هونەر لەپێناوی لەبیرنەچوونەوەدا

هونەر لەپێناوی لەبیرنەچوونەوەدا

639 خوێندراوەتەوە

هێرۆ خوسرەوی

 

ڕۆژی ٨ی ئایار (مەى)، ڕۆژی یادکردنەوەی ڕووخان و داڕمانی دامودەزگا و دەستوپێوەندەکانی فاشیزم (دەسەڵاتی نازیزم) لە ئەڵمانیایە. ئەم ڕۆژە هێشتا لە ناکۆکیی ئەوەدایە، کە زۆرێک پێیانوایە پێویست بە یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە ناکات و تەنانەت هیچ زەروور نییە وەك "ڕۆژێکی پشوو" سەیربکرێت. بەڵام زۆرێکیش بەتایبەتی بزوتنەوە سۆسیالیست و پارتە چەپ و بزوتنەوەکانی دژەفاشیزم لەو باوەڕەدان، کە دەبێت ئەم ڕۆژە یادبکرێتەوە و کارێک نەکرێت بۆ لەبیرچوونەوەی ئەم فاشیزمە، چونکە بە لەبیرچوونەوە و یان یادنەکردنەوە، ئەگەری دووبارە دروستبوونەوە و ڕوودانی هەمان شت هەیە. یۆهان ڤۆلفگانگ گۆتە وتەیەکی هەیە دەڵێت: "هەر کەسێک لە دیموکراسییەتدا خەوت، بەدڵنیاییەوە لە دیکاتۆرییەتدا خەبەری دەبێتەوە". بەدڵنیاییەوە چەمکی فاشیزم لە سەردەمی گۆتەدا نەبووە، ئەگینا دەکرا بڵێت، هەر کەسێک لە دیموکراسییەتدا خەوبردییەوە لەفاشیزمدا خەبەری دەبێتەوە.

یەکێک لە بەجێماوانی ئاوشڤیتز مۆم بۆ یادی هۆڵۆکۆست لەسەر شتۆلپەشتاینە دادەگیرسێنێت


ئەوەی جێی ئاماژەشە زۆر هەوڵ دراوە کە ئەم وتەیەی گۆتە لەخۆی بسێننەوە و بیخەنە پاڵ کەسانی دی وەک کورت توخۆڵسکی یان ئیمانوێل کانت و چەند کەسێکی دیکە. ئەگەر بەوردی سەرنجی ئەمە بدەین چەند شتێکمان بۆ دەردەکەوێت، لەلایەکەوە گۆتە یەکێکە لەو کەسانەی کە پێگەیەکی تایبەتی لە ئەدەبیات و هونەری ئەڵمانیی و جیهاندا هەیە و بەشێوەیەک لەتەواوی جیهاندا ناسراوە کە تەنانەت ئەگەر ئاشناش نەبن بەکارەکانی، بەلایەنی کەمەوە ناوی بیستراوە و بەر گوێی زۆرینەی خەڵکی جیهان کەوتووە. ئیتر لەمەشەوە تێدەگەین کە هەوڵدان بۆ سڕینەوە و کاڵکردنەوەی فکرە دژە فاشیستییەکانی گۆتە لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت. لەبەر ئەم هۆیە پێویستە نەک تەنیا لەبیرمان نەچێتەوە، بەڵکو کاربکەین کە کارەکانی فاشیزم نەشاردرێنەوە، چونکە لە هەموو لایەکەوە بزوتنەوە ڕاسیست و فاشیستییەکان لە هەوڵی کاڵکردنەوە و بچوککردنەوەی ئەکتە وەحشیگەرییەکانیان دان.

پڕۆژەی شتۆلپەشتاین (بەردەکانی یادەوەریی - Remembrance Stones):
هەر کەسێک جارێک پێی خستبێتە ناو ئەڵمانیاوە یان وڵاتە ئەوروپییەکان، ئەگەر بەلایەنی کەم حەزێکی بچووکی بۆ شار و شارسازیی و پێکهاتەکانی هەبێت، زوو بەردێکی چوارگۆشە ئاسای ڕەنگی زێڕینی لە ڕۆخی زۆرێک لە شەقام و شۆستەکان بەرچاو دەکەوێت. ڕەنگە بۆ هەندێک كەس تەنیا سەیرکردن و ئێستێکی بچووک بێت، بەڵام بۆ زۆرێکی دیكە لە گەلی جولەکە و ئەوانەی کە هۆلۆکۆستیان بەچاوانی خۆیان ئەزموون کرد، تەنیا بەردێکی دیکە لە بەردەکانی شۆستەکان نییە، بەڵکو مێژوویەکی لەبیرنەکراو و تۆقێنەرە. ئەم بەردانە لە ١٢٦٥ شار و شارۆچکەی ئەڵمانیادا دانراون و هەروەها لە بیست و یەك وڵاتی ئەوروپاش.

