ئابوورى جیهان لە سەردەمى کۆرۆنادا

ئابوورى جیهان لە سەردەمى کۆرۆنادا

1392 خوێندراوەتەوە

ئەیوب حەسەن

کۆتایی ساڵى ڕابردوو، جیهان بە شەپۆلێکى نوێی ڤایرۆسى کوشندە ئاشنا بوو کە بەدواى خۆیدا کۆمەڵێک کێشەى دەروونى، ئابوورى، کۆمەڵایەتى، پزیشکى و سیاسى بەجێهێشت، سەربارى ئەوەیش بەتەنها وەک بابەتێکى پزیشکى نەمایەوە بەڵکوو توانى زەفەر بە کۆى کایەکانى ژیان بەرێت، هەرزویش بوو بە "سەبجێکتێکى" گرنگ بۆ گفتوگۆ و توێژینەوەى زانستى. ئەوەى ئەو هێزەى بەخشى بە ڤایرۆسەکە خێرایی بڵاوبوونەوە و نەبوونى چارەسەرى پزیشکی [ڤاکسین] بوو، ئەمانە بوارى دا بە کۆڤیدنۆزدە بۆ ئەوەى بە کیشوەرە جیاوازەکان پەلبهاوێژێت.


یەکێک لەو دەرئەنجامە دەروونیانەى کە ڤایرۆسەکە لەگەڵ خۆیدا بڵاوى کردەوە "ڕۆشنبیرى ترس" بوو، بە جۆرێک کاریگەرى درووست کرد کە چەمکى دوورى کۆمەڵایەتى (social distance) و کەرەنتینەى لە سەرئاستى جیهان بڵاوکردەوە. ئەم ترسە بەتەنها لە مەوداى دەروونییدا نەمایەوە بەڵکوو گەیشتە دامەزراوە ئابوورییەکانیش و، بەشێکى زۆرى کەرتە ئابوورییەکانى وەستاند، بەکورتى ئەو ترسەى کە ڤایرۆسەکە خوڵقاندى ڕەنگدانەوەیەکى جدى هەبوو لەسەر ئابوورى جیهان.

،،

بەشێوەیەکى گشتى، گۆڤیدنۆزدە وەک بکەرێکى نێگەتیڤ پەیوەندییەکى پێچەوانەى لەگەڵ ئابووریدا درووست کرد

سرووشتی ئەو پەیوەندییەکە بەم چەشنەیە؛ تا ڤایرۆسەکە زیاتر پەرەبسێنێت ئەوا ئابوورى جیهانى زیاتر پاشەکشە دەکات. ڤایرۆسەکە لە هەناوى دوەم گەورە ئابوورى جیهانەوە دەرکەوت، دواتریش بوو بە مۆتەکەى سەر ئابوورى و بەردەوام خەریکى بنکەنکردنى باڵادەستى ئابوورى جیهانە و، ئەمرۆیش لەسەر ئاستى جیهانى ئابوورییە جیاوازەکان بەدەست کاریگەرییەکانییەوە دەناڵێنن.


ئابووری جیهان و کۆرۆنا

دەرئەنجامە ئابوورییەکانى کۆڤیدنۆزدە، هەر لە یەکەم چرکەساتى بڵاوبوونەیەوە دەرکەوت، ئەو کاتەى کە دەستەڵاتدارانى چین حاڵەتى کەرەنتینەکردنیان ڕاگەیاند، ئیتر کۆڕانێکى ڕیشەى بەسەر مرۆڤدا هات، بەکورتى مرۆڤى لە بوونەوەرێکى بەرهەمهێنەرەوە گۆڕى بۆ بوونەوەرێکى بەکاربەر، ئەم پڕۆسەیەیش بەماناى باڵادەستى مرۆڤى بەکاربەردێت بەسەر مرۆڤى بەرهەمهێنەردێت و، هاوسەنگى نێوان بەرهەمهێنان و بەکارهێنانیش تێکچوو.


بەشێوەیەکى گشتى کەرتە ئابوورییەکان لەسەردەمى کۆرۆنادا دابەشبوون بەسەر دو بەرەدا، بەرەیەکیان کە زۆرینەى کەرتە ئابوورییەکان لە خۆدەگرێت تووشى زیانێکى کەمەرشکێن بوون وەک؛ کەرتى فڕۆکەوانى، گەشتوگزار، پیشەسازى، ئەلیکترۆنى و بازاڕەکانى بۆرسە و هتد، زیانەکانى ئەم کەرتانە بە ملیارەها دۆلار دەخەمڵێنرێت.


بەرەى دوەمى کەرتە ئابوورییەکان، ئەوانەبوون کە بەهۆى ڤایرۆسى کۆرۆناوە توانیان بە ملیارە دۆلار قازانج بکەن و نرخى پشکەکانیشیان لە بۆرسەکانى جیهانییدا بەهۆى کۆڤیدنۆزدەوە بەرزبوویەوە، ئەوانیش کۆمپانیاکانى بوارى دەرمانى پزیشکى و ڤاکسینین وەک کۆمپانیاى "نۆفاڤاکس" و "ئینۆفیو فارما سیتوکان"، هەروەها کۆمپانیاکانى جلوبەرگى پزیشکى و ماسکیش بەهەمان شێوە قازانجیان کرد، ئەمانەیش وەک کۆمپانیاى "ئەلفا برۆتک"ى کەنەدى و "تاوباو"ى چینی.

