ڕۆژێکی ڕەش لە ژیانی پەرلەمان

ڕۆژێکی ڕەش لە ژیانی پەرلەمان

1008 خوێندراوەتەوە

ڕێبین هەردی

مێژوو پرە لە درۆ، زۆرجار مێژوو درۆزنەکان دەینوسنەوە کە بەهەزار فرتوفێڵ و کرداری دزێو گەمەی دەسەڵات دەنوسنەوە.

سەردەمێک ڤاڵتەر بنیامین ڕاستی گووتبوو (مێژوو براوەکان دەینوسنەوە) هەر لەبەرئەوەش پڕ دەبێت لە درۆ و شێواندنی ڕاستیەکان و پیشاندانی ناشیرینی وەک جوانی و ژێرکەوتن وەک سەرکەوتن و ..هتد.

لەسەرەدەمی بەعسی عێراقیدا چیرۆکی جەنگە خوێناویەکانی سەددام، ئەو بەعسییە درۆزنانە دەیاننوسیەوە کە گەورەترین شکستەکانی سەدامیشیان وەک سەرکەوتنی گەورە بە خەڵک دەفرۆشتەوە.

نوسەری پێشەکی فارسی کتێبی کۆماری ترس کەسەرنجی ئەم دۆخەی دابوو لەو پێشەکیەدا نوسی بووی: تێکەڵەیەکی سەیرە ئەم خەڵکی عێراقە سەددام رێکەوتنی جەزائیر ئیمزا دەکات خەڵکی وەک سەرکەوتن بۆی هەڵدەپەرن، سەددام رێکەوتنی جەزائیر لەسەر شاشە ئەدرێنێت و دیسان خەڵکی دەرژێنە سەر شەقام و هەڵدەپەرن، سەددام کوێت داگیردەکات خەڵک هەر هەڵدەپەرن، سەددام بەوشێوە ئابڕوبەرانەیە کوێت بەجێدێڵێت..دیسان خەڵکی دێنە سەرجادە هەڵدەپەرن بۆسەرکەوتنێک کە بوونی نییە.

مێژوونووسانی بەعس گەورەترین شکستەکانیشیان وەک سەرکەوتن دەنوسیەوەو دەشیانکرد بە وانەیەکی مێژوو کە لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرا:

سەدام یەکەم سەرۆک عێراقە کە پارێزگای ژمارەی ١٩ی(واتە کوێتی) گەڕاندەوە سەر عێراق..کاتێکیش بەوشێوە ئابڕوبەرانەیە لە کوەیت دەرکرا مێژوونوسە بەعسیەکان نوسیان بەهێزترین سەرکردەی عەرەب کە بەرامبەر ٣٦ دەوڵەتی داگیرکەر ڕاوەستا و نەیانتوانی بیڕوخێنن. گەر سەدام لە ٢٠٠٣ دا نەڕوخێنرایە، ئێستا هەموو قوتابیەکانی عێراق ئەم شتانەیان وەک وانەی مێژوو دەخوێندو لەبەر دەکرد. (مێژوو براوەکان دەینوسنەوە) کە هەمیشە پرە لە درۆ و هەڵخەلاتاندن و ناشرینی. کاتێکیش هۆرکهایمەر پێناسەی قوتابخانەی رەخنەگرانەی بەمشێوەیە کردبوو .(هەموو ئەو کەسانەی ئەو ڕاستیە دەزانن کە ئە کۆشک و تەلارەکانی ئێستا دروستکراون لەسەر ئیسک و پروسکی هەزران مرۆڤ دروستکراوە) هەمان بۆچونی ڤاڵتەر بنیامینی بەشێوەیەکی تر دوبارە دەکردەوە..لەپشت کۆشک و تەلارە رازاوەکانەوە، ستەمێکی شاراوە هەیە کە بێدەنگکراوە. هەموو دەستکەوتێک لەقولایدا نوشوستیەکی گەورەی دارمانی مرۆڤایەتی و ئەخلاقیەو بەسەر لاشەو ستەمێکی گەورەدا تێپەڕیوە.

،،

مێژوو درۆزنەکان دەینوسنەوە کە ئەرکی سەرەکیان شاردنەوەی رەنج و ئازارە راستەقینەکان و پێشاندانی سەرکەوتنی وەهمی و درۆزنانە کە تەنیا کۆشکی چەند دەسەلاتدارێکی ستەمکار دەڕازێنێتەوە.

بەلام خۆشبەختانە ئێمە لەسەردەمی ڤاڵتەر بنیامیندا ناژین (کە لە چیرۆکی تراژیدیانەی ڕاکردنی لەدەستی نازیەکان لە سەرسنورێکی نێوان فەڕەنسا و ئیسپانیادا و لەترسی دەستگیرکردنی لەلایەن نازیەکانەوە خۆی کوشت) لەسەردەمێکدا ناژین یەک حیکایەتخوان و یەک قسەکەر و یەک مێژوونووسی هەبێت، لەسەردەمی پۆستمۆدێرنداین کە پرە لە شایەتی زیندوو بەسەر هەموو روداوەکانەوە و حەکایەتەکانیشی بە زمانی جیاواز دەگێرێتەوە. لەسەردەمێکداین مێژوونوسەکانی زۆر و حکایەتخوانەکانیشی زۆرتر.

