ببورن، ناچارم ئیدى به‌م زمانه‌ بنووسم

ببورن، ناچارم ئیدى به‌م زمانه‌ بنووسم

403 خوێندراوەتەوە

سامان ساڵح

مامۆستای به‌ڕێز و هاوڵاتی خۆشه‌ویست؛ به‌ڕاستیی نه‌گبه‌تی هه‌ر ئه‌مه‌یه‌، جه‌هاله‌ت هه‌ر ئه‌مه‌یه‌: كه‌م كه‌سمان هه‌یه‌ رۆژێك له‌ رۆژان فشه‌ و پۆزی ئه‌وه‌مان لێ نه‌دابێت بۆچی حكومه‌ت كاره‌كانی به‌ئه‌لیكترۆنی ناكات و له‌ فڵان وڵات، فڵانه‌ شت به‌ یه‌ك كلیك ده‌كه‌یت و له‌ماوه‌ی چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌كدا فڵانه‌ كارم كردووه‌ و نازانم چیتر، زۆربه‌ی خۆی كردبوو به‌ عه‌ڕابی حوكمی ره‌شید و له‌وسه‌ریه‌وه‌ ده‌هاته‌وه‌.

به‌ڵام ئێستا! ئێستا به‌ هه‌وڵ و كۆششی هه‌ندێك خه‌مخۆر و كاری پێویستی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار، نمونه‌ "وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌" قوتابخانه‌ی ئه‌لیكترۆنی دانراوه‌ تا وانه‌كانی تێدا به‌شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی بوترێته‌وه‌، وانه‌كان بۆ پاڵپشتین و هیچ زۆرلێكردنێك- اجباری، تێدانییه‌و هاوكاریكردنی منداڵه‌ هه‌تا وانه‌كانی بیرنه‌چێته‌وه‌. به‌ڵام قسه‌زل و فسفس پاڵه‌وانه‌كانی پشتی مۆبایل و كۆمپیوته‌ره‌كان، (كۆلكه‌ خوێنه‌واره‌كان - به‌ڵاو موسیبه‌ته‌كانی میلله‌ت) كه‌وتوونه‌ته‌ دژایه‌تی و جنێو و ره‌تكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌، من دڵنیام هه‌یانه‌، سایته‌كه‌ی نه‌كردۆته‌وه‌، نه‌یخوێندۆته‌وه‌، خۆی له‌ كۆمپیوته‌ر نازانێت و ده‌چێت له‌ شه‌قامی مه‌وله‌وی پرسیار لای دوكانی سه‌رجاده‌كان چاپ ده‌كات، به‌ڵام دژایه‌تی هه‌ر به‌ره‌و پێشچوونێك ده‌كات.

لێره‌دا چه‌ند پرسێك ده‌كه‌م؟

1- منداڵه‌كانمان دوو مانگه‌ له‌ماڵه‌وه‌ن، چی تێدایه‌ ئه‌گه‌ر سایتێكی په‌روه‌رده‌یی هه‌بێت و وانه‌كانی تێدابێت و بۆی روون بكاته‌وه‌؟

2- هه‌ر به‌شێكی زۆری ئه‌م خوێنه‌واره‌ هه‌لپه‌رستانه‌، هه‌میشه‌ ده‌میان درێژده‌كرد و به‌رده‌وام ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ كار به‌هیچ سیسته‌مێكی ئه‌لیكترۆنی ناكرێت، ئه‌ی بۆ دژی ئه‌مه‌ن؟

3- وه‌زاره‌ت نه‌یوتوه‌ و ناڵێت ئه‌وه‌ی ته‌ماشای نه‌كات، سزا ده‌درێت و ده‌رناچێت، ئیتر بۆ ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه‌؟

4- هه‌ر به‌شێك له‌م خوێنه‌وار ونه‌گبه‌تیانه توشی میلله‌ت بوون‌!‌، پێشنیازی سیسته‌مێكی ئه‌لیكترۆنیان بۆ وه‌رگرتنی مووچه‌ ده‌كرد، به‌ڵام بۆچی بۆ وانه‌ خوێندن ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه‌؟

(بانێكه‌ و دوو هه‌وا) ئه‌م پرسیارانه‌ و هه‌زار پرسیاری تر هه‌ن كه،‌ پێویسته‌ خوێنه‌واره‌ هه‌لپه‌رسته‌كانی پێ بوه‌ستێنرێت.

هه‌ی ئه‌وانه‌ی كه‌ هیچ سوودێكتان بۆ خۆتان و خه‌ڵك و منداڵه‌كانیش نییه‌ (بێگومان مه‌به‌ستم هه‌موو مامۆستایه‌كی به‌ڕێز نییه، چونكه‌ ئێستا به‌شێك له‌ مامۆستا خۆشه‌ویسته‌كان له‌زانكۆ و خوێندنگه‌ و قوتابخانه‌كان، دڵسۆزانه‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن‌) له‌ناو زانكۆ و قوتابخانه‌ و خوێندنگه‌كان له‌سه‌ر، ایفاد، لیژنه‌، چا، ده‌عوه‌ت، له‌فه‌، پۆستی مودیر و معاونیی و سه‌رۆكایه‌تی لیژنه‌و... تا دوایی، ئاماده‌ن راپۆرت له‌سه‌ر هاوڕێ مامۆستاكانتان بده‌ن به‌ لق و مه‌ڵبه‌ند و مه‌كۆ و چه‌ندین قسه‌ی ناشرین له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بنووسن، وته‌له‌به‌ی لێ هانبده‌ن، به‌ڵام ناتوانن خۆتان له‌سه‌ر سیسته‌مێك رابهێنن؟

،،

هه‌ر ئه‌م نموونه‌ خوێنه‌واره‌ هه‌لپه‌رست و دواكه‌وتوو گه‌مژانه‌ن، خۆراكی سه‌ره‌كیی ئه‌م سیسته‌مه‌ خراپه‌ی به‌ڕێوه‌بردن و ته‌ده‌خولاتی حیزبین.

