سەرۆكی پەرلەمان له‌ نێوان هەڵوێست و بڕیاری پووچەڵ

سەرۆكی پەرلەمان له‌ نێوان هەڵوێست و بڕیاری پووچەڵ

1239 خوێندراوەتەوە

پێشەكی
بەگوێرەی مادە (47) لە پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان، بەرنامەی كار دەسەڵاتی سەرۆكایەتی پەرلەمانە و بانگهێشتكردنی ئه‌ندامانی پەرلەمان لە دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەمانە، وە بە گوێرەی پەیڕە و دەبێت لە ماوەی (48) سعات پێش کۆبوونەوە ئه‌ندامان لە بەرنامەی كار ئاگادار بكرێنەوە. بە گوێرەی بڕگەی چوار لە مادەی (48) ی پەیڕەو دەكرێت بەر لە (24) كاتژمێر لە دانیشتنی پەرلەمان لە سەر داوای سەرۆكی فراكسیۆن یان (10) ئه‌ندام داوای زیاد كردنی بابەتێك بكرێت بۆ كۆبوونەوە، بەڵام مەرجە بابەتەكە (گشتی و پەلە بێت و دواخستنی ببێتە لە دەستدانی گرینگی داواكارییەكە). هه‌ر بە گوێرەی برگە یەکەم لە مادە (19) جێگری سەرۆکی پەرلەمان تەنھا لە کاتی ئامادەنەبوونی سەرۆکی پەرلەمان دەسەڵاتەکانی سەرۆکی پەرلەمان به‌کاردەھێنێت.

كەواتە دانیشتنی پەرلەمان ناكرێت ئه‌گەر سەرۆكی پەرلەمان داوای دانیشتنی پەرلەمان نەكات، دەبێت بەرنامەی كار (48) سعات پێش دانیشتنی پەرلەمان دانرابێت.

برگە زیاد کردن بۆ بەرنامەی کار دەبێت گشتی و پەلە بێت، جێگر بە ئامادەبوونی سەرۆک مافی بەکارھێنانی دەسەڵاتی سەرۆکی نییە.


هەلوێستی یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان
سەرۆكی پەرلەمان لە رۆژی چواری ئایار، بانگهێشتی یٔەندامانی پەرلەمانی كردووە بۆ دانیشتنی پەرلەمان لە رۆژی شەشی ئایار، له‌و رۆژه‌ى بەرنامەی كاری واژۆ كردووە بابەتی هەڵگرتنی پارێزبەندی (سۆران عمر)ی تیادا نەبووە، دانیشتنەكە بابەتێكی گرینگی تێدا نەبووە، بەڵام هاوكات سەرۆكی پەرلەمان ئاگاداربووه‌ لە بابەتی هەڵگرتنی پارێزبەندی (سۆران عمر) كە پارتی داوای دەكرد لەگەڵ ئەوەش داوای کۆبوونەوەی کردووە.

،،

بەڵام لە دانیشتی رۆژی چوارشەممە شەشی مانگ، سەرۆكی پەرلەمان كۆبوونەوەكە هەلدەگرێت بۆ رۆژی دواتر، پاشان لە لایەن سكرتێری پەرلەمان و جێگری سەرۆكی پەرلەمان بە پێچەوانەی یاساو پەیڕە و بەرنامەی كار دەستكاری دەكرێت و بڕگەی هەڵگرتنی پارێز بەندی (سۆران عمر) زیاد دەكرێت.

دوای ئه‌وه‌ سەرۆكی پەرلەمان هەَلوێستێ بە نووسین و لەبەردەم راگەیاندنەكان رادەگەیەنێت، کە ئه‌و بەرنامەیەكی كار واژۆ ناكات كە پارێز بەندی تیادا هەڵبگیرێت، ئامادەی ئەو دانیشتنەش نابێت.

نایاسی و ناراستی لێرەدا ئه‌وەیە، سەرۆكی پەرلەمان چۆن رێگای داوە بەرنامەی كار دەستكاری بكرێت كە بابەتێكی به‌پەلە و گرینگ نییه‌، پێچەوانەی برگە چواری مادە (48)ی پەیرەوە!؟ ئه‌ی بۆچی سەرۆكی پەرلەمان لە برگە دووی مادەی (18) ئه‌ركی پارێزگاری پەیرەوی پێدراوە بەو ئەرکە ھەڵنەستاوە؟ ئایه‌ بۆچی سەرۆكی پەرلەمان بەشداری دانیشتنەكەی نەكرد تا لە دانیشتنی پەرلەمان هەڵوێستی خۆی باس بكات، كە جێگرو سكرتێر پێچەوانەی پەیڕەو بابەتی هەڵگرتنی پارێزبەندیان زیاد كردووە (بەداخەوە فراکسیۆنەکان دوای ھەمان ھەڵەی بایکۆت کەوتن)؟ وە بۆچی سەرۆكی پەرلەمان رێگای دا جێگری سەرۆكی پەرلەمان بێ كێشە دانیشتنەكە بەڕێوەببات ؟ چونكە گەر سەرۆکی پەرلەمان ئامادەبوایە دەیتوانی رێگری لە جێگر بکات، بە گوێرەی بڕگەی یەك لە مادەی (19) (جێگری سەرۆكی پەرلەمان تەنها لە كاتی ئامادە نەبوونی سەرۆكی پەرلەمان دەتوانێت دەسەڵاتی سەرۆكی پەرلەمان پیادە بكات).

