لە فەلەستینەوە دەرگایەک دژی ستەمکاری

لە فەلەستینەوە دەرگایەک دژی ستەمکاری

645 خوێندراوەتەوە

د. موئمین زەڵمی

"رۆژی قودس ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی چەوساوەکانە بەرامبەر بە ستەمکاران".

جیهان لە ستەم و زوڵم و چەوساندنەوەی هەمەلایەن و فرەبازنەدا دەکوڵێت و تا دێت ژماری قوربانییان زیاتر دەبێت، خەمخۆرانی و دڵسۆزانی مافی مرۆڤیش دەستەوەستانن لە ڕێگریکردن لەم ستەمە فراوانە و بەرگری لە قوربانییان، ئەم وتارە تیشکێکی خێرایە بۆ سەر رەوشی مافی مرۆڤ لە جیهان و خستنەرووی نمونەیەکی گرنگ و کاریگەرە و پێشنیاری رێگاچارەی دەربازییە.

مافی مرۆڤ له جیهاندا
چەمكی مافی مرۆڤ پاش جەنگی دووەمی جیهانی‌و دامەزراندنی نەتەوە یەكگرتووەكان لەساڵی 1945 ەوە هاتە ناو باسوخواسە ئەكادیمی‌و زانستییەكان، مافی مرۆڤ كورت‌و پوخت باوەڕبوونە بەو مافانەی پێویستە لەسەر مرۆڤ هەبن، لەئایین‌و ڕەنگ‌و ڕەگەز‌و نەژاد‌و نەتەوە‌و جوگرافیا‌و بارودۆخ‌و ئازادییەكان‌و گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتی‌و باش‌و خراپییەكان‌و تەنانەت ئەو هەڵانەی مرۆڤ لەبوارە جیاوازەكان‌و كایەكانی ژیانیدا ئەنجامیان دەدات، چونكە خودا ئازادی بەخشیوەتە مرۆڤەكان.

ئایینی پیرۆزی ئیسلام لەچەندین دەقدا جەختی لەسەر مافی مرۆڤ‌و ئازادی مرۆڤ‌و كۆتاییهینان بەجیاكارییەكان كردۆتەوە، ئایەتی «يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ» (حجرات: 13)،‌و فەرمایشتی پێغەمبەر (د.خ) لەمەراسیمی فراوانی حەجی ماڵئاواییدا وردتر ئەو بابەتەی تۆخكردۆتەوە « يَا أَيُّهَا النَّاسُ أَلَا إِنَّ رَبَّكُمْ وَاحِدٌ وَإِنَّ أَبَاكُمْ وَاحِدٌ ، أَلَا لَا فَضْلَ لِعَرَبِيٍّ عَلَى أَعْجَمِيٍّ وَلَا لِعَجَمِيٍّ عَلَى عَرَبِيٍّ وَلَا لِأَحْمَرَ عَلَى أَسْوَدَ وَلَا أَسْوَدَ عَلَى أَحْمَرَ إِلَّا بِالتَّقْوَى»، هەروەها ئەو سەنەدە ئایینیەش بۆ هەمیشە دەدرەوشێتەوە کە دەفەرموێ "چۆن مرۆڤەكان دەچەوسێننەوە لەكاتێكدا ئەوان بەئازادی لەدایكبوون".

،،

لە لایەكیتریشەوە یەكێك لەبنەماكانی مافی مرۆڤ پاراستنی كەرامەت‌و شكۆی مرۆڤە، عیزەت‌و كەسایەتی‌و پێگەی بەرز‌و تەنانەت شەرەفیش دەگرێتەوە‌و مرۆڤ بەهەموو بوونیەوە پێویستە لەسەنتەری رێز‌و گەورەییەكاندا بمێنێتەوە