،،

بەهۆى وەستانى ئابووری جیهانییەوە، خواست لەسەر نەوتى بەڕێژەیەکى بەرچاو نزمبوویەوە

ئەمەیش کاریگەرى ڕاستەوخۆى هەبوو لەسەر ئابوورى ئەو وڵاتانە هەبوو کە داهاتەکەیان بە ڕێژەیەکى زۆر پشت بە داهاتى نەوت دەبەستێت، سەربارى ئەوەیش ئەو وڵاتانە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکەوە لەناوخۆدا تووشى هەڵکشانى خەرجى بوونەوە.


بەشێوەیەکى گشتى زیانە ئابوورییەکانى ڤایرۆسەکە بە گوێرەى کاریگەرییەکانى لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکى دیکە جیاوازە، بەگوێرەى لێدوانێکى "ڕۆجەر داو"ى بەڕێوبەرى بەشی جێبەجێکردنى دەستەى گەشتوگوزارى ئەمریکا، کۆرۆنا ڤایرۆس بە بڕى ٨٠٠ ملیار دۆلار زیانى بە ئابوورى ویلایەتە یەکگرتووەکان گەیاندووە. بەگوێرەى هەواڵێکى پێگەى ئەلیکترۆنى "ڕوسیائەلیوەم"، چین بڕى ١٤٣ ملیار دۆلار زیانى بەرکەوتووە. بەگوێرەى زانیارییەکان بڕى زیانەکانى ئیتاڵیا مانگانە ١٠٠ ملیار دۆلارە و، وڵاتانى دیکەیش ملیارەها دۆلار زیانیان بەرکەوت.

پێشبنییەکان بۆ ئابوورى جیهان

زۆرینەى پێشبینییەکان بۆ ئابوورى جیهان ڕەشبينانەیە، ئەم ڕەشبینیەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو وەستان و پاشەکشێ ئابوورییەى کە ڤایرۆسى کۆرۆنا خوڵقاندوویەتى، هەندێکیش لە ئابووریناسان پێشبینى ئەوە دەکەن کە ئابوورى جیهان لەم ساڵدا بچێتە قۆناغى سستى ئابوورییەوە. بانکى "گۆڵدمان ساکس"ى ئەمریکى پێشبینى ئەوەى کردووە کە ئابوورى جیهانى لە ساڵى ٢٠٢٠دا بە ڕێژەى ١% پاشەکشە بکات، بانکى "بلومبیرگ"یش هەمان پێشبینى بۆ ئابوورى جیهان کردووە. ئاژانسى "ستاندرد ئاند بورز گلۆباڵ"یش پێشبینى ئەوەى کردوە کە ئابوورى جیهان لەم ساڵدا تووشى بێبازاڕییەکى مەترسیدار ببێتەوە.
لەلایەکى دیکەوە بانکى "گۆڵدمان ساکس" پێیوایە کە ئابوورى ئەمریکا بەڕێژەى ٢٥% پاشەکشە دەکات، بەڵام دامەزراوەى دارایی ئەمریکى "مۆرگان ستانلى" پێشبنیى ئەوەى کردووە لەم ساڵدا ئابوورى ئەمریکا بەڕێژەى ٢٠ % پاشەکشە بکات.


بەگوێرەى پێشبنییەکانى بانک و دامەزراوە ئابوورییەکان، ئابوورى ناوچەى یۆرۆیش بەهەمان شێوە تووشى پاشەکشە دەبێتەوە. بانکى "گۆڵدمان ساکس" پێشبینى کردووە کە ئابوورى ناوچەى یۆرۆ بە ڕێژەى ١٤% پاشەکشە بکات و، بانکى "جى پی مۆرگان"ى ئەمریکایش پێوایە ئابوورى چین بە ڕێژەى ٤٠% پاشەکشە دەکات. سەبارەت بە ئابوورى ئاسیایش، "بانکى ئاسیا بۆ گەشەى ئابوورى"، پێشبنى ئەوەى کردووە کە ئابوورییە گەشەسەندووەکانى کیشوەرى ئاسیایش بەڕێژەى ٠.٢% بۆ ٠.٥% پاشەکشە بکات.


ئەو پێشبنیانەى کە بۆ ئابوورى جیهانى کروان، بە ئاڕاستەى ڕەشبینیدان، سەرچاوەى ئەم ڕەشبینییە بۆ ئەو کاریگەریانەى کۆرۆنا ڤایرۆس دەگەڕێتەوە لەسەر ئابوورى جیهان. سەربارى ئەوەیش هەندێک لە ئابووریناسان پێیان وایە کە تا چەند ساڵى داهاتوویش کاریگەرى کۆرۆنا بەسەر ئابوورى جیهانەوە بمێنێتەوە و، هەندێکى دیکەیش پێیان وایە کە قەبارەى زیانەکانى کۆڤیدنۆزدە لە قەیرانى دارایی ساڵى ٢٠٠٨ گەورەترە و جیهانیش ماوەیەکى زۆرتر بەدەستییەوە دەناڵێنێت، چوونکە ڤایرۆسەکە تا ئێستا هیچ چارەسەرێکى نییە و ئەگەرى مەترسییەکانیش زیاترە.
ئیفلیجبوونى ئابوورى جیهانى دەگەڕێتەوە


ئەیوب حەسەن - ئابووریناس

 

author photo

ئابوریناس