گێمێکیتری داعش

ئایا داعش ده‌بێته‌وه‌ مه‌ترسى بۆسه‌ر كورد؟

گێمێکیتری داعش

550 خوێندراوەتەوە

داھۆ سالم


‎وەک دەبینین لەم ڕۆژانەدا جارێکیتر ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بەگۆڕو تینێکی نوێوە گەڕایەوە سەر شانۆی ڕووداوەکان لەسەر ئاستی گۆڕەپانی عێراق. وەک زۆرێک لە کارناسان و چاودێرانی دۆخەکە پێشبینیاندەکرد، یٔەم مەترسییە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەورەدەبێت، سەبارەت بە ھەرێمی کوردستان جیاوازییەکە لەوەدایە لەناو هەموو یٔەو کاره‌کتەرانەی لە عێراق ململانێ دەکەن لەگەڵ داعش هیچ کامیان بە یٔەندازەی کورد لاواز نین، چ شیعە، چ یٔەمریکا و وڵاتانی سوننی.

‎یٔەمریکا یٔەیەوێت داعش بوونی هەبێت، بۆ پێویستی مانەوەی له‌ عێراقدا، شیعە و یٔێران بۆ مانەوەیان لەو ناوچە سونییانەی کە داعش تێیدا بەهێزە بۆ ڕێگریکردن لەو دەنگانەی داوای هەرێم و لامەرکەزی و فیدڕاڵی بۆ ناوچە سونیەکان دەکەن ھەروەھا وەک پاساوێک بۆ مانەوەی "حەشد" لە ناوچە ئازادکراوەکاندا.
‎یٔەگەر کورد پێی وابێ، هەستانەوەی داعش و مەترسییەکانی بۆ سەر سوپاو حەشد لە ناوچە جێناکۆکەکان واقیع دەگۆڕێ و ئه‌بێتە هۆی گەڕانەوەی پێشمەرگە، ئەوە خەیاڵێکی خراپە لەوانەیە واقعی ئێستاو مانەوەی ئەو ناوچانە لە بندەستی سوپای عێراق باشتر بێت لە هەڵکشان و بەهێز بوونی داعش لەو ناوچانە، چونکە ئەم دیدە بە ئاشکرا لەنێو شەقام و بژاردەی سیاسیدا ھەستیپێدەکرێت، ئەوەش وەک خەونی دوبارەبونەوەی ڕووداوەکانی حوزەیرانی ٢٠١٤ و کەوتنی موسڵ و کشانەوەی سوپا لە ناوچە جێناکۆکەکان.

‎ئەوەی لەم ماوەیەدا ڕوودەدات لە زیادبوونی چالاکییەکانی داعش جۆرێک لە زیادەڕەویی تێدایە، ئەوە ڕاستە کە داعش لەدوای ئەو شکستانەی لە هاوینی ٢٠١٧دا لە موسڵ و ئاداری ٢٠١٩ لە باغۆزی سووریا و ڕووخانی تەواوەتی خەلافەتەکەیان و لەدەستدانی خاک و گەڕانەوە بۆ چالاکی تیرۆرستی و ئاڵنگاری ئەمنی،

،،

لە ئێستادا قۆناغی دووبارە خۆڕێکخستنەوەو دۆزینەوەی جیگەو پێگەی لەبارو گونجاو بۆ ئەم قۆناغەی کە پێویستیان پێیەتی هەڵبژاردووەو چەکداران و فەرماندەکانیان دابەشکردۆتەوە و بەووردی و بە ڕێکخراوەیی کارەکانیان ئەنجام دەدەن.


‎وێرای ئەوەی لە هەناوی هەموو گروپێکی توندڕەویی ئاینییدا باوەڕێکی توندی دژ بە کورد و ناسیۆنالیستی کوردی هەیە کە ڕیشەکەی ڕەهەندی قوڵتری هەیەو دەگەڕێتەوە بۆ ئەو زەمینەی کە پێیوایە هەمیشە هەستی ناسیۆنالیستی کوردی دژ بە بیری یٔیسلامگەراییە، هەمیشە بە گومانەوە لە ئیسلامبوونی گەلی کورد دەڕوانن، چونکە ئەوان دەزانن ئەوەی لە ڕێگەی توندڕەویی ئاینییەوە بەدەستی دەهێنن، هەرگیز بە هیچ ڕێباز و بیر و بزوتنەوەیەکی ناسیۆنالیستی عەرەبی بەدەستیناهێنن. ئەوان دەزانن بەناوی ئاینەوە چەندینجارو لە چەندین قۆناغی جیاواز جیاوازدا کوردیان چەوساندووەتەوەو قاتوقڕکردووە .


