د. هادی محەمەد: سلێمانی لەژێر کۆنترۆڵدایە، بەڵام لە مەترسی دەرنەچووە

د. هادی محەمەد: سلێمانی لەژێر کۆنترۆڵدایە، بەڵام لە مەترسی دەرنەچووە

464 خوێندراوەتەوە

 لەم دیدارەدا لەگەڵ "دیپلۆماتیک مەگەزین" دکتۆر هادی محەمەد سەرپەرشتیاری گشتی نەخۆشخانەکانی تایبەت بەڤایرۆسی کۆرۆنا لەشاری سلێمانی، باس لە بارودۆخی نەخۆشخانەکانی تایبەت بەکۆرۆنا لەشاری سلێمانی دەکات و ئاماژەبەوە ئەدات کە لەئێستادا دۆخەکە لەشاری سلێمانی لەژێر کۆنترۆڵدایەو سەبارەت بە چارەسەرکردن بەپلازماش دەڵێت:" ئێمە لەسەر ئاستی ناوچەکە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئێران و تورکیاو تا ھندستانیش یەکەم کەس بووین لەشاری سلێمانی دوو نەخۆش وەریانگرت و ھەردووکیشیان باش بوون و چونەتە ماڵەوە".

دیپلۆماتیک مەگەزین: ڕەوشی نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا لە سلێمانی چۆنە؟

د. ھادی محەمەد: ڕەوشی نەخۆشەکانی تایبەت بە کۆرۆنا زۆرباشە، ئێمە دوو شوێنمان ھەیە، سەرچنار و شەھیدئاسۆمان ھەیە. بەشی سەرچنار بۆ ئەو نەخۆشانەیە کە گومانیان لێدەکرێت و لەوێ داخڵیان دەکەین تا یەکلایدەبنەوە. ئەگەر دەرکەوت کۆرۆنایە دەیانگوازینەوە بۆ شەھید ئاسۆ، لەوێ چارەسەریان دەکەین. تا ئێستا ڕەوشی ھەردوو نەخۆشخانەکە باشە ئیشەکان بەباشی دەڕوات بەڕێوە.

دیپلۆماتیک مەگەزین: ڕێژەیی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێستادا چەندەو ڕەوشی تەندروستیان لە چ ئاستێکدایە ؟

د. ھادی محەمەد: ئێستا نزیکەی (١٢)نەخۆشمان ھەیە . ھەموویان بارودۆخیان باشە، تەقریبەن دەتوانم بڵێم لەو (١٢) نەخۆشە ھیچیان لەسەر چارەسەر وەرگرتن نین و زۆرباشن. بەس چاودێریان دەکەین تا پشکنینەکانیان نێگەتڤ دەبن و ئەیاننێرینەوە.

دیپلۆماتیک مەگەزین: مەترسییەکان لە شاری سلێمانی کە لایەنی تەندروستی باسی دەکرد دەگوترا قۆناغی مەترسییە، ئێستا دەتوانین بڵێین سلێمانی لە قۆناغی مەترسی دەرچووە؟

د. ھادی محەمەد: سلێمانی لە قۆناغی کۆنتڕۆڵدایە، بەڵام ھیح شوێنێک لە دنیادا سەلامەت نیە و لە مەترسی دەرنەچووە. ھەرکاتێک قەرەباڵغی دروستبێت ئەگەری ھەیە سەرلەنوێ نەخۆشی پەیدابێتەوە و ژمارەی نەخۆشەکان زیادکاتەوە، دەتوانین بڵێین سلێمانی لەژێر کۆنتڕۆڵدایە، بەڵام لە مەترسی دەرنەچووە.

دیپلۆماتیک مەگەزین: پسپۆڕانی پزیشکی دەڵێن ھەموو ڤایرۆسێک سەرەتا و کۆتایی ھەیە، ڤایرۆسی کۆرۆنا دەتوانین بڵێین کەی کۆتایی دێت؟