سەرنجێکی تر سەرۆكی پەرلەمان كە گوایە دژی هەڵگرتنی پارێزبەندی بوو، ئه‌ی بۆچی ئه‌ندامانی پەرلەمانی كۆكردەوە بۆ كۆبوونەوە، لەو کاتە کە ھیچ پرسێکی گرینگ لە ئارادا نەبوو، کە ئەوە تەنها دەسەڵاتی سەرۆكە داوای كۆبوونەوە بكات. ھەڵوێستی یەکەمی سەرۆک پەرلەمان وەک ئه‌و نمونەیە كە کەسێك حوكمی لە سێدارە بۆ كەسێك دەربكات و ملی بە پەتەكەوە بكە، بەڵام دواتر بڵێی من لە كاتی لە سێدارەدان و گیان دەرچوونەكەی ئاماده‌نابم.


هەلوێستی دووەمی سەرۆكی پەرلەمان
سەرۆكی پەرلەمان دوای دانیشتنی ھەڵگرتنی پارێز بەندیەکە ووتی: من داوای دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان ناكەم و دانیشتنەكان رادەگرم لە دۆخی ئێستاد؛ واتە سەرۆكی پەرلەمان پاڵپشت بە مادەی پەیڕە و هێزی ئەوەی هەیە رێگا لە دانیشتنی پەرلەمان بگرێت.
كەواتە ئه‌ى بۆچی رێگه‌ی دا دانیشتن بكرێت بۆ لابردنی پارێزبەندی و ئه‌وكات ئه‌و دەسەڵاتەی بەكار نەهێنا؟! بۆچی جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی رەخنەی لە یەكێتی گرت، بەڵام رەخنەی لە سەرۆكی پەرلەمان نەگرت ؟ بۆچی سەرۆكی پەرلەمان وەڵامی رەخنەكانی (هێمن هەورامی) نەدایەوە و فراكسیۆنی یەكێتی وەلامی دایەوە ؟


ده‌ره‌نجام :
هەَلوێستی دووەمی سەرۆكی پەرلەمان یاساییە، بەڵام ئه‌و هەڵوێستەی بە هۆی دانیشتنی هەڵگرتنی پارێزبەندی و بە هۆی پارێزگارینەكردنی سەرۆكی پەرلەمان لە جێ بەجێ کردنی پەیرەو دروست بوو، كە برگەیەك بە پێچەوانەی پەیڕەو زیاد كراوەو گۆڕەپانەكەی چۆڵ كردووە.

واتە ھەلِوێستی دووەم لە بەرامبەر دانیشتنی ھەڵگرتنی پارێز بەندیەکە رووی داوە کە خۆی رێگه‌ی داوە بكرێت و رێگر نەبوو لە روودانی.

،،

بۆیە ھەردوو ھەڵوێستەکەی دژ به‌یه‌كه‌ و یەکێکیان یەکێکیان بە ناڕاست دەخاتەوە.


لەسەر ئەو بنەمای سەرەوەو بە گوێرەی پرەنسیپی "ما بنی على باطل فهو باطل" ئەتوانین بڵێین ھەلگِرتنی پارێزبەندی سۆران عمر پووچەلە، چونکە پێچەوانەی پەیڕەو بووە و سۆران عمر دەتوانێ لەبەردەم دادگا ئامادە نەبێت.
دەکرێت سەرۆکی پەرلەمان دەست بە دانیشتنەکانی پەرلەمان بکاتەوە، چونکە ئەوەی رووی دا خۆی رێگای داوە، بە گوێرەی ھەڵوێستی دووەمی کە ئاماژه‌ى به‌وه‌كردوه‌، لەمەودوا رێگا بە دانیشتنێك نادات بۆ بەرژەوەندی گشتی نەبێت،؛ کەواتە ئەوا ھەرگیز ئەو زۆرینەی پارتی و ئەو جۆرە دانیشتن وبەرنامەی کارە دووبارە نابێتەوە گەر ئارەزووبکات.

 

author photo

ڕۆژنامەنوس