مەرکەزی و نامەرکەزی: باشی‌ و خراپی

مەرکەزی و نامەرکەزی: باشی‌ و خراپی

252 خوێندراوەتەوە

د. شێرکۆ کرمانج

بەشی یەکەم


ماوەیەکە پەڕەی گۆڤارو ماڵپەڕەکان، بە واڵەکانی فەیسبوکیشەوە، پڕبوون لە قسەوباس لەسەر مەرکەزی‌و نامەرکەزی. هۆکاری سەرەکیش دەگەڕێتەوە بۆ پێکهێنانی ئەو لیژنەی کە لە زۆنی کەسک پێکهاتوە بۆ تاوتوێکردنی ئەم پرسەو خستنەڕووی پێشنیارو ڕاسپاردە بۆ نامەرکەزیکردنی هەرێمی کوردستان. بۆ گفتوگۆکردنی پرسی مەرکەزی‌و نامەرکەزی لەم بابەتە کە لە دوو بەش پێکدێت هەوڵدەدەین هەڵوەستەیەک لەسەر ئەم پرسە بکەین. بەشی یەکەمی بابەتەکە تەرخانکراوە بۆ مەرکەزی‌و نامەرەکەزی وەک شێوازێکی حوکمکردن بەگشتی‌. لەم بەشەدا لەسەر خاڵە باش‌و خراپەکانی حکومەتە مەرکەزی نامەرکەزییەکان دەدوێین. لە بەشی دووەمیش قسەوباسێک لەسەر پرسی مەرکەزی‌و نامەرکەزی لە هەرێمی کوردستان دەکەین بەگەڕانەوە بۆ پێوەرە باش‌و خراپەکان.


بەگشتیی لە ئاستی نیشتیمانیی دوو جۆر حوکمڕانی بەدیدەکرێن، مەرکەزی‌و نامەرکەزی. حکومەتە نامەرکەزییەکان بەگشتیی یان فیدڕاڵین یان کۆنفیدڕاڵی، جۆری یەکەمیان زۆر باوەو جۆری دووەمیان دەگەمەن. لەبەرئەوەی پرسی سەرەکی ئەم بابەتە مەرکەزیەت‌و نامەرکەزیەت بۆیە هەوڵدەدەین بەراوردێکی ورد، بەڵام خێرا، لەنێوانیاندا بکەین.


مەرکەزی
لە وڵاتە مەرکەزییەکان حکومەتی ناوەند تاکە دامەزراوەی سەروەرو جێبەجێکەر‌و یاسادانەرە. ئەمجۆرە حکومەتە زیاتر بۆ وڵاتە بچوکەکان گونجاوە کە سەر بە نەتەوە، دین یان ڕەگەزێکی لێکچوون. لە وڵاتە مەرکەزییەکان، یەکەو دامەزراوەو دەزگاکانی ژێر ئاستی نیشتیمانیی (sub-nation units) بەگشتیی دەستکردو ملکەچی حکومەتی مەرکەزین. حکومەتی مەرکەزی دەزگاو دامەزراوە لۆکاڵەکان ڕێکدەخات‌و دەگۆڕێت، دەتوانێ هەڵیشیانوەشێنێتەوە، وەک ئەوەی جاران لە بەغداوە پارێزگاری پارێزگاکان دادەنران‌و لەسەر کاریش لادەدران. خستنەڕووی خاڵە باش‌و خراپەکانی حکومەتە مەرکەزییەکان تێگەیشتنێکی باشترو هەمەلایەنترمان لەسەر ئەم شێوازەی حوکمڕانی پێدەدەن.


دیموکراسی، بەبەراورد بە حکومەتە نامەرکەزییەکان، حکومەتە مەرکەزییەکان شەرعیەتی زیاتر‌و پشتیوانی بەهێزتریان لەلایەن خەڵکەوە پێدەدرێ‌و لێدەکرێ. هاوکات، میدیا زیاترو قوڵتر سەرنج دەخاتە سەر کارو کردەوەکانی حکومەت‌و خەڵک چاکتر ئاگادارن لەوەی کە چ دەگوزەرێ‌ لە وڵات‌و چ ئەنجامدەرێت‌و چ ئەنجامنادرێت لەو بەڵێنانەی حکومەت بە خەڵکی داوە. ئەمانەش وەک خاڵی ئەرێنی بۆ حکومەتە مەرکەزییەکان دەژمێردرێن.
کارامەیی، لە مەرکەزییەتدا دووبارە بوونەوەی کارەکانی حکومەت‌و بیرۆکراسیەت‌و بەفیڕۆدانی پارە کەمترە. هەندێک کارو پلان‌و ستراتیج هەن کە تەنیا لەسەر ئاستی نیشتیمانیی دەکرێت ئەنجامبدرێن وەک بەرگری‌و ئاسایشی نیشتیمانیی‌و پلانی ستراتیجی گەشەو ئابوری، بۆیە لەم بوارانە حکومەتە مەرکەزییەکان کارامەترن لە حکومەتە نامەرکەزییەکان.