د. ھادی محەمەد: بەڕاستی کۆتایی ڤایرۆسی کۆرۆنا چەنە ھیچ کەس ناتوانێت پێشبینی بکات، بەڵام ئەتوانین بڵێین تا وەرزەکە گەرمتربێ باشترە، لەوانەیە ھەندێ وڵات ھەیە ساردە، بەتایبەتی ئەوروپیەکان پێشبینی ئەوە دەکەن ئەمە درێژە بکێشێ، لەبڵاوکراوەکانی ئەڵمانیدا بینیومە کەتا (٨⁄٣١) ھەرچی یاری تۆپی پێکانە وەستاوە و دەستپێناکاتەوە، بە بۆچونی من کەم دەبێتەوە زۆریش لای ئێمە بەس لەوانەیە ناو بە ناو نەخۆش ھەر ھەبێت، بەس ئەوە نەبێ کاریگەری بکا بەتایبەتی بۆ ئەم وڵاتانەی خۆمان، کۆتاییەکەی لە سەدا سەد دیارنیەو کەسیش نازانێ، چونکە ئێمە لەبەر ئەوەی نازانین یەکەم سیستەمی بەرگری لەش دەتوانێت بەرگری بۆ ئەم ڤایرۆسە دروستکاو بمێنێتەوە تا ماوەیەکی زۆر یان بەرگرییەکەی کە دروستیدەکا کورتخایەنەو زوو کۆتای دێت.

چونکە ھەندێ دژە تەن ھەیە کە دروست دەبێ ماوەیەکی زۆر ئەمێنێتەوە و کۆنتڕۆڵی نەخۆشیەکە دەکات، بەس جاری وایە کەمە، ماوەکەی کەمەو کورتەو زووکۆتاییئەگەری هەیە ئێمە توش ببینەوە، لەبەر ئەوە کۆتاییەکەی ڕوون نییە بۆ ئێمەش.

دیپلۆماتیک مەگەزین: ھەندێ کات ئەوکەسانەنی دوای توشبونیان بە ڤایرۆسەکە کە چاک دەبنەوە لەکۆمەڵگە بە چاوێکی ترس و جیاواز تەماشا دەکرێن ھۆکاری ئەمە بۆچی دەگێڕیتەوە؟

د. ھادی محەمەد: ئەوە یەکەم پەیوەندی بەو ترس وتۆقاندنەوە ھەیە کە لەدنیادا لەسەر کۆرۆنا دروستبووە وە نەخۆشی کۆرۆنا بەڕاستی تا ئێستاش نەخۆشیەکی تۆزێ غەریبەو وازح نیە، لێڵە تەمومژی زۆرە یەانی نازانین بزەبت لەکوێوە ھاتووە چۆن ئەڕوا چی ئەکا، بۆ لە ھەندێ وڵات زۆرخراپە بۆ لەھەندی وڵات زۆر بێدەنگە، بۆچی وڵاتە ھەژارەکان بە سوکی دەیگرن، ئەو وڵاتانەی کە شەڕیان تیایە بۆچی کەمتر ڤایرۆسی کۆرۆنای تیایە، ئەو وڵاتانەی کە زۆر پێشکەوتون بۆچی زۆر بە خراپ دەیگرن و زۆر بڵاودەبێتەوە خەڵکێکی زۆر دەکوژێ، ئەم ھەڵایەی لەسەر کۆرۆنا دروستبووە کاریگەری ھەیە لەسەر ئەوەی کە بەچاوێکی تر سەیری ئەوانە دەکرێ کە توشی نەخۆشی کۆرۆنا بون، دوو پەیوەندی بە تێگەشتنی کۆمەڵگاوە ھەیە لەو نەخۆشیە، کۆمەڵگای ئێمە بەڕاستی وەکو گەڕوگولی مامەڵە لەگەڵ کۆرۆنادا دەکات، زۆر نەخۆشمان ھەیە ئێمە نەخۆشەکانمان بەڕاستی کێشەیان ئەوەنیە تۆشی کۆرۆنابوون کێشەیان ئەوەیە دەرو دراوسێکە خزم و دۆست و ناسیاویان مامەڵەیەکی باشیان لەگەڵا ناکەن، بۆیە ھەندێکیان توشی ھەڵچونی دەروونی دەبن بە بۆچوۆنی من پەیوەندی بەو دووانەوە ھەیە.

