گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی

یان ئەوەی کە پێیدەگوترێت 'نۆرماڵبوون Normalität'

گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی

1089 خوێندراوەتەوە

نووسینی: هێرۆ خوسرەوی

لەسەرەتای سەرهەڵدانی ئەم پەتایە و ئەو قەیرانەی کە تەواوی جیهان و مرۆڤایەتی گرتووەتەوە، ئیتر هەر کەس و هەر وڵاتێك بەچەشنێك، هەموومان چاوەڕێی ئەوەن هەرچی زووتر کۆتایی پێبێت و چەرخی ژیان دووبارە بکەوێتەوە گەڕ، چونکە ئەم وەستانە دۆخێکی هێندە تایبەتە کە هیچ یەکێك لە ئێمە نە ئەزموونی کردووە و نەتوانیومانە وێنای بکەین کە چۆن دەبێت. بەڵام لەم کاتەدا کە زۆرێك لە کارگە و شوێنەکانی کارکردن وەستاون، کە زۆرینەمان لە ماڵەکانماندا دانیشتووین و ئەوەی کە پێیدەگوترێت 'کار' نایکەین، ئەم قەیرانی کۆرۆنایە ئێمەی خستۆتە بەردەم دووڕیانێک کە وامان لێدەکات بیربکەینەوە، کام ڕێگا دەتوانێت گەرەنتیی ژیانی ئێمە و نەوەکانی داهاتوومان بکات.

ئەم دۆخە نائاساییەش ناکرێت تا کۆتایی بەردەوام بێت، بەڵام ئەوەی شایانی بیرکردنەوە و قسە لەسەرکردنە، ئەوەیە چی لەدوای ئەم قەیرانەوە دێت؟ ئایا دەکرێت هەموو شتەکان بێنەوە هەمان دۆخی پێشوو وەک ئەوەی هیچ ڕووینەدابێت؟ یان ئەوەی لەوەی پێشوو کە هەبوو خراپتر دەبێت. هەمیشە ساتی مێژوویی هەبوون کە ئاڕاستەی داهاتوویان بەرەو ڕێگەیەکی دیکە بردووە و لە دۆخی پێشوودا نەیهێشتۆتەوە. ئەم ساتەی ئێستاش یەکێکە لەو ساتە مێژووییانە کە بەدڵنیاییەوە گۆڕانکارییەکی بەرچاو دوای خۆی جێدەهێڵێت و بە ئاڕاستەیەکی دیدا دەیبات.

لێرەدا دەمەوێت دۆخی نائاسایی و دۆخی ئاسایی لە ڕوانگەیەکی مارکسیستیی سایکۆلۆژیای کۆمەڵایەتییەوە بببەستمەوە بە هەمان تیۆریی 'نۆرماڵبوون'ی ئەریك فرۆم، کە لەم کاتەشدا بەهەمان شێوەی تێڕوانینی کۆمەڵگا بۆ دۆخی ئاسایی هەمان تێڕوانینە لەو چەمکی 'نۆرماڵبوون'ەی کە زۆرکات بۆ وەسفکردنی بارودۆخێك، کەسێک یاخود شتێك بەكاردەهێنرێت.

ئەگەر بگەڕێینەوە سەر پێناسەی 'نۆرماڵبوون' لای ئەریك فرۆم[١]، کە لەچاوپێکەوتنێکیدا دەربارەی ئەزموون و توێژینەوەکانی دەدوێت، تێڕوانینێکی دیکەمان دەستدەکەوێت لەسەر ئەمە وەك لەوەی کە لەناو خەڵکدا باوە. ئەریك فرۆم پێیوایە نۆرماڵ ئەو کەسانەن کە نەخۆشن، ئەوانەی نەخۆشن [نەخۆش لە ڕوانگەیەکی سایکۆلۆژییەوە]  ئەو کەسانەن کە تەندروسترینەکانن. ئەمە لەوانەیە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی کەمێک بێ واتا و جێگەی پێکەنین دەربکەوێت، بەڵام لای ئەریك فرۆم تەواو بابەتێکی جدییە و بەلایەنی کەمەوە فۆڕمێکی گاڵتەجاڕیی نییە.

