بۆچى كوردو سووننه‌ به‌خێرایی پشتیوانییان بۆ كازمى ڕاگه‌یاند؟

مسته‌فا كازمی لە نێوان پشتیوانان و نەیارانیدا

بۆچى كوردو سووننه‌ به‌خێرایی پشتیوانییان بۆ كازمى ڕاگه‌یاند؟

487 خوێندراوەتەوە

عه‌لی حاجی زه‌ڵمی

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی گوێبیستی ئه‌بین و ده‌یبینین له‌ پشتگیری و پشتیوانی بۆ موسته‌فا كازمی كه‌ ڕاسپێردراوه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی كاتی له‌لایه‌ن سه‌ركرده‌ی كوتله‌ سیاسیه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌، چ وه‌ك لایه‌نی شیعی كه‌ نوێنه‌رایه‌تی ئه‌وان ده‌كات، چ وه‌ك كورد و سوننه‌ و توركمان و مه‌سیحی...هتد كه‌ پشتگیری ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش وه‌ك پێشبڕكێی لێهاتووه‌ بۆ پشتیوانی و پشتگیریكردنی، به‌ڵام دەتوانین بەروونی تێبینی ئەوە بكەین كە ئەم پشتگیرییە رەهایە بێ هۆكار نییە.

،،

كاتێك ورد ده‌بینه‌وه‌ بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ پشتگیری كوتله‌ی كورد و سوننه‌ له‌به‌ر خۆشه‌ویستیان نییه‌ بۆ شیعه،‌ به‌ڵكو بۆ به‌ده‌ستهێنانی مه‌رام و مه‌به‌ستی خۆیانه‌

چونكه‌ پێیانوایه‌ به‌بونی كازمی ده‌توانن ئه‌و ئامانجانه‌ بێننه‌ دی و له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی ناكۆكی زیاتری نێوماڵی شیعه،‌ چونكه‌ ده‌زانن له‌م كاته‌دا كوتله‌ شیعه‌كان ناتوانن كۆده‌نگ بن له‌سه‌ر تاكه‌ كاندیدێك، له‌ ئه‌گه‌ری یه‌كده‌نگبوونی شیعه‌ له‌سه‌ر كاندیدێك مه‌رامه‌كانی كورد و سوننه‌ نادیده‌ ده‌گیرێن، بۆیه‌ كورد و سوننه‌ له‌م كاته‌دا ئه‌م هه‌له‌یان قۆستووه‌ته‌وه‌و پشتگیری له‌ كازمی ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ڕابردوو به‌تایبه‌ت دوای ڕزگاركردنی عێراق له‌ چنگی ڕژێمی به‌عس تا به‌ ئه‌مڕۆ، لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانی عێراق هیچ كات كۆده‌نگ نه‌بوون له‌سه‌ر كه‌سێك ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌ك كه‌ ڕۆڵی هه‌بێ له‌ بونیادنانه‌وه‌ی عێراقدا.

بۆیه‌ ده‌بینین حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌ دوا یه‌كه‌كان له‌ به‌غداد شكڵین و ناتوانن ڕۆڵی حكومه‌تێكی مه‌ركه‌زی و كاریگه‌ر بگێڕن له‌ وڵاتدا، چونكه‌ بڕیاره‌كانی ته‌نها له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت كه‌ ده‌نگی پێده‌ده‌ن و پشتگیری ده‌كه‌ن و به‌شدارن تێیداو له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆشیاندایه‌، ته‌نانه‌ت وای لێهاتووه‌ كاره‌كانی حكومه‌ته‌كانی عێراق پێچه‌وانه‌ بووه‌ته‌وه‌، حكومه‌ت ئه‌جێندای حیزبه‌كان و بگره‌ وڵاتان جێبه‌جێ ده‌كا كه‌ ده‌بوو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بێت.

بۆیه‌ به‌م بارودۆخه‌ی ئێستاوه‌ و به‌م شێوه‌ په‌رش و بڵاوه‌ و ئه‌و جیاوازی و ناكۆكیه‌ قوڵه‌ی له‌ناو كوتله‌ سیاسیه‌كاندا هه‌یه‌، ئه‌سته‌مه‌ بتوانرێ حكومه‌تێك پێكبهێنرێت و دابمه‌زرێت كه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ركه‌زی به‌سه‌ر هه‌موو عێراقدا بچه‌سپێنێت له‌ باكووره‌وه‌ بۆ باشوور به‌كورد و سوننه‌ و شیعه‌ و هه‌موو پێكهاته‌كانی تره‌وه‌ و ده‌ستوور و یاسا سه‌روه‌ر بن له‌ وڵاتدا.

ئه‌م بارودۆخه‌ش بووه‌ به‌ گۆمێكی لێڵ بۆ ئه‌وانه‌ی ئاره‌زوومه‌ندن له‌ناو ئاوی لێڵدا مه‌له‌ بكه‌ن و بتوانن به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیان بپارێزن و ئامانجی خۆیان بهێننه‌ دی، كه‌ خۆی له‌ كۆكردنه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و ساماندا ده‌بینێته‌وه‌، به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی و حیزبیان خستوه‌ته‌ پێش به‌رژوه‌ندی گه‌ل و وڵاته‌وه‌.

بۆیه‌ ده‌توانین به‌ ڕاشكاوی دان به‌وه‌دا بنێین كه‌ ته‌شكیلكردنی حكومه‌تێك كه‌ بتوانێت حوكمی سه‌رتاسه‌ری عێراق بكات له‌م كاته‌دا خه‌ونه‌ و دووره‌ له‌ واقع، ئه‌م كابینه‌یه‌ی موسته‌فا كازمی ئه‌گه‌ر تێپه‌ڕێت ته‌نها حكومه‌تێكی شكڵی و ڕه‌مزی ده‌بێت، ناتوانێت ئه‌ركه‌كانی به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسایی و یاسایی پیاده‌ بكات، چونكه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ڕازیكردنی سه‌ركرده‌ و كوتله‌ سیاسیه‌كان بونیاد ده‌نرێت.