ئامێری چاودێرییەکە وەستاو ئەحمەد دڵی لە لێدان کەوت

ئامێری چاودێرییەکە وەستاو ئەحمەد دڵی لە لێدان کەوت

445 خوێندراوەتەوە

د. هەڤین کەمال شا محەمەد

پەیوەندییەکەی من و ئەحمەد بەو شێوەیە دەستی پێکرد، ئەحمەد لە یەکێک لە ڕێکخراوە بیانییەکان کاری دەکرد و کارەکەی بریتیبوو لە هەڵگرتنەوەی مین، ڕۆژێک لەو ڕۆژانەی کەزۆر ماندوو بوو تیایداو گەرمایی هاوین هەراسانی کردبوو، بەهەڵە پێ دەنێت بە مینێکداو قاچێکی دەپەڕێت.

لەوکاتەدا من لەگەڵ ڕێکخراوێکی ئیتاڵی خێرخوازی کارم دەکرد، تەنیا پزیشکی بێهۆشکار بووم لەوێ، هەموو بریندارانی شەڕی براکوژی و ئەوانەی گوللەیان بەردەکەوت و مینیان پیادا دەتەقییەوە لای ئێمە چارەسەردەکران.

هێندە دەست و قاچی پەڕیومان بینیبوو و چارەسەرکردبوو، بە نەخۆشخانەکەمانیان دەوت نەخۆشخانەی قاچ بڕینەوەکە. ئێستا کە ئەوکاتانەم دێتەوە یاد، موچڕکەیەک بەهەموو گیانمدا دێت و لەشم وەک شەق شەقە دەلەرزێت، نازانم چۆن ئەو کاتە هێندە خۆڕاگر بووم !

زۆر لەیادم نیە چ بەروارێک بوو ئەحمەدم تیاناسی، بەڵام هێندە دەزانم لەو ڕۆژەدا هێندە ترسام و تووشی دڵە کوتێ بووم بە ڕادەیەک هەرگیز ئەو هەستەم نەکردۆتەوە لە دوای ئەو ڕۆژە لە ژیانمدا.

ئاخر چ هەستێک هێندەی ئەو هەستە ناخۆشە بۆ پزیشکێک کە نەخۆشەکەی لە بەردەستیدا دڵی لە لێدان بکەوێت؟

بە بەبرینداری هێنایان، مینەکە تەقی بووەوەو قاچێکی پەڕاند بوو، خوێنێکی زۆری لێدەڕۆشت وەکو کانی، هەر زوو بەرەو ژووری نەشتەرگەری فڕانمان، بیرم نایەت سەیری دەموچاویم کردبێت لەو کاتەدا.

ئێستا دوای ئەو هەموو ساڵە کەدەمەوێت شێوەی بێنمەوە بەرچاوی خۆم، تەنیا ڕوویەکی زەرد و قاچێکی پەڕیوم دێتەوە یاد. بە پەلە خستمانە سەر مێزی نەشتەرگەرییەکەو بێهۆشم کرد، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری دەستیکرد بە چارەسەرکردنی ئەو خوێن بەربوونە زۆرەی لە قاچە پەڕیوەکەوەی دەهات و هەرچەندی دەکرد ئەو نەزیفەی بۆ نە ئەگیرسایەوە.

من و یاریدەدەرەکەشم بە هەردوو دەستمان بە هەموو هێزێک لە پەنجەکانماندا هەبوو پاڵمان بە کیسی خوێنەکانەوە دەنا و فشارمان دەخستە سەری بەڵکو بتوانین پاڵبنێن بە زۆرترین بڕ لە خوێن بۆ جەستەی ئەحمەد. بەرەبەرە هەستمدەکرد پەنجەکانم هێزیان تیادا نامێنێت و دەستم خاو دەبێتەوە، هەرچەند نەزیفە زۆرەکەم دەبینی لە قاچییەوە، دیسانەوە گوڕم دەخواردەوەو ئازاری پەنجەکانم فەرامۆشدەکردو توندتر پاڵم دەنا بە کیسە خوێنەکانەوە. ئەو چرکەیەم بیر ناچێتەوە بۆ هەتا هەتایەلە ژیانمدا، کەدەنگی ئامێری چاودێرییەکە وەستاو ئەحمەد دڵی لە لێدان کەوت. هەتا ئێستاش چەندین شەو بەو خەونە ناخۆشەوە بێداربوومەتەوە، لە چرکەیەکدا هەموو شت بێدەنگ بوو ئەو دەنگەی بۆ پزیشکی بێهۆشکار خۆشترین مۆسیقایە، دوب لوب .. دوب لوب .. دوب لوب لە ژەنین وەستا. بۆ بیست خولەکی ڕێک بەهیچ جۆرێک لە یادم نییە چیم دەکرد و چۆن دڵی خۆشم لێدەدا ؟!

ئەحمەد دڵی وەستابوو و منیش بەهەموو لایەکدا دەسوڕامەوە، جارێک دەرمانم ئەداێ، جارێک کارەبام لێدەدا و جارێک ئۆکسجینم دەکردە سییەکانی و جارێک لەبەر خۆمەوە لە خوا دەپاڕامەوە. پزیشکە نەشتەرکارەکەی هاوڕێشم بە هەردوو دەستی فشاری دەخستە سەر سنگی ئەحمەد و بەئومێدی گەڕانەوەی ترپەکانی دڵی، دەمان ژمارد یەک، دوو ، سێ، چوار .. ...سی وئۆکسجینمان دەداێ.