‎سەرەکیترین هۆکاری مانەوەو گەشەکردنی داعش ئەوەیە لە نێو بازنەی بەرژەوەندی کاراکتەرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێی دەبیتەوە. ئەو لە هەر قۆناغێکدا خزمەت بە بەرژەوەندی لایەک دەکات. بۆ نمونە لە سەرەتای ڕووخانی ڕژێمی سەدام لە ٢٠٠٣دا لەلایەن کۆمەڵگەی سوننی لە عێراق و هەندێ لە وڵاتانی ناوچەکە بە چاوی ئومێدەوە تەماشا دەکرا گوایە تاکە ئامرازی ئەمری واقیعە بۆ ڕاگرتنی هەژموونی شیعە لە عێراقدا.


ئێستاش ئێران و حزب و ڕێکخراوەکانی شیعی لە عێراق وەک بیانوویەک دەیبینێ بۆ مانەوەی حەشدی شەعبی لەناوچە سونیەکان و هێشتنەوەی حەشد وەک دامەزراوەیەکی سەربازی لە عێراقدا بە گشتی. ئەمریکییەکانیش سەلماندیان (بەم کردەوانەی لەم دواییانەدا داعش یٔەنجامیان دا) عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوی ئەو ڕێکخراوە پێویستی بە ئەمریکایە، وە لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگدا ڕای بەشێك لە نوخبەی سیاسی و سەربازی عێراقی گۆڕی لەمەڕ ئەو دەنگانەی داوای دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا دەکەن لە عێراق.


‎هەموو ئەمانە لە کاتێکدا بوو کە هەرچەند ئەوە ڕاستییەکی ڕوونە کەوا داعش جارێکیتر خۆی ڕێکخستۆتەوە، توانای جوڵەو هاتوچۆیان لە ڕووبەرێکی بەرفراوانی عێراقدا لە سنووری سووریاوە بۆ دەوروبەری بەغدا و تاکو نزیک دەبێتەوە لە سنووری ئێران هەیە، هەندێ ناوچەی خاوەن جوگرافی ئاڵؤزو سروشتی سەختیان ھەڵبژاردووە لە دەوروبەری شارەکان و نێوان سنووری پارێزگاکان.


بەڵام هێشتا لەو چالاکیانە ئەنجامیان داوە تەنها ئامانجیان زیانی مرۆییە. ئاستی مەترسییەکانیان بە میکانیزمێکی سادەیە کە کوشتنی ئەندامی هێزە یٔەمنییەکان بە چەکی سوک و تەنانەت بە دەگمەن هەڕەشەکانیان دەگاتە ئامێرو ماشێنە جەنگییەکان. وە نەیانتوانیوە هیچ خاڵ و پێگە و بنکەیەکی سەربازی کۆنترۆڵ بکەن و تائێستاش ڕێگاکانی هاتوچۆی بەستنەوەی هەموو ناوچەکان بۆ سوپای عێراق واڵایەو داعش نەیتوانیوە هیچ ناوچەیەکی ئاوەدانی داببڕێت. ئەمەش مانای ئەوە نیە ئەم ڕێكخراوە لە دۆخی پێش کەوتنی موسڵ و ساڵی ٢٠١٤ لاوازتر بێت، بەڵکو بە جۆرێک لە جۆرەکان سوپای عێراقی لەڕووی تەکنیکەوە فێری جەنگ و دەست و پەنجەنەرمکردن بووە لەگەڵ ئەم گروپەدا و لەوە گەیشتوون ھەڵھاتن و سەنگەر جێھێشتن لە بەرامبەر ئەم هێزەدا زیانی لە بەرگری و مانەوە لە جێگەی خۆیدا زیاترە.


بۆیە خەیاڵی دووبارە بوونەوەی ڕەوشێکی تری هاوشێوەی ئەوەی ساڵی ٢٠١٤دا لە موسڵ ڕوویدا لەڕووی سەربازییەوە ئەستەمە، ئەوە هەرەس بوو، چونکە هەر لە موسڵەوە هەتا دەروازەکانی بەغدا تەنها سێ ڕۆژی خایاند. لەدەستگرتن بەسەر ئەو ڕووبەرە زۆرەدا بەو ماوە کەمەی ئەو ناوچانە کەوتە بندەستی داعش و بەرگری نەکرا، زەفەر بەلایەنی وورەو سایکۆلۆژیای سووپای عێراقی برا لەلایەن داعشەوە ئەوەندەی جەنگەکە سایکۆلۆژییای مەعنەویی بوو ئەوندە ماددی و مەیدانی نەبوو.