هونەرمەند گونتە دێمینگ لەکاتی دانانی بەردەکاندا

هونەرمەندی ئەڵمانی گونتە دێمینگ لە پرۆژەکەیدا بەناوی "شتۆلپە شتاین" (كە بە حەرفیی بە مانای ‘بەردی بەربوونەوە، یان بەردی كەوتن و بەر زەوی كەوتن، تلۆر خواردن‘ و هتد دێت) یادی قوربانیانی دەستی فاشیزمی نازیزم بەوە دەکاتەوە، کە هەستا بە تۆمارکردن و نوسینەوەی ناو، ڕۆژی لەدایکبوون و مردن و پێشتر تیا ژیان و شوێنی قوربانیان و دواین شوێنییان کە لێی کوژراون یان کەلەوێوە نێردراون بۆ کەمپی کاری زۆرەملێ (ئاوشڤیتز). لەسەر هەر بەردێک ئەم چەند شتە نوسراوە: (لێرەدا ئەم کەسە .....، بەم ناوە..... ژیاوە). هەر بەردێک ئاماژەیە بە کەسێک، کە قوربانییەکی دەستی فاشیزم بووە. گونتە دێمنیگ ڕستەیەك لە تەورات دەهێنێتەوە کە دەڵێت: "مرۆڤێک لەبیردەچێتەوە، ئەگەر ناوەکەی لەبیرکرا". بە ئەو بەردانەی بەردەم ماڵەکان یادەوەرییەکانی ئەو کەسانە بەزیندوویی دەمێنێتەوە، کە پێشتر لەوێدا ژیاون. ئەمەش سەرەکیترین هۆکاربووە بۆ دەستپێکردنی بەم پڕۆژەیە.


هەر خۆی و بەبێ پچڕان بەردەوامی بەم پرۆژەیەى دەدات، ئەگەرچی لەزۆرێک لەشوێنەکان هەرکە دەزانن گونتە دێمینگ هاتۆتە ئەو شارە یان ئەو وڵاتە خۆبەخش و کەسانی هاوکار بەشداریی لەگەڵدا دەکەن. تا ئێستا ژمارەی ئەو بەردانەی کە لەنێو شەقامەکاندا جێگەی بۆ کردوونەتەوە دەگاتە ٧٥٠٠٠ بەردن، و هێشتاش بەردەوامە. بەڵام لەکاتی ئێستادا بەهۆی چوونەسەرەوەی تەمەنی و هەبوونی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، لەبەرئەوەی ئەویش دەکەوێتە ئەو گروپانەی کە مەترسییان لەسەرە، لەکارە هونەرییەکەی وەستاوە. دێمنیگ باسی سەردانەکانی دەکات بۆ ئەو شوێنانەی کە ئەو بەردانە دادەنێت، لەوێ زۆرێك لەو كەسانەى لە جەنگی دووەمی جیهان یان لە هۆلۆکۆست و ئاوشڤیتز ڕزگاریان بووە دەبینێت و ئێواران لەگەڵیاندا بەیەکەوە نان دەخۆن و بیروڕاکانیان دەگۆڕنەوە. ئەمەش بە بەشێکی گرنگی کارەکەی دەبینێت و لای دەمێنێتەوە.


