هەرێمی سلێمانی

هەرێمی سلێمانی

204 خوێندراوەتەوە

ئەگەر حکومەتی هەرێم داهات و دەسەڵات نەدات بەم سنورە و بەردەوام بێت لە سزادانی، ئەوا یەکێک لە رێگەچارەکان پەنابردنە بۆ فیدرالیەتی پارێزگاکان.


پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین ئەگەر بۆ ماوەیەکی دیاریکراویش بێت دەکرێت ببن بە هەرێمێک و لە ڕوی سیاسی و ئیداری و ئابوریەوە ببوژێنەوە.

،،

دوای چەند ساڵێک کە ویستیان لەگەڵ ئیدارەی هەولێردا یەکبگرنەوە، ئەمجارە بەو مەرجەی وەک دوو هاوبەشی یەکسان یەکبگرنەوە؛ واتە ئەم سنورە هەموو دەسەڵات و داهاتەکانی خۆی تەسلیمی هەولێر نەکات.

مەلەفەکانی سوپا و سیاسەتی دەرەوە یەکگرتوبن و داهات و دەسەڵات لە دەستی پارێزگا و قەزا و ناحیەکاندا بمێنێتەوە، هاوشێوەی وڵاتە فیدرالیە پێشکەوتوەکانی وەک ئەمریکا و ئەڵمانیا و سویسرا و ئیمارات. هەروەها ئەم سنورە دەستی هەبێت لە ڕەسمکردنی سیاسەتی دەرەوە و پەیوەندیەکان لەگەڵ بەغدا و مەلەفی نەوت و سەرجەم مەلەفە هەستیارەکانی تردا.

بە کورتیەکەی ئەزمونی شکستخواردووی پێشوو دووبارە نەکرێتەوە کە لە یەکگرتنەوەی ئیدارەکانی هەولێر و سلێمانیدا ڕویدا، کە دووهەمی کرد بە برابچوکی یەکەم و لە هەموو ڕویەکەوە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕینی خستە پەراوێزەوە.

عەرەب ٢٢ وڵاتیان هەیە، ئێمەش با بۆ ماوەیەکیش بێت ٢ هەرێممان هەبێت. لەم قۆناغەدا پێویستمان بەوەیە ماوەیەک دوورکەوینەوە لە سیاسەتە ستەمکاریەکانی پارتی و لە ژێردەستەیی و هەژاری ڕزگارمان ببێت. دواتر کە بەهێزبوینەوە وەک دوو هاوبەشی یەکسان یەکبگرینەوە.

بۆ ئەو مەبەستەش، دەکرێت سود لە دەستوری عێراق وەربگرین، کە لە ساڵی ٢٠٠٥ دا بە ئامادەبوون و ڕەزامەندی نوێنەرانی کورد (نەوشیروان مستەفا لە یەکێتی و مەسعود بارزانی لە پارتی) نوسراوە و دواتر لە ڕاپرسیەکی گشتیدا ٨٠% ی گەلی عێراق بە کوردیشەوە دەنگی بۆ داوە.

بەپێی مادەکانی ١١٧ بۆ ١٢٠ ی دەستوری عێراق، کە تایبەتە بە پێکهێنانی هەرێمەکان، هەرێم دەکرێت لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا پێکبهێنرێت، کە پارێزگایەک یان زیاتر بێت. ئەمەش بە دوو ڕێگە دەکرێت.

ڕێگەی یەکەم: یەک لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا داوای بکەن (پارێزگای سلێمانی ٣٢ ئەندامی هەیە، دەکرێت ١١ ئەندام داوای بکەن).

ڕێگەی دووهەم: یەک لەسەر دەی دەنگدەرانی هەر پارێزگایەک داوای بکەن. واتە لە کۆی ١.٢ ملیۆن دەنگدەری پارێزگای سلێمانی، ١٢٠ هەزار کەس داوای بکەن. ئەم بژاردەیەیان بۆ ئەو حاڵەتە باشە کە ئەگەر حزبەکان لەبەر بەرژەوەندی حزبی و شەخسی و وەرگرتنی چەند پۆستێکی وەزاریی، گوێیان نەدا بە بەرژەوەندی هاوڵاتیان، ئەوا خەلکی پارێزگای سلێمانی خۆیان دەتوانن بەبێ حیزبەکان ڕاستەوخۆ داوای بکەن.

دواتر ڕاپرسی لەسەر دەکرێت. دەبێت ٥٠+١ ی دەنگدەران دەنگی بۆ بدەن (واتە زیاد لە ٦٠٠ هەزار کەس). ئەگەر دەنگیشی نەهێنا دوای ساڵێک دەتوانرێت ڕاپرسی بکرێتەوە.

لەو حاڵەتەدا ئێمە چیتر باجی هەڵە و فەرهودەکانی پارتی و پاشکۆکانیان نادەین لە ناو حزب و لایەنەکانی تردا، و بەغدا مانگانە مووچەی فەرمانبەران دەنێرێت.

هەورەها بە پارەی پەترۆدۆلار و پەترۆگاز دەتوانین چەندین پرۆژەی ستراتیژی بنیادبنێین وەک ڕێگاوبانی خێرای نێوان شارەکان و ناو شارەکان. هەروەها چەندین بەنداوی گەورە و بچوک دروستبکەین، کە ئاو و کارەبامان بۆ دابینبکەن. هەروەها پەرە بە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ بدەین.

سەرەنجام هەم هاوڵاتیانی ئەم سنورە دەبوژێنەوە، هەم پارتی چیتر ناتوانێت بە ناوی کوردایەتی و ئابووری سەربەخۆوە، نەوت و گازی ئەم سنورە تاڵان بکات و بیخاتە حسابە بانکیەکانیەوە لە تورکیا و خەلکی ئەم سنورەی لێبێبەشبکات (حکومەتەکەی پارتی ١٢ ملیار دۆلاری دۆڕاندوە بە دانەگازی ئیماراتی بۆ ئەوەی گازی چەمچەماڵ لە خاڵی بەهێزەوە بگۆڕێت بۆ خاڵی لاوازی سنورە).

،،

دواجار تەسلیمبون بە ئەجێندای تورکیا و دژایەتی پەکەکە و دۆزی ڕەوای گەلی کورد لە باکور بە نرخی کوردایەتی و سەربەخۆیی بە خەلک بفرۆشێتەوە.

بۆ مەسەلە نەتەوەیەکەش، کەی ویستمان وەک دوو هاوبەشی یەکسان یەکدەگرینەوە، نەک بەم شێوە لاواز و شەرمهێنەرەی ئێستا (داهات و دەسەڵات و خزمەت و خۆشگوزەرانی موڵکی ئەوان بێت، بەڵام لە کاتی کێشە و ئیفلاسی سیاسی و ئابوری و شەڕدا بمانکەن بە شەریک).

تێبینی: زۆر سودم لە زانیاریەکانی کاک ئارام جەمال وەرگرت، سەرۆکی پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن (Kurdish Institute for Elections)، کە خۆی و ڕێکخراوەکەی زۆر بە جدی کار بۆ لامەرکەزیەت دەکەن و بەردەوام خەریکی توێژینەوە و کاری مەیدانین.