ئەو پێیوایە کەسێک ئەگەر 'نەخۆش' بێت، ئەوە دەردەخات کە هەندێك شتی مرۆیی ئەو هێشتا نەکەوتوونەتە ژێر فشارە، یاخود بەشێوەیەکی دیکە باسی بكەین هێشتا نەچەپێنراون و ژێردەستە نەکراون، بۆیە دەکەونە ناکۆکییەوە لەگەڵ فۆرم و ڕێساکانی ئەو کولتور و سیستەمە، هەر ئەم خۆنەگونجاندنە لەگەڵ ئەو سیستەم و کولتوورە وەك نیشانەیەکی نەخۆشیی دەردەکەوێت. و ئەم نیشانانەش دەرخستەی ئازار و دەرخەری ئەوەن کە لە شوێنێکدا کێشەیەك هەیە. خۆشبەخت ئەوەیە کە نیشانەیەک و ئازارێکی هەبێت، و دەزانێت شتێکی کەمە. وەك دەزانین ئەگەر کەسێك هەست بە هیچ ئازارێك نەکات ئەوا لە بارودۆخێکی مەترسیدار دایە. بەڵام خەڵکانێکی زۆر[ئەوانەی بە 'نۆرماڵ' ناودەبرێن] خۆیان وا گونجاندووە، هەموو ئەو شتانەی کە هی خودی خۆیان بووە وێڵیان کردووە. ئەوان ئەوەندە نامۆبوون، ئەوەندە بوون بە ئامرازێک یان بەدەربڕینێکی دیکە بەچەشنێک بوون بە ڕۆبۆت، کە ئیتر بەهیچ شێوەیەک هەست بە ناکۆکیی ناکەن. ئەمەش بەواتای ئەوە دێت، هەستە ڕاستەقینەکانیان، خۆشویستنەکانیان و ڕق لێبوونەوەکانیان ئەوەندە فەرامۆش کراون، ئەوەندە وشکبوونەتەوە کە وێنەیەکی سادەی شیزۆفرینی دروست دەکەن.

ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەڵگرتنی ئەو ماسکەی بۆ نیشاندانی کەسێکی ڕەزامەند و بێکێشە، کە خۆی لە خۆیدا لە بیرکردنەوە لە چەمکی 'سەرنەکەوتوو'ەوە سەرچاوە دەگرێت، بەو واتایەی کە کەسێك ناڕازی بێت، یان کەسێك کێشەی هەبێت، کەسێکی سەرنەکەوتووە، ئەوا بلیتی چوونەژوورەوە بۆ ناو 'بازاڕ' لەدەست دەدات، بەمەش ئیتر مرۆڤێکی نۆرماڵ نامێنێت. بۆیە دەبێت ئەم ماسکە هەڵبگرێت وەك خۆگونجاندن لەناو ئەو کۆمەڵگا و سیستەمە سەرمایەداریانەدا. بەڵام ئەگەر بەباشی بڕوانینە ژێر ئەو ماسکە، ئەو شتانە دەبینین کە لە ژێر ئەو ماسکەوە حەشاردراون وەك: نائارامیی، بێخەویی، تووڕەیی، خەمۆکیی(دێپرێسیۆن) و خۆشبەخت نەبوونی مرۆڤی مۆدێرن و کۆمەڵێک کێشەی دەروونیی دیکە.

بۆ گەڕان بەدوای ڕیشەی هەموو ئەمانەش، پێویستە لە سیاسەتی بازاڕ تێبگەین. کێبڕکێی ئابووریی، کەڵەکردنی سەرمایە، چەوساندنەوەی مرۆڤ لەلایەن ئەو سیستە ئابووریی سیاسییەوە هۆکاری سەرەکین بۆ گۆڕینی مرۆڤ لە پێگەیەکی مرۆییەوە بۆ ئاژەڵێکی کار. بەم پێیە مرۆڤ ئەو کاتە نۆرماڵە کە لەناو بازاڕدا بێت و بەشداربێت لە بەرهەمهێنان بۆ ئەو سیستەمە، بێ لەوە ئیتر ئەبنۆرمالە (نائاساییە) و وەك نەخۆش یاخود پاسیڤ و نامرۆڤ لەقەڵەم دەدرێت، و دەخرێنە پەراوێزەوە.

