واڵتەر بنیامین و ئیكۆسۆسیالیزم

لە سەردەمی كۆرۆناڤایرۆسدا

واڵتەر بنیامین و ئیكۆسۆسیالیزم

445 خوێندراوەتەوە

سەرەتا

لە قوتابخانەكانەوە تا مزگەوت و كڵێسا و سەرجەمی دامەزراوەكانی دیكەدا، فێركراوین كە سروشت دیارییەكی خۆڕاییە و بە مرڤایەتیی بەخشراوە. بۆ نموونە سەرجەمی ئایینەكان كۆكن لەسەر ئەوەى "خوا" سروشتی بە دیاری بەخشیوە بە مرۆڤ. سیكۆلاریستەكان پێیانوایە بەرەكەتی سروشت لە هی خوا زیاترە و خۆڕاییتریشە. هەمیشە دەگوترێت سوپاس بۆ دەست و دیارییەكانی سروشت (لە ئاییندا بیخوێنەوە: خوا)، ئەمەش بە ئاسانیی بووەتە هۆكارێك بۆ هاریكاریكردنی سەرمایەداریی و كاركردنی لەسەر سروشت. لەنێو بیرمەندانی ماركسیستدا، بنیامین یەكێكە لەو ناوە دیارانەى زۆر زوو پەلاماری ئایدیای "خۆڕاییبوون"ی سروشتی دا. لە كۆتاییەكانی سەدەى نۆزدە و سەرەتای سەدەى بیستدا، سۆسیال دیموكراسیی، بە قوڵیی بانگەشەى بۆ ئەم ئایدیایە دەكرد. ئەوان هاوشانی چینی حاكمان سروشتیان تێكەڵی مێژوو دەكرد و مێژووشیان لەگۆشەنیگای سەركەوتوان و حاكمانەوە دەنووسییەوە. بنیامین لەوانە بوو كە بە بەكارهێنانی میتۆدی ماتریالیزمی مێژوویی، دەستیكرد بە داڕشتنی تیۆرەیەكی ڕادیكاڵی مێژوو، كە لە چاوی قوربانیانەوە، لەچاوی مرۆڤەكانی خوارەوە و خەباتە شكستخواردوەكانەوە بینووسێتەوە. شكستی سۆسیال دیموكراسیی، و چوونە باوەشی سەرمایەداریی، و لێكدانەوەى هەڵە بۆ گەشەى مێژوویی، هەم سەركوتی شۆڕشی نۆڤەمبەری 1919ی بەدووی خۆیدا هێنا و هەمیش ڕێگای بۆ فاشیزم خۆشكرد سەركەوێت و دڕندانەتر سروشت بچەوسێنێتەوە. ئەم شكستانە لە كتێبەكەمدا بە وردیی باسكراون: "كەرنەڤاڵی شكستخواردوان: خوێندنەوەیەكی نوێ بۆ ‘تێزەكان دەربارەى چەمكی مێژوو‘ی واڵتەر بنیامین" و لێرەدا زۆر ناگەڕێمەوە سەریان.

 