لەپاڵ هەر گێرانەوەیەکی درۆزنانەی دەسەڵاتەوە بۆ روداوەکان، دەیان شایەتی راستەقینە رووداوەکە چیرۆکەکە وەک خۆی دەبینن و دەگێڕنەوە و ڕێگە نادەن درۆکانی حەکایەتخوانەکانی دەسەڵات روداوەکە بشێوێنێت. ئەوەی لەم رۆژانەدا لە پەرلەمانی کوردستان لە سایەی دەسەڵاتی پارتی بەسەر پەرلەماندا روویدا، لەومجۆرە روداوانەن، لەوجۆرە روداوانەی دەسەڵات حەکایەتی درۆی بۆ دروست دەکات و بە خەیاڵی خۆشی دەتوانێت وەک حەکایەتخوانەکانی سەردەمی بەعس بیکات بە ڕوداوی ڕاستەقینە و خەڵکی پێ هەڵخەلەتێنێت.

چیرۆکەکەی ئەوان دەڵێت(لەپێناوی یاسادا و بۆ ڕێزگرتن لە یاسا و سەلماندنی ئەوەی ئەندام پەرلەمان لەسەرو یاساوە نیە) پارێزبەندیان لەسەر کاکە سۆران هەلگرتووە، باشترین بەڵگە بۆ ئەوەی لەسەردەمی دەسەڵاتی پارتیدا چیدی بێ یاسایی قەبوڵ ناکرێت..بەلام چیرۆکە راستەقینەکە رێک بە پێچەوانەوەیە بۆ سەلماندی ئەوەی سەرەک وەزیران لەسەرو یاسایە و کەس بۆی نیە پێی بڵێت بەری چاوت کلی پێوەیە، دەمی هەموو ئەوانە دادەخەن جورئەت دەکەن ناوی بەڕێزیان بێنن. پێشتر لەسایەی هەمان سەرۆک وەزیراندا و بەناوی یاساوە رۆژنامەنوسێکیان زیندانی کرد و شکات لە دوای شکاتی بۆ ئامادە دەکەن، هەنوکەش نۆرە دێتە سەر ئەو کەمە ئەندام پەرلەمانانەی دەوێرن قسەیەکی هەق بڵێن.

ڤاڵتەر بنیامین بەدروستی نوسیبوی (هچ بەڵگەیەکی شارستانی نیە، بەڵگەی بەربەریەت نەبێت). لەراستیدا ئەم دەنگدانەی پەرلەمان رێک ئەو قسەیەی ڤاڵتەربنیامینمان بیر دەخاتەوە..بەڵگەیەک کە بەروکەش بۆ سەلماندنی سەروەری یاسایەوە بە ناوەرۆکیش دوا پلەی بەربەریەتە. لەسەرەتای ڕێکەوتنی گۆران و پارتیدا و لەیەکەم رەخنەم لەو رێکەوتنە کە تۆمارەکەی لە کەناڵی ئین ئارتی ماوە گوتم کارەساتی ئەم رێکەوتنە ئەوەیە ئەمجارە پەرلەمانیشیان تەسلیمی پارتی کرد، کاتێک سەرۆکایەتی پەرلەمانیان پێشکەش بە پارتی کرد بەناوی ئەوەی کورسیەک بۆ کەمە نەتەوایەتییەکان بێت، کە هەموو دەزانین کەمە نەتەوەیەکان ناوێکی ترە بۆ گوێڕایەڵەکانی پارتی.

ئێستا ئیدی بەتوپزی دەرکەوت وڵات بە پەرلەمان و هەمویەوە لە دەست پارتیەو لە حوکمی ئەوانیشدا ئەوەی خزمەتکار و بەردەستی بنەماڵەکە نەبێت، خائین و خۆفرۆشەو هەر بەناوی یاساشەوە لە زیدان دەکرێت و هەر بە دادگاش حوکم دەدرێت.

لە سایەی پارتی و بەدیاریکراوی لە حوکمی سەرەک وەزیرانی ئێستادا هەموو خۆمان بۆ زیندان و سەرکوت و ئەشکەنجە و هەموو جۆرە ناوزراندنێک ئامادە بکەین..ئەمرۆ نۆرەی کاک سۆران بوو، سبەی هەمومان دەگرێتەوە...لە سایەی پارتی و حکمڕانی کاک مەسروردا رەشترین سەردەمەکانی حوکمرانی دەبینین و ئەمەی کراو دەکرێت تەنیا دەستپێکی قۆناغێکی تاریکە کە بەخوێن و ئەشکەنجەو توقاندن دەنوسرێتەوە. بەڵام بێگومان خاڵی نابێت لە بەرگری و خۆراگری و بەردەوام نا وتن بە دەسەڵاتێکی وا ناشیرین کە بەس زمانی زیندان و سەرکوتکردن دەزانێت.

،،

سەردەمی مەسرور بارزانی لە سەردەمە هەرە تاریک و ناشرینەکانی حوکمرانی هەرێم دەبێت کە تیایدا حوکمڕانەکانی پێشوو وەک حوکمرانی زۆر کراوەتر و لێبوردوو تر دەردەکەون.

سەردەمی مەسرور سەردەمی گرتن و زیندانکردن و ئەشکەنجە و دەمکوتکردن و بە کارتۆنی کردنی پەرلەمان و هەموو دەزگاکانی ترە. سەردەمێکی تاریک دەژین کە پێشهاتەکانی زۆر گەوەرەتر دەبێت لەمەی کە ڕوویدا. لابرنی پارێزبەندی کاکە سۆران سەرەتەیەکی بچوکە بۆ قۆناغێکی درێژی سەرکوتکاری کە بەڕێگەوەتە هەموان توشی کێشە و سەرئێشە بکات.

ئەمرۆ هەمووان بە حیزب و ڕێکخراو و هەموو دەنگێکی ئازادەوە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەوەرەدان یان ئەواتا بەر بەم بەربەریەتە دەگرن کە بەناوی یاساوە گەورەترین گاڵەتەجاڕی بەیاسا و دەزگاکان دەکات، یان هەمووان وەک کاک سۆران بەناوی یاساوە چی پێشێلکاریە بەرامبەرمان دەیکەن.