بەڵام لەگەڵ باوەڕبوونە زارەكییەكان، لەگەڵ بوونی مادە دەستورییەكان‌و یاسا‌و پرۆژە یاساكانی مافەكانی مرۆڤ‌و بوونی هەزاران سەنتەر‌و رێكخراوی نێودەوڵەتی‌و جیهانی بۆ مافەكانی مرۆڤ، ئێستا دەبینین رۆژبەرژ توندوتیژی‌و تیرۆر‌و جەنگ‌و تاوان لەزیادبووندایە، بەشێوەیەك مافە سەرەتاییەكانی مرۆڤ پێشێل‌و پایەماڵ دەكرێن وجارێكیتر پێناسەكردنەوە‌و پێداچوونەوە بەمافی مرۆڤ‌و تێگەشتن‌و كارپێكردنەكانی بووەتە ئەمری واقیع.

بۆچی مرۆڤ هەر قوربانییە؟

لێرەوە پرسیارە گرنگەكان دێنە پێشەوە، ئایا بۆچی بەم هەموو تێگەشتنەوە پرسی مافی مرۆڤ هەر قسەیە‌و ناچێتە جێبەجێكردنەوە؟ بۆچی هەمووان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی‌و ناوخۆیی‌ وهەرێمی و ناوچەیی مافی مرۆڤ‌و ئازدییەكان پێشێل دەكەن، بۆچی سەخترین جۆری خەمخواردن ئێستا پێشێلكردنی مافی تاكە لەسەرزەویدا، لەشوێنی كارەكەی، لەسەر بیروباوەڕەکەی، لە زێد و شوێنی نیشتەجێبوونی؟


لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەبینین پرسی مافی مرۆڤ بەنەتەوەكان ڕەوا نابینرێت، مێژوویترین نمونەش ئەو زوڵمە گەورە دەیان ساڵەیەیە کە لە میللەتی ستەمدید و مەزڵومی (فەلەستین) دەکرێت، زلهێزانی جیهان رۆژ دوای رۆژ فەلەستینییەکان لە زێد و وەتەن و نشینگەی خۆیان دەچەوسێننەوە، مافی ژیانیان پێ ڕەوا نابینن، رژێمی زایۆنی بە هاوکاری زلهێزان تا دێت ئەم وڵاتە زیاتر دەگوشن و کەرامەتی مسوڵمانان و خاوەنە رەسەنەکانی ئەم زێد و ئاوەی تیا دەکوژن و ئاوارە و دەربەدەریان دەکەن و لە تازەترین پیلانیشیاندا جارێکیتر فەلەستین یەکەم رووگەی موسوڵمانان داگیر و دابەش دەکەن، ئەوەی رۆژئاواییەكان دەیکەن خراپترین جۆری مامەڵە لەگەڵ مرۆڤە رۆژهەڵاتییەكاندا، بۆیەش زۆرجار تێگەشتنەكان پێچەوانە دەبنەوە، وەك بڵێی مافی مرۆڤ چەكی زلهێزەكانە بۆ دامركاندنەوەی میللەتانی ژێردەستە‌و لاواز، ڕەنگە خاڵی گرنگ لەپرسی مافی مرۆڤدا ئەوە بێت بێدەنگییەكان، یان ناپابەندی‌و ناكردارییەكان دەردەخات، ئەوەتا زۆرێك لەو وڵاتانی سەرزەوی مافی مرۆڤ پێشێل دەكەن‌و لەگەڵ بەرژەوەندی خۆیاندا دایدەتاشن‌و تەنانەت ئەو وڵاتانەش خۆیان بەپارێزەری مافی مرۆڤ دەزانن دنەی ناپابەندییەكان دەدەن.


ئەگەر وردتر سەرنجی بارودۆخی مافی مرۆڤ لەسایەی سیاسەت و رامیاری جیهانیدا بدەین دەبینین، ستەمکارییەکان بەرامبەر بە موسوڵمانانی جیهان نەک تەنها کوشتن و بڕین و قەتلوعام و کاولکاری و ئاوارەیی بەڵکو فیکر و فەلسەفە و پەروەردە و زمان و کلتور و رەسەنایەتییەکانیشی گرتۆتەوە و ئێستا لە هەموو کات زیاتر مرۆڤ بە تەنها لە بەرەئەوەی پڕۆ-رۆژئاوایی نیە دەچەوسێنرێتەوە.

