قەیرانی مۆڕاڵ لە باشوور

بەعس قوتابخانەیەك بوو بۆ حوکمی ئەمان

قەیرانی مۆڕاڵ لە باشوور

479 خوێندراوەتەوە

د. ڕێبوار فەتاح

کۆمەڵگەی کوردی لە قوڵترین قەیرانی مۆڕاڵیدا دەژی. وا هەست دەکەم، کە من سەدان ساڵە دەژیم، هەڵبەت ئەوەی دەگوزەرێ لە ئەزمونمدا نیە. دەکرێ پاساوی زۆر بهێنینەوە بۆ ئەو بێمۆڕاڵیەی، کە کوردی باشوور خلیسکاوەتە ناوی. بۆ نمونە دەتوانین بڵێین، ئەم بێمۆڕاڵیە ئەنجامی ساڵانێکی دوورودرێژە لە حوکمی ڕژێمی بەعس، کە هەموو بەهای کۆمەڵایەتی و مۆڕاڵێ ڕاوەستاوی داڕمان و تەنیا پێوەر بۆ پاداشدانەوە، بەعسیبوون و پەرستنی 'سەرکردەی مەزن' بوو.

وەکیتر، دەتوانین بڵێین کە حزبە کوردیەکان، لە حوکمی خۆیاندا، ئەو زۆلکاوە بۆگەنەی بەعسیان وشك پێ نەکرد، بەڵکو ئاوی بۆگەنتریان خستەسەر. زۆربەی بەهای بێمۆڕاڵی بەعسیان قواستەوە بۆ بەردەوامبوونی خۆیان لە حوکمدا. بەعس قوتابخانەیەك بوو بۆ حوکمی ئەمان. لە هەندێك بواری دیکەدا ڕەچەیان شکان، لە بەعس تێپەڕین. بۆ نمونە، بەعس هەرگیز داروبەرد و شاخوداخی عێراقی بەسەر بەعسیەکاندا دابەش نەکرد، تا ئەمانیش بیفرۆشنەوە بە بەهای خەیاڵی.

لێرەدا تەنیا چەند نمونەیەك لە بەهای بەعس دەنووسم، کە حزبەکان وەك بەردی بناغەی حوکمیان دایان ڕشتووە.

بۆ نمونە، بیرۆکەی 'سەرکردەی مەزن'یان قواستەوە. ئێستا سەرکردەی نەخوێنەوار، گەر بە ڕەحمەتی خوداش چووبێ، وەك سێبەری خودا لەسەر ئەرز سەیر دەرکرێ. هەمیشە دەیخەنەوە بەر چاوت و بە ناوی بانگ دەدەن بە گوێتدا؛ دیارە نابێ هەرگیزای هەرگیز بیر لە لادانی، ئەم سەرکردە حزبیانە بکرێ لە دەسەڵاتدا. ئەمان لەدایکبوون سەرکردە و حکومڕان بن. لێرەدا کتومت، نەك بەعسی، بەڵکو سەدامین. زەبروزەنگ و بێبەهاکردنی مرۆڤیان گواستەوە بۆ ناو حوکمی خۆیان: هەزاران کەس لە شەڕی خۆکوژیدا ونن و کوژراون؛ سەدان لە ١٩٩١ەوە تێرۆرکراون و بێ سەروشوێن کراون؛ فایلەکانیان هێشتا کراوەیە.

بەحزبکردنی کۆمەڵی بەعسیان پیادەکرد و گەر بە لایەکدا نەشکابیتەوە، هیچت بۆ ناچێتەسەر. جێی کۆنسێپتی 'قوسەی' و 'عودەی'یان گواستەوە بۆ کوڕی 'فڵان' و 'فیسار' مەسئولی حزب. هەر هیچ نەبێ ئەوان تەنیا دووان بوون. ئێستا وەك قارچکی بەهار هەڵدەتۆقن. بیرۆکەی میدیای 'بابل'ی 'عودەی'یان گواستەوە و ئێستا زۆربەی سەرکردە حزبە دەستڕۆشتووەکان خاوەنی 'بابل'ی خۆیانن. هەر لە مستەوای 'بابل'یشدایە.

،،

لەسەر ئەم بناغانە، دەتوانین بڵێین، بێمۆڕاڵی ئەمڕۆی باشوور، ئەنجامی حوکمی گەندەڵ، بێمۆڕاڵ و ناڕەوای حوکمی بەعس/حزبە کوردیەکانە.