،،

لەمەشەوە گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی هەمان کارکردی هەیە، بەواتای گەڕانەوە بۆ بازاڕ و بۆ دووبارە وەگەڕخستنەوەی ئابووریی دێت، نەك ڕزگارکردنی خەڵك و گەرەنتیکردنی هەلومەرجی پێویست بۆ ژیان.

ئێمە ناگەڕێینەوە بۆ دۆخی پێشوو، چونکە خودی ئەو دۆخە کێشەکەیە. دۆخی پێشوو خۆی بنەمایەك بووە بۆ سەرهەڵدانی ئەم قەیرانە و قەیرانەکانی دیكەش، کە دەکرێت بێن. ئەم قەیرانە پەردەی لەسەر لایەنە ڕیشەییەکانی ئەم سیستەمە لادا، وەك:  توندوتیژیی، چینایەتیی و پێکهاتە ڕیشەییەکانی ژێردەستەیی، خراپ بەكارهێنان (ئیستغلال) و چەوساندنەوە، نایەکسانیی، پیاوسالاریی سەرمایەداریی و کۆڵۆنیالی، و کارێکی کرد کە زۆر بەزەقی هەستیان پێبکەین و بەهێزتر ببن.

ئەگەرچی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ هەموومان یەکسانە و هەموان دەگرێتەوە بەبێ هیچ جیاوازییەکی ڕەگەزیی، تەمەن، چینایەتیی، کولتووریی و یا هەر شتێکی دیكە، بەڵام کاریگەرییەکانی ئەم پەتایە بە ئاشکرایی دیارە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازیی هەیە، و لەگەڵ ئەوەشدا لە سەرمایەدارێکەوە بۆ کرێکارێکی سادەش جیاوازە. کەواتە بارودۆخ و هەلومەرجە سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان ئەم جیاکارییانەی قوڵتر کردۆتەوە و گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی زیاتر ڕەوایەتیدانە بەم سیستەمە.

وەک ئەوەی کە ئاشکرایە بە هەموان گووتراوە لە ماڵ بمێننەوە، بێ ئەوەی ئەوە لەبەرچاو بگرترێت، کە بۆ زۆرێکمان لەماڵەوە مانەوە زامنی گوزەرانی ژیانمان لەبەردەم مەترسیی نەداری و نەبوونی دایە. بۆ زۆرێکیش هەتا شوێنێك نییە بۆ مانەوە. توندوتیژییە جێندەرییەکان و کێشە کۆمەڵایەتییەکان ڕوویان لەزیادبوون کردووە. لێرەشەوە ژنان وەك قوربانیی یەکەم لە قەیرانەدا کەوتوونەتە ژێر قورسایی گەورەوە، جارێك وەك خەمخۆرێکی ماڵ کە ئەرکی ئاگالێبوونە لە ماڵ، خێزان، لە دایك و باوک و لە منداڵەکان و لە هاوسەرەکانیان، و جارێکیش وەك پەرستار و دکتۆر لەنەخۆشخانەکاندا، کە دەبێت سەخت کاربکەن لەژێر هەلومەرجی مەترسیدار و خراپ، و بە پارەیەکی کەمتریش وەک لەوەی کە قابیلی هیلاکییەکەیانە. هەر ئەم کەم دەرامەتییە لە یەکە تەندروستییە گشتییەکانیش وەک هۆکارێکی ئابووریی وایکردووە کارکردن لەو بوارە ببێت بە کاری ژنان و ڕێژەیەکی کەم پیاوان لەم بوارانەدا کاربکەن. لە لایەکی دیکەشەوە جیاوازییە ڕەگەزییەکان هەتا دێت زیاتر دەکەونە بەر دید و بەجۆرێك ڕاسیزم و کۆیلایەتی تەشەنە دەکات، کە بۆ زۆرێك لە کارەکانی وەك خاوێنکردنەوە و ئەو کارانەی کە کەمترین دەرامەتیان هەیە، تەنیا دەدرێن بە ڕەشپێستەکان، پەنابەر و بیانییەکان، کە وەك ئەوەی ئەوان تەنیا شایستەى ئەم کارانە بن، لە گەڵ ئەمانەشدا هێرشە ڕاسیستی و دژەمرۆیییەکان و فۆبیای دژی پەنابەران کە هەبوون و زیاتر لە جاران گەشەدەکەن، بۆ نمونە[٢]: لەگەڵ سەرهەڵدانی ئەم پەتایە لە ئەڵمانیا و داخستنی سنورەکان، کشتوکاڵ و چاندنی شپارگێل(Spargel) کەوتە مەترسییەوە، کە لە بەهاراندا دەچێنرێت و دەدروێتەوە، زۆرترین کرێکار کە تیایدا کاردەکەن کرێکاری ئەوروپای ڕۆژهەڵاتن کە بۆ کارکردن دێنە ئەڵمانیاوە، داخستنی سنورەکان وایکرد کە ئیتر ئەو کرێکارانە نەتوانن بێنە ناو ئەڵمانیاوە، لەمەشەوە پارتی ڕاسیستی ئەڵمانیی (AFD) پێشنیارێکی کرد: کە دەکرێت لەم کاتەدا پەنابەرانی ناوخۆ بەكاربهێنین [هەڵبەت شتێك لە چەشنی كاری زۆرەملێ و بێ بەرانبەر] بۆ ئەوەی ئابووریمان نەکەوێت. ئەمەش بەو مانایەی کە ئیتر پەنابەران هیچ نین جگە لە ئامرازێک بۆ ئابووریی وڵاتەکە، بەبێ ڕەچاوکردنی ژیانیان و مەترسی گرتنەوە ئەم پەتایە بۆیان. ئەوە جگە لەوەى ئەو كرێكارانەى ئەوروپای خۆرهەڵاتیی، كە خاوەن هیچ بیمەیەكی تەندروستیی نین لە ئەڵمانیا، بەهۆى پەتاكەوە و نەبوونی نەخۆشخانە بۆیان، بەم دواییانە، مردن لەنێو ئەوانەدا بەهۆی كۆرۆناڤایرۆسەوە ڕوویداوە، كە لە ئەڵمانیا بەهۆی وەستانی هاتوچۆوە ماونەتەوە، چونكە ئەڵمانیا ئامادە نەبووە بیانخاتە نەخۆشخانەوە.