ڕەشبینیی عەقڵ، گەشبینیی ئیرادە

خەڵكانێكی زۆر دەناسم، دەخوێنمەوە و دەبیستم كە گەیشتوون بە خاڵی كۆتایی ڕەشبینیی و هیچ نەكردن. خوێندنەوەى بەشێك لە توێژینەوە زانستییەكان لەسەر گۆڕانی كەش و هەوا، بەڕاستی نائومێدكەرە و مرۆڤ دووچاری ناچالاكیی، ڕەشبینیی و پاسیڤیزمێكی موتڵەق دەكات. گرامشی گوتوویەتی: "ڕەشبینیی عەقڵ، گەشبینیی ئیرادە" و ئەم دەستەواژەیەش سەدان هەزار جار گوازراوەتەوە و لێرە و لەوێ بەكارهێنراوە. ئەمەش كاتێك بەزەینماندا دێت كە پرسیاری سروشت لە سەردەمی ئێستادا بكەین. بەڵام لەوانەیە بۆ ئەوەى بچینە ئەودیوی كێشەى سروشت وەك دیارییەكی خۆڕایی، بگەڕێینەوە بۆ ئەو دەستەواژەیەى میشێل لوویی: "ڕەشبینیی شۆڕشگێڕانە" كە بۆ واڵتەر بنیامینی بەكاردەهێنێت. بنیامین كاتێك لە 1940دا تێزەكانی دەربارەى چەمكی مێژوو دەنووسێت، كتومت سەروبەندی كارەساتە: سوپای نازیی گەیشتووەتە پاریس، دوایین پەناگای تاراوگەنشینی بنیامین، بەبێ پێداچوونەوە تێزەكان دەنووسێت و تەسلیمی جۆرج باتای دەكات و ڕادەكات، تا لەسەر سنووری ئیسپانیا و فەڕەنسا لە پۆرت-بۆ دەگیرێت و پۆلیسی سنووری سەر بە فرانكۆ، دەڵێن تەسلیمی گیشتاپۆ (سوپای نازیی) دەكاتەوە و ئەویش لەبەرانبەردا، هەمان شەو لە هوتێلەكەى سەر سنوور خۆی دەكوژێت. كارەسات بەرۆكی نەك خۆی، بەڵكو كۆی مرۆڤایەتیی گرتبوو و تەنها ڕێگاش بۆ بەرگرتن لە كارەسات، كردە و جوڵەى شۆڕشگێڕییە وەك تێزەكان داوای دەكات. هەڵبەت بنیامین 12 ساڵ پێش تێزەكان لە پەیوەندییدا بە تێكدانی سروشتەوە، لە ساڵی 1928 لە كتێبی "شەقامی یەكئاراستە"دا بە ڕاشكاویی گوتبووی: "ئەگەر لەناوچوونی بۆرژوازیی لەلایەن پرۆلیتاریاوە لە خاڵێكی بەڕادەیەكی زۆر دیاریكراو و پێشبینیكراوی گەشەى ئابووریی و تەكنەلۆژیادا ڕوونەدات كە ئێستا پێیگەیشتووین، ئەوا هەموو شتێك لەدەست دەچێت. پێش ئەوەى دینامیتەكە بتەقێتەوە، دەبێت بەخێرایی فتیلەى مەشخەڵەكە بقرتێنین". هەندێك زانا لە ڕەشبینكردنی ئینسان تا ڕادەى شێتكردنی مرۆڤ دەچنە پێشەوە، بەڵام هەرگیز مرۆڤ بەرانبەر بە سیستەمەكە ڕەشبین ناكەن. كەواتە ڕەشبینییەكی عاقڵانە، و گەشبینییەكی ئیرادە (گرامشی) و ڕەشبینیی شۆڕشگێڕانە، واتا ڕێكخستنی ڕەشبینیی لە دەوری كردەى شۆڕشگێڕانەدا، هیوایەكە بۆ وەستاندنی كارەساتی ژینگەیی.

 

