پەنارتییەكەی سەرۆكی حكومەت

پەنارتییەكەی سەرۆكی حكومەت

711 خوێندراوەتەوە

محەمەد ئیبراهیم وەلی

ئەوەی ئاشنایەتی هەبێت بە ئەدەبیاتی تۆپی پێ، دەزانێت كە یاریزانان لەكاتە هەستیارەكانی یاریدا زۆر بەئاگا دەبن لەوەی كە لە نزیك گۆڵی خۆیان و بەتایبەت لەناو ناوچەی سزا بچوكترین هەڵە ئەنجام نەدەن، تا نەبێت بە پەناڵتی لەسەریان و گۆڵێكی حەتمیان لەسەر تۆمار نەكرێت.

ئەم ڕێسایە لە یاریزانێكی تیپێكی میللی گەڕەكێكەوە تا بەناوبانگترین یانەی ئەوروپا و هەڵبژاردەی ئەمریكای باشور پەیڕەوی دەکرێت.
خۆ ئەگەر لەكۆتا چركەكانی یاری و بەتایبەت لەكاتی زیادكراوداو لە ناوچەی سزادا یاریزانێك بە ئەنقەست و بەئاشكرا هەڵەیەكی لەدژی یاریزانی بەرامبەر ئەنجام بدات، نەك هەر پەناڵتی و لێدانی سزا لەدژی خۆیان دروست دەكات، بگرە كارتێكیشی بەڕودا بەرزدەكرێتەوە و لەبەر ئەوەشی هەڵەكەی بێ پاساو و شەرمئاوەر و قەرەبوو نەكراوە گومانێكی گەورەی لەسەر دروست دەبێت و دەكەوێتە بەر نەفرینی ڕاهێنەر و هاوڕێكانی و زیاد لەوەش دەكەوێتە بەر نەفرەتی هەوادارانی تیپەكە.

ئەگەر ئەم دیمەنە بگوازینەوە بۆ ساحەی سیاسی و ئەو وتارەی كە سەرۆكی حكومەت لە هەستیارترین كاتی یاریەكە ( بەرە جەژنان، پێش دەستپێكی تاقیكردنەوەی كۆتای وەرزی قوتابخانە و زانكۆكان، بونی گرفتی گەورە لەگەڵ بەغداد، بێ ئومێدی قوڵی هاوڵاتیان، ئاڵۆزی سیاسی نێوان هێزەكان و...) دا پێشكەشی كرد، زۆر بەو پەناڵتیە گوماناوییە دەچێت كە یاریزانێك لە هەستیارترین كاتی یاریەكەداو لەو كاتەی كە پێویستیان بەگۆڵە دروستی دەكات.
بەڵام بێگومان ئەو یاریزانەی كە وەها جوڵەیەك دەكات بێ پاساو ئەو جوڵەیە ئەنجام نادات و بەدڵنیاییەوە یان بەرژەوەندییەكی كەسی وەیان بەرژەوەندییەكی ماددی تیپەكەی تێدایە و لەبەرامبەردا شتگەلێكیان بەدەست هێناوە.

،،

تەنها جیاوازییەك لەنێوان وتارەكەی سەرۆكی حكومەت و پەناڵتی دروستكردنەكەی یاریزانەكەدا ئەوەیە، کە یاریزانەكە پێشتر بەرامبەرەكەی یەكلایی كردوەتەوە و ڕێككەوتون لەسەر بەهای ئەو جوڵەیە، بەڵام وتارەكەی سەرۆكی حكومەت كار لەسەر ئەگەرەكان دەكات و هەر زوو بەدوای خۆشیدا دەیان و هەزاران بابەت و لێدوان و كۆمێنتی لە بەرزترین ئاستی كەسایەتی و پۆستی ئەم هەرێمەوە تا نزمترین تەمەنی قسەكردن منداڵێكی سێ چوار ساڵەی بەدوای خۆدا هێنا.


تۆبڵێی سەرۆكی حكومەت بۆچی لەم چركە هەستیارانەی یاریەكەدا ئەم جوڵەیەی كرد!!؟

بڵێی وەك ئەوترێت ویستبێتی ئامۆزا و زاواكەی بشكێنێت و بە كەم توانا تۆمەتباری بكات و بۆ ئەمەش هەم لەسەر ئاستی ئیدارەدانی وڵات و هەم لەسەر ئاستی حیزبی ( و لەكۆنگرەی حزبەكەیدا) باڵانسەكەی بێنێتەخوارەوە.


بڵێی ویستبێتی لەوكاتە هەستایرەدا كە زۆر چاو لەسەر وتارەكەی بوو نەیویستبێت گۆڕان بەیەكجاری بشكێنێت و وەزیری پێشوو و ئێستا كە هەردوكیان لەزەمانی بەڕێوەبردنی وەزارەتەكەیاندا گۆڕان بوون نەخاتە بەر نەفرینی هاوڵاتیان و تەنانەت ئەو چەند حزبیەی گۆڕانیش كە كوێرانە بەرگری لە جوڵەی بزوتنەوەكەیان دەكەن.

تۆ بڵێی نەیویستبێت بەئاشكرا ئەو دەنگە بەرژەوەندیخوازەی كە باس لە لامەركەزییەت تا ئاستی دوئیدارەیی دەكات تاقینەكاتەوەو پێیان نەڵێت فەرموون لەخراپترین دۆخداین و بۆ بەدیهێنانی ویستەكەشتان جگە لەوەی كە هەبووە (لامەركەزیەتی كارگێڕی) هیچی. ترتان پێ ناكرێت.


بڵێی نەیویستبێت هێزەكانی ناوحكومەت تاقیبكاتەوە و هێزی ئاوازە كزەكەی كشانەوە بزانێت.
ئەرێ تۆ بڵێی تواناو دەنگی نوساوی ئۆپۆزسیۆنێكی عاقڵ تاقینەكاتەوەو مەودای وتار و كاریگەریەتییەكەیان نەخاتە بەر نەشتەر.


بڵێی سۆزی موچەخۆران ڕانەكێشێت و بەشێكی گەورەی ئەو قەرزەی كە لەسەر حكومەتە كە پاشەكەوتی موچەی موچەخۆرانە، بەم وتارەی ویستی ئەوەی هەبێت هاوڵاتیان لە هەموو یان بەشێكی پاشەكەوتەكەیان خۆش ببن و هەر بەو سۆز ڕاكێشانە ئامادەكاری بۆ دەستكاریكردنی سیستەمی موچەش بكات.
یان لەسەروی هەموویانەوە بەو پەناڵتییە ویستبێتی گەورەترین چینی پەیوەست بە ناوەڕۆكی وتارەكە (هاوڵاتیان و فەرمانبەران) تاقیبكاتەوە و ئەو نوزە نوزەی بۆ ناڕەزایەتی هەیە، ئایا ئەگۆڕدرێت بۆ هاوار و هوتاف؟ یان لاوازتر دەبێت و بەوەش هەر سیاسەتێكی ئابوری و كارگێڕی و .. كەبیەوێت جێبەجێی بكات.
بڵێی هیچكام لەم ئەگەرانە ڕاستبێت یان ئەگەری گەورەتر و شاراوەتر بونیان هەیە و لە كاتی تردا خۆیان نومایان دەكەن!!؟