بەرپرسانی پارێزگای هەڵەبجە نیشتەجێی سلێمانیین؟!

بەرپرسانی پارێزگای هەڵەبجە نیشتەجێی سلێمانیین؟!

338 خوێندراوەتەوە

لەسەروبەندی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەدا، کۆمەڵێك گەنجی هەڵەبجە کەمپەینێکیان دروست کرد، تا قەبوڵی نەکەن بەرپرسانی هەڵەبجە لە سلێمانییەوە شارەکە بەڕێوەبەرن، میکانیزم و ڕێکارەکانیان ئەگەر ئیشکالێکی هەبووبێت، ئەوا نیەت و مەبەستی کارەکەیان تەواو و بێ گرفت بوو.

مەعقول نیە تۆ شارێك بەڕەوا ببینیت پلەی ئیداریی بەرز بکرێتەوە، کەچی بە ئەتکی بزانیت ماڵەکەت بگوازیتەوە بۆ ئەوێ و لەگەڵیان ژیان بکەیت، موجەمەلەیان بکەیت و بە پێشڕەوی نیشتیمانپەروەری ناویان بەریت و سروشتەکەی بە دڵڕفێن و ئەفسووناوی وێنابکەیت و کەچی بێزت نەیەت لەگەڵیان بژیت؟!

لە ئێستاشدا کۆمەڵێك گەنج لەم سەردەمی کورۆنایەدا پرسیارێکی جدییان لەسەر جێگای مانەوەی بەشێك لەبەرپرسان دروست کردووە، دیسان کارێکی زۆر ڕەوایە، بەڵام ڕەنگە گرفتەکە لە جێگایەکیتر بێت، کە مرۆڤ ئەتوانێت کتێبێك لەسەر پرۆسەکە یاداشت بکات، بەڵام بە کورتیی؛ یەکێك لە فەشەلە زۆر دیارەکانی پارتیی و یەکێتیی، بریتییە لە بەسەنتەرکردنی هەولێر و سلێمانیی، واتە پارتیی فۆکەسی لەسەر هەولێرە و یەکێتییش لەسەر سلێمانیی«هەڵبەت مەبەست لە یەکێتیی پێش دروستبوونی گۆڕانە» بۆیە کەسێك بۆ ئەوەی هەست بکات پارتییەکی زۆر تەواوە، ماڵەکەی ئەباتە هەولێر و یەکێتییش بۆ سلێمانیی، ئەمە چووەتە نەستی کۆمەڵێك خەڵکی بێلایەن یان لەدەرەوەی ئەو دوو حیزبەش کە فیعلەن ئەبێت فریاکەون لە ژیانی «شار» دانەبڕێن، هەرچییان کردووە فریای کڕینی خانوویەك، شوقەیەك، زەوییەك لەو دوو شارە بکەون، تا لە کاروانی «شارستانییەت» دانەبڕێن!!

،،

با ڕووڕاست بین بەناو ڕۆشنبیر و مامۆستای زانکۆ نەمان لەشارەکانیتردا و هەموویان ڕوویان لە هەولێر و سلێمانیی کرد

بە ئاشکرا پێت ئەڵێن «چۆن تاقەتتان هەیە لە غەیری ئەو دوو شارە بژین؟!» ئەمە تەنیا بۆ هەڵەبجە نییە، کەلار و ڕانیە و چەمچەماڵ و قەڵادزە و پێنجوێن و کۆیە و سۆران و ڕەواندوز و سەیدسادق و دەربەندیخان و کفریی و تاد هەر وایە، زۆربەی قایمقامەکانیان، بەڕێوەبەری زۆربەی فەرمانگەکانیان، سەرۆکی زانکۆ«ئەگەر هەیان بێت» لەو دوو شارە ئەژین و ڕۆژانە بە تاقەت ئەچن بۆ قەزاکان، ناحیەی دوورە دەست و سەرسنوور هەیە کابرایەکی مەغمور و بێ ناو کراوە بە بەڕێوەبەری، ئامادە نیە ماڵ بباتە ناحیەکە و دەوامی ژن و مناڵەکانی بۆ بگوازێتەوە، سبەینان هەڵئەسێت سەر و ڕیش و سمێڵ ئەتاشێت، قۆنەرەکانی بۆیاخ ئەکات و بەکاوەخۆ هەنگوین و گوێز و ماستی خۆماڵیی بەرتیل ئەخوات و هەڵتەك هەڵتەك سەعات 10 ئەگاتە ناحیەی قوڕبەسەر و سەعات 1 بەجێیئەهێڵێت!!