سەرمایەداریی: تێكچوونی ژینگە و كۆرۆناڤایرۆس

بەرپرسیارێتیی سیستەمی سەرمایەداریی لە كارەساتی ژینگەییدا (با باسی كارەساتەكانی دیكە نەكەین: ئیمپریالیزم، كۆڵۆنیالیزم، هەردوو جەنگی دووەمی جیهان، جینۆساید، ئاوارەبوون و هەژاركردنی وڵاتانی دیكە) ئێستا لە ئاستی گەردوونیدا ناسراوە. كەس ئەمڕۆ نكوڵیی لەوە ناكات كە سەرمایەداریی بەرپرسە لەم كارەساتانە مەگەر دۆناڵد ترەمپ و دارودەستەكەى، بۆلسۆنارۆ و شەقاوەكانی، بۆریس جۆنسن و زانا ساختەچییەكانی بەردەستی، پۆتین و قەرەقۆزەكانی و هتد. پاپا فرانسیس، لە پەیامە پاپاییەكەیدا بۆ قەشەكان بەناوی "Laudato Si" (واتا: پیرۆزبن، یان ستایشتان لێ بێت)، كە لە 18ی حوزەیرانی 2015دا بڵاوكرایەوە، بەبێ ناوهێنان و بەكاربردنی وشەى "سەرمایەداریی" بەشێوەیەكی بنچینەیی دژی سیستەمی پەیوەندییە بازرگانیی و خاوەندارێتییەكان قسەى كرد، ئەو سیستەمەى بەشێوەیەكی بەرفراوان پشت بە "پرەنسیپی زۆرترین قازانج" دەبەستێت و بەرپرسە لە نادادپەروەریی كۆمەڵایەتیی و وێرانكردنی ماڵی هاوبەشی مرۆڤایەتیی: سروشت. كەواتە قسەكردن لەسەر گۆڕانی كەش و هەوا و تێكچوونی ژینگە، چیتر نەخشە و پیلانی ماركسیستەكان نییە بۆ وەستاندنی ئابووریی سەرمایەداریی وەك ترەمپ و بۆلسۆنارۆ و ڕاستڕەوەكانی ئەوروپا و نیۆلیبراڵەكان باسی دەكەن. دروشمی "گۆڕینی سیستەم نەك گۆڕانی كەش و هەوا" دروشمی خەباتە هەنوكەییەكانی ئەمڕۆی بزووتنەوەى جەماوەرییە، كە بێگومان خەسڵەتی خەباتی چینایەتیی هەیە: قازانج و كەڵەكەكردنی سەرمایە بۆ ئەوان لەسەر حسابی بە خۆڕاییدانانی سروشت و كاولكاریی، هەژاریی و نەخۆشیی و نەبوونی ئاو و هەوای پاك و تێكچوونی بەئەگەری نزیكەوە، سروشت، بۆ ئێمە. سەرمایەداران تا ئێستاش باوەڕیان بەم دەستەواژەیە هەیە كە لەڕووی مێژووییەوە دراوەتە پاڵ لوویی (یان لویس)ی شانزەهەم: "دوای من با لا فاو و تۆفان بێت". لەگەڵ سەرهەڵدانی كۆرۆناڤایرۆسیش، ئەمڕۆ كەس نەماوەتەوە نكوڵیی لەوە بكات كە سەرمایەداریی لەسەر گۆڕینی سروشت بۆ شوێنی قازانج و تێكدانی ژینگەى سروشتیی خۆراكی ئۆرگانیی و ئاژەڵان، و بەپیشەسازییكردنی خۆراك بەرپرسە هەم لە بەرهەمهێنانی ڤایرۆسەكان و هەم خۆشكردنی ژینگەى گواستنەوەیان، مەگەر دیسان ترەمپ و بۆلسۆنارۆ و بۆریس جۆنسن، قەرەقۆزەكانی سەرمایەداریی.

 

ڕیشەى ئەم كێشانە چین؟

بۆ تێگەیشتن لە ڕیشەى ئەم كێشانەى ئەمڕۆ، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ سەرهەڵدانی فاشیزم. كاتێك كەرەنتینە هاتەئاراوە، دەرفەتم بۆ گونجا جارێكی دیكە بگەڕێمەوە سەر موتاڵەعەكردنی فاشیزم. ئەو پرسیارەى بە زەینمدا هات ئەمەبوو: چ پەیوەندییەك لەنێوان پەتا و فاشیزمدا هەیە؟ دەستمكرد بە خوێندنەوەى كۆمەڵێك سەرچاوەى كۆن دەربارەى سەرهەڵدانی فاشیزم: تالهایمەر، ڕۆزنبێرگ، كۆنتر: كلارا تسەتكین، لیۆن ترۆتسكی و پاشان بەرەو تێزەكانی بنیامین. نەوەیەك هەموویان هەم ئەزموونی فاشیزمیان كردبوو، هەم قوربانی فاشیزمیش بوون. پەیوەندیی نكوڵیكردن لە فاشیزم و نكوڵیكردن لە گۆڕانی كەش و هەوا لەكوێدایە؟ ساڵی 1974 پییر پاولۆ پازۆلینی گوتبووی: نیۆلیبرالیزم فاشیزمێكی نوێیە. بەڵێ نیۆلیبراڵیزم بەرپرسە لە وێرانكردنی ژینگەى مرۆیی. لە 1930د پێدەچوو هەر شانس و بەختێك بۆ دووبارەكردنەوەى مێژوو وەك تراژیدیا، تەنانەت ساردتر و كارەساتبارترتیش لە ئەسڵەكەى، هەبێت. زۆر هاوار بەرزبوونەوە بۆ یەكگرتن لە دژی دوژمنێكی هاوبەش. هاتنی فاشیزم بۆ دەسەڵات لەناو سیستەمی سەرمایەدارییدا لەپێناوی دروستكردنی بازاڕێكی هاوبەش بۆ ئەم سیستەمە، ڕێگای خۆشكرد بۆ سەرهەڵدانی فاشیزمێكی نوێی ئاشتیخوازانە: نیۆلیبراڵیزم و ئاسەوارە تێكدەرەكانی: وێرانبوونی ژینگەى سروشتیی و تێكچوونی كەش و هەوا. ئەمڕۆش سەرهەڵدانی كۆرۆناڤایرۆس، بەبێگومان، وەك دەرهاویشتەى ڕاستەوخۆی ئەم سیستەمە.

