دوای پێنج مانگ له ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عیراق و شكستی دوو كاندیدی دیكه بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ، دواجار مسته‌فا كازمی به كۆمه‌ڵێك ڕه‌خنه‌و بایكۆتی چه‌ند هێزێكی سیاسی بووه سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق. هه‌ر له‌سه‌ره‌تای وه‌رگرتنی متمانه‌دان به حكومه‌ته‌كه‌ی و كوالێسی دانوستانه‌كان، به‌ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێت كه سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عیراق كۆمه‌ڵێك له‌مپه‌ر و ته‌حه‌دی زۆر قورسی له‌به‌رده‌مدایه، كه یه‌كێكیان خۆی له بوونی شه‌قامی ناڕازی عیراقی كه زیاتر له 700 كه‌سیان لێكوژراوه و 25 هه‌زاریشیان لێ برینداركراوه ده‌بینێته‌وه، هه‌روه‌ها مانه‌وه‌ی هێزه بیانیه‌كان و حه‌شدی شه‌عبی و دۆخی ئابووری خراپ و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌رێم و جوڵه‌ی داعش و گه‌نده‌ڵی، كۆمه‌ڵێك كاری قورسی عیراقن كه چاوه‌ڕوانی مسته‌فا كازمی ده‌كه‌ن.
له‌مپه‌ر و ته‌حه‌دیه گه‌وره‌كانی به‌رده‌م كازمی
مسته‌فا كازمییهكێك له كاره گه‌وره و قورسه‌كانی كه پێویسته پێی هه‌ستێت، دادگاییكردنی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه به‌شداربوون له كوشتنی خۆپیشانده‌ران، به دادگایكردنی ئه‌و هێزانه‌و به سزاگه‌یاندنیان ده‌توانێت دڵی ڕای گشتی و شه‌قامی عیراقی بۆ خۆی ڕابكێشێت، به‌ڵام ئه‌مه كارێكی قورس و ئه‌سته‌مه، چونكه زۆرێك له‌وانه‌ی به‌شداریان له سه‌ركوتكردن و كوشتنی خۆپیشانده‌ران كرد، سه‌ر به میلیشیاكانی هێزه سیاسیه‌كانی عێراق بوون، ئه‌وان به ئاشكرا ده‌هاتن و ته‌قه‌یان ده‌كرد، ئێساش بۆ كازمی كه هێزی چه‌كداری نییه‌و پارتێكی به‌هێزیش له‌پشتی نییه‌و خاوه‌نی فراكسیۆنیش نییه له په‌رله‌مان، ئه‌مه ده‌بێته ته‌حه‌دایه‌ك و ئه‌نجامدانی قورس ده‌بێت، چونكه هه‌ر له ئێستاوه له‌لایه‌ن لایه‌نه سیاسیه‌كانه‌وه ده‌ست و په‌نجه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی كراوه، ئه‌وانه‌ی كه وا سه‌یرده‌كران له خۆپیشانده‌رانه‌وه نزیكن دوورخرانه‌وه، وه‌ك حارس حه‌سه‌ن كاندید بۆ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه، حه‌سه‌ن نازم بۆ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا، كازم سه‌هلانی بۆ وه‌زاره‌تی كار.
،،
هه‌رچه‌نده مسته‌فا كازمی به‌ڵێنی دا، كه حكومه‌ته‌كه‌ی بكاته حكومه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه و قه‌یرانه‌كان، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ته‌حه‌دایه‌ك له‌به‌رده‌میدا، كه ناتوانێت هه‌موو ئه‌و قه‌یرانه كهڵهكهبوانه چاره‌سه‌ر بكات،
به‌تایبه‌ت كه ئێستا دوو قه‌یرانی نوێ ڕووی له عێراق كردووه، یه‌كه‌میان گه‌ڕانه‌وه‌ی داعش و زیادبوونی جوڵهكانیانه له‌گه‌ڵ كه‌مبونه‌وه‌ی داهاتی عیراق به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وته‌وه، ئه‌مه‌ش واته‌ی ئه‌وه‌یه كه كازمی كێشه‌ی ئه‌منی ئابووری ڕووبه‌ڕووی بۆته‌وه، ده‌بێت له‌لایه‌ك بیر له موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بكاته‌وه و له‌لایه‌كیش خه‌می به‌هێز بوونه‌وه‌ی داعش بخوات، كه له ئێستادا له هه‌موو كات دوای شكستیان به‌هێزتر ده‌ركه‌وتونه‌ته‌وه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه پرسی (چه‌ك ته‌نها به‌ده‌ست ده‌وڵه‌ته‌وه بێت) یه‌كێكه له كێشه ئه‌منی و قورسه‌كانی به‌رده‌می، چونكه مسته‌فا كازمی یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه‌ی به توندی هه‌وڵی
چه‌ك كردنی حه‌شدی شه‌عبی ده‌دا، ئه‌مه‌ش وایكرد كه هێزه شیعه‌كان به كاندید بوونی ڕازی نه‌بن، به‌ڵام دواتر به ناچاری ڕازی بوون به كاندیدبوونی. كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی به‌رده‌می ده‌ركردنی هێزه بیانیه‌كانی عیراقه، ئه‌مه پرسه له‌ناو كارنامه‌ی حكومه‌ته‌كه‌یدا به‌ڕوونی دیاری نه‌كرابوو، بۆیه لایه‌نه‌كان له‌كاتی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان ناچاریان كرد،كه هه‌وڵدان بۆ ده‌ركردنی هێزه بیانیه‌كان به ڕاوێژ و هه‌ماهه‌نگی لایه‌نه‌كان بخاته ناو به‌رنامه‌ی كاری حكومه‌ته‌كه‌یه‌وه،ئه‌گه‌ر كازمی ئه‌م بڕگه‌یه‌ی نه‌خستایه ناو به‌رنامه‌ی حكومه‌ته‌كه‌یه‌وه، ئه‌وا چه‌ندین هێزی دیكه‌ی وه‌ك سائرون و فه‌تح ئاماده نه‌بوون متمانه‌ی پێبده‌ن، به‌ڵام ده‌ركردنی هێزه بیانیه‌كان (ئه‌مریكی و ئه‌وروپیه‌كان) كارێكی پڕ مه‌حاڵه له ده‌سه‌ڵاتی كازمیدا نیه،چونكه ئه‌مه لێكه‌وته‌ی ئابووری و سیاسی و ئه‌منی به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، به‌ڵام لایه‌نه ناوخۆییه‌كان فشارێكی زۆری ده‌خه‌نه‌سه‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی هێزه بیانیه‌كان ده‌ربكات، له‌وه‌یه ئه‌م كاره‌ش بۆ كازمی تاقه‌تپڕوكێن بێت و بیخاته به‌رده‌م دووڕییانێك نه‌زانی كه‌میان هه‌ڵبژێرێت!.
