قووتی خەڵك هێڵی سوورە

قووتی خەڵك هێڵی سوورە

835 خوێندراوەتەوە

ئاڵا تاڵەبانی

هەرچەندە كێشەی قوڵی دوور مەودا لەنێوان هەرێم و ناوەند هەیە لەسەر رادەستكردنی نەوتی هەرێم بە بەغداد لەبەرامبەر ئەوەدا بەغداد شایستە داراییەكان بەهەرێمی كوردستان بدات. لەسەرەتادا بەغداد كێشەی هەبوو لەگەڵ جۆری ئەو گرێبەستە نەوتیانەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمپانیاكانی بواری نەوت ئەنجامیدابوو.

ئەوە بووە خاڵی سەرەتای دروستبوونی ناكۆكییە قوڵەكانی نێوان هەرێم و بەغداد. لەماوەی رابردوودا تا رادەیەك لەیەك تێگەیشتن لە بارەی چارەسەركردنی كێشەكان بۆ هەردوولا دروست بوو، خەڵكی هەرێمی كوردستان چاوی لەوەبوو كە بارگرانی قەیرانی ئابوریان لەسەر لاچێ و ئاهێكیان بەبەردابێتەوە،

،،

بەڵام بەداخەوە جارێكیتر بەهۆی بێمتمانەی و ناكۆكی لەسەر رادەستنەكردنی نەوت بە بەغداد كێشە كۆنەكەی نێوان هەرێم و بەغداد سەری هەڵدایەوە .

خەڵكی لەهەرێمی كوردستان زیاتر لەهەمووكاتێك چاویان لەسەر ئەوەیە كەخزمەتبكرێن، نەك لایەنێكی دیاری كراو كە دەستی بەبەرژەوەندی خۆیەوە گرتووە سەرچاوەی دروست بوونی ئەم كێشانەیە، بەمەبەست دەیەوێت وێنەیەكی شێواو لەمیدیاكان بخاتەڕوو كە مەبەستیەتی ئەم كێشەیە تێكەڵ بەكێشە ناوخۆییەكانی هەرێم بكات و دەیەوێت وانیشانیبدات كە پەرلەمانتارو لایەنێك لەناوخۆی هەرێم دروستكەری ئەم قەیرانەن.

كات كوشتن، بێمتمانەی، شكاندنی سەقفی زەمەنی دانوستانەكان وایكرد كە هەرێم بگاتە ئەم دەرئەنجامە كە دواجار نەهاتی و بار گرانییەكەی راستەوخۆ دەكەوێتە سەرشانی هاوڵاتیان كە تاكە سەرچاوەی بژێویان مووچەكانیانە كە ئێستا هەرێم توانای پێدانی نییە. پێویستە پارت و لایەنە سیاسییەكانی لەوەبگەن كە كات لەبەرژەوەندیان نییە.

بۆیە هەرچی زووە پەنا بۆ ڕێگەكانی چارەسەركردنی ئەم كێشە دەستكردە بەرن و خەم لەبەرژەوەندی گشتی خەڵك بخۆن و دەست بەرداری بەرژەوەندییە تەنگەكان بن كەدواجار نەهاتی و نائومێدی لێدەكەوێتەوە.