ئەم دۆخە تەنیا بۆ کرێکاران و چینی خوارەوە دۆخێکی وەستان و زەرەزمەندی ئابوورییە، بەپێچەوانەوە بۆ کەسێکی وەک بیزۆس (Bezus)[٣] خاوەنی گەورە کۆمپانیای 'ئەمازۆن'  تەنیا لەم دوو مانگەدا توانیویەتی ٢٤ میلیارد دۆلار قازانج بکات، کەواتە ئەم قەیرانە کاریگەرییەکانی بۆ هەموان یەکسان نییە، کەمینەیەك زۆر زیاتر دەوڵەمەند دەکات و زۆرینەش زیاتر دەڕووتێنێتەوە و دەچەوسێنێتەوە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا وێرانکردن و چەوساندنەوەی زەوی و کەش و هەوا، ئەگەرچی لە ئێستادا زۆرێك لە کارخانەکان وەستاون و زەوی بەزەڕەیەک ئارامی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام دووبارە گەڕانەوە بۆ ئەو دۆخەی پێشوو بەمانای ئەوە دێت دووبارە دەستبکرێتەوە بە هەموو ئەو شتانەی کە لەسەرەتادا ناوم هێناون.

ریچارد داڤید پرێشت[٤] لە لێدونێکیدا ئاماژە بەوە دەکات: "لەم شێوە حاڵەتانەدا مرۆڤ هەستێکی بۆ دروست دەبێت، کە ئەو ژیانە نۆرماڵەی هەیبووە، ڕەنگە ئیتر نۆرماڵ نەبێت. ئەوەی کە هەموو شتێك دەبێت خێراتر، بەرزتر، زیاتر، .....هتد. هەموو شتێك پێویستە زیاتر بێت، هەموو شتێك پێویستە خێراتر بێت." و هەروەها دەڵێت قەیرانی کۆرۆنا بووە ئەنجامی ئەوەی مڕۆڤ هۆشیاربێتەوە لە گۆشت و خوێن و مردن [مەبەست لە پەیوەندییە مرۆییەکانە و پێچەوانەی چەمکی هۆمۆ ئیکۆنۆم واتا مرۆڤ وەك بكەرێكی تەنها ئابووریی] پێکهاتووە. و پێیوایە قەیرانی کەش و هەوا و قەیرانی کۆرۆنا دوو بابەتی جیاوازن بەڵام هەردووکیان شتێکی هاوبەشیان هەیە و لەوە ئاگادارمان دەکەنەوە کە ئێمە بەشێكین لە سروشت. و ئەم هۆشیارییەش پێویستە بۆ ئەوەی چیتر سروشت وەك ماددە نەبینین و ئامادە نەبین بۆ لەناوبردنی. لە تەریكبوون (ئیزۆلەبوونەوە) نا بەڵکو لە قەیرانە جیهانییە تەندروستییەکان، ئابوورییەکان و لە قەیرانەکانی ئیکۆسیستەمەوە، و قەیرانەکانی ئەم سیستەمەوە فێردەبین کە هەبوونی ئەم سیستەمە و ڕەوایەتیپێدانەوەی بە گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو، کردنە قوربانی ژیانمانە، برسیکردن و بێ ئاوی و هەژاری جیهانییە، ڕەوایەتیدانە بەڕاسیزم، بە فاشیزم، چەوساندنەوە و کۆیلایەتیی نوێ.

