیتەوە، تاعونیان ڕەوانە بکە". بەو مانایەى کە تا هەڕەشەى بوون لەسەر گیانی تاک بەتاکى کۆمەڵگا دروست نەبێت هەوڵى ڕاستەقینەى دستە جەمعى بۆ ڕوو بەڕوو بوونەوەى نایەتە ئاراوە.

 

 

 

 

 

author photo

 

توێژه‌ر له‌ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان 

و پسپۆڕی كاروباری ئێران