سوپاس پارتی

سوپاس پارتی

387 خوێندراوەتەوە

شۆڕش ئەنوەر

هەڵوێست و کارەکانی ئەم دووساڵەی پارتی، بەتایبەتیش لەدوای نەمانی کاک مەسعود لەسەرۆکایەتی هەرێم و گەراندنەوەی هێزی حوکمکردنی سیاسەتکردنی پارتی بۆ دوو پارێزگای هەرێم لەدوای ئەوەی کە هێزی سیاسەتی پارتی تەواوی عێراق دەگرتەوە، ئەم پارتەو سیاسەتەکانی ئەم پارتەی لەسەر ئاستی ناوەخۆ دووچاری جۆرێک لەشڵەژان و لەکاردانەوەی بەپەلەپەل کردۆتەوە کەلەهەڵوێست و کاردانەوە مێژوییەکانی ئەم پارتە ئەندازەیەک جیاوازترن، زۆربەمان هەست دەکەین پارتی لەشۆکی ئەوەی لەدوای ریفراندۆمەکە توشی هاتووە نەک رزگاری نەبووە، بەڵکو بەرمەبنای ئەو شۆک بوون و تەزاندنە، لەسەرئاستی ئەو وێرانەیەی کەناوی هەرێمی کوردستانە سیاسەت دەکات!

رەنگە ئەم سیاسەتکردنەی ئێستای پارتی لەنزیک مەوداکەو لەسەرئاستی هەراوهۆسە اعلامیەکە بۆ ئەندامانی خۆیان بەدەسکەوت و جۆرێک لەسەرکەوتن بێتە پێشچاو، بەڵام راستیەکیش هەیە کەپێویستە برادەرانی پارتی ئاگاداری بن، کە ئەم هەڵوێست و کارانەی ئێستای پارتی، لەسەر ئاستی دەرەوەی خۆی لەهەرێم، کۆمەڵێک دەرەنجامی خستۆتەوە کەلەئێستادا هەندێک لەشوێنەوارەکانی دەبینین، بەرلەهەموو شتێکیش نەوەیەکی تازەی لە هێزەکەی بەرامبەری کە یەکێتیە زیندوو کردۆتەوە کەبارگاویە بەرق و توڕەیی لەو هەموو سوکایەتیەی کەلەماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردوو پارتی لەرێگای هەندێ بەرپرسی یەکێتی بەیەکێتی و رۆڵی یەکێتی کردووە، تائەم نزیکانە پارتی توانیبوی بەئەندازەیەکی قوڵ خاوەنی کاریگەری بێت لەناو یەکێتی و لەرێگای بەشێکی دەسەڵاتداری ناو نەوە کۆنەکەوە کەبەپرۆپارتیەکان ناودەبران یەکێتی بەجۆرێک ئاراستە بکات کە بچێتەوە خزمەتی پارتی، بەڵام ئێستای نەوەی تازەی یەکێتی بەگەڕانەوە بۆ جەلالیزم، بە زەروورەتی رزگاربوون لەهەژموونی پارتی دەستیان پێ کردووە، دەی ئەلیف بای جەلالیزمیش لەرووی مێژوییەوە یەکێک لە بنەماهەرە دیارەکانی بریتی بووە لەوەستانەوە نەک لەبەرامبەر پارتی، بەڵکو لەبەرامبەر خودی بنەماڵەی بارزانی، لەدوای ناوەراستی نەوەدەکان کاتێک وەفدێکی مامۆستایانی ئاینی ئیسلام لەشاری کۆیە لەگەڵ مام جەلال دانیشتن بەمەبەستی کۆتایی هێنان بەشەڕی ناوەخۆ، بەتایبەتیش شەری اعلامی باش لە بیرمە مام جەلال بە زانائاینیەکانی گووت کە بەپارتیان گووتوە قسەبەمام جەلال بڵێن قسە بەمەلامستەفا دەڵێین، قسە بەنەوشێروان مستەفا بڵێن قسە بەمسعود بارزانی دەڵێین!

دەمەوێ بڵێم پارتی پێی بزانێ یان نا، بەلایەوە گرنگ بێت یان نا، بەزانایی بێت یان نەزانی بۆتە هۆی دروست کردنی هەستێک لای زۆربەی غەیری خۆی، کە پارتی بۆتە مەترسی بۆمان، هەستێکی لای چەند هێزی ئەم کوردستانە دروست کردووە کە پێویستە بەخۆیاندا بچنەوە بۆ بەرگرتن لەتەشەنەکردنی ئەو مەترسیانەی کەپارتی لەسەریانی دروست کردووە، هەرئەوەشە وای کردووە کە هێزەکان، کارتەکانی خۆیان رێک بخەنەوەو مەدروسانە هەنگاو بنێن، بەنمونە لەدوای ئەوەی ساردیەکی گەورە کەوتە نێوان گۆڕان و یەکێتی، کەچی ئێستا هەردوو هێز بەیەکەوە دەبنە خاوەن پرۆژەی بەلامەرکەزی کردنی پارێزگاکان کەلەبچوکترین دەرکەوتنیدا بەقسەی ئەم لاولای بەرپرس و کادیرانی یەکێتی و گۆران، ئامانج لێی رزگاربوونە لەخراپ بەکارهێنرانرانی دەسەڵات و دامەزراوەکان لەسەرەوە لەلایەن پارتیەوە.