 

نكوڵییخوازیی: هۆلۆكۆست و ژینگە

مایك دەیڤس نووسەری بەناوبانگی ماركسیست، سەرهەڵدانی ژینگە خراپەكانی ژیان لەناو سیستەمی سەرمایەداریی و دەرپەڕاندنی مرۆڤەكان لە شوێنە سروشتییەكانیان، بە هۆلۆكۆستی نوێ لەبندەستی نیۆلیبرالیزمدا ناودەبات. كەواتە نكوڵیكردن لەم كارەساتە، هاوكات نكوڵیكردنە لە كارەساتەكانی فاشیزمیش: هۆلۆكۆست و ئاوشڤیتز. خۆ هەڵبەت ئەمان ئەمەش ناشارنەوە. ماوەیەك پێش ئێستا لە وتارێكدا دەربارەى نكوڵییخوازیی و سینۆفۆبیا، بە وردیی باسم لە نكوڵییكردنی سەرمایەداران و سیاسەتمەدارانی دەست لەسەر سینەی سیستەمەكە كرد سەبارەت بە گۆڕانی كەش و هەوا و ژینگە و سەرهەڵدانی كۆرۆناڤایرۆس، ترەمپ و بۆلسۆنارۆ و بۆریس جۆنسن دیسان لە لوتكەدا دەوەستن. لە ئەمریكا، سەرەتا كۆرۆناڤایرۆس وەك شتێكی بێگانە، دوور، پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە، شتێك كاریگەریی لەسەر ئێمە نییە و دەكرێت فەرامۆش بكرێت، لێكدەدرایەوە و دەبینرا. پاشان كە ڕێژەكە بەرز بووەوە جەماعەتی یارانی سەرەوە گوتیان تەنها هەڵامەتێكی ئاساییە – هاوشێوەى گەرمبوونی كەش و هەوا، تەنها شتێكی وەرزیی و ئاوهەوایە. هەمان چیرۆكی كۆن، بەڵام گێڕەڕەوەی تازە بە هەمان ناوەرۆكەوە.

 

سەوزایی؟

ڕیفۆرمیزم و سەوزكردنی پانتایی زیاتری جیهان لەلایەن سەرمایەدارانەوە وەك چارەسەری تێپەڕاندنی قەیرانی ژینگەیی سەیر دەكرێت. چەمكی "سەرمایەداریی سەوز"، یاخود "بازاڕەكانی كاربۆن"، "میكانیزمەكانی قەرەبووكردنەوە" و سەرجەمی قۆرخكارییەكانی دیكەى وەك "ئابووریی بازاڕی بەرگەگر" سەلماندوویانە كە هیچ شتێك ناكەن خراپتركردنی دۆخەكە نەبێت. سەوزكردن چارەسەر نییە، بەڵكو بەرچاومان بۆ خەباتكردن دژی كارەساتە نزیكمەوداكە تاریكتر دەكات. "ئیكۆ-فاشیزم" چەمكێكە لە دەرەنجامی ئەم ئایدیۆلۆژیایەى سەوزكردن سەریهەڵداوە. وەك میشێل لوویی دەڵێت هیچ چارەسەرێك بۆ قەیرانی ئیكۆلۆژیی لەناو چوارچێوەى سەرمایەدارییدا نییە، ئەو سیستەمەى تەنها خەریكی زیادەى بەرهەمهێنان، بەهەدەردانی زیاتر، بەكاربردنی زیاتر، خەباتی بێ ئامان بۆ بازاڕە هاوبەشەكان و هتدە و هەموو ئەمانەش لەپێناوی كەڵەكەكردنی سەرمایە و هەڵكشاندنی زیاتری قازانجدا دەكات.

