خوێنی هەرێمی کوردستان بۆتە خوێنی محەمەدی کوڕی عەبدوڵا!

خوێنی هەرێمی کوردستان بۆتە خوێنی محەمەدی کوڕی عەبدوڵا!

1053 خوێندراوەتەوە

بەهمەن تاهیر نەریمان


هەموومان ئەو چیرۆکەی بەرەبابەکانی قوڕەیشمان بیستوە؛ کاتێک بانگەوازەکەی محەمەدی کوڕی عەبدوڵا ببوە کێشەیەکی گەورەیان، کۆدەبنەوە و بڕیاردەدەن هەر بەرەبابەو گەنجێکی چاپوکی خۆی هەڵبژێرێت، لەکاتی نیوەشەو بدەن بەسەر پێغەمبەری ئیسلام و بەیەکجار و بە یەک هەڵمەت؛ هەمویان ڕمی تێسرەوێنن، تا خوێنەکەی لەناویاندا ونببێت و کەس بکوژنەبێت و هەموانیش بکوژ بن، تا هیچ هۆز و بەرەبابێک دەستی تێدا نەبێت و هەمویشیان بێتاوان دەربچن و کەس توشی لێپێچینەوە نەبێت.

تەکنیکێکە تێیدا ناسنامەی کوژراو ڕوونە، وەلێ ناسنامەی بکوژ هیچ کەسێک نییە و هەموانیشە، ئەم تەکنیکی کوشتنە بکەر وندەکات، هەموش دەکات بە بکەر!
ئەم تەکنیکەی خوێنونکردن و جێبزرکردنە بەتەواوی لە سەردەمی حوکمڕانیی دوای ڕاپەڕینی حزبە کوردستانییەکان دەچێت

،،

هیچ کەس خۆی بەو لایەن و حزبە نازانێت کە دەستی سەرەکی هەبێت لەم کاولکاری و داڕمانەی هەرێمی کوردستانی پێدا گوزەر دەکات.


بەشداریپێکردنی حزبەکانی تری دەرەوەی پارتی و یەکێتی لە جومگەکانی حوکمڕانیدا، بە فیشاڵی دیمۆکراتیی ساختە، بریتی بوو لە فرەیی و کۆکردنەوەی ڕەنگە جیاوازەکان، ئەمە لایەنە کردارەکیی و ڕوکارییەکەی بوو، بەڵام لایەنە ڕاستەقینەکەی بەشداریپێکردنی حزبەکانی تری دەرەوەی یەکێتی و پارتی؛ بۆ ونکردنی خوێنە ڕژاوەکەی هەرێمی کوردستانە.


کە مێژو و یاداشتی کۆمەڵێک کادری شاخی حزبە کوردییەکان دەخوێنیتەوە و خۆیان وەک شایتحاڵ تیایدا ژیاون، بەباشی لەوە دەگەیت، چەمکەکانی (خیانەت، دزی، گەندەڵی، یەکتری لەخشتبردن، خەڵەتاندنی خەڵکی گشتی) بەشێک بووە لە ئاکاریی نێو زۆر(ئەڵێم زۆر) لەو بونەوەرانەی کە جوڵانەوەکەی شاخیان ناونابوو شۆڕش، یاداشت و ژیننامەکانیان پڕە لە کێشە گەلێکی وەک ئەوەی پێشتر خستمە ناو دوو کەوانەوە(ئاااای لە دوو کەوانەیا!!)، ئاکارەکانی دزی و گەندەڵی، لەگەڵ دۆنی ئەم هێزانەدا شێلراوە و بەسیستمکراوە، شتیک نییە هەر لەخۆوە کارگئاسا هەڵتۆقیبێت، هەر کە هاتیشنەوە، خۆیان بوون بە هێزی ڕاووڕوت(ئاڕئار) و خەڵکیشیان بەڕەفتارەکانیان بۆ هەما ئاکار هاندەدا، ئەوسا نەوت نەبوو، ئەمما ئاسنەواڵەو تەلی کارەباو بۆریی ئاویشیان ئاودیوکرد.