یەکسانیی، حکومەتە مەرکەزییەکان دەتوانن جیاوازی نێوان ناوچەکان کەمبکەنەوە چونکە جوگرافیا سەرچاوەو داهاتەکان بە یەکسانی دابەش ناکات. لە سیستەمە نامەرکەزیەکاندا نایەکسانیی سەرچاوەو داهاتەکان لەوانەیە زەقتر دەرکەون.

،،

پاراستنی کەمینەکان، ئەگەری هەیە لە سیستەمە نامەرکەزیەکان کەمینە بچوکەکان زیاتر دووچاری دەردەسەری‌و چەوسانەوەو پەراوێزخستن بن. حکومەتە مەرکەزییەکان باشتر بە ماف‌و پێویستییەکانی کەمینە بچوکەکان ڕادەگەن.


هەڵوەشانەوە، لە دەوڵەتە نامەرکەزیەکان ئەگەرەکانی هەڵوەشانەوە زیاتر دێنەگۆڕێ بەتایبەتی ئەگەر دابەشبوون‌و نامەرکەزیەت لەسەر بنەمای ئیتنیی‌و نەتەوەیی‌و دینیی‌و کەلتوری بێت.


شوناسی نیشتیمانیی، لە سیستەمە مەرکەزییەکان لەبەرئەوەی تەرکیز زیاتر لەسەر حکومەتی نیشتیمانییە بۆیە مەرکەزیەت ئەگەرەکانی بەهێزکردنی شوناسی نیشتیمانیی بەهێزدەکات.


نامەرکەزی
‎‎‎دەوڵەتە نامەرکەزیەکان دەزگاو دامەزراوە جێبەجێکارو یاسادانەرەکانیان (تەشریعییەکانیان) لەسەر چەند ئاستێک، لانیکەم دوو تا سێ ئاست، ڕێکخستوە، کە ئاستی نیشتیمانیی‌ (وەک عێراق) و هەرێمی‌ (وەک کوردستان) و لۆکاڵی (وە کۆیە) ن. دەستوری حکومەتە نامەرکەزیەکان، کە بەگشتیی وەک حکومەتی فێدراڵی ناسراون، دانی بە ئاستەکانی دیکەی حوکمکردن‌و یاسادانان ناوە کە تاڕادەیەک سەربەخۆیی خۆیان هەم لە یاسادانان هەم لە جێبەجێکردن پاراستوە.
دەوڵەتی نامەرکەزی لە دوو حالەتدا زۆر گرنگ‌و پێویستن. یەکەم، کاتێک کە وڵاتەکە لە ڕووی جوگرافییەوە گەورە بێت وەک ئەمریکا، کەنەدا، ئوسترالیا، ڕوسیا. دووەم، لە وڵاتەکە گروپی نەتەوەیی‌و دینیی‌ لە ناوچە جیاجیاکان چڕی دانیشتوانیان لەسەر خاکی خۆیان هەبێت وەک عێراق، کەنەداو بەریتانیا. هەندێک لە دەوڵەتە نامەرکەزیەکان دەسەڵاتێکی زۆریان بۆ ناوەند جێهێشتوە وەک هیندو کەنەدا، هەندێکی دیکە دەسەڵاتێکی زۆریان شۆڕکردۆتەوە بۆ هەرێمەکان (ویلایەتەکان) وەک ئوسترالیا، ئەمریکاو سویسرا. لە هەردوو حاڵەتدا لە دەوڵەتە نامەرکەزییەکان هاوکاری‌و گفتوگۆو سازان لەنێوان هەردوو ئاستی فیدراڵی‌و هەرێمی زۆر گرنگ‌و پێویستن. خستنەڕووی خاڵە باش‌و خراپەکانی حکومەتە نامەرکەزیەکان، وەک ئەوەی بۆ حکومەتە مەرکەزیەکان کرا، تێگەیشتنێکی باشترو هەمەلایەنترمان پێدەدەن.