هەڵبەت لێرەدا پێویستە هەڵوێستەیەك بکەم. ئەی بۆچی ناکرێ کە بڵێین هەموومان بەرپرسین لە بەرامبەر ڕەفتار و گوفتاری خۆمان، لە بەرامبەر هەموو ئەوەی دەیڵێین و دەیکەین! نەریتی ژیانە: ناکرێ کەسێك بە تاوانی کەسێکی دیکە تومەتبار بکرێ یان ئازار بدرێ با ئەو کەسەش برا، خوشك، باوك، دایك یان مامی تۆمەتبار بێ. شتێکی دیکەش هەیە. هەر کەسێك کە زمانی پژا، ئیدی پێویست ناکات بدوێ، گەر هیچ زیاد نەکات بۆ کولتووری مرۆڤایەتی.

ئاخر دوای زمانپژان، دەیان قۆناغی دیکە هەن، کە کەسێك پیایاندا تێدەپەڕێ تا دەگاتە ئەوی بتوانێ بەشداریەکی پۆزەتیڤ لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا بکات. دەیان سەرکردەی حزبی، کە دەدوێ، من وا دەزانم هەر ئێستا زمانی پژاوە. ڕەنگە من لەمەش زیاتر ببینم. زۆر مرۆڤی مەزن، کە ڕەنگە ڕیفۆڕمخواز بووبن، وەك فریادڕەسی دۆخێکی بەربڵاوی نامۆڕاڵی کۆمەڵایەتی هاتوون.

بۆچی باشوور فریادڕەسێکی تێدا دروست نابێ! بۆ نمونە حەزرەتی عیسا و موسا یان مارتن لۆثەر، گاندی و مەندێلا، هەموو فریادڕەس بوون لەسەر حسابی ژیانی خۆیان. حەزرەتی موسا (٣٠٠٠ بەر لە زاین) لە ١٠ ڕاسپاردەکەیدا پێمان ڕادەگەیەنێ: من ناکوژم؛ من درۆ ناکەم؛ من زینا ناکەم. حەزرەتی عیسا بە ژیان و وانەکانی فێری 'بەخشندەیی' کردین.

کتومت بە پێچەوانەی بەعس و حزبە کوردیەکانەوە، یەکەم شت فێری کوشتن و ڕقوکینەیان کردین. هەشبوون لە قەیرانێکی ئەقڵدا، فریادڕەس بوون، وەك ئەفلاتون و سوکراتی یۆنان، بناغەی ئەقڵی مرۆڤیان بە جۆرێك داڕشت، کە لە هەر جێیەك لە هزری مرۆڤەوە دەست پێ بکەین، دەبێ بگەڕێینەوە بۆ یۆنانی کۆن. هەشبوون بنەمای باڵای بەهای مرۆڤیان داڕشتووە، کە تا ئەمڕۆش کاریان لەسەر گوفتار و ڕەفتاری ڕۆژانەمان هەیە.

خۆ ڕەنگە ڕێنەی دێکار و ئەمانۆیل کانت دوو نمونەی گەش بن. کانت فێری کردین: دەبێ بە جۆرێك کار بکەین، وەك ئەوەی ڕەفتار لەگەڵ هەموو مرۆڤایەتیدا دەکەین، گەر لە کەسی خۆماندا بووە یان لە هەر کەسێکی دیکەدا. کانت هەموو کەسێك دەکات بە مرۆڤایەتی و بە هەموو کەسێکی دیکە، واتە هەموو یەکین. گەر من ئازار بچێژم مرۆڤایەتی نەخۆشە.

،،

بەعس و حزبە کوردیەکان فێریان کردین، هەموو شتێك بۆخۆمان بقۆزینەوە

بە هەر بەهایەك بووە. نەهێڵین مرۆڤی هاوژیانمان کەڵك لە هیچ وەربگرێ. زۆریتر تەحەدای هەموو ئەقڵی سەردەمی خۆیان کردووە.

سپینۆزا ئەستێرەیەکی پڕشنگدارە. لە تەحەدای هەموو باوەڕی ئاینی پێش خۆیدا، سەرلەنوێ پێناسەی ئەفرێنەر دەکاتەوە. بەبێ سڵەمینەوە یان سڵکردنەوە، دەتوانم بڵێم لە ساڵێ ١٩٩١ەوە باشووی کوردستان هیچ نمونەیەکی گەشی وەك ئەو بلیمەتانەی ناوم بردن دروست نەکردووە. بگرە، سەدان، ڕەنگە هەزاران، کەسی بێمۆڕاڵی دروست کردبێ، کە هیچ دسپلینێکی مۆڕاڵی نە لەسەر گوفتاریانە، نە لەسەر ڕەفتاریان. ئەم کۆمەڵە بەڕاستی داخزاوەتە ناو زۆلکاوی بێمۆڕاڵیە و فریادڕەسێکی پێویستە؛ چیە و کێیە، لە ئەقڵی من بەدەرە.