ئەم پڕۆژەیە نەک تەنیا پڕۆژەیەکی سادە كە دەكرێت وەك كارێكی هونەریی سەیر بكرێت، بەڵکو وەک کۆنسێپتێکی هونەریی بۆ لەبیرنەچونەوە و دووبارە گەڕاندنەوەی ناوی ئەو کەسانە بۆ ناو ژیانی ئەو كەسانەى دێن و دەڕۆن. دووبارە چالاککردنەوەی بیرەوەرییەکانییان لە ژیانی ڕۆژانەی هەر کەسێکماندا. لێرەدا هونەر نەک تەنیا وەک پەیکەرێکی قەبارە گەورە و داگیرکردنی شوێنێک لە شارێک خۆی نمایش دەکات، بەڵکو بڵاوەپێکردنی هونەر بۆ هەمووان و بەشداریکردنی ئەم هونەرە لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەدا. گەڕاندنەوەی هونەر بۆ ناو ژیانی ڕۆژانە، بۆ ناو خەڵک، نەک تەنیا قەتیسبوونی لە مۆزەخانەیەک یان شوێنێک کە تەنها چەند نوخبەیەک دەتوانن بینەری بن. ئیتر لێرەدا ڕۆڵی هونەر دەبینین کە ناچارمان دەکات لەبیرنەکەین، هەموو ڕۆژێک کە دەمانەوێت پێ لەدەرگای ماڵەوەمان بخەینە دەرەوە، نیگاکانمان بەرەو لای خۆی ڕادەکێشێت، کە بەڵێ کەسێک لێرەدا ژیاوە یان کەسێک لێرەدا مردووە. هەر ئەمە لەوانەیە زۆرێک پێیانوابێت پاش ماوەیەک دەبێتە ڕۆتینێک و بەشێکی ژیانی ڕۆژانە، کە ئیتر وامان لێناکات بجوڵێین. من لەو بڕوایەدام، هەر ئەم هونەرە خواستەکانمان بۆ لەبیرنەچوونەوە بەهێزتر دەکات، و لەلایەکی دیکەشەوە هەست و نەستی بەرەنگاریی و قبوڵنەکردنمان بەخەبەردێنێتەوە.


لەزۆرێك لە کۆمەڵگاکاندا مردوو جێگە و پێگەیەکی بۆ دادەنرێت، وەک کێل و قەبرێک، کە دەکرێت بەشێوەی جۆراو جۆر لێکدانەوەی بۆ بکرێت. بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی کوشتاری هۆلۆکۆست و ئاوشڤیتز، دەبینین کە قوربانیییەکان نەک تەنیا شتێکیان لەدوای خۆیان بەجێ نەماوە بەڵکو ئەوەی بەجێشماوە لە بێ شووناسییەک و تێکەڵەیەک لەگەڵ هەموو ئەوانەی دیكەدا لە ئاوشڤیتز تەنیا وەک ئاسەوارێک جێماوە. بۆ نموونە لە سەردانێکم بۆ ئاوشڤیتز ئەمەم بەچاوی خۆم بینی کە ژوورێک پڕبوو لە قژی قوربانییان، ژوورێک تەنیا عەینەکەکانیان،.......هتد. ئەگەرچی وێنەکانیان بەناوە کۆدکراوەکانیش دەکەونە بەرچاو، بەڵام گرنگی ئەم پڕۆژەیەی گونتە دێمنیگ لەوەدایە، کە ئێستا بەلایەنی کەم قوربانییەکان چوارگۆشەیەکی بچوکیان هەیە بەو ناو و ناونیشانەی کە لێیبوون بۆ یادەوەرییەکانیان.


