بۆ پارتی و یەکێتی

کار بۆ داگیرکەرانی کوردستان دەکەن

بۆ پارتی و یەکێتی

785 خوێندراوەتەوە

فایق گوڵپی

بە سیاسەتی دەمارگیری حزبییەوە، خەریکە هەرچی دەستکەوتی سیاسیمان هەیە لە دەستیدەدەین، بە سیاسەتی ئابوری شکستخواردووتانەوە، خەڵکی هەرێمتان برسی و هەژار و مووچەبڕ کرد.

،،

ئێوە لە دوو حکومەتدا دەسەڵاتدارن، دەرگای حکومەتی هەرێمتان بۆداگیرکەران واڵا کردووە، دژایەتی حکومەتی عێراقتان بە لووتکە گەیاندووە.

بۆیە لە ژێر دەسەلاتی ئێوەدا، بارودۆخی هەرێمی کوردستان لە هەموو رویەکەوە بەرەوداروخان دەڕوات، ئەگەر بتانەوێت لە حوکمی ئەم وڵاتەدا بەردەوام بن، دەبێت گۆرانکاری لە عەقڵیەتی سیاسی و لە سیستەمی حوکمرانیدا بکەن، ئەم جۆرە عەقڵیەتەی ئێستەتان مودێلی نەماوە، ئەم جۆرە سیستەمە حزبیەتان، وەڵامی داخوازی خەڵک ناداتەوە.

١. کۆتایی بە سیستەمی حزبایەتی بێنن، با حکومەت و پەرلەمان و دادگاو پیشمەرگە و ئاسایش، سەربەخۆ بن، نیشتمانی و یەکگرتوو و دامەزراوەیی بن. لە حوکمرانی تەندروستدا، حزب تەنها لە کاتی هەڵبژاردندا دێتە مەیدانەوە، بەرنامەی هەڵبژاردن و لیستی پاڵیوراوانی پێشکەشی جەماوەر دەکات، ئەگەر دەنگی پێویستی بەدەستهێنا و سەرکەوت، بەرنامەکەی لە رێگەی پاڵێوراوەکانییەوە لە حکومەت و پەرلەمان و دەزگاکانی تردا جێبەجێدەکات، تا هەڵبژاردنێکیتر دەست لە کاروباری دەوڵەت وەرنادات، هەر خەریکی پەروەردەی ئەندام و کادرەکانی دەبێت، بەرنامەی هەڵبژاردنی ئایندە دادەنێت، وەک حیزبەکانی ئێوە بۆ هەتا هەتایە، دەست لە بینەقاقەی هەموو بوارەکانی ژیان گیر ناکات.

٢. مافی بەرێوەبەری و سیاسی و ئابوری و حقوقی خەڵکی کوردستانتان زەوتکردووە، لە وڵاتانی تردا تەنها پۆستی وەزیر لە لایەن حزبی براوەوە دەستنیشان دەکرێت، حزبەکانی ئێوە وەزیرو و بەرێوەبەری ناحیە و بەرێوەبەری قوتابخانەش دادەنێن، ئەو کەسەی حزبی نەبێت، با ئەوپەری تواناشی هەبێت، ناتوانێت لە هیج پۆستێکی حکومەتدا خزمەت بکات.

لە وڵاتانی تردا، ئەگەر کاسبێک پۆستێکی حکومی وەربگرێت، دەست لە چالاکی ئابوری هەڵدەگرێت، لێرە لای ئیوە لە هەرێمی کوردستاندا، دەسەڵاتدار و کاسب و بازرگان هەر یەک پێکهاتەیە. لە ژێر سێبەری دەسەڵاتی ئێوەدا، یاسا و دادگا بۆ ئەو کەسانەیە کە ئەندام و کادری حزبەکانی ئێوە نین، تورەبوونی بەرپرسێکی حزبی و حکومی، چەندان بریاری دادگای لێدەکەوێتەوە.

،،

بەو هۆیەوە خەڵک متمانەی پێتان نەماوە ، ئەگەر بتانەوێت متمانە بۆخۆتان بگێڕنەوە، دەبێت دەست لەم جۆرە سیاسەتانە هەڵگرن.

٣.لە باتی ئەوەی بە گوێرەی داخوازی گەلی خۆتان و بۆ گەلی خۆتان کار بکەن، بە گوێرەی داخوازی داگیرکەرانی کوردستان و بۆ داگیرکەرانی کوردستان کار دەکەن، دەست لە وابەستەیی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان هەڵگرن، دەنگی گەل بکەنەوە مەرجەعی خۆتان، حکومەتی هەرێم بخەنەوە سەر پێی خۆی و لە چوارچیوەی وڵاتی عێراقدا، چالاکی دبلوماسی و سیاسی و ئابوری پێشبخەن، تەنها لە رێگەی دەوڵەتی عێراقەوە دەتوانن کێشەی دارایی هەرێم چارەسەر بکەن، تەنها لە رێگەی دەوڵەتی عیراقەوە دەتوانن مافە سیاسیەکانی گەلی کورد لە هەرێمی کوردستان و لە سنوری مادەی ١٤٠ بپارێزن، بەردەوامی وابەستەبوون و ملکەچکردن بۆ سیاسەتی تورکیا و ئێران، ماڵوێرانی و مایەپووچی لێدەکەوێتەوە.