داگیرکاری جیهان لە کوێوە بۆ کوێ؟

ئەگەر سەرنج بدەین، دەبینین کە پرۆسەی ئەمریکانیزەیشن یان ماکدۆناڵیزەیشن، نەک هەر سەپاندنی زمان و فەرهەنگ و خواردن و بیرکردنەوەی رۆژژئاواییە بەسەر جیهاندا بەڵکو داگیرکردنی شوناس و ناسنامە و بیرکردنەوە و پەروەردە و تەنانەت ئایینداری مرۆڤیشە، ئەوان هاتن و لە ڕێگەی رێکخراوە تەبشیری و پەروەردەییەکانەوە کتێب و پڕۆگرامە پەروەردەییەکانیان گۆڕی، لە ڕیگای بازرگانی وبزنسەوە ستایڵی ژیانیان گۆڕی، لە ڕێگای گەشتوگوزارەوە شوێنە مێژووییەکان و لە ڕێگای سیاسەتی نێودەوڵەتیشەوە کەلەپور و سەروەت و سامان و شوێنەوار و ژیانی ئێمەشیان دزی، بە شێوەیەک ئێستا نەک تەنها فەلەستین زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی داگیرکراون

،،

بۆیەش تاکە ڕێگاچارەی ئەم دەربازبوونە وەستانەوەیەکی جیهانییە کە بە پاڵنەری فیکری و ئایینی و پەروەردەیی بتوانێت ئەم زوڵم و ستەمە جهانییە ڕابگرێت.

لە فەلەستینەوە دەرگایەک دژی ستەمکاری

بەلای زلهێزانی جیهانەوە، داگیرکاری فەلەستین و قودس و هەوڵەکانییان بۆ گۆڕینی دیموگرافیای ئەم وڵاتە، تەنها پرسێکی سیاسی و بازرگانی نیە، بۆیەش کاتێک لە بارودۆخەکە ورد دەبینەوە، دەردەکەوێت کە داگیرکردنی قودس دەرگایەکە کە لێیەوە ستەمکاری و سەپاندنی هەژموونی قورخکاری بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاراستە دەکرێت و میللەتانی جیهانی سیێەم زیاتر و زیاتر لە رەسەنایەنی و شارستانیەتی خۆیان تەرە دەکرێن.

وەستانەوە دژی ئەم داگیرکارییەش لە جیهاندا رەوتی جیاوازی بەخۆیەوە بینیوەو قۆناغی جیاوازی تێپەڕاندووە، بەلای سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە وەستانەوە دژی داگیرکاری فەلەستین و قودس بە تەنها داگیرکاری وڵاتێک وشارێک نەبووە، بەڵکو بێدارییەکی جیهانییە دژی ستەمی جیهانی.

د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق لە یەکێک لەدیدارەکانیدا ڕایدەگەیەنێت، "پێویستە شاری قودس و تەواوی شوێنە پیرۆزەكان لە پێشێلكارییەكان بەدووربگرێن، جەختیشی لەسەر پێویستی خستنەگەڕی هەوڵەكان كردەوە بۆ بەدیهێنانی خواست و هیوای گەلی فەلەستین بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری و دەستبەركردنی مافە ڕەواكانی، وڵاتی ئێمە لە پێشەنگی بەرگریكاران بووە لە فەلەستین و پرسی فەلەستین-یشی لە نێوەندە نێودەوڵەتییەكاندا بە یەكەم پرس داناوە"