سه‌ركه‌وتنی حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی په‌یوه‌سته به پاڵپشتی لایه‌نه سیاسیه‌كان، پێویسته كازمی به باشی بتوانێت هاوته‌ریب پاڵپشتی هێزه سیاسیه‌كان به‌ده‌ستبهێنێت و دڵی شه‌قامیش ڕابگرێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ش كارێكی ئاسان نابێت، چونكه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه، هاوپه‌یمانێتی ده‌وڵه‌تی یاسا به سه‌رۆكایه‌تی نوری مالیكی و هاوپه‌یمانێتی نیشتیمانی به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌یاد عه‌لاوی و چه‌ند هێزێكی دیكه‌ش متمانه‌یان به حكومه‌ته‌كه‌ی نه‌دا، ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه ئاماده نین پاڵپشتی حكومه‌ت بكه‌ن، زۆریش نزیكه له ئه‌گه‌ری ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی خۆپبیشاندانهكان بچنه پاڵ خۆپیشانده‌ران و كێشه‌ی گه‌وره بۆ حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی دروست بكه‌ن.
،،
هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته یان هه‌ڵبژاردنی پاك و بێ ساخته، یه‌كێكه له‌و كارانه‌ی كه كازمی پێویسته ئه‌نجامی بدات، هه‌رچه‌نده لایه‌نه سیاسیه‌كان داوای هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته ده‌كه‌ن، به‌ڵام وا دیار نیه، كه جدی بن له‌م پرسه‌دا، به‌ڵام كارتێكه له‌به‌رده‌میاندا و پێدەچێت بۆ مه‌به‌سته سیاسیه‌كانیان به‌كاریبهێنن و جار‌و بار بیوروژێنن، بۆیه ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته، یان ئه‌نجامنه‌دانی كارێكه و ده‌بێت كازمی بیری لێبكاته‌وه.
كێشه هه‌ڵپه‌سێراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌ند، یه‌كێكه له كاره گه‌وره‌كانی به‌رده‌م سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عیراق، كه خۆی له ناردنی به‌شه بودجه‌ی هه‌رێم و ئاسایكردنه‌وه‌ی دۆخی ناوچه كوردستانیه‌كان و پێشمه‌رگه ده‌بینێته‌وه، ئه‌م كێشانه قوڵ و ڕیشه‌یه‌كی مێژووییان هه‌یه، بۆیه چاره‌سه‌ركردنی به كازمی قورس و ئاڵۆزه، چونكه ته‌نها له ده‌ستی خۆیدا نیه و په‌یوه‌سته به ناوخۆی عیراق و هه‌ڵوێستی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی، بۆیه چاوه‌ڕوان ناكرێت، چاره‌سه‌رێكی ریشه‌یی بۆ ئه‌م كێشانه بدۆزرێته‌وه، له‌وه‌یه ته‌نها موچه له‌به‌رامبه‌ر ڕاده‌ست كردنی نه‌وت و داهاته‌كان بنێرێت، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی دیكه، پێویستی به به‌هێزی هه‌رێم و كارتی فشار هه‌یه، كه ئێستا هه‌رێم له‌دۆخێكی لاوازدایه و ناتوانێت فشار بكات. ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه كه ئاماژه‌مان پێدان، كۆمه‌ڵێك له‌مپه‌ری سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تین، ناتوانین بڵێین سه‌رجه‌م له‌مپه‌ر ته‌حه‌دییه‌كانی به‌رده‌م حكومه‌ته‌كه‌ی مسته‌فا كازمین، چونكه جگه له‌مانه كێشه‌ی ناكۆكی نێوان ئێران و ئه‌مریكا له‌سه‌ر خاكی عیراق و بێ كاری و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و لێكه‌وته‌كانی بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، كۆمه‌ڵێك له‌مپه‌ری قورس و گه‌وره‌ن و داهاتووی خۆی و حكومه‌ته‌كه‌ی دیاری ده‌كه‌ن.