،،

سیاسەتی ئێستای پارتی لەسەرئاستی هەرێم هەمان ئەو سیاسەتەیە کە بووە هۆی ئەوەی لەسەر ئاستی عێراق ئەوەندە گۆڕەپانی هێزی سیاسەت لەپارتی بچوک بکاتەوە کە بگاتە ئەوەی کەلەئێستادا شەڕ لەسەر وەزیرێک بکات لەبەغدا.

پارتی خۆی کارێکی کردووە کەهەرکەس و هێزێک سەلامێکی لێ بکات کێرڤی جەماوەری دابەزێت و سەد تۆمەتیشی بۆ دروست بکرێت و هەرکەسێکیش جنێوی زیاتری پێ بدات و دژایەتی زۆرتری بکات ئەگەر بە رواڵەتیش بێت، زۆرترین قبوڵ بوونی جەماوەری هەبێت و بەئاسانی و بەزۆرترین دەنگیشەوە ببێتە پەرلەمانتار!

بێ باکیەکەی پارتی بەسنورێک گەیشتووە کەبەلایەوە گرنگ نەبێت کە بەبەرپرسیار بزانرێت لەهەرچی خەراپەکاریەک کەلەم هەرێمە وێرانەدا روودەدات، کەمن پێم وایە ئەمە وانیەو هێزەکانی تریش بەتایبەت یەکێتی بەئەندازەی پارتی لەم کارەساتانەی لەهەرێم روو دەدەن بەرپرسیارن، بەڵام پارتی پێدەچێت تەنها بۆئەوەی لەریزی خەراپەکاریەکانیشدا هێزی یەکەم بوون و هەستی براگەورایەتی لای غەیری خۆی نەدۆڕێنێ ئەم بێ باکیەی هەڵبژاردبێت!

لەئێستادا دیارە کەپارتی تەنهایەو دیارتریش ئەوەیە کەگوێ نادات بەهیچ ئیعتیبارێکی تر جگە لەزۆرینەیەکی پەرلەمانی کەزۆربەمان دەزانین ئەم زۆرینەیە چۆن بەدەستهاتووە، حەق وایە بۆ پارتی کەبەرپرسیارانە لەگەڵ زەمینەی سیاسەتکردن لەکوردستان مامەڵە بکات بەتایبەتیش کەهەمووان دەزانین زەمینەی سیاسەتکردن لەکوردستان زەمینەیەکی زۆر ناسەقامگیرەو ئەگەری روودانی هەر شتێکی نائاسایش لەئارادایە کەبەخەیاڵیاندانایەت و نمونەش لەو بارەوە زۆرە.

بەدووریشی نازانم ئەگەر هێزەکانی دەرەوی پارتی، بەرێگاو کەرەسە ناوخۆییەکانی سیاسەتکردن، نەتوانن ئەندازەیەک لەسەنتەربوونەوە بۆ سیاسەتکردتی ئێستای پارتی بگێڕنەوە ئەوا ئەوکات رووداوێکی تری هاوشێوەی (31) ی ئاب رووبداتەوە کەئەمجارەیان لەجیاتی پارتی، هێزێکی تر وەکو حاکم لەهەولێر دابنێت، ئێرەش کوردستانەو دەرگاکانیشی لەبەردەم هەموو ئەگەرەکان کراوەن و پارتیش و هیچ هێزێکی تریش ناتوانن رەورەوی مێژوو لەم هەرێمە بوەستێنن!

 

سوپاسەکەی منیش بۆ پارتی لەوەوە دێت کە سیاسەتەکانی ئێستای بوونەتە هۆی ئەوەی کە خۆمان باشتر بۆ پێشهاتەکان کۆبکەینەوەو بەکێشە لاوەکیەکانەوە سەرقاڵ نەبین و کێشە سەرەکیەکە ببینین، ئەلێرەوەیە کەپێم وایە زۆربەمان سوپاسێکی حەڵاڵی پارتی قەرزدارین، منیش وادوام نەخست و کردم و ئێوەش ئازادن!