بەبڕوای م. سەلاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، "هەر كەمتەرخەمییەك بەرامبەر مزگەوتی ئەقسا كەمتەرخەمییەبەرامبەر كەعبە"دەشڵێت، "قودس و مزگەوتی ئەقسا بۆ موسڵمانان و ئومەتی ئیسلامی بە گشتی یەكێكە لە موقەدەساتەكان، موقەدەساتیش شتێك نییە موساوەمەی لەسەر بكرێت یان چاوپۆشی لێبكرێت، ئەم بڕیارەش بڕیارێكی هەڵە و خەتایە بەرامبەر بە ئومەتی ئیسلام و موقەدەساتی موسڵمانان، جگە لەوەش موقەدەساتی مەسیحییەكانیشە، پرسی قودس پرسێکی مێژوویی و موقەدەساتی و مەعنەوییە و تەنازولی لەسەر ناكرێت و كارێكی هەڵەیە"

ئەم داگیرکراییە تا سەر نابێت و ئەمەریکاو جوولەکەش، درەنگ یان زوو لە داگیرکردنی قودس پاشگەز دەبنەوەو، ئەگەر واش نەکەن، ڕۆژ بۆ ڕۆژ ھەرچی زیاتر زیان‌و سەرئێشەو پەشیمانیی دەچننەوە، ئەوەش بە بڕوای م. عەلی باپیر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی.


" ئەمریکاو و هەنگاوەکانی بۆ داگیرکاری قودس، ھۆکاری وروژاندنی ھەست و نەستی زۆربەی خەڵکی دنیایە لەدژی ئەمەریکا، کە ئاوا تاکڕەوانەو بەبێ گوێدانە دامەزراوەو نێوەندە نێودەوڵەتییەکان، بڕیاری ھێندە مەترسیدار دەدات". ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی لە یەکێک لە پەیامەکانیدا لەسەر داگیرکاری ئەمریکا و ئیسرائیل لە قودس وفەلەستین وا دەڵێت.

رۆژی قودس؛ بەرخودان و بەرگری

بەرگری لە ستەمدیدەکانی جیهان و وەستانەوە دژی ستەمکارانی جیهانی و بەکرێگیراوەکانیان لە ناوچەکە و جیهان دەبێت ئەرکی هەر مرۆڤێکی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕ لە جیهان بێت لەسەر هەر بیروڕا و مەزهەبێک بێت.

قودس قیبلەی یەکەم و حەرەمی دووەمی موسڵمانەکانی جیهان، نیشتمانی ملیۆنان ئاوارەی موسڵمانی فەڵەستینییە کە ڕەوتی ستەمکاری جیهانی لە لایەن ڕژێمی زایۆنیەوە لە ساڵی ١٩٨٤ لە ژێر دەستی دانیشتووانەکەیەوە دەریهێناوە و لە ئێستادا لە لایەن داگیرکەرانەوە بەڕێوە دەبرێت.

بۆ بەرگری لەو ستەمە گەورەیەش، رۆژی جیهانی قودس کە وا نزیکەی چوار دەیەیە لە ئێرانەوە ڕاگەیانراوە، ئۆپشنێکی کاریگەرە دژی ئەو جیهانگەرییە ستەمکارانەیەی، سەرزەوی داگیرکردووە و ماڵ و موڵکی ڕۆژهەڵاتییەکانی تاڵان کردووە، فیکر و بیرکردنەوە و پەروەردەو زمان و فەرهەنگ و کەلەپوورەکەیانی دزیوە.

،،

"ڕۆژی قودس ڕۆژێک نییە کە بە تەنیا پەیوەندی بە قودسەوە هەبێت. رۆژی قودس ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی چەوساوەکانە بەرامبەر بە ستەمکاران، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی زلهێزەکانە.

ڕۆژی قودس ئەو ڕۆژەیە کە دەبێت هۆشداری ئەوە بە زلهێزەکان بدەین کە چیدی ئیسلام لە ژێر دەسەڵاتی ئێوە و کردەوە نەشیاوەکانی ئێوەدا نییە.رۆژی قودس ڕۆژی ژیانەوەی ئیسلامە. ڕۆژێکە کە دەبێت ئیسلام زیندوو بکرێتەوە". ئیمام خومەینی دامەزرێنەری رۆژی جیهانی قودس لە یەکەمین ڕاگەیەنراوی ئەم ڕۆژەدا ئاوا پێناسەی کرد.