 

باڵادەستبوون

لە دەیەى 1930دا ماركسیستەكانی ناو جەنگ درێژەیان بە خەباتی خۆیان دل تەنانەت دوای هاتنە سەر كاری هیتلەریش. بەردەوامبوون لە تیۆر و پراكتیكی ئەنتی فاشیستیی، تەنانەت لەنێو ئەو هەلومەرج و نائومێدییەشدا كە بەتالیۆن و كەتیبە گەورەكانی چەپ لە ئەوروپا شكستیان هێنابوو و ملی تاراوگەیان گرتبوو. لە نۆڤەمبەری 1938دا، لیۆن ترۆتسكی دەنووسێت: "بەڵام تەنانەت بەبێ جەنگیش گەشەسەندنی دواتری جیهانی كۆنەپارێز بەبێگومان نیشانەی لەناوبردنی فیزیكیی جولەكەكانی پێیە". ترۆتسكی لە كاتێكدا ئەم ئاگادارنامەیە ڕادەگەیەنێت كە هیچ یەكێك لە بەرپرسانی گەورەى سیاسیی، تەنانەت دیارترین سیاسەتمەدارانی سەر سەكۆی ئەو شانۆیە، نەیاندەویست باس لە مەترسیی جینۆساید بكەن. و ئەمەش وایكردبوو ترۆتسكی هەر خێرا داوا لە هەموو بەرەى چەپ بكات لە دژی دوژمنێكی هاوبەش یەكبگرن. ئەنتی فاشیستەكان دوژمنێكی هاوبەشیان هەبوو: هیتلەر. كاتێكیش بنیامین لە 1928 و لە 1940دا باسی كارەساتی نزیكمەودای سیستەمی سەرمایەداریی و تێگەیشتنی بۆرژوازیی و كاركردنی لەسەر سروشت دەكات، هیچ یەكێك نەك گوێیان لێنەگرت، بەڵكو هەروەها بەگاڵتەوە سەیری ئەم پرسانەیان دەكرد.  بنیامین باسی لە پێشكەوتنی وێرانكارانە كردووە كە وەك "تۆفان"ێك كارەساتەكان كەڵەكە دەكات. هەمان وشە "تۆفان" لە ناونیشانی دوایین كتێبی جەیمز هانسن، پسپۆڕی بواری كەشوهەوا لە ناسا و یەكێك لە دیاریترین پسۆڕانی گۆڕانی كەش و هەوا لە جیهاندا دەردەكەوێت (كە پێدەچێت ئیلهامی لە واڵتەر بنیامین وەرگرتبێت). ناونیشانی كتێبەكە، كە لە ساڵی 2009دا بڵاوبووەتەوە، بریتییە لە: تۆفانەكانی نەوەكانم. حەقیقەت دەربارەى كارەساتی كەشوهەوای بەردەممان و دوایین چانسمان بۆ پاراستنی مرۆڤایەتیی (نیویۆرك، بلوومسبوری). هانسن بەهیچ جۆرێك شۆڕشگێڕ نییە، بەڵام شیكارییەكەى بۆ "تۆفان"ی بەردەممان – كە لای ئەو، هەروەكچۆن لای بنیامینیش، تەمسیلێكە بۆ شتێكی زیاتر لە مەترسیی – زۆر كاریگەرە و زۆر ڕوون و ڕاشكاوە. بنیامین زۆر بە ڕاشكاویی پێشبینیی ئەمڕۆی كردبوو، بەڵام نەك لە فۆرمی موعجیزە و وەحیی پێغەمبەران و هیچ نەكردندا، ئەو لە تێزەكاندا باس لەوە دەكات داهاتوو كراوە و هەموو ساتێكیش ساتی هاتنە ناوەوەى هێزی شۆڕشگێڕانەیە لەم دەروازەیەوە. ئایا هیچ ساتێك هێندەى ئەمڕۆ، ئێمە لەبەردەم مەترسیداین؟

