سەرۆکی حکومەت و بەرەی خەڵک

سەرۆکی حکومەت و بەرەی خەڵک

437 خوێندراوەتەوە

هیوا سەید سەلیم
لەو وتارەی کە بە بۆنەی هاتنی چەژنی رەمەزان پێشکەشی کرد، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تەوەورەیەکدا ووتی؛
(چاکسازی داوای زۆرینەی هاولاتیانی کوردستانە بۆیە منیش لەو بارەیەوە لە بەرەی هاوڵاتیان دەبم)


ئەو لێدوانەی سەرۆکی حکومەت داننانە بەوەی لە هەڕێمی کوردستان دوو بەرە هەیە، بەرەی دەسەڵات و بەرەی خەڵک، دوو بەرە کە لە نێوانیادا دۆڵێکی گەورە هەیە، و هیچ یەک لەوانە متمانەی بەوی دیکە نیە، بە تایبەت حکومەتی هەرێمی کوردستان دەمێکە متمانەی زۆرینەی خەڵکی کوردستانی لەدەستداوە، هەرئەوەش وایکردووە لە ئێستادا خەڵکی لە هەرێمی کوردستان بە ئاشکرا باس لە شکستی حوکمڕآنی بکەن .


لێرەدا دەپرسین ئایا ڕاستە سەرۆکی حکومەت لە بەرەی خەڵکە، یان دەیەوێت بێتە بەرەی خەڵک ؟

لە وەڵامدا دەڵێین تا ئێستا هیچ یەکێک لە دەسەڵاتدارانی هەرێم نەهاتوونەتە بەرەی خەڵکەوە، بەڵام با وای دابنێین خواستێک هەیە کە بکەونە ئەو بەرەیە، پێویستە لە دەستپێکدا متمانەی خەڵکی بۆخۆیان بگێڕنەوە.
لی کوان یو، سەرۆک وەزیرانی کۆچکردووی سەنگافورە، کە هەمیشە وڵاتەکەی بە نموونە دەهێندرێتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بە سێ هۆکار توانی سەرکەوێت بەسەر گەندەڵی وڵاتەکەی ئەوێش: (ئیرادەی سیاسی بۆ زاڵبوون بەسەر گەندەڵی، و داننانی ستراتیژ و میکانیزمی چاک، هەروەها پشتیوانی جەماوەر بۆ ڕووبەڕووبەنەوەی گەندەڵی)


ئەگەر لە وتارەکەی سەرۆکی حکومەت وردبینەوە، تێدەگەین کە هێشتا هەرێمی کوردستان نەگەیشتۆتە شەست ساڵ پێش ئێستای سەنگافورە، سەرۆکی حکومەت بۆ چاکسازی داوای پشتیوانی هەموو لایەکی دەکرد، ئەوەیان نیشانەی ئەوەیە هێشتا لە هەرێمی کوردستان ئیرادەی سیاسی یەکگرتوو بۆ ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی درووست نەبووە، سەبارەت بە ستراتیژ و میکانیزمی نەهێشتنی گەندەڵیش، لە هەرێمی کوردستان ئەو دامودەزگایانەی ئەو ئەرکەیان دەکەوێتە ئەستۆ لە ئاستی ئەو ئەرکە قورسە دانین، دەستەی دەستپاکی و دیوانی چاودێری دارایی دەستکراوە نین، پەرلەمانی کوردستانیش وەک بەرزترین دەزگایی چاودێری لە خرابترین دۆخدایە، سەبارەت بە پشتیوانی خەلکیش لەو پرۆسەیە

،،

خەڵکی کوردستان هێندە لەو دەسەڵاتە بی متمانە بوونە، ئاسان نیە لە هەنگاوە باشەکانیشی پشتیوانی لێبکات.


بۆیە ئەگەر بڕیار بێت سەرۆکی حکومەت بۆ شەڕی گەندەڵی بکەوێتە بەرەی خەڵک، دەبێت دەستپێک دان بە ڕەوایەتی داخوازیەکانی خەڵکی بۆ چاکسازی و باشترکردنی ژیانو گوزەرانی خەڵکی بنێت، هیچ کەسێک لە بەرامبەر داواکردنی ئەو داخوازیانە نەخرێتە زیندان، یان تۆمەتی دەستی دەرەکی بۆ هەڵببەسترێت.
بەرەی خەڵک بەرەی چاکسازی و دادپەروەری و لایەنی کەمی ژیانی پڕ کەرامەتە بۆ تەواوی دانیشتوان، نەک توێژێک شاهانە بژیت و زۆرینەش لە ژیانی مەمرە و مەژی دابێت، بەرەی خەلک پێویستی بە حوکمێکی ڕەشیدە، تا کۆتایی بێنێت بەو هەموو گەندەڵی و نادادیە کە لە کوردستان هەیە.


باوەڕ ناکڕێت کە کەس لە کوردستان هەبێت پێی ناخۆش بێت بەرپرسان بۆ ئەو ئەرکەی سەرەوە بێنە بەرەی خەڵکەوە، ئەگەر ئەمەشیان کرد با هیچ گومانێکیان نەبێت کە پشتیوانی خەڵکی بەدەست دێنن، بەڵام ئەوەی تا ئێستا لە کوردستان هەیە قسەیە و نەبۆتە کردار، بۆیە خەڵکی کوردستان تاقەتی لە بەڵێن و قسە چووە پێویستی بە کردارە.