وەک مارکس دەڵێت "مرۆڤ خۆی مێژووی خۆی دروست دەکات"[٥]، مێژوو خۆی هیچ ناکات، نە دەجەنگێت بۆ هیچ شەڕێک و نەسەرکەوتوو دەبێت لە مرۆڤ کووشتندا. ئەمە مرۆڤە کە هەموو ئەم شتانە دەکات. بەڵام ئەم مرۆڤە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی دەوروبەرەکەیەوە، هەڵبەتە دەورووبەر بەمانای پێكهاتەكانی کۆمەڵگا. بۆیە ئەم ساتە هەستیارە مێژووییە ساتی گۆڕینی ئاڕاستەی داهاتوومانە، داهاتوویەك کە مرۆڤ ئازاد بکات، ڕێز لە مرۆڤ بگرێت، نەک مرۆڤ بکرێتە ئامرازێك بۆ ئابووریی و ئامانجی هەر ڕووداوێکی دیكەى ئابووریی.

ئەگەر ئەم ڤایرۆسە بتوانێت  ئەم دۆخە سڕبوونە دروست بکات، چۆن ئێمە هەموو وەك هاووڵاتییەکی جیهانی ناتوانین شتێك بکەین؟ بەدڵنیاییەوە دەکرێت، ئەویش بەوەی کە بتوانین داهاتوویەکی دیكە وێنا بکەین و لە پێناویدا خەبات بکەین و نەهێڵین لە ئێمە و لە نەوەکانی دیکەش زەوت بکرێت. ڕەنگە خودی ئەم ڤایرۆسەش پەیامێك بێت بۆمان کە پێمان بڵێت شارستانییەتی مرۆڤایەتی لەشارستانیبوون کەوتووە و بەرەو ئاڕاستەیەك دەڕوات کە خاڵییە لە داهاتوو.

سەرچاوەکان:

1.        ڤیدیۆی چاوپێکەوتنەکەی ئێریك فڕۆم:

https://www.youtube.com/watch?v=sVd4dKH3vng

لەم لینکەی خوارەوەش دەتوانن خوێنەری بیۆگرافییەکی کورت بن لە بارەی ئێرک فڕۆمەوە، کە ئازاد بەرزنجی نوسیویەتی. و کتێبێکی ئەویشی وەرگێڕاوە بۆ زمانی کوردی.

https://www.andesha.org/?p=1015

  1. 2. پارتی ڕاسیستی ئەڵمانی (AFD)

https://www.faz.net/aktuell/rhein-main/wirtschaft/zu-beginn-der-spargelernte-fehlen-reihenweise-saisonarbeiter-16682605.html?fbclid=IwAR34JEFPIDdDWIai0XDjwYGMd6m9vdJj-28YCe_djfmbJFsMFn96ye9WUco

  1. 3. خاوەنی ئەمازۆن:

https://www.facebook.com/photo?fbid=2913668648702915&set=a.305094832893656

4.        ڕیچارد داڤید پرێشت:

https://utopia.de/richard-david-precht-markus-lanz-coronavirus-corona-krise-183204/

5.        هەژدەهەمی برومەری لوویی بۆناپارت، کارل مارکس.

https://www.marxists.org/deutsch/archiv/marx-engels/1852/brumaire/kapitel1.htm