 

چارەسەر: ئیكۆسۆسیالیزم

لەسەرەوە باسم لە ڕیفۆرمیزمی سۆسیال دیموكراتەكان و ئایدیۆلۆژیای سەوزی پارتە سەوزەكان كرد كە چارەسەری تێكچوونی ژینگە و كەش و هەوا لە چاندنی دار و درەخت و سەوزكردنی زیاتری جیهان دەكەنەوە. ئەمڕۆ تەنانەت ئەم سیاسەتە دەكرێت لە بیركردنەوەى فاشیستییدا بە ئاسانیی جێگای بكرێتەوە كاتێك بانگەشە بۆ باڵادەستیی و ئەولەویەتی ئەخلاقیی كۆمەڵگای پێش-سەرمایەداریی و فەزیلەتی خاكدا دەبینێتەوە. ئەمڕۆ ئەم ئیكۆ-فاشیستانە جگە لەوەى هاوشێوەى فاشیستە كۆنەكان دەڕژێنە شەقامەوە، بەڵام میتۆدە دیموكراسییەكانیش بەكاردەهێنن. پەیوەندییەكی بنچینەیی لەنێوان تەكنۆكراتیزمی ناپۆپۆلیستی وەك سیاسەتی سەوزەكان و دۆناڵد ترەمپدا هەیە. یەكێكیش لەو هۆكارانەى فاشیزم دەیەوێت ئیستغلالی بكات بۆ پەرەدان بە خۆى، و دامەزراندنی ئیكۆ-فاشیزم، بریتییە لە سەرهەڵدانی ئەو بزووتنەوە بەرفراوانەى كە دژی گۆڕانی كەش و هەوا و تێكچوونی ژینگە وەستاوەتەوە. بەڵام ئەم بزووتنەوەیە لەوە وشیارترە بە ئیكۆ-فاشیزم بخڵەتێت. ئەى چی دەوێت؟ ئایا لەڕێگای ڕیفۆرمەوە پێیدەگات؟ بێگومان نەخێر. بنیامین هەمیشە دەیگوت شۆڕش ڕاكێشانی برێكی لەناكاوی قیتارە لەلایەن سەرنشینانی ئەو قیتارەوە كە نەیانەوێت قیتارەكە بەرەو هەڵدێریان ببات. بۆ وەستاندنی ئەم كارەساتە، تەنها ڕێگا وەستاندنی ئەو سیستەمەیە كە ئەم كارەساتەى خوڵقاندووە نەك دەستكاریكردنی. ئیكۆ-سۆسیالیزم ئەم ئایدیایە كە ملیۆنان مرۆڤ ئەمڕۆ لەسەرتاسەری زەوی لەدەوری كۆبوونەتەوە، كە بنیامین ئیلهام بەخشی بوو و هەر زووش باسیكردووە. بنیامین پێیوایە لەمجۆرە سیستەمە ئیكۆلۆژییە سۆسیالیستییەدا، تەنها پرۆلیتاریا بەهۆی قازانجنەویستییەكەیەوە لەسەر سروشت، دەتوانێت هارمۆنیی پەیوەندیی نێوان سروشت و مرۆڤ ڕابگرێت.

ئیكۆسۆسیالیزم داهێنەری ئەو ئەخلاقە هاوبەشەیە كە لەلایەن بزووتنەوە جۆراوجۆرەكانەوە لەپێناوی گۆڕان و وەرچەرخانێكی گەورەدا گیراوەتە بەر. ئیكۆسۆسیالیزم بزووتنەوەیەكی ئەنتەرناسیۆنالە: مادام قەیرانە كۆمەڵایەتییەكان، قەیرانە ئابوورییەكان، ڕاسیزم و فاشیزم و تێكچوونی ژینگە و كەش و هەوا سنوور ناناسان، ئەوا ئیكۆسۆسیالیزم دەبێتە تەنها ئەڵتەرناتیڤێكی جیهانیی و گڵۆباڵ. خەباتی ئەم بزووتنەوەیە لەدژی سیستەمی سەرمایەداریی كە پاڵنەری ئەم قەیرانانەیە، بووەتە خەباتێكی جیهانیی و لە ئەفریقاوە تا نیویۆرك، لە ئەمریكای لاتینەوە تا بەنگلادش بەیەك دروشم هاوار دەكات.