سەرانی حزبی کوری، خۆیان باش دەیان زانی چ مەعدەنێکیان پەروەردە کردوە، بۆیە دەیان زانی خوێنی هەرێمی کوردستان، بە خەنجەری گەندەڵیی ئەوان بەرو چۆربر دەڕوات، ئیتر باشترین تەکنیکی ونکردنی ئەم خوێنە بریتیی بوو لە بەشداریپیکردنی ئەو حزبە بچوکانەی کە بەئاسانی ئەوانیش لەسەر هەمان ئەخلاقی ئەمان گەورەبوون و خەرمانی گەندەڵیان زیاتر پێ قەڵاکردن.

ئەم بەشدارپێکردنەی وردە حزبەکان، نەک نەبوە هۆی بەربەست لەبەردەم لێشاوی گەندەڵی، بەڵکو ئەوانیش لەگەڵ لافاوەکە، بە باسکە مەلە بۆی چوون و هیچ ئەرکیان نەکێشا، بە پێچەوانەی ئاراستەی شەپۆلی گەندەڵی مەلەبکەن.


ئێستا وێنەکە تەواو ڕوونتر دەبێتەوە، دەسەڵاتی کوردی ماسکەکانی دیمۆکراتیی لەسەر خۆی لابردوە و داوای یەک کاتژمێر مۆڵەتی خۆپیشاندنی ناتوندتیژانەی لێبکە، لەڕێی ئاسایش و هێزە دەمامکدارەکانیان خاکت دەکەن بە تورەکەدا، لەڕێی یەکێتی زانایەکەیانەوە دەتکەن بە غایەن و وڵاتفرۆش!

،،

لە ئێستادا لەناو حزبەکاندا کەس خەمخۆر نییە، هێزە بچوکەکان خەریکی دابشکردنی ڕۆڵی کادرەکانیانن، گروپێکیان، دژی دەسەڵات باسی گەندەڵی دەکەن، گوایە شەڕی گەندەڵیی بەوان سپێردراوە، گروپێکی تریشیان لە دەسەڵات و حکومەتدا بەشدارن، نقەیان لێوە نایەت و فولشەحنی گەندەڵین، سەرکردە یەکەمەکانیشیان، بونەتە (میرابۆ)ی شۆڕشی فەڕەنسا، بەشەو لەگەڵ مەلیکن و بەڕۆژ لەناو خەڵکی ناڕازیدان.


ئێستا پرسیار لە بەڕێز نێچیرەوان بەرزانی بکە، کە زۆرترین کات سەرۆکی حکومەت بووە، گلەیی هەیە و پێی وایە گەندەڵیی هەیە و بۆی جارەسەر ناکرێت، لە دکتۆر بەرهەم بپرسە، پێی وایە شێرپەنجەی جەستەی هەرێم گەندەڵییە، لە هەموو بنەماڵەکانی حوکمڕانیی هەرێم بپرسە، ئەوانیش خۆیان بە قوربانیی ئەم دۆخە دەزانن و گەندەڵییان بۆ سنوردار ناکرێت.

وەزیری گەندەڵ لەگەڵی دواوم، ئەندامی مەکتەبی سیاسی کە لای خەڵک ڕەمزیکی گەندەڵییە، قسەم لەگەڵ کردوە، زۆر چاوقایمانە دادوبێدادیان بووە لە گەندەڵی. لەگەڵ ئەندام پەڕلەمان، بەڕێوەبەری گشتی، کەوتوینەتە گفتوگۆ، گوایە گەندەڵی سەروڕیشی پێسپی کردوون!


ئێستا کێ جەستەی هەرێمی کوردستانی بە کاردی گەندەڵی بریندار و ونجڕ ونجڕ کردوە، کێ گەندەڵە، بەرەبابەکانی قوڕەیش؟ تەکنیکی خوێنونکردنەکە زیرەکانەیە، بەڵام قەبارەی تاوانەکە ئەوەندە گەورەیە هەموشمان دەزانین، ڕەنگە کەسیشمان نەزانین.