بۆیە ئەمجارەیان ئەوە سوپای عێراقە گۆڕان بەسەر توانا و تەکنیک و مۆڕاڵیا ھاتووە ئەگینا تواناکانی داعش لە ئێستادا نزیکە لەو ئاستەی سەرووبەندی کەوتنی موسڵ. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێستادا جیاوازییەکی گرنگ لە نێوان داعشی پێش کەوتنی موسڵ و ئێستادا ئەوەیە، لەم ساتەوەختەدا کارە خۆکوژییەکان لە عێراقدا زۆر کەم یان هەر نین.

ئەکرێ ئەم گۆڕانکارییە بەچەند جۆرێک لێکبدرێتەوە کەوا داعش هەموو "مێشک شۆراو"ەکانی لەماوه‌ی سێ ساڵی جەنگی بەرەییدا لەدەستدابێت و لەم کاتەشدا بەهۆی داخرانی سنوورەکانەوە بە یٔاسانی دەستی نەگات بەو جۆرە کەسانە و بەکارهێنانیان بۆ کاری خۆکوژی. وە ئەشێ بەهۆی ئەو شکستە گەورانەی ڕووبەڕووی بوویەوە لە عێراق و سووریا یٔەو یٔیلهامەی خەڵکی پەلکێشی کاری خۆکوژی دەکرد لاواز بووبێت. یان ئەوەتا یٔەویش وەک هەر بزاف و ڕەوتێکی چەکرداری تر، قۆناغی هەیەجان و جۆش و خرۆشی هەڕەتی سەرگەرمی تێپەڕاندبێت و بیروباوەڕ یان یٔایدۆلۆژیاییەکەیان بەشی بارگاویکردنی هەوادارانی بۆ کاری خۆکوژی نەکات. وە یان ئەشێ هەر خودی ڕێکخراوەکە لە ئێستادا تەکنیکی گۆڕیبێت و پێویستی بەوە نەبێت توانا مرۆییە تیرۆریستییەکانی لە یەک کردەوەدا بەهەدەر بدات، بەڵکو بەکاربهێنێت لە بۆسەدانان و بە نیشانگرتن)قناص( و نانەوەی بۆمبدا، کە بەدەگمەن زیانی گیانی بۆ داعش دەبێت، وەک یٔەوەی کە یٔێستا دەگوزەرێت.

،،

‎دوا وتە ئەوەیە، بەهۆی لاوازی حکومەتی عێراق و بوونی ئەو فرەییە لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتان و هەبوونی ململانێی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی، داعش دەرفەتی ئەوەی دەبێت تەشەنە بکات و بەهێزترببێت.

سەرباری ئەو فاکتەرە خودییانەی ئەم ڕێکخراوە تیرۆرستییە هەیەتی لە ڕاهاتن لەگەڵ بارودۆخەکاندا بۆ مانەوەو بەرگەگرتن کە جۆرێک لە سەربەستی و لامەرکەزییەتی تێدایە لەڕووی ئۆرگانییەوە، بەجۆرێک کوژرانی سەرکردەو شکستی بەرەییان زۆر بەکەمی کاریگەری لەسەر بەشەکان و ویلایەتەکانی تری دەبێت، چونکە سێنتراڵیزمی ئەم ڕیکخراوە ئەو یٔایدۆلۆژیا تۆندەیە کە هەیەتی پاڵنەر و داینەمۆی بەردەوامبونیەتی و زاڵە بەسەر کاریزمای سەرکردەو ئامرازەکانی تری بواری سەربازیدا.


جا بۆیە مانەوەو گەشەکردنی ئەم گرووپە لەهەر کوێیەک بێت بۆ کورد مەترسییە، تەنانەت نابێت کورد دڵی بە هەڵکشانی تیرۆر خۆشبێت لە نایجیریاش. هەر لایەن و دەوڵەتێک پێویستی بەو گروپە توندڕەوانە هەبێت بەڵام بۆ کورد و دۆزی گەلەکەی مەترسییە و ئومێدی ئەوەی پێناکرێت هیچ چانسێکی پێببەخشێت، کورد لە دەستخستە ناو ڕێکخراوە تیرۆرستییەکاندا کۆڵەوارەو توانای هەڵسوڕاندن و بەکارهێنانی نییە لە دژی ئەوانی تر.
ئەو زنجیرە کردەوانەی لەم ماوه‌دا لەلایەن داعشەوە لەدژی سووپا و حەشد لە ناوچە جیاجیاکانی عێراقدا ئەنجامدرا بە لێکدانەوەیەکی ژیرانە جێی دڵخۆشی نییە بۆ کورد وەک ئەوەی بەلای هەندێ کەسەوە هەستی پێدەکرا.