گەلانی جیهان لەم رۆژەدا، داوای لەناوچوونی زوڵم و بەرەی ستەمکاران دەکەن، لەم ڕۆژەدا تیرۆر و داگیرکاری و ئەشکەنجەی کەسانی بێتاوان لە فەڵەستین ئیدانە دەکەن، و چاوکانیش هەموو لەسەر ئەوەن کە کەی ئەم هەوڵانە ئەنجامێکی دڵخۆشکەرییان لێدەکەوێتەوە و مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی هەناسەیەکی ئارامی دەدات و لە داگیرکاری رزگاری دەبێت.

هەروەک ڕابەڕی شۆرشی ئیسلامی ئێران پێی وایە: "ڕۆژی قودس، رۆژێکە بۆ وتنی راستی بە دەنگی بەرز دژی داگیرکارییەکان، بزوووتنەوەیەکی بێداری و وهۆشداری و وەستانەوە بوو دژی ستەمکارییەکان".


ڕۆژی ۲٨ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ له کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمرکا و بنیامین ناتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رێککەوتننامەی سەدە راگەیەنرا، کە بانگەشەی کۆتایی هێنانی ململانێکانی جیهانی ئیسلامی و جولەکەکانە، بەڵام ئەم ریککوننامەیە کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەكیدا، رێکەوتنی سەدەی بە "خیانەتی سەدە" ناوبرد، د. محەمەد جواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "رێكەوتننامەی سەدە پڕۆژەیەكی خەیاڵییە كە كاركردن لە سەری مایەپوچت دەكات، ئەوە تەنها خەونێكی ناخۆشە بۆ ناوچەكە و جیهان"

هەروەک لە عێراق دا زۆرینەی سەرکردە باڵاکانی وڵات رێککەتننامەکەیان ڕەتکردەوە، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ئەوکاتی عیراق لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ محەمەد ئەشتیە سەرۆك وەزیرانی فەلەستین، رێکەوتنی سەدەیان ڕەتکردەوە و رایگەیاند: "دۆسێی فەلەستین دۆسێی ئێمەشە ‌و پشتیوانی لێدەكەین"، لای خۆشییەوە سەید عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە رایگەیاند: "قودس هەموو كات دۆسێیەكی مرۆیی و ئیسلامی و عەرەبی دەمێنێتەوە و بابەتێك نییە لە بازاڕدا مامەڵەی پێوە بكرێت". هەروەها یەكێتیی زانایانی ئیسلامیی عیراقیش جەختیكردۆتەوە لەوەی "قودس هەمیشە پایتەختی فەلەستین دەمێنێتەوە".

چارەنووسی گەلانی زوڵملێکراو پێویستە دیاری بکرێت، دەبێت گەلانی زوڵملێکراو خۆیان لە بەرامبەر ڕەوتی ستەمکاری پیشان بدەن، ڕۆژی قودس وێستگەیەکی جیهانییە بۆ وەستانەوا دژی داکیرکاری و ستەمکاری و قرتاندنی هەموو هەوڵێکی گۆڕینی شوناس و ناسنامە و فەرهەنگ و کلتور و کەلەپوری وڵاتانی ڕۆژهەڵات.

لە کۆتاییدا، ڕۆژی قودس جگە لە کلیلێک بۆ کردنەوەی دەرگای خۆڕاگری و وەستانەوە دژی داگیرکاری، دەرفەتێکی گونجاوە بۆ یەکگرتوویی ستەملێکراوانی جیهان تا شکۆ و گەورەیی خۆیان بە ڕەوتی ستەمکاری جیهان پیشان بدەن و بەرگری لە مافەکانی خۆیان بکەن، ئاراستەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و هەوڵە گوماناوییەکان تا دێ زیاتر دەبن بەڵام هێزی بەرخودان و گیانی بەرگریکاری تا دێت سەوزتر دەبێت.