دیپلۆماتیک مەگەزین: جەنابت لە قسەکانت دەڵێیت ئەم نەخۆشیە زۆر تەمومژاوی و لێڵە نازانین سەرچاوەکەی چییە، دەکرێت بڵێین ئەمە ڤایرۆسە دەستکردی مرۆڤە؟

د. ھادی محەمەد: ھیچ کەس ناتوانێ بڵێ بەڕاستی ئەمە دروستکراوە، یەکێ لەئەگەرەکان ئەوەیە کە ئەمە چەکی بایەلۆجیبێت بەکارھاتبێ، بەڵام ئێمە بەڵگەمان پێنیە، ئێمە ناتوانین بڵێین ئەمە دروستکراوەو ھیچ بەڵگەیەکمان پێنەبێ، بەڕاستی ڕوون نیە کەس نازانێ چۆن دروست بووە، لەکوێوە ھاتوەو چۆن ھاتووە، من تەسەورم وایە ڕۆح لەبەر دروستناکرێ، بەڵام دەستکاری دەکرێ، یانی شتێک ھەیە پێی دەڵێن دەستکاریکردنی جیناتی حەیوانات و ڕۆح لەبەر ئەکرێ بکرێ ،ئەمە لەوانەیە ڤایرۆسێکی سەلامەت بوبێ و دەستکاریکرابێت و گۆڕانکاری بەسەرا ھاتبێ، بەڵام بەڵگەم نیە، تا ئەم خولەکەش دەڵێن لە شەمشەمە کوێرەوە ھاتۆتە دەرەوە و گەشتۆتە مرۆڤە بڵاوبۆتەوە.

دیپلۆماتیک مەگەزین: لە ئێستادا لەسنوری پارێزگای سلێمانی ھیچ نەخۆشێک ھەیە لە ژێر چاودێری چڕی پزیشکیدا بێت؟

د. هادی محەمەد: لەسنوری پارێزگای سلێمانی ھیچ نەخۆشێکمان نیە لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدابیت، ھەموویان زۆر باشن و بارودۆخی تەندروستیان جێگیرە .

دیپلۆماتیک مەگەزین: لە زۆربەی وڵاتان ڤاریۆسی کۆرۆنا زۆر بەتوندی بڵاودەبێتەوە، بەڵام لەکوردستان بە پێچەوانەوە، ھۆکاری ئەمە دەگوترێت ئەو پێکوتانەیە لە لەماوەی ساڵانی پێشوو وەرمان گرتووە بەڕێزت وەک پسپۆڕێک تا چەند ئەم قسانە ڕاستن؟

د. ھادی محەمەد: بەڕاستی وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستی بەتوێژینەوەیە، ھیچ بەڵگەیەکی زانستی بەھێزمان لەلا نیە بۆ ئەوەی بڵێین بۆچی لێرە وایە و لەئەوروپا وایە، خۆ ھەر ئەو ڤایرۆسەیە کە لە ئێران ھاتۆتە ئێرە، ھەر ئەوەی چینە ھاتۆتە ئێرە، بۆچی لە ئێران وایە، بۆچی لێرەوایە، بەڕاستی ڕوون نیە، لەوانەیە بەشێکی پەیوەندی بەو ڕێکارە توندانەوە ھەبێ کە ئێمە زوو گرتمانە بەر وەک قەدەغەی ھاتوچۆو ڕاگرتنی پڕۆسەی خوێندن و داخستنی مزگەوتەکان و نەھێشتنی قەرەباڵغی، ئەمە بەشێکی زۆر زۆر باش بوو، چونکە ئەمە باشترین ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشیەکەبوو شتی تر نەبوو، بە چارەسەر کۆنتڕۆڵناکرێ، تا قەرەباڵغی کەمتربێتەوە نەخۆشیەکە کۆنتڕۆڵکردنی ئاسانترە، دەربارەی ئەوەی پەیوەندی بە سیستمی بەرگری لەشمان ھەیە یاخود پەیوەندی بەو پێکوتەیەوە ھەیە کە دژی سیل دەکرێ بە منداڵی ئەمانە ڕوون نیە و بەڕاستی نازانین ئەوە توێژینەوە بەردەوامە لەسەری جارێ دەرنەچووە، ئەوە دوو سێ مانگی پێدەچێ، بەڵام بۆچی خۆ ھەر ئەو کوردانەی خۆمانە لەئەوروپا دەیگرن بەخراپی دەیگرن و دەمرن چەند کوردێک لەئەوروپا بە کۆرۆنا تائێستا مردوون، خۆ ئەوانیش وەک ئێمە پێکوتەی دژە سیلیان وەرگرتوە، بەڵکو ئێرانیش ھەیەتی ئێرانیش لە ساڵی (١٩٨٤) وە پێکوتەی دژە سیلی ھەیە ئەی بۆ لەوێ خراپە بزەبت نازانین پەیوەندی بە چیەوە ھەیە، پەیوەندی بە کەش و ھەواوە ھەیە پەیوەندی سیستەمی بەرگری لەشی ئێمەوە ھەیە پەیوەندی بەوڕێکارانەوە ھەیە کە لێرە گرتومانەتە بەر، نازانین بەڵگەیەکی زانستی بەھێزمان نیە.