لە چرکەیەکدا هەموو ماندوو و بێئومێد بووین، ویستم بڵێم : هاوڕێیان تەواو، نەخۆشەکەمان لە دەستدا. بە بێئومێدی سەماعەکەم خستە سەر دڵی و لەپڕ هەستم بە لێدانێکی کز کرد، زۆر کز بوو، باوەڕم بەگوێی خۆمنەکرد ! سەماعەکەم کردە گوێی یاریدەدەرەکەم و وتم گوێبگرە. ئەویش بە سەرسوڕماوییەوە وتی: دکتۆر دڵی لێدەدات ! ئاخر لەزانستی پزیشکیدا زۆر دەگمەنە دوای نیو کاتژمێر دڵی یەکێک بکەوێتەوە کارکردن، ئەوە بە دڵنییاییەوە پەرجۆیەک بوو خوای باڵادەست پیشانی داین لەو ڕۆژە شومەدا.

ئەحمەد نەشتەرگەرییەکەی تەواو بوو و بەرەو قاوش بردیان، بەڵام بە داخەوە بۆ هەتا هەتایە قاچێکی لە دەست دابوو. ڕۆژی دوایی هەرچەندە هەستم بە ماندویەتێکی زۆر دەکردو هەستم دەکرد لە ڕووی دەروونیەوە پێویستم بە پشووە، بەڵام حەزی بینینی ئەحمەد و هەواڵپرسینی زۆر لە ماندووبونەکەم بەهێز تر بوو، بۆیە بەرەو نەخۆشخانە ڕۆشتم و پێش ئەوەی دەست بکەین بە نەشتەرگەرییەکانی ئەو ڕۆژە، بەرەو قاووشەکەی ئەحمەد ڕۆشتم. لە دوورەوە بینیم ڕەنگی زەرد هەڵگەڕابوو و خەمێکی قووڵ دایگرتبوو، بەیانی باشم لێکردو بە هێمنی وەڵامی دامەوە.

ــ نا شکور ئێستا زۆر باشی، ڕەنگیشت باشە لە چاو دوێنێدا.

بە غەمگینیەوە وتی: بەڵێ زۆر باشم، تەنیا قاچێکم لە دەست داوە !

ــ هەر بە ڕاستی تۆ زۆر باشی، دوێنێ ئێمە خەریک بوو تۆ لە دەستدەین کاتی نەشتەرگەرییەکە، قاچ چییە، دەتوانین قاچی سناعیت بۆ دروستکەین و لە جاران باشتر پێی بڕۆیت. ــ ئم ..ئم .. هیوادارم وا ئاسان بێت !

ــ ئەحمەد، ئەتوانم پرسیارێکت لێبکەم؟ دوێنێ تۆ بۆ ماوەی نیو کاتژمێر دڵت لە لێدان کەوت، بیرت نایە لەو کاتەدا هەستت بە چی کرد، هیچت نایەتەوە یادت، یاخود هەستت بە چیکرد؟

دەزانم پرسیارەکەم هیچ لۆژیکێکی تیادا نیە و شێتانەیە چونکە تۆ بێهۆش کرابوویت، بەڵام نازانم بۆ حەزدەکەم بپرسم .! حەزێکی شێتانە بۆ پرسیارکردن تەنگی پێهەڵچنیبووم، دەمزانی پرسیارەکەم بە هیچ جۆرێک عاقڵانە نییە، بەڵام ئەو حەز و خولیایەی هەمبوو هەمیشە بۆ زانین و پرسیارکردن لە سەر هەموو شت، بۆ زانینی ئەوەی مردن چۆنەو دەبێت مرۆڤ کە دەمرێت هەستەکانی چییان لێبەسەربێت ؟! زاڵ بوو بوو بەسەرما و چاوەڕێ بووم ئەحمەد پێمبڵێ.

ئەحمەد بە زەردەخەنەیەکی غەمناکەوە سەیری کردم و وتی: وەڵا دکتۆر من هیچم بیر نییە. تەنیا ئەوەی بیرمە هەستدەکەم خەوم بینی، لەخەوما گەڕابوومەوە بۆ دێکەمان و لە ژێر دارئەرخەوانەکەی بەردەمی ماڵمان شیعرم دەنووسی. ـ

ـ بۆ حەزت لە شیعرە؟!

ــ بەڵێ زۆر جار هۆنراوە دەنووسم، من شاعیرم بەڵام بژێوی ژیان وایلێکردم ئەم کارەش بکەم.

ــ خۆشحاڵم شیعر دەنوسیت، وخۆشحاڵتریشم کە گیانت لەدەست نەداو ئێستا لە گەڵ من قسە دەکەیت.

ــ زۆر سوپاس دکتۆر، خەمت نەبێت شاعیرەکان بە گوللە و مین و بەنەخۆشیش نامرن. "شاعیرەکان تەنانەت بە مەرگی ئاسایی خۆشیان نامرن!! ئەوان لە ڕۆژێکی ساردی غەمگیندا کۆتا شیعری خۆیان ئەنوسن، دەفتەرەکەیان دائەخەن، دەستێ ئەخەنە سەر دڵیان و هەناسەدانیان لەبیر ئەچێت!

" سەرنج: ئەحمەد ناوێکی خوازراوە ڕستەکانی ناو وێرگوڵەکە وەرگیراوەـ