بۆیه‌ ناكرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی مووچه‌ نییه‌، واز له‌ پێشكه‌وتنی سیسته‌م بهێنین، نه‌خێر واز له‌مووچه‌ش و واز له‌ پێشكه‌وتنیش ناهێنین، هه‌ردوو كیانمان ده‌وێت. نه‌خێر ناكرێـت، به‌بیانووی ئه‌وه‌ی هه‌ندێك ده‌ستیان به‌ ئینته‌رنێت ناگات، واز له‌ خوێندنی پاڵپشتی ئه‌لیكترۆنی بهێنین، به‌ڵكو ده‌بێت هه‌وڵی دابینكردنی ئینته‌رنێت بۆئه‌وانه‌ش بده‌ین كه‌ ده‌ستیان پێی ناگات، نه‌ك بمانه‌وێت منداڵه‌كانی خۆمان به‌رده‌وام ئینته‌رنێـت به‌كاربهێنن، به‌ڵام به‌ناوی به‌رگریكردن له‌ هه‌ژاره‌كان به‌درۆوه‌ دژی پێشكه‌وتن بین، ئه‌مه‌ ئه‌وپه‌ڕی نیفاق و دووڕوویی و دووباره‌كردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی حیزبه‌كانی هه‌رێمه‌‌ كه‌ به‌بیانوی هه‌ژارانه‌وه‌ چه‌ند ساڵه‌ قوڕبه‌سه‌ر خه‌ڵكدا ده‌كه‌ن.

زۆر نه‌نگییه، شه‌رمه‌، داوه‌شینه‌،‌ كه‌سێك ناوی (مامۆستا -مامۆصتا)! (مامۆصای زانكۆۆۆۆۆۆ) بێت، هێنده‌ وێران و گه‌مژه‌ و دواكه‌توو بێت، هه‌ر له‌به‌ر خاتری رازیكردنی سیاسییه‌ چه‌واشه‌كاره‌كان و به‌كرێگیراوه‌كانی ‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی، دژی پێشكه‌وتنه‌كانی ناو سیسته‌مه‌كه‌ی خۆی بێت و بچیته‌ پاڵ نه‌فه‌سی (پاره‌ وه‌رگری په‌یج)ه‌كانه‌وه‌ و خۆی به وه‌زعه‌كه‌وه‌ هه‌ڵواسێت.

به‌ڵام هه‌ر ئه‌م (مامۆصا و خاوه‌ن بڕوانامه‌‌ باڵایانه)!‌ له‌ناو زانكۆ و په‌یمانگه‌ و خوێندنگه‌ و قوتابخانه‌كان ته‌نانه‌ت زۆربه‌یان مه‌رحه‌بای ته‌له‌به‌كانیشیان ناكه‌ن و وه‌ك كاره‌كه‌ر له‌ باجی و پیاوه‌ به‌ته‌مه‌نه به‌رێزه‌‌كانی ناو خوێندنگه‌ و زانكۆكان ده‌ڕوانن.

،،

پێویسته‌ خه‌ڵك هێنده‌ هۆشیار بێت به‌رد به‌ناوچاوی ئه‌و كه‌سانه‌وه‌ بنێت كه‌ به‌مجۆره‌ن

به‌داخه‌وه‌ هه‌موو جارێك خوێنده‌واره‌كان رای گشتی به‌ هه‌ڵه‌دا ده‌بن و به‌ زمان لوسی و له‌بله‌بانی خۆیان، خه‌ڵكی هه‌ژار ده‌كه‌نه‌ قوربانی و دواتر ده‌شچنه‌وه‌ سه‌ر كۆشی ده‌سه‌ڵات بێشه‌رمانه‌ داده‌نیشن و زیته‌ی چاویان دێت.

به‌ ده‌یان به‌ڵگه‌ و نمونه‌ و ناوی ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌م لایه‌ كه‌ له‌ژیانی خۆما بینیومن چیان كردووه‌، پێویسته‌ هه‌ر كه‌سێك له‌وانه‌ قسه‌ی به‌ ئاراسته‌ی دژی پێشكه‌وتنی راسته‌قینه‌ كرد، لێی بپرسن تۆ چیت پێشكه‌شی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی خۆت كردووه‌ له‌ بواره‌كه‌ی خۆتدا؟

بێگومان، ئه‌و كارانه‌ی خوێنه‌واره‌ هه‌لپه‌رسته‌كان ده‌یكه‌ن ، رێگه‌ له‌ ره‌خنه‌ی زانستیی و جوانی راستكه‌ره‌وهو دڵسۆزانه‌،‌ بۆ هه‌ڵه‌ و كه‌موكورتیه‌كانی ناو سیسته‌مه‌كه‌ ده‌گرێت ناهێڵێت كه‌س شیاوه‌كان قسه‌ی خۆیان بكه‌ن. جارێ به‌سه. له‌وانه‌یه‌ ئیتر ئابه‌م زمانه‌ شت بنووسم! خواتان له‌گه‌ڵ