کازمی لەبەردەم خواستەکانی ئەمەریکاو دژایەتی ئێراندا

کازمی لەبەردەم خواستەکانی ئەمەریکاو دژایەتی ئێراندا

729 خوێندراوەتەوە

عوسمان گوڵپی

دواجارو دوای ململانێیەكی زۆری نێوخۆیی و دەرەكی، مستەفا كازمی قۆناغی ڕاسپاردنی گۆڕی و ئێستا سەرۆك وەزیرانی عێراقەو متمانەی پەرلەمانی بەدەست هێنا، كابینەكەی كازمی لە بەردەم ئاستەنگی زۆری قەیرانی قوڵی جەماوەری و سیاسیدایە، ئاسان نییە بتوانی نوقڵانەی سەركەوتنی كابینەكەی لێ بدەیت و فاكتەرەكانی شكستیش كەم نین، كابینەی نوێی عێراق لە ڕووی جەماوەرییەوە لەبەردەم خەڵكێكی توڕەی كەم خزمەتی پەراوێزخراودایە، بۆیە چاوەڕوانی خەڵك لە حكومەتەكەی مستەفا كازمی كەم نییە، بەتایبەت بۆ حكومەتێك كە گیرۆدەی ململانێی نێوخۆیی و دەرەكی بێت ئاسان نەبێ، بەتایبەت لە دۆخێكی ئابووری ناسەقامگیری ڕوو لە لێژی وەك ئێستا.

 

یەكێك لە ئاستەنگەكانی بەردەم كابینەكەی كازمی، ناكۆكی ناوخۆییەو هێزە سیاسییەكان بەشێكی زۆریان بە ناچاری ئەم كاندیدەیان قبوڵكردوە و دڵخوازی ئەوان نیە، ئەمەش وا دەكات هەمیشە لەبەردەم ئەوەدابێت هەندێك لە هێزە نێوخۆییەكان بەدوای شكستی كابینەكەیەوەبن، ئەگەرچی نەتوانن بە ڕوونی بیڵێن، بەڵام لە كرداردا شكستی كابینەكەی كازمی بەسەركەوتنی خۆیان دەزانن و دەیانەوێ بە پشتیوانانی نێوخۆ و دەرەكی بە كازمی بڵێن حكومەتێك ئێمە پشتیوانی نەبین ناتوانێت سەركەوتووبێت.

,,

ململانێی نفوزی ئێران و ئەمریكا لە عێراق یەکێکە لە ئاستەنگەکانى بەردەم مستەفا کازمى

یەكێكیتر لە ئاستەنگەكانی بەردەم مستەفا كازمی بوونی ململانێی نفوزی ئێران و ئەمریكایە لە عێراق، ئەم دوو وڵاتە هەریەك ئەجێندا و پلانێكیان بۆ عێراق هەیە و زۆرترینی هەنگاوەكانیشیان دژ یەكن و تەریب نین، ئەوەی ئەمریكا دەیخوازێت لە مستەفا كازمی، ڕێك پێچەوانەی ئەوەیە كە ئێران دەیخوازێت، بۆیە كابینەكەی مستەفا كازمی لە بەردەم قۆناغێكی سەختی خواستەكانی ئەمەریكادایە كە لەم قۆناغەدا دەیەوێت هێرشبەربەر و یەكلاكەرەوەی نفوزبێت لە عێراق و بە پێچەوانەوە، ئێران لە قۆناغی بەرگریكردنە لە مانەوەی نفوزی خۆی لە عێراق، بەڕوونی ئەوەی دیارە و خوێندنەوەی بۆ دەكرێت ئەوەیە كە ئەمریكا دۆخی ئێران بە فرسەت دەزانێت بۆ ئەوەی بەتەواوی لاوازی بكات لە عێراق، یەكەم هەنگاویش چاوەڕێ دەكرێت كە مەسەلەی حەشدی شەعبی كۆتایی پێ بهێنێت كە ئەمریكا هەندێك لە هێزەكانیان نەك هموی، مانەوەیان بەهێڵی سور دەزانێت و پێی وایە بوونیان بوونی ڕاستەو خۆی سەربازی ئێرانە لە عێراق و پێشی وایە بەشێك لەو هێزانەی حەشدیان پێكهێناوە دەتوانرێ مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە،

