جێبه‌جێ كردنی یاسا به‌ ده‌ردی كوردایه‌تی مه‌به‌ن!

جێبه‌جێ كردنی یاسا به‌ ده‌ردی كوردایه‌تی مه‌به‌ن!

141 خوێندراوەتەوە


له‌ هه‌رێمی كوردستاندا دۆخێك هاتۆته‌ كایه‌وه‌، كه‌ ناشرین كردنی هه‌موو ئه‌و جوانی و سیمبولانایه‌ كه‌ ڕۆژانێك شانازیان پێوه‌ ده‌كرا و كورد له‌ پێناویاندا قوربانیه‌كی زۆری ده‌دا،بۆ نموونه‌ كوردایه‌تی كه‌ هێمای تێكۆشان و به‌رخودان بوو، بۆ هێنانه‌دی مافه‌ زه‌وتكراوه‌كانی گه‌لی كورد، به‌ڵام دوای ڕاپه‌ڕین په‌یڕه‌وكارانی كوردایه‌تی، وازیان له‌م ڕێبازه‌ هێنا و ده‌ستیان كرد به‌ بازرگانی كردن به‌ كوردایه‌تیه‌وه‌، هه‌رچیه‌كیان حه‌ز لێبوایه‌ بێ چه‌ندو چوون ئه‌نجامیان ده‌دا، ئیتر كوردایه‌تی بوو به‌ خۆ ده‌وڵه‌مه‌ند كردن و له‌بیر كردنی هه‌ژاران و تێكۆشه‌ران، تا كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی وشه‌ی كوردایه‌تی له‌ واته‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌یه‌وه‌ بۆ واتای بازرگانی كردن به‌ قوربانیه‌كان گۆڕدرا، تا دواجار ئه‌و وشه‌یه‌ له‌ ناو كوردا باری كرد و ئێستا كه‌س باسی ناكات.

دوای ئه‌و تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ كوردایه‌تی كرا، ئێستا تاوانێكی دیكه‌ به‌رامبه‌ر به‌ (سه‌روه‌ری یاسا و جێبه‌جێ كردنی) ده‌كرێت، به‌شێوه‌یه‌ك كار له‌سه‌ر سه‌روه‌ری یاسا ده‌كرێت، خه‌ریكه‌ ببێته‌ وشه‌یه‌كی ناشرین و خه‌ڵكی ڕقیان له‌و وشه‌یه‌ بێته‌وه‌، له‌ كاتێكدا سه‌روه‌ری یاسا و جێبه‌جێ كردنی به‌سه‌ر هه‌موواندا بنه‌مای حومكڕانیه‌كی ڕه‌شید و مۆدێرنه‌،به‌ڵام سه‌د موخابن ئه‌مه‌ش ته‌نها بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كاریده‌هێنن، كاتێك یاسا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتی بێت، ئه‌وا جێبه‌جێ ناكرێت، بۆ نموونه‌ خۆپیشاندان و داوای ماف و ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین مافێكه‌ له‌ یاسادا هاتووه‌ و هیچ ڕێگرییه‌ك بۆ ئه‌نجامنه‌دانی نیه‌، به‌ڵام به‌ یاسا ڕێگری له‌و مافه‌ سروشتیه‌ ده‌كرێت ، بۆ نموونه‌ له‌ شارێكی وه‌ك دهۆك بۆ ته‌نها جارێكیش ڕێگا به‌ ناڕه‌زایه‌تی نه‌دراوه‌ و مۆڵه‌ت به‌ خۆپیشاندان نادرێت

،،

ئه‌گه‌ر خه‌ڵكیش سور بن له‌سه‌ر داوای مافه‌كانیان و خۆپیشاندان بكه‌ن، ئه‌وا به‌ یاسا شكێن ناوزه‌ند ده‌كرێن، كه‌ ڕێزیان له‌ یاسا و سه‌روه‌ری یاسا نه‌گرتووه‌ و مۆڵه‌تیان نه‌بووه‌، بۆیه‌ بۆ جێبه‌جێ كردنی یاسا ڕووبه‌ڕووی گرتن و سكاڵا ده‌بنه‌وه‌، ئا له‌م كاته‌دا یاسا ده‌بێته‌ كارێكی ناشرین كه‌ خه‌ڵكی حه‌زی پێناكه‌ن، چونكه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌واندا جێبه‌جێ ناكرێت، به‌ڵكو چه‌كێكه‌ له‌ دژیان به‌كارده‌هێنرێت، بێگومان له‌م حاڵه‌ته‌شدا سه‌روه‌ری یاسا بۆ هاوڵاتیان جگه‌ له‌ وشه‌یه‌كی ناشرین هیچی دیكه‌ نیه‌ و به‌ ناوهێنانی دڵخۆش نابن.


هاوڵاتیانی دهۆك و شاره‌كانی دیكه‌ مافی خۆیانه‌ بپرسن، ئه‌ی كه‌ی مۆڵه‌ت به‌ ئێمه‌ ده‌ده‌ن،كه‌ی یاسا بۆ ئێمه‌ش جێبه‌جێ ده‌كرێت و بۆ ته‌نها جارێك له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه‌دا ده‌خرێته‌ كار، ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ به‌ جدی وه‌رنه‌گرنه‌وه‌، له‌بری مۆڵه‌تدانیان به‌ ناڕه‌زایه‌تی تۆمه‌تبار بكرێن، به‌وه‌ی ده‌ستی ده‌ره‌كی له‌ پشتیانه‌ و حزبێكی سیاسی جوڵه‌ی پێكردوون، ئه‌وا بێگومان ئه‌نجامی جێبه‌جێ كردنی سه‌روه‌ری یاسا وه‌ك كوردایه‌تیه‌كه‌ی لێدێت و ئیتر خه‌ڵكی باش تێده‌گه‌ن، كه‌ یاسا له‌ چ كاتێكدا سه‌روه‌ره‌، له‌م كاته‌شدا به‌ سروشتی مرۆڤایه‌تی ڕێز له‌ یاساكانتان ناگرن و به‌ یاسای خۆتان مامه‌ڵه‌تان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن!.

 

author photo

نوسەر و رۆژنامەنوس

 بروانامەی بەکالۆریۆس لە زمان و ئەدەبی عەرەبی