دیپلۆماتیک مەگەزین: ھەندێک دەڵێن ڤایرۆسی کۆرۆنا جۆری قورس و سوکی ھەیە ئایا ئەم ڕایە تاچەند ڕاستە؟

د. ھادی محەمەد: قورس و سوکی ڤایرۆسی کۆرۆنا یەک توێژینەوە ھەیە دەڵێ دوۆ جۆری ھەیە (ئێڵ ، L و S ئێسی) ھەیە و( ئێڵەکە L) زۆر خەتەرەو ئەوەی تریان زۆر سوکە، بەڵام ئەوانەی لە ڤایرۆلۆجیا ئیش دەکەن زۆر لەگەڵ ئەمەیا نین، چونکە ئەمە تەنیا یەک توێژینەوەیە بەڵگەی بەھێزی لەسەر نیە، ئەوەی ھاتووە لە ئێرانەوە ھاتووە ئەوەی ئێرانیش لە چینەوە ھاتووە، لەماوەی یەک دوو مانگدا گۆڕانی سورعەت و ڕیشەی لە ڤایرۆسەکەیا ڕوونەیا، بۆیە ئێمە تەسەور دەکەین ئەوەی لێرە ھەیە ھەر ئەوەی ئێرانە یانی ئەوەنیە ئەوەی ئێرە سوکتر بێ، نازانم بەڕاستی وردەکاری ئەوەمان لانیە.

دیپلۆماتیک مەگەزین: ئەوەی کە زۆر دەنگدانەوەی ھەبوو چارەسەربوو بە پلازمای خوێن، ئەمە لە وڵاتانی چینیش پەیڕەو دەکرا یان ئێوە یەکەم کەسبوون؟

د. ھادی محەمەد: لەسەر بابەتی پلازما، پلازما بۆ کۆرۆنا زۆر زۆر تازەیە لە چین لەسەر (١٠) نەخۆش تاقیکراوەتەوە ئەونەی من بزانم کەمترین تاقیکردنەوەی ھەبووە لە جیھاندا، ئێمە لەسەر ئاستی ناوچەکە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئێران و تورکیا وە تا ھندستانیش یەکەم کەس بووین، لەسلێمانی دوو نەخۆش وەریانگرت و ھەردووکیشیان باش بوون و چونەتە ماڵەوە بارودۆخی تەندروستیان زۆر زۆر جێگیرە، لەسەر ئاستی ناوچەکە ئێمە یەکەم کەسبوین. وە ئێستا توێژینەوە لەسەر بەردەوامە لە کەنەدا لەسەر ھەزار نەخۆش تاقیدەکەنەوە، بەس جارێ دەستیپێنەکردووە یەک دوو ھەفتەی پێدەچی، وابزانم لە تورکیا یەکەم نەخۆش وەریگرت لەم ڕۆژانەدا و دەنگدانەوەیەکی باشی ھەبوو.

دیپلۆماتیک مەگەزین: ئێستا جیھان بەکوێ گەیشتووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا؟

د. ھادی محەمەد: تا ئێستا لە جیھاندا ھیچ جۆرە چارەسەرێک بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا نەدۆزراوەتەوە و ھیچ جۆرە ڤاکسینێکی بۆ دروستنەکراوە، کۆرۆنا بەڕاستی ئەوەی ھەیە ھەمووی ھەوڵدانە ئێستا زۆرترین ھەوڵ کەوتۆتە سەر ئەو پلازمایە، تا ئەم دەقەیە ڤاکیسنێکی تایبەت بە کۆرۆنا دروستنەکراوە.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس