ساڵی "کورۆنا" و "ماستەرەکە"

ساڵی "کورۆنا" و "ماستەرەکە"

816 خوێندراوەتەوە

ئێمە ئێستا لە زەمەنێکی تەواو مێژووییدا ئەژین، ئەو ساڵانەی کە وەك ناونیشانی گەورە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تۆمارکراون، هەست ناکەم وەك ئەم ساتەی تیایدا ئەژین شیاوی گێڕانەوە و باسکردن بن.

جا خوا بکات کە ئەم مەینەتەی بەرۆکی گرتووین وەك جەنگی تیرۆر درێژە نەکێشێت و (وەك ئەڵێن)بە تینی گەرما لەناوبچێت، ئەوە چانسێکی گەورەیە و ئەم ساڵەش دەماودەم بۆ نەوەکانمانی ئەگێڕینەوە. ئەمشەو "هەواڵەکانی کورۆنا" و "وەرگیراوانی خوێندنی باڵا" دووقۆڵی شەڕە بەندیان بوو، بۆ خوێنەر بەردەوام دەرگیری دوو دنیا و دوو هەست و دوو بیرەوەریی جیاواز و دژ بە یەك ئەبوو، پۆست و هەواڵی وەرگیراوان شادیی هێنەر و ئاسۆی ڕوونت لێوەدەرئەکەوت و پیرۆزبایی و دڵ و لایکت ئەبەخشییەوە، بەدوای ئەودا پۆست و هەواڵنامەی ئالودەبووانی کورۆنا بەر لەهەر شتێك ترس هێنەر و تاریك و بۆنی مەرگ، ناچار بە بەخشینەوەی پرسە و ماتەم و ئیمۆجیی فرمێسك و گریانت ئەکات.

ساڵی(نەخۆشی کرۆناکە) بەداخەوە ئەچێتە ڕیزی ساڵە شوومەکانەوە، ساڵی گرانییە گەورەکە، ساڵی لافاوەکەی سلێمانیی، ساڵی بەفرە سوورەکە، ساڵانی دوو جەنگی جیهانیی، ساڵی ئەنفال و کیمیاییباران، کۆڕەوەکە، ساڵانی براکوژیی، ساڵی سوون و کوللـەکە، ساڵانی چارەکە موچە، ساڵانی خۆپیشاندان و بایکۆت، ساڵی بومەلەرزەکە، ساڵی ڕیفراندۆم و فرۆشتنی کەرکوك، ساڵی تەزویری هەڵبژاردن و تەسلیمبوونی ئۆپۆزسیۆن...تد ساڵی(ماستەر و دکتۆرا زۆرەکە)ش ئەچێتە ڕیزی ساڵە هات و خۆشەکانی ئێمەوە، ساڵی بارانە زۆرەکە، ساڵی ڕاپەڕین، ساڵی مستەشار و گەنمە زۆرەکە، ساڵی پڕۆسەی ئازادیی، ساڵی دەستگیرکردنی سەددام، ساڵی کابینەکەی عەلاویی(کە زۆر دڵئاوا و دەست و دڵ جوان بوو لەگەڵ موچەخۆراندا) ساڵانی پێشینەی خانووبەرە و هاوسەرگیریی...تد چەندە کورۆنا دزێو و ڕەزا قورسە، هێندەش ئەو مرۆڤانە قیرسچمە و بێزراون کە ئامادەنین کۆبوونەوە و قەرەباڵغییەکانیان بەهەر بیانوویەك ڕاگرن، ئاخر خۆ ناکرێت کۆمەڵگا بکرێت بەقوربانی لاساریی و ملبادانی ئەم تاقم و ئەو تاقم!

،،

قەرەباڵغیی خراپە جا ئەمە لە قوتابخانەیە یان یاریگا، مزگەوتە یان کڵێسا، یانەی شەوانە یان کۆڕی زیکر و تەهلیلە، پاشتێلانەیە یان یادی هەڵەبجە، عاشورایە یان یادی ئەنفال، کافتریایە یان ڕیزی وەرگرتنی موچەی خانەنشینان، پرسە و فاتیحاخوێنییە یان شان شانێنی بازاڕ و مۆڵەکان، ناونانی مناڵ و وەلیمەیە یان دانیشتنی بەردەرگای ژنان...تد کاکە بۆ خاتری خوا

ئەمە کەی قابیلی سەروسەودایە؟! ئێمە ئەتوانین بە ڕێزگرتن لە بۆچوون و ئاین و شێوازی ژیان و میتۆدی سروتی جیاوازی یەکتر ئەم ڕۆژانە تێپەڕێنین، نەك بە عینادیی و گرەو لەسەر ئەسپی تۆپیو!

هەرچی وەرگیراوانی خوێندنی باڵان؛ زۆریی بڕوانامەی باڵا نیشانەی قۆناغێکی پێگەیوی کۆمەڵگایە، سەردەمێك ئەم بوارە بەداخەوە بەتەواویی لەلایەن حیزبەوە قۆرغ کرابوو، ئێستا تا ڕادەیەك لەگۆشەیەکەوە گۆڕاوە، بەتایبەتیی بۆ خۆم گەواهی دەیان کەیسی پڕ لە ستەم بووم لە هاوڕێ نزیکەکانم، ئێستا خۆشبەختانە زۆربەیان وەرگیراون. بەڵام لە گۆشەیەکیترەوە جێگای نیگەرانیی قوڵ و لەسەر وەستانە؛ ڕێگا دروستەکە ئەوەیە کە هانی کۆمەڵگاکەمان بدەین کە تاك بە تاك بخوێنین و تموحی بەرز و بەرزترمان هەبێت، بەدەرخستنی توانا و لێوەشاوەییمان بە دەسەڵات بڵێین کە ئێمە شیاوی ئەم سیستم و بەڕێوەبردنە نین، بەڵام بە داخەوە زۆرینەی بەرچاوی ئەوانەی کە ئەچنە خوێندنی باڵاوە بە قۆناغێکی زۆر نەرێنییدا تێپەڕ ئەبن، قۆناغێك کە گۆڕانی گەورە بەسەر گوتارییدا دێت و دەستبەرداری لایەنی کەمی ڕادیکاڵییەت ئەبێت و دەست و پەنجەی نەرم ئەکات لەگەڵ کۆمەڵێك حەکایەتدا"ئەمری واقیع" و "دوورکەوتنەوە لە میسالیەت" و "کاتی ئەوەیە بیرێك لە خۆمان بکەینەوە" ئەم جۆرە وڕێنانە!

بە هەرحاڵ جیاواز لە ژمارە، ئێمە کەیفمان سازە لەگەڵ ئەم ناودێرکردنەی ساڵدا، لە پەیجێکدا نوکتەیەکم بەرچاو کەوت، کە بەداخەوە ناوی نووسەرەکەی لەسەر نەبوو تا ئەمانەتی زانستیی ڕەچاوکەم، بۆ ئەم بارودۆخە گونجاوە، ئەڵێ: (( ساڵێکیان حکومەتی عێراق بڕیار ئەدات سەرژمێریی گشتیی بکات، جا نوێنەری نفوس ئەچێتە لادێیەك، بە خەڵکەکە ئەڵێت: وەرن با ناسنامەتان بۆ دروست بکەین. خەڵکی ئاوایی گرد ئەبنەوە لەدەوری کابرا و دانە دانە دێنە بەردەمی لەگەڵ منداڵ و خێزانیان، کابرا ئەپرسێت: -ئەمە کەی لەدایک بووە؟! +باوکی ئەڵێت: ئەمە ساڵی گرانییە گەورەکە لەدایکبووە. -ئەی ئەمەیان؟! +ئەوەیان ئەو ساڵەی ماڵی عومەری کاکە مینە کەرێکیان بوو بێ کلك بوو.

ئەم تەواو ئەبێت و خێزانێکیتر دێنە پێشەوە، لەیەکەم منداڵەوە دەست پێئەکات: -ئەمە کەی لەدایکبووە؟ +ئەمە ئەو ساڵەی خەرمانەکەی ماڵی حەمەوبەگ سوتا! -ئەی ئەم کچە کەی لەدایکبووە؟! +ساڵی بەفرە زۆرەکە. دیارە کابرای کاتب هیچ ساڵ و ژمارەیەکی دەست ناکەوێت، بۆیە زۆر قەڵس و بێزار ئەبێت و پشتی موبارەکی ئەکاتە ئەهلی ئاواییەکە و یەک (تڕ)ی زل لێئەدات، ئەڵێت: کاکە ئەوە من ساڵی تڕەکەی خۆم لە نفوس تۆمار ئەکەم، ئەمساڵ هەر منداڵێك لەدایکبوو، بڵێن: ساڵی تڕە گەورەکەی کاتبە فەنی لەدایکبووە))