گونتە دێمنیگ باس لەوە دەکات، کە تازە دەستی بە ئەنجامدانی ئەم پڕۆژەیە کردبوو لە نەوەدەکان، وایدەزانی کە لەوانەیە لە چەند سەد بەردێك تێنەپەڕێت، ئەوپەڕی هەزار کەسێک. بەڵام لەگەڵ ڵێکۆلینەوە و بەدواداچوونەکانیدا بەم دەرئەنجامە گەیشت، کە زیاتر دەیان ملیۆن کەس بوون.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە لەلایەن میدیایەکی ئەڵمانییەوە (هێسێنشاو- Hessenschau) لێی دەپرسن: لەم ماەیەی پێشوودا لە شاری فرانکفورت بوویت، و وەک دەزانین لەم شارە ڕێژیەکی زۆر بەرچاو کوژراون یان ڕەوانەی كەمپەكانی کاری زۆرەملێ کراون، پرسیارەکەمان ئەوەیە، ئایا کارەکەی ئێوە لەبنەڕەتدا کۆتاییەکی هەیە؟ و ئایا هەندێکجار بێتاقەت و بێتوانا نابن؟ گونتە دێمنیگ دەڵێت: "ئەو شتەی کە هەوڵدەدەم بیگەڕێنمەوە، قەرەبووی تەنیا یادەوەرییەکانیان دەکاتەوە. من ناتوانم بڵێم ئەو کارەی دەیکەم چێژی لێوەردەگرم، خودی ئەو بۆنەیەی کە من دەیکەم هی خۆشی نییە تا لێی ماندووببم. ئەمەش بۆ من نەبۆتە ڕۆتینێک. بەدڵنیاییەوە جێخستنی بەردەکان دەتوانم ئێستا لە تاریکیشدا بیکەم، چونکە ئەوەندە دووبارەم کردۆتەوە، بەڵام زۆر بەتایبەتی ئەو شتانەی بۆ من گرنگن بینینی پۆلی خوێندگەکانن. ئیتر هەندێکجار کەسانێکیش لە خێزانی ئەو مناڵانە دێن، کە خۆیان ئەزموونی ئەمەیان کردووە، خوێندکارەکان زۆر زیاتر تامەزرۆی بیستن و زانینی ئەوەن کە چۆن دەکرێت لە 'وڵاتی شاعیران و بیرمەندان' شتێکی لەم چەشنە ڕووبدات؟ ئەگەر ئێمە تەنیا لەبارەی کوشتاری شەش ملیۆن کەسەوە بخوێنینەوە، تەنیا بۆمان دەبێتە ژمارەیەکی ئەبستراکت، بەڵام بەمشێوەیە هەم دەیبینین و هەم ئاشنا دەبین بە ناو و چیرۆکەکانیان". و دوای ئەوە زۆرێک لە خوێندکارانی خوێندنگەکانیش داوایان کرد کە ئەوانیش دەیانەوێت ئەم کارە ئەنجام بدەن. لێرەدا هونەر لە تەنیا کۆنسێپتێکەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئەکتێکی سیاسی، بۆ بەشداریییەک و هۆشیارییەکی سیاسی-کۆمەڵایەتی.

ڕاستڕەوی نوێ و هەوڵی کاڵکردنەوەی فاشیزم:
هەر وەک پێشتر ئاماژەم پێکرد ئەم کارە هونەرییە، ئیتر لە تەنیا کارێکی هونەرییبوون خۆی قوتارکردووە و بەشێوەیەکی زۆر سەرسوڕهێنەر چۆتە ناو کۆمەڵانی خەڵکەوە و بووەتە ئەکتێکی سیاسی. بۆنمونە بەردەوام کەسانێک دەبینین کە ڕۆژانە ئەم شتۆلپەشتاینانە خاوێن دەکەنەوە، و زۆرکات گوڵ دەبینین لەسەریان، بە تایبەتیش لە کاتی یادکردنەوەی قوربانیانی فاشیزم و لەناوچوونی فاشیزمیشدا هەر کەسە بە پێی دوور و نزیکیی و هەبوونی ئەم شتۆلپەرشتاینانە لەدەوروبەری گوڵ و مۆم دادەنێن لەدەوریان.

هەر ئەم ئەکتە وایکردووە کە نیۆنازیزمی ئەڵمانی لە هەوڵی کەمکردنەوە و هەڵکەندنی ئەم بەردانەدابێت، بۆ سڕینەوەی ئەم مێژووە، بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی قوربانیان. هەوڵدان بۆ لێسەندنەوەی شووناسێک و یادەوەرییەک کە بەلایەنی کەمەوە هونەرمەند گونتە دێمنیگ هوڵیدابوو بۆیان بگەڕێنێتەوە. لەم بیست ساڵەی ئەم هونەرمەندە خەریکی ئەنجامدانی ئەم پڕۆژە هونەرییەیە تا ئێستا چەندین جار کەوتۆتە بەر هەڕەشەی نیۆنازیی و ڕاستڕەوە توندڕەوەکانەوە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەم پڕۆژەیە چ مەترسییەکی خستۆتە سەر نازیزم و فاشیزمی ئەڵمانیی، کە چۆن هەستی هاوبەشی لە زۆرێک خەڵکدا چاندووە. بۆیە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان، هەروەک چۆن لە هەوڵی گومان خستنە سەر ژمارەی قوربانیان و کوژراوانن، لەگەڵ ئەوەشدا لە هەوڵی سڕینەوە و هەڵکەندنی ناوی قوربانییەکانن. لەم دواییانەدا پارتی چەپ لە پەرلەمانی ئەڵمانیا پێشنیاری ئەوەى بۆ حكومەتی فیدراڵ كردبوو كە ئەو بەردانەى نەماون و هەڵكەنراون، حكومەت بیانكڕێتەوە، ڕاستەوخۆ پارتی "ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا" (نیۆنازییەكان) دژی ئەم پرۆژەیە دەنگی دا.