بەدەستەوەگرتنی ئامرازەكانی بەرهەمهێنان بەشێوەیەكی دەستەجەمعیی، وەرچەرخانی پەیوەندییەكانی بەرهەمهێنانە. ئیكۆسۆسیالیزم هەمان ئەو سیستەمەیە كە هارمۆنیی ئەم پەیوەندییە تازانە لەگەڵ سروشتدا دەهێنێتە ئاراوە.

سێ خاڵ هەیە كە بێگومان بۆ ئەمڕۆی ئیكۆسۆسیالیزم ئێجگار گرنگن:

1) گۆڕینی سەرچاوەكانی وزە (تازەكردنەوە نەك سووتەمەنییە فۆسیلییەكان)؛

2) كەمكردنەوەى بەكاربردنی وزەى جیهانیی؛

3) كەمكردنەوەى بەرهەمهێنانی كاڵاكان (واتا: هێواشكردنەوەى گەشەسەندن)؛

4) هەڵگرتنی چالاكییە بێكەڵك و بێسوودەكان (ڕیكلام) و چالاكییە زیانبەخشەكان (دەرمانە كیمیاییە مێرووكوژەكان، بەرهەمهێنانی چەك و جەنگ)؛

5) وەستاندنی پرۆسەى پلاندانانی جێگیركردنی هەموو كۆن بە شتی نوێ.

لەبەرئەوە ئیكۆسۆسیالیزم گۆڕینی ڕیشەییانەى مۆدێل و شێوازەكانی بەكاربردن (consumption)، فۆرمەكانی گواستنەوە، شارنشینیی و "شێوازەكانی ژیان"ـە. بەكورتیی، وەك میشێل لوویی باسی دەكات، ئیكۆسۆسیالیزم زیاترە لە گۆڕینی فۆرمەكانی خاوەندارێتیی: ئیكۆسۆسیالیزم گۆڕینێكی شارستانێتییە كە پشت بە بەهاكانی سۆڵیداریتیی (هاوپشتیی)، یەكسانیی و ڕێزگرتنی سروشت دەبەستێت. ئیكۆسۆسیالیزم لە پرۆدەكتیڤیزم و بەكاربردن دادەبڕێت، ئەم كارەش لە بەرژەوەندیی كاتی كەمتری كاركردن و كاتی ئازادی زیاتردا دەكات تا ئەم كاتە بۆ چالاكییە كۆمەڵایەتیی، سیاسیی، خوڵقاندنە ئەدەبیی، هونەریی، ئیرۆتیكیی و ئێستاتیكاییەكان بكات. ماركس ئاماژە بەم ئامانجە دەكات و ناوی "هەرێمی سەربەستیی" بەسەردا دەبڕێت. ئەم خەباتە لەپێناوی، وەك ماركس دەڵێت، گەیشتن بە "هەرێمی سەربەستیی"دا دەكرێت.

 

 

سەرچاوەكان

Michael Lowy, Ecosocialism, A Radical Alternative to Capitalist Catastrophe, Haymarketbooks, Chicago, 2015.

Mike Davis, Late Victorian Holocausts, Verso Books, London, 2000.

پێشڕەو محەمەد: كەرنەڤاڵی شكستخواردوان: خوێندنەوەیەكی نوێ بۆ ‘تێزەكان دەربارەى چەمكی مێژوو‘ی واڵتەر بنیامین، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانیی، 2020.

پێشڕەو محەمەد: نكوڵییخوازیی و سینۆفۆبیا، ناوەندی لێكۆڵینەوەى سۆسیالیستیی، 29ی ئازاری 2020، http://www.isk21.org/ku/?p=1749

میشێل لوویی: شۆڕش ڕاكێشانی برێكی قیتارەكەیە: كۆمەڵە وتارێك دەربارەى واڵتەر بنیامین، وەرگێڕانی پێشڕەو محەمەد، ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، سلێمانیی، 2019.

 

 

author photo

نووسەرو وەرگێڕ