بە پێچەوانەوە ئێران خواستی ئەوەی هەیە لەم قۆناغەدا حەشدی شەعبی و ئەو هێزانەی بە نفوزی ئەو دادەنرێن بیانپارێزێت و بیانهێڵێتەوە و نەهێڵێ لاواز ببن، چونكە لاوازیان بە لاوازبوونی پێگەی خۆی دەزانێ، بۆیە ئێستا ئێران و دۆستەكانی لە خۆپارێزی و بەرگریدان و بەم ئامانجەش نەرمیان نواند لە پێكهێنانی كابینەكەی كازمیدا كە خواستی ئەمریكا و ڕەد نەكراوەی ئێران بوو

,,

سەركەوتن لای ئەمریكیەكان بۆ ئەم قۆناغە لاوازكردنی حەشدی شەعبی و ڕێكخستنەوەی هێزە جۆراو جۆرەكانی عێراقە

 

بۆیە ئەوەی لەبەردەم كازمیدایە قۆناغێكی سەختە و تێپەڕ كردنی ئاسان نیە، سەركەوتن بەسەر قەیرانی دارایی و داخوازی خۆپیشاندەرانی عێراق و ناكۆكی ئەمریكاو ئێران و چارەسەری كێشەی هەرێم، كابینەكەی كازمی لە سەركەوتنی خوازراو دوور بخاتەوە، چونكە ئەمریكا نایەوێ كابینەكەی كازمی شكست بخوات و هەوڵی سەركەوتنی دەدات و بۆ ئەمەش دەبێت عێراق چاوڕێی باجدان بكات.

سەركەوتن لای ئەمریكیەكان بۆ ئەم قۆناغە لاوازكردنی حەشدی شەعبی و ڕێكخستنەوەی هێزە جۆراو جۆرەكانی عێراقە بە جۆرێك كە بڕیاری ئێران تیایاندا لاواز بێت و نەتوانێت هیچ هێز و گروپێكی چەكدار بكاتە مەترسی و هەڕەشە لە سەر بەرژەوەندیەكانی لە عێراقدا و ئەمەش سەردەكێشێ بۆ لاوازی هێزە سیاسیە نزیكەكانی ئێران، كاتێك پشتیوانی سەربازی هەر هێزێك لاواز دەبێت لە عێراقی پڕ لە ململانێدا، ئەوا تاكە پشتیوانی بمێنێتەوە هەستی مەزهەبی و ئاینیە و ئەمەش بەهۆی نەبوونی یەكڕیزی نابێتە فاكتەری مانەوە بەبەهێزی وەك ڕابردوو، چونكە لە هەمان قوماشی مەزهەبی و ئاینی ئەمریكاش قاتێكی بۆ خۆی دووریوە

,,

قۆناغی ئێستای عێراق، بەرزبونەوەی باڵانسی خواستی ئەمریكایە و پێكهێنانی كابینەی نوێش یەكەم هەنگاوی ئەو باڵانسەبوو

یەكێكیتر لە قەیرانە نزیكەكانی بەردەم حكومەتەكەی مستەفا كازمی، هەڵبژاردنی پێشوەختەیە، كەمن پێموایە دەبێتە هەڵبژاردنی پاش وەختە و عێراق ناچێتە هەڵبژاردنێكەوە تا هەندێك گۆڕانكاری ئەنجام نەدات كە لە دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پێشوو دووری بخاتەوە، واتە هەڵبژاردنی داهاتوو دەبێت هاوكێشەی سیاسی بەجۆرێك بگۆڕێت كە جارێكیتر پارسەنگی هێز بگۆڕێتەوە، بەجۆرێك كە هێزەكانی هەشت ساڵی ڕابردووی تێدا بەبەهێزی نەمێننەوە، ئەمەش پێمان دەڵێ هەڵبژاردن بەر لە ئەنجامدانی، عێراق دەخاتە بەردەم هەندێك گۆڕانكاری بەناوی چاكسازیەوە وەك ئامادەسازی بۆ گۆڕانكاری پارسەنگی هێز لە دوای هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراو كە بڕیاری لێدراوە، لەولاشەوە ئێران هەوڵی تەواو دەدات كە هەڵبژاردنی داهاتوو هێزە دۆستەكانی پاشەكشە نەكەن

بۆیە قۆناغی ئێستای عێراق، بەرزبونەوەی باڵانسی خواستی ئەمریكایە و پێكهێنانی كابینەی نوێش یەكەم هەنگاوی ئەو باڵانسەبوو، ئەگەرچی ئێران نەیویست قەیرانی پێكهێنانی حكومەتی عێراق لەوە زیاتر درێژە بكێشێت و تاڕادەیەكیش خواستی هێواش كردنەوەی توندیەكانی نێوان خۆی و ئەمەریكای لە عێراق هەیە.