دیموکراسی، حکومەتە هەرێمییەکان‌و لۆکاڵییەکان ڕەهەندێکی گرنگ بۆ پرسی دیموکراسی دێننەپێش، ئەویش بە رەخساندنی هەلی چاکر بە گروپە نەتەوەیی‌و دینییەکان‌و کۆمەڵگە لۆکاڵەکان بۆ بەشداریپێکردنیان لە بڕیاردان‌و یاسادانان‌و بەڕێوەبردنی کاروبارە ناوخۆییەکانیان چونکە ئەوان نزیکترن لە هاوڵاتییەکانیان‌و تایبەتمەندییەکانیان. هاوکات هاوڵاتیان ئاسانترو کاریگەرانەتر دەستیان بە دەزگاو دامەزراوەو نوێنەرەکانیان ڕادەگات‌و لێپێچینەوەیان دەتوانن لەگەڵدا بکەن.
کارامەیی، دەسەڵاتی مەرکەزی دەکرێت لە هەندێک بواردا زۆر ناکارامە بێت وەک چۆن کاتییخۆی لە دەوڵەتە کۆمۆنیستە مەرکەزییەکان بەدیکرا. لە دەوڵەتە مەرکەزییەکان زۆرجار بڕیارەکان لەلایەن کەسانێکەوە دەدرێن کە زۆر دوورن لە خەم‌و ئاواتەکانی خەڵکە لۆکاڵەکان‌.

هەندێکجاریش شێوازێک لە جێبەجێکردن دەسەپێنن کە نامۆیە بە خەڵکە لۆکاڵەکە چونکە ئاگاداری تواناو شارەزاییەکانی خەڵکی ناوچەو هەرێمەکان نین. دەوڵەتە مەرکەزییەکان دەکرێت زۆر رەقەکار بن بەرابەر بە داوای خەڵکە لۆکاڵەکان‌و وەڵامگۆی پێویستییەکانیان نەبن. بۆیە نامەرکەزییەت‌و شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەو چارەسەرکردنی ئەو ئاڵنگارییانەی خرانەڕوو پێویستن.

،،

مافە نەتەوەیی‌و دینییەکان، نامەرکەزی ڕێگەخۆشکەرە بۆئەوەی گروپە نەتەوەیی‌و دینییەکان لە ناوچەکانی خۆیان کاروبارەکانی خۆیان بەپێی تایبەتمەندییەکانیان ڕایی بکەن.


گۆڕەپانێک بۆ ڕاهێنان، حکومەت‌و دەزگاو دامەزراوە لۆکاڵەکان بەشێوەیەکی گشتیی گۆڕەپان‌و ژووری چاک‌و گونجاون بۆ ڕاهێنانی کادیری سیاسی کە دواتر لە ئاستی بەرزتر کار بگرنە ئەستۆ. زۆرجار کارمەندو پەرلەمانتارو وەزیرەکان لەدوای ئەزمون پەیداکردن لە هەرێمەکان لە دامەزراوە فیدراڵییەکان کار وەردەگرن. هاوکات یەکە ئیدارییەکانی هەرێمەکان‌و ئەنجومەنی شارەوانییەکان شوێنی گەشەو برەودانن بە دیموکراسی‌و زیاتر بەجەماوەریکردنی پرسەکەن.
شوێنێک بۆ تاقیکردنەوە، زۆر جار یەکە بچوکە ئیدارییەکان لە هەرێمەکان یان شارەوانییەکان دەکرێت شوێنی تاقیکردنەوەی پۆڵسییەکی نوێ یان پڕۆگرامێکی داهێنەرانە بن. جێبەجێکردنی پۆڵسی‌و پڕۆگرامەکان لە یەکە بچوکەکان قازانجی لەوەدایە کە ئاسانتر کۆنتڕۆڵ‌و جێبەجێ دەکرێن، هاوکات، ئەگەر شکستیش بێنێت زەرەری کەمترە. ئەمەش قازانجێکی دیکەی نامەرکەزییە.


بەکورتی، پرسی هەڵبژاردن لە نێوان مەرکەزی‌و نامەرکەزی لەوەدا نیە کە کامیان باش‌و کامیان خراپە، یان کامیان باشترو کامیان خراپترە، بەڵکو پرسەکە ئەوەیە کە کامیان بۆ کام مەبەست‌و بۆ کام ئامانج‌و بۆ کام بارودۆخ باشترە یان گونجاوترە. بۆیە کاتێک لە هەرێمی کوردستان ئەم پرسە دێتەگۆڕێ پێش ئەوەی بڕیار لەسەر مەرکەزیەت‌و نامەرکەزیەت بدرێت دەبێت بیر لەوە بکرێتەوەو گفتوگۆی ئەوە بکرێت کە مەبەست‌و ئامانج‌ لە مەرکەزی یان نامەرکەزی چیە‌و بۆ پرس بە پرسی هەرێمی کوردستان بە جیا هەڵوەستەیان لەسەر بکرێت‌و بارودۆخەکە هەڵبسەنگێنرێت پێش ئەوەی بڕیاری لەسەر بدرێت. لە بەشی داهاتوو پرسی مەرکەزی‌و نامەرکەزی بۆ هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەین‌و پێشنیارو ڕاسپاردە دەخەینەڕوو.