تەنانەت ئەو کەرکوکەی کە بە دروشم«قودس و دڵ»ـە لەلایان، بەرپرسە ئیدارییەکانی سەعات 10ی بەیانی لە سلێمانیی و هەولێرەوە پێیئەگەیشتن و سەعات 1ی نیوەڕۆ بەپەلە جێیان ئەهێشت بەسەر کۆمەڵێك بەرپرسی دیاریکراودا، تا وەك دەستێك دۆمینە و باسانایی دۆڕاندییان!!

لە هەڵەبجە ئەمە تۆختر دەرکەوتووە، چونکە چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنی چاویان تیژتر و نموونەکانیش بەردەستترن، ئاخر بەجدیی هەڵەبجە ئەوەندە کراوە بە کاولستان، کەس تیایدا نیشتەجێ نابێت، مەعقولە زۆرترین منداڵە دۆزراوەکان(ئەوانەی ون بووبوون و پاشتر خۆشبەختانە بە ئازیزانیان شاد بوونەوە) نیشتەجێی هەڵەبجە نین، لە سلێمانیی و هەولێر ئەژین؟!

،،

زۆرترین هەڵەبجەیی ڕەسەن، ئێستا هەڵەبجە بەشیاوی ژیان نازانێت، ئەم شارە کە ڕێژەی بڕوانامەی باڵا تیایدا لە ئاستێکی زۆر باشدایە، کەمترینیان کە ئەبنە خاوەنی ماستەر و دکتۆرا ئەم شارە بە شیاوی مانەوە ئەبینن!!

بەڵێ داڕزینە بۆ کەسێك کە بەرپرسیارێتیی لە جێگایەکدا وەربگرێت و لێی نیشتەجێ نەبێت، بەڵام بەبڕوای من باسەکە لەمە قوڵترە، ئایا ناوەندگەرایی و حوکمی سەقەتی دەسەڵات ئەم جیاوازییەی نەسازاندووە؟!

ئایا نەئەبوو هیچ نەبێت وەك ڕژێمی دیکتاتۆری سەدامیی، بەرپرسانی ناچار بکردایە کە ماڵەکەی بگوازێتەوە بۆ ئەو شارەی بەرپرسیارێتیی تیادا وەرگرتووە؟! تا پێویست نەکات ئێمە هەر ڕۆژە و کەمپەینێك وەڕێ بخەین؟!

یەکێك لەو دۆستە دڵسۆز و خەمخۆرانەی هەڵەبجە لەم ماوەیەدا ووتی: منیش بێ هیوا بووم لێرە، ئەمەوێت بیانوویەك بدۆزمەوە بۆ جێهێشتنی! لەو بارەیەوە نوکتەیەکی گێڕایەوە، کە ئەکرێت ئەویش وابکات؛ لە ساڵی 1987دا کە بەبۆنەی خۆپیشاندانی 13ی5ـەوە بەشێك لە دانیشتوانی هەڵەبجە و شارەزوور ئەچنە ئێران، پیاوێك زۆر بەدڵگەرمیی و بەهیوای ژیانێکی باشتر ڕوو لە ئێران ئەکات، بەڵام لەوێ ژیانی ئۆردوگا زۆر ئەستەم ئەبێت، بۆیە دەست ئەکات بە پاساوهێنانەوە بۆ گەڕانەوە بۆ عێراق، بە خزم و هاوڕێکانی ئەڵێت: من ئەگەڕێمەوە، بەڕاستیی زۆر بێ مەعنایە مانەوە لەم ئێرانە.

پێی ئەڵێن: چی بووە بەقوربان؟ ئەڵێ: چۆن هیچ نەبووە، ئاخر مەعقولە خەڵك لە دوای پەیکان بارییەوە سوار ئەبێت؟! مەبەست لە پەیکان باریی (سەیارەی بار)ـە!