کورد ناوێکی ون:

سەربازی ون
کە وەفدێ دەچێتە شوێنێ
بۆسەر گۆڕی سەربـازی ون
تـاجـە گـوڵینـەیــەک دێنــێ
ئـەگەر سبەی وەفدێـک بێتە وڵاتـی من
لێم بپرسێ کوانێ گۆڕی سەربازی ون؟
دەڵێم گەورەم لە کەناری هەر جۆگەیێ
لەسەر سەکۆی هەر مزگەوتێ
لە بەردەرگای هەر ماڵێ، هەر کڵێسەیێ هەر ئەشکەوتێ
لە سەر گابەردی هەر شاخـێ
لەسەر درەختی هەرباخێ لەم وڵاتە
لەسەر هەر بستە زەمینێ
لـەژێر هەر گـەزە ئاسمانێ
مەترسە کەمێک سەر داخە و تاجە گوڵینەکەت دانێ
عەبدوڵڵا پەشێو

ئەم شیعرە عەبدوڵا پەشێو ئەگەر بەئاشنابوون بەم پڕۆژەیەی گونتە دێمنیگ بخوێنینەوە، دەبینین لەهەر جێیەکی کوردستان و لەهەر کوچە و کەلەبەرێک شوێنێک هەیە بۆ قوربانی دەسەڵاتە ڕژێمە گۆڕبەگۆڕەکان. بەڵام ئەوەی جێی باسە بۆچی لای ئێمە هیچ شتێکی وا نەکردراوە، ئایا ژمارەی قوربانیانی ئێمە کەمترن یان ئەوەی دەمێکە هەوڵدراوە لەبیربکرێن. مێژووی خەڵكی کوردیش وەکو خەڵكی جولەکە ئەگەر زۆر زیاتر قوربانی نەدابێت و زۆر زیاتر نەچەوسێنرابێتەوە بەدەستی چەوسێنەران، هیچی کەمتر نییە لە مێژووی قوربانیانی جولەکە. بۆیە لێرەدا دەمەوێت سەرنجتان بۆ چوونییەكێتیی و لەیەكچوون ڕابكێشم لەگەڵ قوربانیانی ئەنفال و کیمیاباران و ....هتد. بۆیە دەکرێت ئەم پڕۆژەیە و ناساندنی ئەم پڕۆژەیە بەرچاو ڕوونییەک بێت بۆ هونەرمەندانی کوردستان کە بیر لە کارێکی هونەریی بکەنەوە، بەبێ چوارچێوەیەکی سنور بۆداڕێژراو و بەبێ چوارچێوەیەکی زەمەنیی.

بایۆگرافییەکی کورت لەبارەی هونەرمەند گونتەر دێمنیگ:
لە ٢٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٤٧ لە بەرلین لەدایکبووە. لە ساڵی ١٩٦٧ خوێندنی ئامادەیی تەواو کردووە و دواتر دەستدەکات بە خوێندنی پەروەردەی هونەر لە زانکۆی هاوچەرخ بۆ هونەر()، و دواتر دیزاینی پیشەسازیی دەخوێنێت لە هەمان زانکۆدا. دوای ئەوە لە ساڵی ١٩٧١ دەچێتە شاری کاسڵ و لە زانکۆی هونەریی کاسڵ بەردەوامی بەخوێندن دەدات. ئەو یەکێکە لە هونەرمەندە ناسراوە ئەڵمانییەکان، و بەتایبەتی بە هۆی ئەم کارەیەوە کە لە ساڵی ١٩٩٦ بۆ یادەوەری قوربانیانی نازیزم ناوبانگێکی جیهانی وەرگرتووە. ئێستا تەمەنی دەکاتە ٧٥ ساڵ و هێشتا لەژیاندایە.

هونەرمەند گونتە دێمنیگ لەکاتی کارکردنیدا

سەرچاوەکان:
1. http://falschzitate.blogspot.com/2018/08/wer-in-der-demokratie-schlaft-wacht-in.html
2. https://www.hessenschau.de/gesellschaft/es-ist-keine-routine-geworden-alsfelder-kuenstler-verlegt-75000-stolperstein,gunter-demnig-hat-tausende-stolpersteine-verlegt-100.html